بیرەوەریەکانم زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیى 1943ــ 1977 (بــەشـى دووەم)

Friday, 03.02.2012, 12:00

1848 بینراوە


بەشی یەکەم ئەم باسانەی خوارەوەی تێدا هاتووە:
پێشــــــەكـــــــــى نووسەر
سـەرەتاى ژیانم لــە گوندى ماویلیان دەســت پــێ دەكات
ژیــانـــى دانیشتوانـى گونــدى مــاویلـــیان
دێتەوە یادم مێوانى بێگانە هاتنە ماڵمان
كەسایەتیە دیارەكانى ئەو كاتەى گوند
وەك ڕەوشت ساڵى دووەمیش بەرەو كوێستان ڕۆیشتین
بنەماڵەى شێخەكانى ماویلیان
ساڵى 1932 سلێمان بەگ چۆتە بەغــدا
سـۆفـى سلێمان لە دارى قەبرستانێ دەبەسترێتەوە
بۆجارى دووەم لەسەر خواستى ئیسماعیل بەگ باوكم چووە بەغدا
ڕاگەیاندنێكى بەپەرۆشى دڵ تەزێن
ماڵمان لە ماویلیان گواستەوە دەرگەڵـــە بەیەكجارى
زستانێكى ساردو دژوار لەگەڵ مام محمود
لافـاوێكى ناوەختى
كۆچبارى ڕەوەندە كۆچەرەكان
زستانى دووەمیش لەگەڵ مام محمود بەگ
سەرەتاى چلەكان ماڵمان گواسترایەوە دۆڵە منجەل
هاوین بوو باسكم شكا

---------------- بیرەوەریەکانم ----------------------


لەسەرەتاى بەهارى (1943) بەرگى سووپاى عێراقم لەبەر كرد
بەرگى سەربازیان پێداین، بەڵام ئەو بەرگەى پێیاندام گەورە بوو بۆم لە دواى وەرگرتنى كەل وپەلى سەربازى بردیانین بۆ یەكێى لە هۆڵە گەورەكانى نهۆمى دووەم، زۆرى پێنەچوو یەكێك لە نائب عەریفەكانى مەركەز تدریب هات فێرى كردین چۆن لەفافەكان ئەبەسترێنو بەرگ چۆن ئەكرێتە بەر لە دواییدا بە كورتى دەربارەى ڕەوشتى سەرەتایى سەربازى دواو كەمێك لەڕێى و رەسمى سەربازى دوا باسى بۆ كردین، لەوكاتەوە كەوتمە ژێر فەرمانى سەربازیەوە سێى مانگ لە حامیەى (ڕواندز) لە مەركەز تدریب مەشقى سووپاییان پێى كردم، لە ماوەى ئەو سێى مانگەدا لە زۆر كاروبار شارەزا بوومو كۆمەڵێك ناسیاوم پەیدا كردن، زۆریشم لەوانەى كورد ناسینەوە، ئەوانەى ڕۆژانى هەینى دەهاتنە ناو باخچەكانى ئێمە لە جنێراوە.
لە ساڵى (1941) هەندێى لە سەربازەكانى بەشى ئەندازیارى (هندسە) هاتنە بەرزێوە بۆ سەردانى سەربازەكان، دوو ئەفسەرى كوردیان لەگەڵ بوو(ملازم فەتاح شاڵى) سلێمانى بوو ئەوەى تریان (ملازم على عزیز) ئامێدى بوو، ناوە ناوە ئەفسەرە كورد پەروەرەكانى سەربازگەى ڕواندز دەهاتنە (بەرزێوە) لەوێش دەهاتنە ناو باخچەكانى ئێمە لە (جنێراوە)، ئەوانەى لە یادم بوون(جەلال ئەمین)سلێمانى بوو، (جەلال باڵتە) ئامێدى بوو،(نورى مەلا حكیم) سلێمانى، (رەفیق تۆفیق)كۆیى، (عبدالرحمن قازى) ئامێدى، (بەكر سامی)م ئەناسى شەقڵاوەیى بوو، ئەمانە بەناوى سەیران لە بەرزێوە بەیەك دەگەیشتن، بۆ مەرامى خۆیان دەهاتنە (بەرزێوە).
لە مەركەز تدریب دەست كرا بە مەشقى سەربازى هەر چەند سەربازێك درانە دەستى نائب عەریفێك بۆ فێركردن، نائب عەریفەكان بەشى زۆریان سلێمانى و كەركوكى بوون عەریفى بەڕێوەبەرى مەركەزى تدریب ناوى (فقێى) بوو، مرۆڤێكى ماندوو لەسەرخۆ بوو خەڵكى چەمچەماڵ بوو، سەربازەكان لێى ڕازى بوون . لەماوەى ئەو سێى مانگەى لە مەركەز تدریب بووم، بە زۆرى ڕۆژانى هەینى دەڕۆیشتمە ماڵى خاڵەكانم لە (فقیان) ئەگەرچى ماڵى خۆمان زۆر نزیك تربوو دەمتوانى بڕۆمەوە ماڵ, هەندێى ڕۆژانى هەینى دەكرام بە نۆبەت دارى قاوش یان دەرگایەكانى سەربازگە، ڕۆژێك كرام بە نۆبەتدارى دەرگاى ڕوو لە (جوندیان)ئەو نۆبەتدارەى لەو دەرگایە ئەوەستا بێى چەك نۆبەتى دەگرت تەنیا نێزەیەكى هەڵئەگرت ئەو ڕۆژەى من نۆبەت دار بووم ڕۆژى هەینى كات ژمێر دەى بەیانى یەكێك لە نائب عەریفەكان (جلیل) دەهات لە دەرگایەكە بڕواتە دەرەوە بۆ ئاو دەست، بەڵام بەشێوەیەك قاپوتى داناوەتە سەرسەرى بە دەرپێى كورتو پێڵاوى سوپایى پانى شكاندۆتەوەو هاتو تێپەڕ بوو، منیش لە سەر تەنەكەیەك دانیشتبووم ئەوەندەم زانى (جلیل) گەڕایەوە بە ڕوو گرژى گوتى (گوم ولك) منیش گوێم پێى نەدا لێم نزیك كەوتەوە گوتى: (سەگ باوك بۆ هەڵ ناستى ڕێزى ئامر حەزیرەكەت ناگرى؟) دەستى بەرز كردەوە بەنیازى لێدانم، بەڵام من دەست پێشخەریم كردو قونكە نێزەیەكم داوەشاندە سەرى، سەریشى كەچەڵ بوو، خوێنى پێدا هاتە خوارو دەستى بەسەریەوە گرتو گوتى: (سەگباب خۆ منت كوشت).
بێم گوت :(جارێكى تر بڵێیت سەگباب نێزەیەكت لێدەدەمو تەواوت دەكەم، خۆت سەگبابى) لە دواى ئەم مشتوومڕە (جەلیل)یان بردە نەخۆشخانەومنیشیان بردە بەندیخانە, بەڵام پێش ئەوەى بمبەن بۆ بەندیخانە بردمیان بۆ لاى ئەفسەرى نۆبەتدار كە ناوى (ملازم زنون) بوو ناوبراو عەرەب بوو، پرسى: (ڕوداوەكە چۆنەو چۆن ڕویداوە؟) منیش بۆم باس كرد بەتەواوى, ئەو شەوە لە بەندیخانە مامەوەو بەیانى ئەو ئەفسەرانەى ماڵیان لە ڕواندز بوو بە سوارى وڵاخ دەهاتن لە بەر دەرگاى گەورەى سەربازگە دادەبەزین, كاتێك یاریدەدەرى ئامیر (بەكر سامى) دابەزى لەبەر دەرگا، چاوى بەمن كەوت لە دەرگاى بەندیخانە وەستاو پرسى: (بۆچى بەندكراوى؟) منیش ووتم: (توشى شەرێك بووم).
(بەكر سامى) بە سەرۆكى نۆبەتدارەكانى ووت: (لە دواى دەركەوتنى فەوج بۆ مەشق، ئەوەو ئەوەى شەڕى لەگەڵ كردووە بیانهێنن بۆ لاى ئامیر)، خۆى ڕۆیشت، كاتێك رئیس عورەفاى وەحدەى فەوج (غەفورئاغا كۆیى)بوو، هاتە بەردەرگاى بەندیخانەو منیان بردەدەر دیتم (جلیل) وەستاوەو واتدەزانى مەلایەو مەندیلى بەستوە ئەوەندە لەفافیان لە سەرى پێچابوو، هەر ئەوكاتە بردیانین بۆ بەر دەرگاى ئامیر لەوێى كەمێك وەستاین ئینجا رۆیشتینە ژوورەوە دیار بوو (رەئیس بەكر) خۆى لە جێگاى ئامر دانیشتبوو لە پێشان لە (جلیل)ى پرسى. ناوبراو واى خستە ڕووكە من لە خۆمەوە شەڕم بە ئەو فرۆشتوەو بەنا هەق سەرم شكاندوە، كاتێك نۆرەى من هات ئەوەى بەڕاستى ڕووى دابوو بۆم باس كرد (ڕەئیس بەكر) توڕە بوو گوتى: (ئەوەیە ڕەوشتى نائب عەریفى مەركەز تدریب، پێویستە تۆ بەند بكرێىى نەك زرار تۆ شەڕت بە ئەو فرۆشتوە، جارێكى تر بەو شێوەیە بدیترێیت دەزانم چیت لێى دەكەم). بە منیشى گوت: (بڕۆ دەست وەشێن مەبە ئێرە عەسكریە دەرگەڵە نىیە بە ئارەزوى خۆت دەست بوەشێنى). لەوێى دەركەوتین هەریەكەى ڕۆیشتینەوە شوێنى خۆمان، بەربوونى من بووە دەنگێكى بەرز بۆمن وایان دەزانى چەند مانگێك بەند دەكرێم، لە دواى ئەم ڕووداوە زۆرى نەخایاند دابەشى سەر فوج كراین، من كەوتمە سریەى دوو، لەوێش كەوتمە ژێر فرمانى عەرێفێك ئەوەندەى باسى بكەین مرۆڤێكى ناپەسند بوو ناوى (مهدى) بوو، بەڵام باش بوو ئەوەندە لاى ئەو نەمامەوە بە فەرمانى (بەكر سامى) كرام بە ئینزیباتى نادى لە ڕواندز، نادى سوپایى لەناو خانووى (ئەمین ڕواندزى) دا بوو، لەو ماوەیەى ئینزیبات بووم بە زۆرى لەگەڵ سەربازەكانى (فەقیان) لەوانە (عوڵا ڕەش و خدر و قادرى) خاڵم دەڕۆیشتمە (فەقیان) لە پایزى هەمان ساڵدا بڕیار درا بڕۆینە (مێرگە سۆر).

لە پایزى (1943) بەڕێى كراینە مێرگە سـۆر
بە گوێرەى ئەوبڕیارەى دەرچوو بوو بەیانیەك لە ڕواندز دەركەوتین بەرەو (مێرگە سۆر) ڕۆیشتین كاتێك گەیشتینە ئەوێى لەخوار قشڵەى پۆلیسەكان لە گۆڕاییەك چادر هەڵدران فوج جێنیش بوو لە چوار دەورى سوپا سەنگەر داندران، چەند ڕۆژێك هیچ نەبوو. ڕۆژێك لەكاتژمێر دەى سەرلەبەیانى لەگەڵ سەربازێكى عەرەب ڕۆیشتینە سەركانیاوەكەى خوار قشڵە، فەنتازێكمان بە دەستەوە بوو، پڕ لە ئاو دەگەڕاینەوە، ئەوەندەمان زانى بوو بە تەقە لە چەند لایەك سوپاكە درایە بەر دەست ڕێژى گوللەو گوللەیەك بە فەنتازەكە كەوتو ئاوى لێى هاتە خوارەوە، هەر ئەوەندەمان بۆ كرا خۆمان دایە پەنایەك، لە دواى وەستانى تەقە فەنتازە لێدراوەكەشمان بردەوەو دیتیان چۆن لێى دراوەو كون بوە.
لەو كاتەوە بەشى زۆرى شەوەكان دەبوو بە تەقە،(بارزانی)یە چەكدارەكان لە سەنگەرەكان نزیك دەكەوتنەوەو تەقەیان دەكرد ئەوە بوو بەیانیەك بەشێك لە سەربازەكانى فەوج لەسەربازگە بەرەو گوندى (لەشكریان) بەرێى كەوتن گوندى ناوبراو دەكەوێتە بەرامبەر (مێرگەسور)، ئەوەى بە دیار كەوت هێرش بەرەكان كەمێك سەركەوتن، كاتێك لێیان درا هەر ئەوەندەیان بۆ كرا سەرەو ژێر گەڕانەوە دواوە تا ناو سەربازگەكە، كۆمەڵێك سەربازى كوژراوو برینداریان هەبوون. لە دواى چەند ڕۆژێك ئێوارەیەك دواى نیوەرۆ لە گوندەكانى خوار (مێرگەسۆر) چەند چەكدارێكى (بارزانى) بەرچاوكەوتن (ئامیر فەوج عەقید عوسمان) فەرمانى دایە (عبدالرحمن قازى) گوندەكان تۆپ باران بكرێن، (عبدالرحمن) لە سەر داواى ئامیر چەند گوللە تۆپێكى بەرەو گوندەكان هاویشت بێى نیشان، لە دواى هاویشتنى تۆپەكان ئەفسەرە كوردەكان لەبەر دەرگاى چادرى (عبدالرحمن قازى) دانیشتبون (نورى ملا حكیم) گوتى: (توخوا ئامیرەكەمان كەر نیە؟) وا دەزانى بارزانیەكان لەوێى بەستراونەتەوە تا تۆپى (عبدالرحمان)یان پێى بكەوێت. (عبدالرحمن) وەڵامى دایەوەو گوتى: (بۆ بە نیازە تۆپى بۆ باوێمە ئەو شوێنانەى مرۆیى لێبن، وا دەزانێى ئەوانى بۆ دەكوژم!).

لێدانى ماڵى حمد ئاغاى مێرگە سۆرى
وا هەست دەكرا ئەفسەرە كوردەكانى فەوج بەو نیازە بوون (حمد ئاغاى مێرگە سۆرى) دڵشكاو بكەنو پاڵى بدەن بڕواتە دەرەوەو بچێتە ڕیزى چەكدارەكانى شۆڕشى بارزان، بێگومان بەدواى هەڵێكدا دەگەڕان بۆى ساز بكەن، بە ڕێكەوت ڕۆژێك كاروانێكى ئۆتۆمبێلەكانى سوپا لە ڕواندز بەرەو (مێرگە سۆر) دەهاتن لە دۆڵاییەكەى خوار (مێرگە سۆر) ڕێگایان لێگیرا، بوو بەشەڕێكى دژوار داوا كرا یارمەتیان بۆ بچێتو فەرمان درا سریەى ئێمە بڕوات، پێش ئەوەى ئێمە بڕۆین فەێیلێك لە سریەى یەك ڕۆیشتبوو ئێمە لە سەربازگەكە دەركەوتین بەرەو شوێنى شەڕەكە دەڕۆیشتین كاتێك گەیشتینە پشت كۆشكى (حمد ئاغا) تەقە لەئێمە كراو هەندێى لە سەربازەكان بریندار كران، سەربازەكان پەرتو بڵاوى دەوبەرى ماڵى (حمد ئاغا مێرگە سۆرى) بوون، ئەفسەرەكان هەلیان بۆ هەڵكەوت تاوەكوو(حمد ئاغا) دڵ شكاو بكەن بۆ ئەوەى بڕواتە ڕیزى شۆرش، هەر ئەو دەمە (ملازم نورى حكیم) فەرمانى دا تەقە لەكۆشكى (حمد ئاغا) بكرێت ئەوەبوو سەربازەكان ڕووى چەكەكانیان كردە ماڵى (حمد ئاغا) لە گشت لایەكەوە تەقە لە كۆشك ئەكرا، لە گەرمەى شێلكى گوللە بارانى تفەنگو مەترەلۆز ئافرەتێك بەسەر كەوتبووە سەربانى كۆشكەكە ئاڵایەكى سپى بەدەستەوە بوو ڕاى دەوەشاندو هاوارى دەكرد، لەوكاتەش فەێیلى ئێمە گەیشتبوونە بن دیوارى كۆشكو فەرمان درا تەقە بوەستێى (ملازم نورى) گەیشتە لامان، دەرگاى كۆشك كراوەو ئێمە چەند سەربازێك بە سەركەوتین و دیمان (حمدئاغا) لەگەڵ چەند كەسێك دانیشتبون، واى دەزانى هیچ نەبووە لەو دەمەش (ملازم نورى) بەسەركەوت هەر ئەوەندەى بەنورى گووت: (ئافەرین نورى ڕێزتان لێنام با وابێت).
نورى بە (حمد ئاغاى) گوت: (بفەرموو بڕۆ لاى رەئیس شێخ معروف، ئەو لە جێگاى ئامیرە). لەوێى دەركەوتین بەرەو شوێنى شەڕ رۆیشتین، لە گۆڕستانەكەى خوار (مێرگەسۆر) گەیشتینە هەندێى سەرباز دەگەڕانەوە ئەفسەرێكى برینداریان پێى بوو، ناوى (ملازم حامد كۆیى) بوو برینەكەى ئەوەندە نەبوو بەخۆى دەڕۆیشت، لەوكاتەشدا قافڵەیەكیش هات دیار بوو لۆرییەكى پڕ لە گەنمیان لەگەڵدابوو لە پێچەكان سوتێندرا بوو، دواى بەسەركەوتنى قافلەكەو وەستانى تەقە ئێمەش گەڕاینەوە سەربازگەكە، ئەوەى دەمەوێى بیڵێم ئەوەیە كە لەم تەنگوچەڵەمەیەدا زۆرى نەمابوو بكوژرێم، یەكەم جاریش بوو توشى شەڕ هاتم لە نزیك ماڵى (حمد ئاغا)و چەند جارێك شوێنى خۆم گۆڕى لە بەر ئەو گوللانەى بۆم دەهاتن. ئەوەى لەیاد ناكرێت ئەوەیە نائب عەریفێكمان هەبوو بە ناوى (عۆدە) ناوبراو تەمەنى لە پەنجا بە سەرەوە دەبوو، كاتێك دەبوو بە تەقە ئەو پیاوە ئەوەندە دەترسا هەموو لەشى دەلەرزىو خۆى پێى ڕانەدەگیرا، زۆر جار دەیپرسى: (ڕاستە ئەو كوردە شەڕكەرانە چەكێكیان پێە هەر كە بە مرۆڤ بكەوێت ئاگرى تێبەر دەداو دەسوتێت!!؟).

شـەڕى گۆڕەتوو



(دەنگدراوە: 0)