د. ئه‌حمه‌د باسيره‌ له‌ مه‌كسيك كوژرا

Tuesday, 01.21.2014, 12:00

1269 بینراوە


له‌ مانگي 12.2013 د.ئه‌حمه‌د باسيره‌ له‌گه‌ل خێزانه‌كه‌ي بۆ گه‌شتێكي سێ هه‌فته‌ رِوو ده‌كه‌نه‌ ولاتي مه‌كسيك. چه‌ند رۆژێك پێش گه‌رانه‌وه‌يان له‌ پايته‌ختي ئه‌م ولاته‌ له‌ رۆژداو له‌ نێو بازارێكي پرِ خه‌لكدا له‌ لايه‌ن چه‌ته‌يه‌كي بازاره‌وه‌ په‌لاماري رِفاندني ملوانكه‌ي ملي خێزانه‌كه‌ي ئه‌درێت و بكوژه‌كه‌ چه‌ند گولله‌يه‌كيش به‌سه‌ر خه‌لكه‌كه‌دا ده‌ته‌قێنێت و گولله‌يه‌كيش ده‌نێت به‌ دوكتۆر ئه‌حمه‌ده‌وه‌. دواتر له‌ يه‌كێك له‌ خه‌سته‌خانه‌ خراپه‌كاني مه‌كسيك گيان له‌ ده‌ستئه‌دات. بكوژه‌كه‌ ده‌رباز ده‌بێت و پۆليس له‌ لێكۆلينه‌وه‌دايه‌. ته‌رمي براكه‌م له‌ 13.1.2014 له‌ گۆرِستانێكي شاري دوسلدۆرف / ئه‌لمانيا به‌ به‌شداري ژماره‌يه‌كي زۆر له‌ كوردو ئه‌لمان و گه‌لاني تر به‌ رێزو خۆشه‌ويستيه‌وه‌ به‌ خاك سپێردراو دوا مالئاوايي له‌ كه‌سوكارو هاورێكاني كرد. د.ئه‌حمه‌د له‌ ئه‌لمانيا / شاري دوسلدۆرفي پايته‌ختي هه‌رێمي نۆردراين ڤيستفالن خاوه‌ني عياده‌يه‌كي ددان بوو ، پزيشكێكي ناودار بوو.

براكه‌مان له‌ دايكبووي شاري سلێماني ، له‌ 1966 بۆ يه‌كه‌مجار رِۆيشته‌ يۆگۆسلاڤيا و له‌وێ له‌ كۆلێجي زماني ئينگليزي بوو. دواتر رۆيشته‌ رۆمانيا و له‌وێ كۆلێجي پزيشكي دداني ته‌واو كرد. دواي ته‌واو كردني زانكۆ رِۆيشته‌ ئه‌لمانيا و دواي چه‌ند سالێك له‌ كاركردن له‌ بواره‌كه‌ي خۆيدا بووه‌ خاوه‌ني عياده‌يه‌كي پزيشكي ددان. كۆچكردو شه‌ش زماني ده‌زاني. سالانيكي زۆر كاري له‌سه‌ر كتێبێكي زانستي ده‌كرد ده‌رباره‌ي كيميا به‌لام مردنه‌كه‌ي نه‌يهێشت بگات به‌ چاپكرني كتێبه‌كه‌ي. وه‌ك وه‌فايه‌ك رۆژگارێك هه‌لده‌ستم به‌ له‌ چاپداني ئه‌و به‌رهه‌مه‌ زانستيه‌ به‌نرخه‌ي. د.ئه‌حمه‌د له‌نێو خه‌لكيدا پياوێكي خۆشه‌ويست بوو ، ناسرابوو به‌ هاوكاري هه‌ژاران كه‌ ده‌چوونه‌ عياده‌كه‌ي و هاوكاري هه‌ژارانيش بوو له‌ كوردستانيش.


ئه‌وه‌ يه‌كه‌م تراژيدياي ئه‌م خێزانه‌مان نيه‌
رِژێمي به‌عس كه‌سوكارمي له‌ ولاتي دێريني خۆمان به‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوي ده‌ربه‌ده‌ركرد بۆ ئێران و له‌وێ بوونه‌ په‌ناهه‌نده‌. دايكمان به‌ ته‌نيا كاتژمێرێك پێش سه‌فه‌ر كردني له‌گه‌ل باوكم و خوشكه‌كانم به‌ رِوداوێكي دلته‌زێن كۆچي دوايي كرد و له‌ شاري مه‌هاباد به‌ خاك سپێردرا. ئه‌و ئاواته‌م له‌ ژياني ئاواره‌يي بۆ پاشماوه‌ي ژياني پاداشتي شه‌ونخونيه‌كاني بده‌مه‌وه‌ بۆ هه‌ميشه‌ چوه‌ ژێر گل. برا بچوكه‌كه‌مان دواي به‌ندكردني له‌ ئێران بۆ تۆمه‌تي سياسي و ئه‌شكه‌نجه‌و ئازارداني دواتر رِووي كردوه‌ عێراق و له‌وێش به‌ندكرا له‌ لايه‌ن رژێمي به‌عسه‌وه‌و دوباره‌ روبه‌رووي ئه‌شكه‌نجه‌و ئازار بۆوه‌و به‌م شێوه‌يه‌ ئه‌قل و هۆشي له‌ده‌ستدا. دواتر هێنامانه‌ ئه‌لمانيا بۆ چاره‌سه‌ر به‌لام بێهوده‌ بوو. كۆتايي به‌ ژياني خۆي هێنا. باوكيشمان به‌رگه‌ي ئه‌و هه‌موو ئازارو ناخۆشيه‌ي ژياني نه‌گرت. گه‌رِايه‌وه‌ سلێماني و له‌وێ مال ئاوايي يه‌كجاره‌كه‌ي لێكردين.

هه‌موو مرۆڤێك چيرۆكێكي ژياني خۆي هه‌يه‌
هه‌موو مرۆڤێك چيرۆكێكي ژياني خۆي هه‌يه‌ ، چيرۆكي ژياني دوكتۆر ئه‌حمه‌ديش چيرۆكي كه‌سێكي ئاشتيخواز بوو ، سالانێكي زۆري ژياني خه‌باتي سياسي كردوه‌. ده‌كرێ بوترێ كورد كه‌سێكي زاناو كوردپه‌روه‌ري له‌ ده‌ستچوو. زۆر باش له‌ يادمه‌ له‌ هه‌شتاكان به‌ به‌شداري دوكتۆر ئه‌حمه‌د چالاكيه‌كي سياسي سێ رۆژه‌مان له‌ بۆني پايته‌ختي ئه‌و كاته‌ي ئه‌لمانيا ئه‌نجامدا له‌ دژي رژێمي به‌عس و به‌عسيه‌كان هێرشيان كرده‌ سه‌رمان و له‌ شه‌رێكي ده‌سته‌ويه‌خه‌دا د.ئه‌حمه‌د به‌ خه‌ستي بريندار بوو ، بۆ ماوه‌ي نۆ رۆژ له‌ خه‌سته‌خانه‌ هێشتيانه‌وه‌. دوكتۆري كۆچكردوو حه‌زي به‌ گه‌شت و بينيني ولاتان بوو ، به‌ ئاشنابوون به‌ كه‌لتوري گه‌لان و شارستانيه‌ته‌كانيان. له‌ مه‌كسيك سه‌رداني شارستاني كۆني ماياي كردبوو به‌لام سه‌فه‌ري ئه‌مجاره‌ي سه‌فه‌ريكي دورودرێژ بوو ، سه‌فه‌ري مه‌رگ بوو. مردن هاوه‌لَێكي هه‌ميشه‌يي مرۆڤه‌و له‌كاتي له‌دايك بونمانه‌وه‌ چالاكه‌و ديوێكي تري هه‌مان دراوه‌. ژيان و مردن دوو شتي پێكه‌وه‌ به‌ستراون. هه‌روه‌ك حوكمي ژيان دراوين هه‌ر به‌م شێوه‌يه‌ش حوكمي مردنيش دراوين و هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ي بريارِي خودي مرۆڤدان به‌لام پرسياره‌كه‌ له‌ شێوه‌ي مردنه‌كه‌دايه‌. ته‌سليم به‌ ژيان ده‌كرێيت و دواتر مردن له‌گه‌ل خۆيدا ده‌تبات ئيتر هه‌ر يه‌كه‌و له‌ شوێنێك و زه‌مه‌نێكدا. به‌م شێوه‌يه‌ هه‌ر مرۆڤه‌ چيرۆكێكي ژياني خۆي تۆمار ده‌كات هه‌ريه‌كه‌و به‌ شێوه‌يه‌ك. له‌ يه‌كه‌م چركه‌ي له‌دايكبونه‌وه‌ روبه‌روي مردن ده‌بينه‌وه‌و له‌ مردندا ته‌واوي چيرۆكي ژيان كۆده‌بێته‌وه‌. ژيان مۆمێكه‌ رۆژ له‌ دواي رۆژ ئه‌توێته‌وه‌و مردن پرۆسه‌يه‌كي حه‌تميه‌ له‌ ژياني هه‌موو زينده‌وه‌رێكدا. قورسترين چركه‌ له‌ ژياني مرۆڤدا ئه‌و چركه‌يه‌يه‌ له‌ دايك ده‌بێت چونكه‌ له‌م ساته‌ژيانه‌وه‌ ئيتر رِوبه‌رووي زۆرانبازي ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ل ژيان و له‌گه‌ل مردنيشدا. هه‌موو بونه‌وه‌رێكي زيندوو ته‌مه‌ني ژياني به‌ مه‌رگ دوايي دێت. گوولَ به‌و جوانيه‌ي خۆي هه‌ر هه‌لده‌وه‌رێت ، دايك له‌ گوول زۆر جوانتره‌ كه‌چي هه‌ر ده‌بێت بمرێت و خۆراكي خاك بێت. ئه‌م برا ئازيزه‌مان بۆ دواجار مال ئاوايي لێكردين ، به‌لام بيره‌وه‌ريه‌كاني ئه‌ژي و له‌ دلي كه‌سوكارو هاورێكانيدا بۆ هه‌ميشه‌ شوێني تايبه‌تي خۆيان كردۆته‌وه‌. براكه‌م مردني تۆ زوو بوو ، مه‌رگت چاوه‌روان نه‌كراو بوو. ئازارێكي زۆرت بۆ جێهێشتين. ده‌ك هه‌زاران هه‌زار نه‌فره‌ت له‌و رۆژه‌ي ، له‌و ساته‌ي كه‌ په‌نجه‌ي نامه‌ردێك ده‌چێته‌ سه‌ر په‌له‌پيتكه‌ي چه‌ك و كه‌سێكي خۆشه‌ويستماني به‌ ناكامي خسته‌ ژێر گل. وه‌رزي خه‌زان نه‌بوو كه‌چي گه‌لاكان زه‌رد هه‌لگه‌رابوون. به‌ مردني ئه‌م برايه‌شم تێگه‌يشتم ژيان هه‌رچه‌نده‌ درێژو پر واتاش بێت به‌لام كورت و بێ ماناشه‌ ، ژيان شته‌ ، به‌لام هيچيشه‌.

برين وه‌خت سارێژي ده‌كات به‌لام شوێنه‌واري هه‌ميشه‌ ئه‌مێنێت
له‌ ئێواره‌يه‌كدا له‌كاتي خۆرئاوابوندا كه‌شتيه‌ك له‌ كه‌ناري ئۆقيانوسێكدا به‌رێكه‌وت و هێدي هێدي له‌چاو دوورده‌كه‌وته‌وه‌، به‌لام براكه‌م نه‌مزاني تۆ له‌و كه‌شتيه‌دايت و هه‌رگيز ناگه‌رێيته‌وه‌. نه‌مزاني كه‌هه‌روا زوو رِه‌شه‌بايه‌كي مه‌رگ هه‌ليكردو تۆي له‌گه‌ل خۆيدا برد. له‌به‌ر چاومه‌ مردن هه‌رگيز ئه‌وه‌نده‌ نزيك نه‌بوو لێت. براكه‌م كێ ده‌لێت تۆ مردويت؟ ئه‌وه‌تا شوێن و بيره‌وه‌ريه‌كانت دياره‌ ، زه‌رده‌خه‌نه‌و خوره‌وشتي به‌رزت و سيفاته‌ جوان و مرۆڤ دۆست و راستگۆييه‌كانت هه‌ميشه‌ دياره‌ ، هه‌ربۆيه‌ خۆشيشم ويستيت. براكه‌م وامده‌زاني چيتر فرمێسكم نه‌ماوه‌ بيرێژم به‌لام له‌كاتي نوسيني وشه‌كانم بۆت بينيم وانيه‌. براكه‌م له‌ يادته‌ پێت ده‌وتم برين وه‌خت سارێژي ده‌كات به‌لام شوێنه‌واري هه‌ميشه‌ ئه‌مێنێت. مال ئاوا براكه‌م ، پێت ئه‌لێم بخه‌وه‌ ، بخه‌وه‌ ، قوول بخه‌وه‌ ، تۆ ئێسته‌ له‌ خه‌وێكي قولدايت به‌لام ئازاره‌كه‌ بۆ ئێمه‌ي زيندوه‌كانه‌.