شاسوار مامە

https://www.facebook.com/shaswarmame21


لە نێوان بارزانی و بایدەمیر

Monday, 18/11/2013, 12:00

1830 بینراوە


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی ئەم مانگە لە سەر داوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ئامەد بوو. لە ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا بارزانی بەشداری لە ئاهەنگێکی پارتەکەی ئەردۆغان کرد و وتەیەکی پێشکەش کرد کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئاکەپە و دەوڵەتی تورکیا بکات. کۆی گشتی سەردانەکە ڕەخنەی بەدەپە و کۆمەڵێک لایەنی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا و لە ئاستی خەڵكی ئامەدیش خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا ، بەهۆی کاتی سەردانەکە کە نزیکە لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی تورکیا. بارزانی ڕۆژی دووەمی سەردانەکەی تەرخان کرد بۆ دیدار لەگەڵ بەدەپە و سەرۆکی شارەوانی و پارت و ڕێکخراوەکان، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەوەبوو، عوسمان بایدەمیر سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئامەد، مامەڵەیەکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ بارزانی کرد، بەتایبەت لەمیانی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی ، وتەیەکی نەتەوەیی و سیاسیانەی پێشکەش کرد و بارزانیشی بە ناڕاستەوخۆ لە هەڵەکانی ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەی ئاگادارکردەوە، دەتوانین بڵێین مامەڵە و لێدوانەکەی بایدەمیر پیلان و ڕێککەوتنەکەی بارزانی و ئەردۆغانی تا ئاستێکی بڵند پوچەڵ کردەوە، من لە چەند خاڵێکدا شیکردنەوەیەکم بۆ دیداری مەسعود بارزانی و عوسمان بایدەمیر کردووە و ئاماژەکانی دیوی ناوەوەی پەیامەکەی سەرۆکی شارەوانیم بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێکم:!

١. بایدەمیر، بە بارزانی گووت کە دەستپێشخەری ئاشتی ئۆجالان بووە و لە نەورۆزی ئەمساڵدا ٢ ملیۆن کەس لە ئامەد لە چاوەڕوانی پەیامەکەی ئاپۆ کۆبووبوونەوە و ئێوەش بانگهێشت کرابوون، بەڵام نەهاتن. (بارزانی دەستپێشخەری ئاشتی بەهی ئەردۆغان ناوبردبوو)
٢. بایدەمیر، بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناو هێنا و ڕۆڵی ئاپۆی بەرزنرخاند و وەک سەرۆکی نەتەوەیی کورد ناساندی، ئەمەش بۆخۆی تێگەیاندنێکی بارزانییە کە پێی گووت پێویستە هەندێک وردبینانەتر نزیک بیتەوەو پێگەی خۆت بزانی کە سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستانی نەک زیاتر.
٣. بایدەمیر، بە بارزانی گووت: ئامەد ماڵی تۆیە و هەولێریش ماڵی هەموو کوردانە، واتە کوردستان هی هەمووانە و بۆت نییە سنور لە کوردانی بەشەکانی دیکە دابخەی، کە مەبەست لێی ڕۆژئاوای کوردستانە.
٤. بایدەمیر، لەتەنیشت ئاڵای فەرمی تورکیا، ئاڵای هەرێمی کوردستانی دانابوو، ئەوەش پەیامێک بوو بۆ بارزانی کە تەنها کورد ڕێزت لێدەگرن و بەهات پێ دەدەن نەک ئەو دەوڵەتانەی ئاڕاستەت دەکەن. ویستی ئەوەش بە بارزانی بڵێت؛ کە ئەگەر لە بەرەی گەلی کورد بێت پێویست بەوە ناکات خەڵک لە دهۆکەوە بنێری ئاڵات بۆ هەڵدەن، بەڵکو ئێمە ئاڵات بۆ بەرزدەکەینەوە. (لە سەردانی بارزانیدا بۆ تورکیا و لای ئەردۆغان، هیچ کات ئاڵای کوردستان لە تەنیشت ئاڵای تورکیا دانانرێت)
٥. بایدەمیر، جلی کوردی لەبەرکردبوو، ئەوەش وەڵامێک بوو بۆ ئەو هەموو بانگەشانەی پارتی و بارزانی بە جامانەی سور و جلی کوردی دەیکەن، گوایە ئەوان بوێرییان کردووە. وویستی بە بارزانی بڵێت: ئێمە پێکەوە ئازادی ئەوەمان بەدەستهێنا کە هەموومان دەتوانین جلی کوردی لەبەربکەین و بە کوردی قسە بکەین.
٦. بایدەمیر، مەلا موستەفای بارزانی و مەزڵوم دۆغان و ساکینە جانسزی لە یەک ئاستدا ناوهێنا، ئەوەش پەیامێک بوو بۆ بارزانی کە هیچ کەس لە کەس گەورەتر نییە و شەهیدان و قوربانیانی ئێمە لە باوکی تۆ و بنەماڵە و حزبەکەت بچوکترنین.
٧. بایدەمیر، ئەوەندە ڕێزی لە بارزانی گرت، کە هەست بە شەرمەزاری بکات و جارێکی دیکە پێش ئەوەی بچێتە لای ئەردۆغان و ئاکەپە سەردانی کوردان و بەرپرسانی کورد بکات. ٨.بایدەمیر، کتێبێکی مێژوویی ئامەد کە بە زمانی کوردی نوسراوە، پێشکەش بە بارزانی کرد و ویستی ئاگاداری بکاتەوە کە هێشتا ئامەد و گەلەکەیت نەناسیوە و پێویستە لەبارەیەوە بخوێنییەوە.
٩. بایدەمیر، بەو پێشوازی و کۆبوونەوانەی شارەوانی ئامەد، بارزانی تێگەیاند کە ئامەد پایتەختی کوردستان و بەدەپە و پەکەکەیە نەک پایتەختی ئەردۆغان و ئاکەپە کە ڕۆژێک پێشتر تیایدا بانگەشەت بۆ دەکرد و بەشانوباڵی ئەردۆغانت هەڵدەدا.
١٠. بایدەمیر، بارزانی فێری هەندێ ئەتەکێت کرد، بۆ ئەوەی لە داهاتوو ئەردۆغان و حزبەکەی نەتوانن سوکایەتی پێ بکەن و بچووکی بکەنەوە. (سەیری وێنەکانی پێشوازی بەدەپە و بایدەمیر بکەن لە بارزانی و بەراوردی بکەن لەگەڵ ئەو وێنانەی بارزانی و ئەردۆغان).
١١. بایدەمیر، بارزانی ناچار کرد باسی گرنگی ڕۆڵی ئۆجەلان بکات لە تورکیا.
١٢. بایدەمیر، بارزانی ناچار کرد و بوێری پێبەخشی لە بری ئەوەی بڵێت دیاربەکر، پێویستە بڵێت ئامەد. (بارزانی لە کۆبوونەوە جەماوەرەکەی ئاکەپە، بەردەوام دەیگووت دیاربەکر).
١٣. بایدەمیر، بۆ بارزانی شیکردەوە کە ئاشتی و پێکەوەژیان بە ڕێککەوتن و لەیەکترنزیکبوونەوەی کورد لەناوخۆدا ئەنجامگیردەبێت، نەک بە لێکگرێدانی کلکی لایەنێکی کورد بە لایەنێکی دژبەر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە