پێویستە "كەریم سنجاری" دەست لەكار بكێشێتەوە

Sunday, 31/05/2009, 12:00

3102 بینراوە


بەڕێوەبەری پۆلیسی پایتەخت دەستگیر كرا و مەسعودیش بێدەنگە
  - هەولێر
لەكاتێكدا كە بەفەرمانی كەریم سنجاری "باوكی شێخ زاناكانی وڵات"، عەمیدی ماف عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، هەوڵی دەستگیركردنی بكوژێك دەدات، لەلایەن لەشكری تایبەتی مەسعود بارزانییەوە قۆڵبەست دەكرێت و چوار رۆژە لە پارێزگای هەولێر دەستبەسەرە.
لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم-هەولێر، ئاشكرای كرد كە چوار رۆژ لەمەوپێش، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بەفەرمانی وەزیری ناوخۆ، دەیەوێت بكوژێك بەناوی "لوقمان سێودین" كە ماوەیەك لەمەوبەر لە هۆتێلی چوارچرا دوو كەسی بێتاوانی كوشت، دەستگیر بكات، كەچی لیوای تایبەتی مەسعود بارزانی، ڕێگەیان نەداوە ئەو ئەركە یاساییە جێبەجێ بكات و بێ گوێدانە یاسا، بەڕێوەبەری پۆلیسیان قۆڵبەست كردووە. سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو كە بە ئاگاداریی كەریم سنجاری، ئەوپەڕی سوكایەتی بە یاسا و عەبدولخالق تەڵعەت كراوە و وەزیری ناوخۆش خۆی لەو كێشە یاساییە بێ خاوەن كردووە و سەرقاڵی كاروبارە بازرگانیەكانی خۆیەتی.
لەلایەكی ترەوە، سەرچاوەیەكی دیكە لە ئەنجوومەنی وەزیران، كە نەیویست ناوی بهێنین، ڕوونی كردەوە كە دەستگیركردنی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، ئەوپەڕی یاساشكێنییە و ئەگەر لێكۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە ئەنجام نەدرێت، شتێك بەناوی یاسا لەو وڵاتەدا بوونی نامێنێت و پێویست ناكات سەرۆكی هەرێم چیدیكە لافی دیموكراتیەت و سەروەریی یاسا لێبدات.
گوتیشی: "كەریم سنجاری كە هەمیشە مایەی بەدبەختی بووە بۆ ئەم وڵاتە و چەندین شێخ زانای بەرهەم هێناون، لەجیاتی ئەوەی پشتگیری لە بەڕێوەبەری پۆلیس بكات، پشتی لەشكری تایبەتی گرتووە و بە ئاشكرا یاسای پێشێل كردووە، بۆیە پێویستە بە پێی یاسا سزا بدرێت، یان دەست لەكاربكێشێتەوە و ئەم وڵاتە بەجێبهێلێت".
3 ساڵ و نیو بەرلەئێستا، بكوژێكی سەرسەخت و خوێنڕێژ بە ناوی لوقمان سێودین، كە بازرگانی سەرەكی مەسعود بارزانییە و مەسعود ملێونەها دۆلای خستووەتە بەردەست، لەیانەی مەیخواردنەوەی هۆتێلی چوارچرا، بە سەرخۆشی دوو هاوڵاتی بێگوناهی كوشت و بەئاگاداریی وەزیری ناوخۆ، لە پیرمام لەلایەن لیوای تایبەتی سەرۆكی هەرێمەوە پارێزگاری لێدەكرێت.
هاوكات بەگوێرەی زانیارییەكان، چەند كەناڵێكی میدیای ناوخۆیی كوردستان، بەنیازن میدیای دەرەوە لەو ڕووداوە ئاگادار بكەنەوە و بەو پێیەش كە وەزیری ناوخۆ یاسای پێشێل كردووە و سەرۆكی هەرێمیش داڵدەی بكوژانی داوە، كێشەكە بە زیانی وەزیری ناوخۆ و مەسعود بارزانی و دواجار نەتەوەی كورد كۆتایی دێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە