زۆرداریی و گه‌نده‌ڵیی لە کوردستاندا کاریگەرییان لە سەر کەسایەتیی کورد

Wednesday, 29/01/2014, 12:00

2408 بینراوە


''گه‌نده‌ڵییی و زۆرداریی تەواوکەری یەکترن، گه‌نده‌ڵییی هەر دەبێ زۆردارییەک پارێزگاریی لێ بکات و زۆردارییش هەر دەبێ گه‌نده‌ڵییەک هەبێ پارەی لێ سەرف بکات''. محەمەد قودسی (بیرمەندی میسری)

وزەی شۆڕشگێڕیی مەزن لە کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا هەیە کە تا ئێستا ڕێکنەخراوە و بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵگەی کوردستان سوودی لێ نەبیندراوە.
ڕووداوەکان سەلماندیان کە رۆڵی میدیاکانی ئه‌هلیی و ئۆپۆسیزۆن لەو ئاستەدا نین ڕۆڵەکانی کوردستان هیوایان لە سەر هەڵچنیبن.
لە مێژووی کورددا شۆڕشێک نەبووە ویستبێتی دەسەڵاتێکی زۆردار و گه‌نده‌ڵی کوردیی بڕوخێنێت.
ئەم بابەتە بە باشووری کوردستانەوە تایبەتمەندە و باسی ئەوەیە چۆن ئەو جۆرە دەسەڵاتەی ئێستا ڕەفتاری تایبەتی بە سەر هاوڵاتیاندا دەسەپێنێ، جا مەیل و ئاستی فەرمانبەریی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی هاوڵاتیان هەرچۆنێ بێ.
گه‌نده‌ڵیی لە بەڕێوەبردندا، واتە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسیی لە پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی تاکەکەسیدا، جا لە ڕێی بەرتیلەوە بێ یا ڕوتاندنەوە یا فێڵ و دزیی. لە حاڵەتی کورددا گەیشتۆتە ئەوەی مرۆڤ بکوژرێ و ئەگەرچی بەڵگەی تاوانەکەش هەبن، حاشای لێ بکرێت. سستەمی گه‌نده‌ڵیی بەو شێوەیە لە سەرەوە بۆ خوارەوە خۆی بژێوی خۆی دەدا. گه‌نده‌ڵیی لە لوتکەی هەرەمی حیزبەوە دەستی پێ کردووە و دوای ئەوەی جمگە تایبەتییەکانی گرتۆتەوە، بەرەو جمگەکانی حکومەتیش کشاوە. بەو شێوەیە سستەمی گەندڵیی، لە لوتکەوە بۆ دامێن و لە دامێنەوە بۆ لوتکە، خۆی بژێوی خۆی داوە و هەموو جمگە و گۆشەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئێستای کوردی گرتۆتەوە تا وای لێ هاتووە دامەزراندنی فەڕاشێکی قوتابخانەیەکی ئاسایی بگرێتەوە، کە سستەمی پەنجا بە پەنجا ماوەی بیست ساڵ زیاترە پەیڕەو دەکرێ و ئەم دەسەڵاتە نائاساییە بە ڕێکەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی، تاجیان لە سەر ناوە و هەر بە ڕێکەوتنی نێوان (مام باپیر)ی ڕێگر و مەلای مزگەوتەکە دەچێ، کە تا ئەو قازانجە دابەش بکەن کە مام باپیر بەدەستی دێنێ و مەلا لە خوتبەی هەینیدا لە کاتێکدا مام باپیریش لەگەڵ نوێژکەراندابووە، باسی کردووە. مام باپیر خۆی باداوە و مەلاش گوتوویەتی: خۆبامەدە سیی بزنن، دەی بۆ تۆ بن، بیستیش بۆ من.

لە بارودۆخی کورددا و لە سایەی دەسەڵاتی ڕەهای حیزبی و بنەماڵەییدا بە سەر سەروەت و سامانی کوردستاندا، دەسەڵاتی بنەماڵەیی داهاتی ئابووری و دەرفەتی سیاسی دەگمەن بۆ سوود و دەسەڵاتی خۆیان دۆقۆزنەوە و دەستەی دەسەڵاتیش پێچە بەدەورە بە یاسا دەکا تا ناڕەوایی ڕەوا بکا. بۆ ئەو مەبەستەش کۆمیتە و خەڵکیان بۆ بەربەرەکانەی گه‌نده‌ڵیی داناوە تا خۆڵ لە چاوی ڕای گشتی بکەن ئەوەش لە کاتێکدا ئەوانەی ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی گه‌نده‌ڵیییان لە ئه‌ستۆ گرتووە، خۆیان لایەنی هەرە ناهەمواری گەندەڵکارین و بە هونەر و توانای خۆیان لە ملکەچییدا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تاکەکانی لوتکەی هەرەمی دەسەڵات ڕاستییەکان دەشێوێنن.

بە نەبوونی ڕێکخراوەی بەربەرەکانیکردنی گەندەڵکاریی، زەحمەتە خەڵک خۆیان لە بەرپرسە گەندەڵەکان لابدەن و بە پێی یاسای دژە گه‌نده‌ڵیی بەربەرەکانەیان بکەن چونکە هەموو ڕێڕەوەکان داخراون و هاوڵاتی ناچار دەبێ بە ڕێگەی گەندەڵکاریدا تێپەڕێ و لە فەرمانبەری گەندەڵکار بپاڕێتەوە کارەکەی بۆ ئەنجام بدا.

بەهۆی دەسەڵاتی حیزبەوە بە سەر زانکۆ کوردییەکاندا، چی دی زانکۆکان کادری لێهاتووی پیشەیی بۆ کۆمەڵگە و دەوڵەت و کەرتی تایبەتی بەرهەم ناهێنن و لەوەتەی سەربەخۆیی خۆیان لەدەستداوە، خوێندکارەکان بێ ئەوەی شایستە بن یا ئامادە بن، بە بەڵگەنامەوە دەردەچن.

دیاردەی سوودوەرگرتنی تایبەتی و نایاسایی لە ڕێی فەرمانبەرییەوە بەربڵاو بووە و بێ گوێدانە یاسا، فەرمانبەرە باڵا حیزبییەکان کە لە سەرۆکەوە نزیکن، وەک هاوسەر و برازا و خاڵوان، بە هەرزانترین نرخ یا بە زەوتکردن، بوونەتە خاوەنی زەویوزار.

کە تەماشای تەلەڤزیۆنە ئەهلییەکانی کوردستان دەکەیت، دەبینیت لە سایه‌ی دەسەڵاتی حیزبییدا، کە سەرانی پارتی و یەکێتی دابەشیان کردووە، ئاستی گه‌نده‌ڵیی بە کوێ گەیشتووە. تەشەنەکردنی گه‌نده‌ڵیی بۆتە ئاسانکاریی بۆ پشتگوێخستنی هەموو جۆرە یاسایەک، بە یاسای تەندروستیی و بەکەڵکبوونی خۆراکەوە. ئەو یاسایەش کە گەندەڵکاری گرتوویەتییەوە پەکی کەوتووە و دەرفەتی دەربازبوونی گومانلێکراوان ئاسان و زیاد دەکا. دووبارەبوونەوەی دەست بەسەرداگرتنی هەزاران تەن لە خۆراک و دەرمانی بێکەڵک و بەسەرچوو لە شارەکانی کوردستاندا ئاستی مەترسییەکانی گه‌نده‌ڵیی لە بوارەکانی تەندروستیی و سەلامەتیی هاونیشتمانی دەردەخا و بەوەش به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی دەبێتە قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی تاکەکەسیی.

هەندێ لەوانەی سەردانی کوردستانیان کردووە، پێیان ڕاگەیاندم لە دەزگا حکومەتییەکاندا ڕێزی کات ناگیرێ و بە بیرۆکراتی کاتی خەڵکی بە فیڕۆ دەدرێ و ئەرکەکان پشتگوێ دەخرێن یا بە باشی ئەنجام نادرێن و ئاشنایەتیی و خاترگرتن بەربڵاون و بەرتیل و بەکارهێنانی دەسەڵات هەیە و بەرپرسه‌کان بە لوتبەرزیی لە هاوڵاتیان دەڕوانن.

ئەم حکومەتە کوردییەی ئێستا لە هەناوی حیزبی نادیموکراتی کەوتۆتەوە و سروشتی تاکەکەسی و زۆرداریی بە سەریدا زاڵە. حیزب دەزگای ئاسایشی هەیە و کوڕی سەرۆک سەرپەرشتی دەکا. کوڕ لە پلەی یەکەمدا به‌رژه‌وه‌ندییەکانی بابی دەپارێزێ و پارەیەکی زۆری وڵات لەو دەزگایە سەرف دەکرێ و (باوک) کە سەرۆکی حیزبە، بڕیار لەسەر سەرفکردنی دەدات نەک پەرلەمان یا حکومەت. ئەو دەزگایە لە سەر بنەمای ناسیاریی و خزمایەتیی دامەزراوە و بە توندوتیژیی ڕوبەڕوی ئازادییە گشتییەکان دەبێتەوە. بزرکردنی ڕۆژنامەوان و کوشتنی بەرهەڵستکار و سوتاندنی بارەگای حیزبیی بەرهەڵستکار و ڕفاندنی هاونیشتمانیی و چاندنی جاسوس وەک سەددام حوسێن، لە زۆربەی دامودەزگای کۆمەڵگە و حیزبدا لە شار و شارۆچکەکان و تەنانەت لە گوندە دورەکانیشدا هەیە.

ئەوجا حیزب دەسەڵات دەخاتە سەر هێزەکانی پۆلیس و میلیشیا حیزبییەکان و (چەکداری تیرۆرستی نهێنی)شی بۆ ئەنجامدانی ئەرکی تایبەتی هەیە تا بە دڕ بزاندرێ و هاوڵاتی و بەرهەڵستکار بەرانبەر دەسەڵاتی پیرۆزی سەرۆک بترسێنن!

حیزب دەستی بە سەر خەزنەی گشتییدا گرتووە و مەعاش دیاری دەکا و خەڵات دابەش دەکا و لە پەرلەمان و حکومەتدا پلەوپایە دەبەخشێ و حکومەتیش لە دەرەوەی وڵات سەفیر دادەنێ و لە بەغدا و لە کوردستان وەزیر دادەنێ و هەر کەسێکی بوێ زەوی دەداتێ و بڕیار دەدا کێ گرێبەستی بازرگانیی گەورەی هەبێ، جگە لەوەی بنەماڵە دەستی بە سەر کەرەسەکانی گەیاندنی تەلەفۆنیدا گرتووە، وەک کۆڕەک و ئاسیاسێل، هەموو دەزگا ڕاگەیاندنەکانی بیندراو و بیستراو و خوێندراویش بەکاردەبا بۆ ئەوەی نەوەیەکی گوێڕایەڵی وا بەرهەم بێنێ کە گوێ بە کەرامەت و بەها مرۆییەکان نەدا و زیاتر لە ئاژەڵ بچێ و قەبوڵی بێ سەرانی دەسەڵات شوانی بن و شوانیش بە بێ سەگ نابێ و زۆربەی کات شوانەکە بە "سەرۆکی پیرۆز'' ناو دەبرێ.

بنەماڵەی دەسەڵاتدار، دەستی بە سەر هەموو بوارێکی کارکردندا گرتووە، ئەوەش لە ڕێی دەست بەسەرداگرتنی تەواوی بیرۆکراتییەتی حکومەت و بەوەش هەر کەسێکیان بەدڵ نەبێ بێبەشی دەکەن. ڕوخسەت دوا دەخەن یا ڕەتی دەکەنەوە یا بەربەست دەخەنە بەردەمی ئەوانەی داوای کار دەکەن لە ئەنجامدا توشی بێهیوایی دەبن و دەستبەرداری داواکەیان دەبن.
عەقڵی هاوڵاتی دووچاری تەلقینی ڕۆژانەی بەردەوام بووە تا دانیشتوان لەگەڵ توندوتیژیی ''سەرۆکی پیرۆز''دا ڕابێن و وێنەی سەرۆک لە هەموو شوێنێکی بەڕێوەبەرایەتییەکان و دوکانی ساکار و سەرتاشخانەیەکدا هەیە تا بە بیری دانیشتوان بێتەوە کە شەو و ڕۆژ چاودێری دەکرێن.

پیاوانی ''زەعیمی پیرۆز''یش، کە مشەخۆری ڕاگەیاندنی زارەکی و بیندراو و خوێندراون، لە ڕێی تۆڕی بەربڵاوی ئاسمانیی و ڕۆژنامە و گۆڤارەوە لایەنە ناشرینەکانی دەسەڵات جوان دەکەن و ئاماژە دەدەن کە ئاستە مام ناوەندییەکان کە کادری ''حیزب'' و ''زەعیم''ن، گوایە بە باشی لە ڕێنماییە حیکمەتئامێز و دروستەکانی 'زەعیم'' تێنەگەیشتوون.

کەرەسە توندوتیژەکانی چاودێریی دەبێتە دەستبەسەرداگرتنی گشتیی، لە دەستبەسەرداگرتنی جەستەیی و ڕزقەوە بگرە تا دەگاتە حەقڵ و لایەنە دەروونییەکان. ئامانجیش لەوەدا ئەوەیە هاوڵاتی ''بیرکردنەوەی ئازاد'' لە دەست بدا یا بە پێی عەقڵی ژێردەستەیی ڕەفتار بکا. کاتێکیش هاوڵاتی ئازادیی بیرکردنەوەی لە دەست دا، ئیرادەی ئازادانەی خەباتیش لە دژی زۆرداریی و گه‌نده‌ڵیی لە دەست دەدا.

هاونیشتمانیی کورد، بە هۆی ملکەچکردنی بیست ساڵەوە بەرانبەر دەسەڵاتی بنەماڵە، کە سستەمی گه‌نده‌ڵیی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بەرهەمهێناوە و پەرەی پێداوە، گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لە کەسایەتییدا ڕوویداوە. گەندەڵکاریش هەر بە تەنها بەشی سەرانی دەسەڵات و منداڵ و خزمەکانیشیان نییە، بەڵکو هەموو لایەنێکی ژیان و چالاکیی ئابووریی و کۆمەڵایەتییشی گرتۆتەوە لە کۆمەڵگەیەکدا کە تازە لە دەسەڵاتی تاکڕەوی ڕەهای تاوانکار دەرباز بووە.

هاوڵاتی کوردستانیش کە دیاردەی دەسەڵاتی گەندەڵکاریی و زۆرداریی تاڵانکاریی ڕەت دەکاتەوە، لە باشترین حاڵەتیدا پەرواێز خراوە و ئەوەش بەرەو بێدەنگبوون یا تێکەڵبوونی گەندەڵکارییەکی دەبا کە هەموو لایەنێکی دەزگاکانی دەسەڵاتی گرتۆتەوە: یاسایی و جێبەجێکردن و ملکەچکردنی دەسەڵاتی چوارەم ''ڕاگەیاندنی حیزبی'' لەوەشدا ڕۆژنامەوانی وا بەکاردەبرێن کە قەڵەمیان بە کرێ داوە و ویژدانیان فرۆشتووە، ئەوەش بۆ پارەی زۆر و سەفەر و سەیران. ئەرکەکانیشیان، ئەگەرچی جیاوازیش بێ بەڵام هەر جوانکردنی سیمای دەسەڵات و ناشرینکردنی بەرهەڵستکارە.

تەنانەت ئەگەر واش دانێین کە ''سەرۆکی پیرۆز'' ڕۆیشت و ناگەڕێتەوە، وەک بۆ نموونە (زەینلعابدین بن عەلی) کێشەی گه‌نده‌ڵیی بە بێ چارەسەر دەمێنێتەوە چونکە کەرەسەکانی گه‌نده‌ڵیی سەردەمی دەسەڵاتی ڕاکردووەکان لە ترسی یاسا، لە ناو دامودەزگاکانی حکومەتدا ماون و شوێنە گرنگەکانی وەک دادگا و یاسایی و جێبەجێکردن پڕ دەکەنەوە و پاککردنەوەیان پێویستی بە هەوڵی بەردەوام و ورد و توند هەیە تا ئەو دەزگایانە ببنەوە جێی باوەڕ. تەنانەت دوای ڕۆیشتنی سەری گەندەڵکاریش، مەترسی گەڕانەوەی گه‌نده‌ڵیی و زۆرداریی بە دروشمی نیشتمانپەروەرانەی گونجاوەوە دەکرێ. لەبەر ئەوە، چارەسەر پاککردنەوەی سەرتاسەرییە لە پیاوانی دەسەڵاتی لەناوچوو و ڕیگرتنی گەڕانەوەیانە بە هەر ناوێکەوە بێ.

زۆربەی چاودێرانی گەندڵکارییە ڕەگداکوتاوە حیزبییەکان لە کوردستاندا سەرنج دەدەن کە یەکڕیزی لە سەرانی دەسەڵاتی بۆگەندا هەیە و هەر یەکەیان پارێزگاریی لەوی تریان دەکا و لە سەر یەک هەڵوێستی هاوئاوازدا بەرانبەر بەرهەڵستکاریی نەیاری گه‌نده‌ڵییدا کۆکن و لە پێداهەڵدانی ''سەرۆکی پیرۆز''دا هاوڕان چونکە به‌رژه‌وه‌ندیییەکانیان لە مانەوەی سەرۆکدایە کە مافی دزیکردن و دەوڵەمەندبوونی پێ داوون و پارێزگارییان لێ دەکا و بە بێ شایستەیی پلەوپایەیان پێ دەبەخشێ و لەناوچوونی دەبێتە هۆکار بۆ لێدانی به‌رژه‌وه‌ندیییەکانیان. لەبەر ئەوە بەرگریکردنی توند و بەردەوامیان لە سەرۆکی پیرۆز، بەرگریکردنە لە به‌رژه‌وه‌ندیییە تایبەتییەکانی خۆیان.
بارودۆخی کورد لە بواری زۆرداریی و گه‌نده‌ڵییدا، لە بارودۆخێکی تایبەتیدا بەرجەستە بووە و نموونەش دەستگرتنە بە سەر شارێکی تەواوی وەک ''سەلاحەددین''دا بە خانوو و زەوییەوە و لەوێوە حوکمی هەولێرى پايته‌خت دەکرێ نەک بە پێچەوانەوە.

کاتێ زۆرینەی گەل باوەڕ دێنێ کە گه‌نده‌ڵیی و دەسەڵاتی ڕەها لە وڵاتدا ڕەگیان داکوتاوە، هاوڵاتیی دەپرسێ: چارەسەر چییە؟ ئایە بێدەنگ بێ؟ بەرانبەری لێ بگرێ؟ ئەی چۆن بەرانبەری ببێتەوە؟ چۆن سستەمی کاری هاوبەش پێکبێنین و بە سەر ئەو گیانی تاکڕەوییەدا زاڵ بین کە دەسەڵاتی زۆردار و گەندەڵ لە ناخی کۆمەڵگەدا چاندوویەتی؟ گیانی تاکڕەویی تاکەکان لە کۆمەڵگە دادەبڕێ و وزە بە دەسەڵاتی گەندەڵ دەدا و تاک و کۆمەڵگە بەرانبەر دەسەڵات لاواز دەکا. تاکی کۆمەڵگە بە دابڕاوی لە به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمەڵگە بەها باڵاکان، بیر لە خۆی و به‌رژه‌وه‌ندیی خێزانەکەی دەکاتەوە. ئەوەش ڕاستەوخۆ لە خزمەتی دەسەڵاتی زۆرداریی و گه‌نده‌ڵییدایە. پێویستە بەرانبەر بەمە، گیانی کۆمەڵکاریی گەشە بکا. ئەوەی بن عەلی و موبارەکی ڕووخاند، گیانی کۆمەڵکاریی یەکگرتووی وشیار بوو. سەرکەوتن بە سەر دەسەڵاتی گەندەڵدا بەشداریی جەماوەریی دەوێ دەنا گه‌نده‌ڵیی بەردەوام دەبێ. گەلی میسر بەرانبەر گه‌نده‌ڵیی و زۆرداریی دەسەڵاتی موبارەک بە پشوو بوو بۆیە دەسەڵاتەکەش ماوەی سیی ساڵ زیاتر مایەوە، بەڵام کە پشووی نەما بە بڕیارەوە ڕاپەڕی و ڕووخاندی.

ئاشکرایە هەندێ دیاردەی کۆمەڵایەتیی مێژوویی کۆمەڵگەی کورد، وەک ''تاکڕەویی'' و ''ئینتیهازیەت'' و ''توندوتیژیی'' و لاوازیی ڕۆشنبیریی بەرەنگاربوونەوەی زۆرداریی، ڕەگداکوتاوون بە تایبەتی لە ناو ڕۆشنبیرانی کورددا بەربڵاوون و لە بەردەم تێکۆشانی جەماوەریی هاوبەشدا بەربەستن. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ڕۆشنبیر لە کوردستان و دەرەوەدا هەن کە لە دیاردەی زۆرداریی و گه‌نده‌ڵیی دەسەڵات بێزارن، بەڵام لەبەر ئەوەی تاکن ، ئەگەر هەمووشیان بلیمەت بن ، چ مەترسییەک بۆ دەسەڵاتی گه‌نده‌ڵیی کوردیی پێکناهێنن. هۆکاریش ئەوەیە گەلی کورد تاقیکردنەوەی لە ململانێی دەسەڵاتی بێگانەدا هه‌یه‌، بەرانبەر زۆردارە ناوچەییەکانی خۆی نییه‌تی.

لە مێژووی نوێی کورددا شۆڕشێکی ناوخۆیی کورد نەبووە ویستبێتی دەسەڵاتێکی زۆردار و گه‌نده‌ڵیی کوردیی بڕوخێنێ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ملکەچیی دەبینین بۆ دەسەڵاتی دەرەبەگیی کوردیی کە زەلیلی کردووە و دەستی لێ بەرداوە وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٥دا ڕوویدا و دواتر شەڕی دەسەڵاتی ١٩٩٣ ـ ١٩٩٧ کە ساڵانی گەندەڵکاریی شەرمهێنەری بە دوادا هاتن. ملکەچیی بۆ شکستخواردوو و سوودمەندیی سەرانی حیزبەکان کە بازرگانیی بە مەسەلەی کوردەوە دەکەن دیاردەیەکی سەرنجڕاکێشە و نیشانەی کەموکورتییەکی ترسناکە لە ڕۆشنبیریی بەرگریی نیشتمانی کوردیدا.

ئەو نمونەیەشی لە ناو خەڵکدا پەرەی سەند بازرگانێکە و دەسەڵاتی سیاسی بۆ کۆکردنەوەی پارە بەکار هێناوە و بە بێ ماندوبوون دەوڵەمەند بووە. (بزنسمانێکی کورد لە شێوەی بنەماڵەی دەسەڵاتدار) کە قاتی جوانی ئەوروپی دەپۆشێ و بۆینباغی ڕەنگاوڕەنگی جوان لە مل دەکا و دوامۆدێلی ئۆتۆمبیلی هاوردەی ئەوروپا یا ژاپۆن داژوێ و لەو ڤیللایانەدا دەژێ کە لە وڵاتانی خەلیج یا لە ئەوروپا و ئەمەریکا کڕیویەتی، لاوانی بنەماڵە بوونەتە نمونە و چاویان لێ دەکرێ. واتە مرۆ لە کورتترین کاتدا و بە بێ ماندوبوون، لە دەرەوەی شەرعییەتدا ببێتە ملیۆنێر.
ڕۆڵی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی بەرهەڵستکاران لە سلێمانی و ڕۆڵی ڕۆژنامە ئەهلییەکان لە ئاشکراکردنی گه‌نده‌ڵیی و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتی کوردیی جێی ڕێزن، بەڵام ڕووداوەکان سەلماندیان کە لەو ئاستەدا نین ڕۆڵەکانی کوردستان هیوایان لە سەر هەڵچنیبن.

ستراتیژییەتی بەرهەڵستکار پابەندی ناوچەگەریی یا حیزبایەتیی تەسکە. لە کاتێکدا دەسەڵاتی کوردیی کە باوەڕپێکردنی لە دەستداوە ئاماژەی گفتوگۆیان بۆ دەکا و ئامادەیی بۆ چاکەکاریی دەردەبڕێ، خاو دەبنەوە. ئەوەش ئەو گومانەی لای زۆر کەس دروست کردووە کە بڕیاری بەرهەڵستکار بۆ گۆڕانکاریی لە جەوهەری دەسەڵات لە کوردستاندا، کەموکورتی تێدایە و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بەرهەڵستکاری حیزبیی بە باشی لە جەوهەری ئەم دەسەڵاتە نەگەیشتووە و نازانن کە دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆی چەپەڵترین کەرەسەش بەکار دێنێ.

هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە دەتوانێ گۆڕانکاریی قووڵی دیموکراسیی بەدی بێنێ نەک ڕێکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتێکدا کە لە سەر بنەمای بنەماڵەیی زۆرداریی و بە لۆژیکی ئاغایەتی و بنەمای درۆ و تۆڵە و تەزویر و توندوتیژیی هەڵچندرابێ و پەرەی سەندبێ و بەهێز بووبێ و لە سەر ئاوازی دیموکراسیی و ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ گەمە بکات.

وزەی شۆڕشگێڕیی مەزن لە کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا هەیە کە تا ئێستا بۆ شەڕی پاشەڕۆژ ڕێکنەخراوە و بە شێوەیەکی دروست بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵگەی کوردستان سوودی لێ نەبیندراوە. ئەگەرچی دەسەڵاتی بۆگەن هەوڵ دەدا لە ڕێگەی بەرتیل و پلەوپایە و بەهەدەردانی سامانی گشتی ویژدانی خەڵک بکڕێ یا بە لای کەمەوە بێلایەنیان بکا بەڵام زۆر خەڵکی ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕ بێلایەن ماونەتەوە و بۆ دەسەڵاتی گەندەڵکار سەریان نەوی نەکردووە. ئەوانە هیوای پاشەڕۆژی گەلی کوردستانن، بەڵام هەر تاکێک لەوانە، لە سەریەتی لە پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا کەمێ لە تاکڕەوی بێتە خوارێ، ئەگەر نەتوانێ دەستبەرداری هەموو تاکڕەوییەکەشی بێ.

هەنگاوی گرنگ، بە دیاریکردنی ئامانجی هاوبەش دەست پێدەکات کە وزە و دینامیکی جەماوەر کۆدەکاتەوە، ئەوەش ''کۆتایی بۆ گەندەڵکاریی و زۆرداریی''یە لە کوردستاندا و بنیاتنانی بەڕێوەبەرایەتییەکی سەردەمیانەیە لە سەر بنەمای دادپەروەریی و سەروەریی یاسا و هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکان بەو دروشمە ناوبراوە لە بزووتنەوەیەکی سیاسیی جەماوەریی نوێدا یەک دەگرن و لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە تەوژم بۆ سەر دەسەڵات دەبەن. لە ناو خودی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و دەرەوەیاندا فشار دەخرێتە سەریان. ئەو کارە دەزگاکانی پۆلیس و پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی حیزبیش دەگرێتەوە. ئەوانەی سەرپەرشتی ڕاپەڕینەکانی میسر و تونسیان کرد، لە ڕووی ڕۆشنبیریی و ئایدۆلۆژیی و ئاینییەوە خەڵکانێکی ناهەماهەنگ بوون و چ سەرکردەیەکیان دەستنیشان نەکردبوو تا سەرپەرشتییان بکا، بەڵکو لە ئامانجی ئەو دەمەدا یەکگرتوو بوون، ئەوەش لە تونس ''بن عەلی لاکەوە!'' و لە میسریش ''گۆڕینی دەسەڵات'' و ''ڕووخانی موبارەک'' بوو.

کاتی ئەوە هاتووە وزە جەماوەرییەکانمان لە پشتی ''بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی تازە''دا کۆکەینەوە و ئەو جەماوەرە بە هیچ یەکێ لە سەرکردە تەقلیدییە ڕاڕاکان و ڕێکخراوە ناوچەییەکان وابەستە نەبێ و گۆڕانکاری تەنها بە پشتبەستن بە جەماوەری ڕاپەڕیوی هۆشیار دەکرێ کە ئاشنای کەلەپووری خۆی و بەرپرسیارەتیی مێژوویی خۆی بێ و ستراتیژی ناتوندوتیژ بەرانبەر بەرگریکاران بگرێتە بەر و کەرەسە تازەکانی پەیوەندیی و ڕاگەیاندن بەکار بێنێ.

ئەیووب بارزانی
٨/٣/٢٠١٢

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: حەمەلاو



https://www.facebook.com/3kontrakt?ref=ts&fref=ts


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە