وەڵامێک بۆ پێشنیارەکەى سەرۆکى شارەوانى سلێمانى ٍٍ

Saturday, 28/02/2015, 12:00

2060 بینراوە


لە سایتى خەندان بابەتێکم بەرچاو کەوت بەناوى (پێشنیارێک بۆ کۆتایهێنانى قەیرانى دارایی دەدرێتە حکومەت) کە لەلایەن بەڕێز یوسف یاسین سەرۆکى شارەوانى سلێمانیەوە نوسرابوو، خێرادەستم کرد بە خوێندنەوەى . وام زانى خدرى زیندە دەرکەوتوەو هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان لە قەیرانى دارایی ڕزگار ئەکات . کاتێک پێشنیارەکەى سەرۆکى شارەوانى سلێمانى بەڕێز(یوسف یاسین) م خوێندەوە کە داوا لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ئەکات ڕەزامەندى بفەرمون بۆ فرۆشتنى هەندى پارچە زەوى بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانى شارەوانى سلێمانى و بۆ ئەوەى بتوانن خزمەتگوارى پێویست بۆ شارە حەیاتەکە ، شارى هەڵمەت و قوربانى پێشکەش بکەن.
سەرۆکى شارەوانى سلێمانى داوا ئەکات ئەگەر 10 پارچە زەوى 1000 مەترى لەسەر شەقامى گشتى بفرۆشن 20 ملیۆن دۆلار ئەکات و بەشى پێداویستى یەک ساڵى شارەوانى سلێمانى ئەکات. یەکسەر توشى شۆک بوم و هاتمەوە سەر سفر. ئێستا تێگەیشتم ئەم زاتەش چاوى بڕیوەتە سەر تاڵانفرۆشکردنى زەویەکانى شارەوانى سلێمانى و ئەویش چاو لە بەرپرسەکانى پێشٍ خۆى ئەکات. ئەڵێن قسە ، قسەى تر بە دواى خۆیدا دێنێت و ئەپرسم : بەڕاست زەوى ماوە و دابەش نەکرابێ یان تاڵان فرۆش نەکرابێ یان بەناوى موساتەحەوە نەدرابێ بەم و بەو دوایش بە فرت و فێل تاپۆش نەکرابێ ؟؟؟.
بەڕاستى ئەگەر لە دەورو بەرى ئەم شارە زەوى مابێت و دابەش نەکرابێت ٍ زۆر خۆشحاڵ ئەبم چونکە کە ماوەیەکى تر بەهار هات بەهەر لایەکى ئەم شارەدا ئەڕۆى شوێنێک نەماوە لێی دانیشى و هەمووى تەلبەند کراوەو لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکى زۆرى ئەو زەویانە موڵکى حکومەتن . تەنانەت ناو ئاوەکەى دوکان لاى قەشقۆڵیش پڕکراوەتەوەو داگیر کراوە .ٍ بەڕێزم ڕەنگە وەڵامت بۆ ئەم قسانەى من هەبێت و بڵێی: خۆ هەموو ئەو زەویانەى تۆ باسى ئەکەى موڵکى شارەوانى نین و من لێیان بەرپرسیار نیم . یان بڵێی خۆ هەموو ئەوانە کە باسى ئەکەى لەسەردەمى مندا نەکراون ؟؟. ئەمەشیان بە جێیە . بەڵام هەموو ئەو خراٍپیانەى کراوە لە لایەن ئەو حیزبەوە کراوە کە جەنابت تێیدا ئەندامى و هەر ئەو حیزبەش تۆى کردۆتە سەرۆکى شارەوانى .ٍ شارى سلێمانى کە بە شارى هەڵمەت وقوربانى ناسراوە بە درێژایی مێژو و هیچ کات سەریان بۆ دوژمن شۆڕ نەکردوە، بەڵام ئەوەتا لە ئێستادا لە سایەى دەسەڵاتى کورد خۆیدا لە سایەى ئەو حیزبەى لەم شارەدا لەدایک بوەو چاوى هەڵهێناوەو سەرپی کەوتوە ، تاڵان فرۆش ئەکرێت و کارەساتى وەک 17 ى شوباتیش ئەخولقێنێت و شار خەڵتانى خوێن ئەکات.
لەبەر ئەوەى بەڕێزتان لەدەرەوەى وڵات بون و پێ ئەچێ ئاگادارى هەموو ئەو تاوانکاریانە نەبنٍ کە لە لایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانى ئەم هەرێمەوە کراوە . بۆیە بە باشى ئەزانم چەند نمونەیەکت بۆ بهێنمەوە . سەرەتا ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە لە وڵاتانى دەرەوە ، حکومەت زەوى خۆى نافرۆشێت و هەوڵیش ئەدات باشترین زەوى بکڕێت بۆ ئەوەى بیکاتە شوێنێک کە هاوڵاتیان سودى لى ببینن. ٍ لە شارى سلێمانى فەرمانگەیەک هەیە بەناوى دەستەى وەبەرهێنان . بەڵام من ناوم ناوە دەستەى تاڵانکردنى زەویەکانى کوردستان .
خۆت باش ئاگات لە باس و خواسى ئەم دەستەیە هەیەو لە کەناڵەکانى تەلەفزیۆنەوە مێزگردى لەسەر ئەگێرێت و چۆن باسى ئەو هەموو زەویانە ئەکەن کە موڵکى گشتى هاوڵاتیانە یان موڵکى ئەو فەرمانگەیە کە بەڕێزت ئێستا سەرۆکى و باسى ئەوە ئەکەن بە هەزاران دۆنم زەوى بە خۆڕایی لە باشترین شوێنى ئەم شارە بە ناوى وەبەر هێناەوە دراوە بە کەسانێک کە خاوەنى هیچ نەبون و ئێستا خاوەنى سەدان ملیۆن دۆلارن .گومان لەوەدا نییە کە هەموو ئەو کەسانە بەرپرسى گەورەى حکومى و حیزبیان لە پشتوەیەو شەریکیانن ٍ.
ئاخر جەنابت لە دەرەوەى وڵات بوی و ئەزانى وەبەرهێنان واتاى چییە ؟؟؟. لێرە بە خۆڕایی زەوى دراوە بە کەسێک . ئەویش بە پارەى خەڵکى کردویەتى بە شوقە. شوقەکە 4-5 دەفتەر دۆلارى تێچوەو بى ئەوەى ئەم دەستەى تاڵانکردنە نرخێک دیارى بکات خاوەن پڕۆژە فرۆشتویەتەوە بە 15 دەفتەر دۆلار . باشە پێم بڵێ ئەم کارە لە خزمەتى کێدایە؟؟. خۆت وەڵامى بدەرەوە . بە سەدان کەسیش هەیە پارەکەشیان براوە و خاوەن پڕۆژەش خۆى شاردۆتەوە .ٍ
لە کاتێکدا بەڕێزت پێشنیار ئەکەى بۆ حکومەتى هەرێم کە ڕەزامەندى بفەرمون لەسەر فرۆشتنى 10 پارچە زەوى 1000 مەترى کە بایی 20 ملیۆن دۆلار ئەبێت و ئەوەش بەشى ساڵێکى شارەوانى سلێمانى ئەکات بۆ ئەوەى بتوانێت خزمەتگوزارى پێشکەش بە شارە حەیاتەکە . شارى هەڵمەت و قوربانى بکات . ئەگەر 10 پارچە زەوى لەسەر شەقامى گشتى بایی ئەو پارەیە بێت ، خۆ ئەگەر هەموو ئەو زەویانەى لە لایەن دەسەڵاتدارانى ئەم شارەوە تەخشان و پەخشان کراون بایی نەک سەدان ملیۆن دۆلار ، بەڵکو ملیارەها دۆلار ئەبن .
لە کاتێکدا ئەم خدرى زیندوە داوا ئەکات زەوى بۆ خەرجى شارەوانیەکەى بفرۆشرێت ، حیزبکەى ئەو زاتە تێیدا ئەندامەو هەر ئەوانیش دایانناوە ئەم تەخشان و پەخشانەى لەسەر ئەرزى سلێمانى و شارەوانیەکەى کردوە :ٍ ئەو تەلارەى لەجێگاى بەنزینخانەى کۆنى عەقارى دروستکراوە مەترى بە 100 دۆلار فرۆشراوە . کاسامۆڵى بەرامبەر مزگەوتى گەورە کە ڕوبەرەکەى 6300 مەتر دوجایە مەترى بە 110 دۆلار فرۆشراوەو کە کراوە بە دوکان و بازاڕو پێشەکیش پارە لە هاوڵاَتیان وەرگیراوە . یەک مەتر دووجا بە یەک دەفتەر دۆلار فرۆشراوە . ئەمە موڵکى شارەوانییە .
باشە بەرپرسانى حکومەت دەردیان بوو خۆیان نەیانکرد بە دوکان و بازاڕ ؟؟. کەس هەیە کومانى لەوە نەبێت کە ئەمە بۆمەبەستى دزیکردن نەکراوە ؟؟. باشە کێ قوتابخانەى فریشتەى تێکداو 1200 قوتابى سەرگەردان کردن و ئێستا کراوە بە تەلارى گەورە . ئەوە حیزبەکەى جەنابت ئەوەى کردوە . باشە هۆتێل ئاشتى و سلێمانى پەڵاس موڵکى شارەوانى نەبون و لە لایەن حیزبەکەتەوە داگیر کراون ؟؟. ئەى شوێنى بازاڕى جگەرەکەو بازاڕى دۆلارەکە و ئەو شوێنەى ئێستا کراوەتە گەراج لە ئەسحابە سپى موڵکى شارەوانیەکەى جەنابت نەبون ؟؟.
ئەى باشە ئەو ئەرزەى کە تاوەرجافى لەسەر دروستکراوە . ڕوبەرەکەی چەندەو چۆن دراوە بەو کەسەو شارەوانى دەسکەوتى چى بووە؟؟. زۆر نییە ئەو ئەرزەى ئەکەوێتە نێوان دادگاى ئێستاى سلێمانى و شوقەکانى پاکستییەوە کە بە بەنزینخانەکەى چاڵەکە ناسراوە بە بڕى 6 ملیۆن دۆلارفرۆشراوە . ئەوە موڵکى شاروانییە . باشە ئێوە ئاگاتان لێیەتى یانا؟؟. ئەگەر ئاگاتان لێیەتى ئەو پارەیە چى لێهاتوە ؟؟ ئەگەر ئاگاتان لێی نییە بۆچى و پارەکەى لاى کێیە ؟؟. واڵى مۆڵى هەوارى شار دەیان و سەدان دوکان لەخۆ ئەگرێت و موڵکى شارەوانییە ، چۆن دراوە بەو کەسەو شارەوانى دەسکەوتى چیبوە؟؟. ئەى ئەو ئەرزەى کە بانکى ئاشتى و چەندین تەلارى ترى لەسەر دروستکراوە چۆن و بە چ نرخێک فرۆشراون ؟؟. ئەگەر نەفرۆشراون چۆن دراون بەو کەسانە ؟؟.ٍ
چۆن و بە پێی چ یاسایەک نزیکەى 1000 دۆنم زەوى ئەدرێتە کۆمپانیایەکى سەربە حیزبەکەى جەنابت بۆ ماوەى 50 ساڵ و ساڵى بە تەنها بە 25 هەزار دۆلار و بۆ فڕۆکەخانەى حیزب . ئەمە مەهزەلە نییە ؟؟. ئەرى شوێنێک ماوە لەم شارە ئێدارەى گشتى دەستى بەسەردا نەگرتبێت ، کە کۆمپانیایەکى سەر بەحیزبەکەى جەنابتە ، بەوەشەوە نەوەستاوە دەستى بەسەر بازرگانى شارەکەشدا گرتوە . لە ناوجەرگەى شارى سلێمانى شارەوانى خاوەنى هەزاران دوکانەو بە نرخێکى زۆر کەم بە کرێدراون و ئێست بە نرخى چەند قات داویاننەوە بە کرێ . لە کاتێکى وەک ئێستادا کە قەیرانى ئابوریە ، ئەکرێ کرێی ئەو دوکانانە بەرز بکەنەوە و پێداویستى شارەکەى پێ جێبەجێ بکرێت .
بەڕێز سەرۆکى شارەوانى سلێمانى نەک هەر بەلاى منەوە بەلاى هەموو هاولاِتیانەوە جێگەى سەر سوڕمانە : ئەم داوایەى جەنابت لە ئەنجومەنى وەزیران بۆ فرۆشتنى زەوى بۆ ئەوەى پێداویستى شارەوانیەکەتى پێ چارەسەر بکرێت ، نەک کارێکى عاقڵانەیە ، بەڵکو وەکو گاڵتەجارى وایە . لەبرى ئەوەى داواى لەو جۆرە بەرزبکەیتەوە هەوڵ بدە هەموو ئەو موڵکو ماڵەى شارەوانیەکەت هەیە کە بەتاڵان براوە ، وەرى گریتەوەو داواى یاسایی لەسەر ئەو کەس و لایەنانە تۆمار بکە کە تاڵانیان کردووە ، ٍخۆشت خەریکى تاڵانفرۆشى زەویەکانى ئەم شارەى . ئەگەر تواناى گەڕانەوەى موڵکو ماڵى شارەوانیەکەى خۆت نییە ، مەردانە دەست لەکار بکێشەوەو بۆ پۆستێک کەسایەتیت لەکەدار مەکە ، خۆت ناشیرین مەکەو کۆیلایەتى کەس قبوڵ مەکە .زۆریشم بەلاوە سەیرە کەسێکى وەکو بەڕێزت کە ئەندازیاربیت و ماوەیەکیش لە هەندەران ژیابیت ، داواى لەم شێوەیە بۆ سەروى خۆت بەرزبکەیتەوە . بە درێژایی 23 ساڵى ڕابوردوو بەرپرسانى ئەم شارە لەبرى ئەوەى بیر لەوە بکەنەو کە زۆر پارچە زەوى بە بەتاڵى لە شوێنە جیاوازەکانى شاردا بهێڵنەوە ، بۆ ڕۆژانى داهاتو بو نەوەکانى دواڕۆژمان بۆ ئەوەى ڕۆژێک لە ڕۆژان قوتابخانەیەک . خەستەخانەیەک باخچەیەکى جوانى لەسەر دروست بکرێت ، ئەڵێی ئێمە میوانین لەم شارەو لەم وڵاتە ، هەموان بەٍدواى ژمارەى زەوى بەتاڵدا ئەگەڕێن بۆ ئەوەى بۆخۆیانى داگیر بکەن یان بە فرت و فێڵ بە نرخى هەرزان بیکڕن .
بەڕێزم : ئەى تا ئێستا لەوە نەگەیشتوى کە ئەٍو قەیرانەى ئێستا بەرۆکى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمەى گرتۆتەوە ئەم دوو حیزبەن کە ماوەى 23 ساڵە خرابکارى و تاڵان ئەکەن و دواجار ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان ڕوبەڕوى هەترسى بۆتەوە ؟؟.لە کۆتاییدا داوات لێ ئەکەم بەدواداچون بکەى بۆ هەموو ئەو ناحەقیانەى لەم شارە کراوە ، نەک کارى خراپى ئەوانەى پێش خۆت دوو بارە بکەیتەوە ٍ. ئەوەش بزانە ئەوەى من لێرەدا نوسیومە تەنها مشتێکە لە خەروارێکى گەورە . وەکو قەترەیەک ئاو وایە لە دەریایەکى گەورەو دواجار وەکو پوشکە کایەک وایە لە خەرمانێکى گەورەدا . ئەگەر هەموو پێشێلکاریەکان و تاڵانکاریەکان و غەدرەکانى لەم شارەو لەم وڵاتەو لەم هاوڵاتیانە کراوە وەکو خۆىٍ بنوسرێت ، چەندین کتێبى ئەوێت .

یەک شەممە 22/2/2015ٍ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە