کین ئەم!؟

Tuesday, 29/01/2013, 12:00

1429 بینراوە


شەوی 29 لەسەر 30ی مانگی یازدەی 2012، بە بەشداری زۆربەی وڵاتانی جیهان بە پەخشی راستەوخۆ کۆبونەوەیەکی مەزن لە پێکەی مەزنی نەتەوە یەکگرتوەکان پێک هات. ئەو کۆبونەوە مەزنە بۆ ئەوە بوو کە وڵاتی فەلەستین وەکی ئەندامی چاوەدێر لە ئەو رێکخراوەیەدا بە ئەژمار بێ. ئەوە هەنگاوێکی مەزن بوو بۆ خەڵکی فەلەستین کە لە داهاتوودا ببنە ئەندامی هەتاهەتایی. تەنیا 9 دەوڵەتی خێر نەخواز دژایەتی ئەو رووداوەیان کرد. بە ڕای من لە ناو ئەو دەوڵەتانەدا، سێ دەوڵەت توانیان بە نۆبەی خۆیان بیروڕای خۆیان دەربڕن. ئامریکا، ئیسڕاییل و دەوڵەتی رەگەزپەرەستی توورک! مژاری کورتە نووسراوەکەی من ئەوە نییە ئامریکا چۆن رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سێ چەپەی بە قوڕ گرتووە یا ئاخۆ ئیسڕاییل دەوڵەتێکی باشە یانژی خراپ. فەلەستین لە 64 ساڵی رابوردوو دا چی بەسەر هاتووە!
کاتێک کە نۆبەی ئاخافتنی وەزیری دەرەوەی توریە هات، چەند بابەتم وە بیر هاتەوە:
1 . نەتەوە یەکگرتوەکانیش وێنەی دارستانێک دەچن کە لە ناو ئەو دارستانەدا زۆردار لاواز دەخوا، پادشاش ئەو کەسەیە کە پەنجە و ددانی تیژە و کەس ناوێرێ خۆی لێدا!
داودئۆغڵوی فاشیست وای قسە دەکرد دەتگوت لە وڵاتی خۆی هەموو رۆژێ پێش گزینگی خۆرەتاو تاک تاکی کورد گوڵباران دەکرێ. کاتێک کە باسی منداڵی فەلەستینی دەکرد خەریک بوو هۆڵ هۆڵ بگری. باسی پیاوێکی پیری کرد کە هاوسەرەکەی بریندار بووە و منداڵەکەشی لە دەست داوە. وەبیر قەتڵ و عامی روبوسکیو ئەو میر منداڵەی کەوتم کە لە بەرچاوی هەموو کامێرای جیهان دەنگی قرچە قرچە شکانی دەستی راستی گەیشتە دونیا. داودئۆغڵوو کەمتیارەکانی کۆماری ئیسلامی و عەڕەب هەر چی دەیکەن بۆ رازی کردنی ئەربابەکانیانە، ئەوەی کە منی ئازار دا و پێی تێکچوم، هەڵوێستی گزیری و خۆماڵیو شاغوڵامی شاری قەڵاومنارەیە، ئەوان دەڵێن:
"دەسەڵاتی ئەوڕۆی تورک فریشتەیە و قەت شتی وا نەبووە چونکە قەولیان بە ئێمە داوە کێشەی کوورد چارەسەر کەن!"
دەڵێن: کەسایەتی ترسەنۆک، سیاسەتی نزم پەیرەو دەکا، سیاسەتی نزمیش کۆمەڵگا ئەوەندە دەکاتە کۆیلە کە پاش روخانی سەددامی خوێن مژ، ئەوەهەمان سێناریو خەریکە دووپات دەبێتەوە و هێزی دیجلەش شەو و ڕۆژی لە کوردی هەژار کردۆتە کەکرە. ها کەنگێ هات و ها کەنگێ نەهات!
پێشمەرگەی دۆینێ و زگ زل و مل ئەستورەکانی پاش راپەڕین شێری ناو کوردستان و رێوی لە هەندەران. کەش و هەوایەکیان خوڵقاندووە کە رەگەزپەرەستێکی وەکی داودئۆغلو لە کوردستان سەر ببڕێ و لە هەندەران بۆ منداڵی فەلەستینی فرمێسک هەڵوەرێنی. کە دەگەنە تاران لە فارس، فارسترن، لە تورکیە دەبنە تورد و لەگەڵ عەڕەبیش باب بران!
وەکی تاکی کوورد پیرۆز بایی لە خەڵکی فەلەستین دەکەم و ئارەزوومە سەرکەوتوو بن! بەڵام بەشێک لە کورد هەتا سەرگەورەی وەکی دەسەڵاتی باشوری وڵاتت هەبێ پێم وا نییە وا زوو چاومان لێ بکەن. هەتا ورگنێکی موفتەخۆری تاڵەبانی دەوڵەتی کوردی پێ خەون و خەیاڵ بێ ئەوە حاڵمان هەر ئەو حاڵە دەبێ...
جەعفەر کەریمی
12.12.212
فەنلاند

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە