ئەو حزبەى تەعبیرى لە بوون و ئیرادەى نەتەوەیەك دەكرد خەریكە ڕێچكەكەى ون دەكات

Wednesday, 10/06/2009, 12:00

2417 بینراوە


سەرحەد باوەجانى دەربەندیخان دەبینن ئەو ڕێكخراوە سیاسیە بنكە فراوانەى كە تەعبیرى لە بوون و ئیرادەى نەتەوە بندەستەكەى دەكرد وەك زەرورەتێكى مێژوى و پێویستیەكى كوردستانى هاتە مەیدانەكەوەو توانى زەفەر بهێنێت بە شەوەزەنگى تاریكى دواى پیلانە شومەكەى جەزائیر كە هەرەسى بە شۆڕشى ئەو كاتى گەلەكەمان هێنابوو ، چراى ڕوناك و نەكوژاوە هەڵبكات لە كاتێكدا كە باڵى نائومێدى پەلى كێشابوو بە سەر تەواوى وڵاتە داگیرو دیلكراوەكەماندا. بەڵێ یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بوو بە هەر سێ باڵًەكەیەوە كۆمەڵەى ڕەنجدەرانى كوردستان ، یەكێتى شۆرشگێران ، بزوتنەوەى سۆسیالستى .. كە سەڕەرایى ئەوەى لە لایەن ئەوانەوە كە هەردەم كۆسپ بوون لە بەردەم جوڵانەوەى كوردایەتیدا ، كە چەندەها هەڵدێرو تەنگ وچەڵەمەیان بۆ دروست كرد و كارەساتى گەورەى بەسەردا هات , بەڵام نەتوانرا گڕوگڵپەى ئەو شۆڕشە ئازادى خوازە دابمركێنێتەوە ، كەسەرئەنجام توانى لە شەڕى مەفرەزەیى و پارتیزانیەوە ئەوەندە تین و توانایى سەندبوو ، بگۆڕێت بۆ شەڕى جەبهەیى بەرفراوان لەبەرانبەر دوژمنى قین لە دڵى بەغدا بۆیە توانى مل بە دەسەڵاتى ملهورى بەغدا بدات و ناچارى بكات سەر لەنوێ لە سەر مێزى گفتوگۆ لە تەك سەركردایەتى كورددا لە ناوەڕاستى هەشتاكاندا دانوستاندن بكات . بەڵام لەو ڕۆژگارانەدا بە پێچەوانەى ئێستاى سەركردەكانمان بۆ مەرگ بۆ گیان فیداكردن بۆ تۆڵە سەندنەوە لە دوژمنانى كورد و كوردستان لە پێشى پێشەوەى پێشمەرگەو جەماوەردا بوون نەك وەك ئێستا بۆ خۆدەوڵمەندكردن ، بۆ ترۆمبێلى جوان ، ڤێلاى بەرز .. هتد لە پێشى هەرە پێشەوەن .
هەر نەوەى سەردەمى حەفتاكان و هەشتاكان بوون كە بە بیرو باوەڕى ئەو ڕێكخراوە سیاسیە گۆشكرابون و تاودرابوون ، بۆ ئامادەییان تێدا بوو ؟ كە دواىئەنفال لە كاتێكدا فاشیەكانى بەغا چەكى كۆكوژو تۆقێنەرو ئاگرو ئاسن نەمابوو بە سەركوردو كورستاندا نەبارێنن , خانویەكیان لە لادێكاندا بە پێوە نەهێشتبوو ، گەر لە جادەى قیر لاتبدایە بە عوساد و موخەریب واتە (لادەرو تێكدەر)ناوزەدیان دەكرد یت و لە داریان دەدایت ، لەو ڕۆژگارە سەختانەدا ڕۆڵە جوامێرەكانى یەكێتى بە تایبەت نەبەرد و نەبەزیوەكانى گەرمیان بریارى مانەوەیاندا كەلاوەى لادێكان و هەڵەتەكانى گەرمیانیان چۆڵنەكرد و بە شێوەى پارتیزانى مانەوە تا بەهارى 1991 ڕاپەڕین و پارتیزانى پێكەوە گرێدران. .
بە پێچەوانەى ئێستاوە لە سایەى دەسەڵاتى خۆماڵیدا نەوەكانى ئێستا زۆر بێباكن بەرامبەر بە نیشتیمان ونەتەوە و وڵاتەكەى خۆیانیان لابوبوو بە زیندان و پۆل پۆل ڕەویاندەكرد بەرەو هەندەران و زۆرێكیان بون بە خۆراكى مارو ماسیەكانى دەریاو زەریا دوورەكان ، بەلێ ئێستاش دەبینن خەڵكانێك كە لە ڕۆژگارە زۆر ناسك و دژوارەكاندا زەبرى كەمەرشكێنیان لە جەستەى یەكێتى دەسرەواند بوون بە میراتگرى شۆڕشەكەو تەنگ بە سەركردەو كادرەكانى یەكێتى هەڵدەچنن و ناچاریان دەكەن كە لە ڕیزەكانى یەكێتى دوور بكەونەوە لە یەكێكدا وایە كە جەنابیان ڕۆژێك لە ڕۆژان بیرو باوەڕى جیاوازیان نەبوە .
هەڵبەتە واباشتر بوو لە برى ڕاونانى كادرەكان دەست نیشانى ڕێگرییەكان بكرابایەو چارەى گونجاویان بۆ بدۆزرابایەتەوە و دوو بینانە لە ڕەوشى ناوخۆى یەكێتى بنۆرایە و بە وریاییەوە مامەڵەى لە گەڵدا بكرابایە.
یەكێتى نیشتیمانى كوردستان جێگەى بڕواى بەشى هەرە زۆرى خەڵكى كورد بوون لە تەواوى كوردستانادا دەستەواژەى ناونانى ئەو حزبە لە خۆڕا نەهاتوە كە سەركردایەتى ئەوسایى و دەستەى دامەزرێنەرەكەى كە ناویان لێ ناوە ، واتە لە بەرنامەى كاریدا هەبووە كە كار بۆ یەكێتیەكى نیشتیمانیانەى كوردان بكات لە تەواوى كوردستاندا .
بۆ ڕاستى و دروستى یەكێك لە دەستەى دامەزرێنەرانى كە عومەر شێخ موس بووە خەڵكى ڕۆژئاواى كوردستان بووە وە لە ساڵى 1982دا كە حزبى دیموكراتى كوردستان ڕۆژهەڵات كە لە لایەن سوپاى ئێرانەوە گەمارۆدەدرێن لە سەر داواى د.قاسملۆ یەكێتى هێز دەنَیرێتە ئەودیو بۆ كومەكى هێزەكانیان . ئەوەى كە شایانى راوەستانە ئەوەیە كە یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بە تەنگ یەكێتى خاك و گەلى تەواوى كوردستانى گەورەوەو بووە ئێستە بۆ بە تەنگ یەكێتى ناو یەكێتیەوە نیە و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ تا دێت ڕیزەكانى لە بەر یەك دەترازێن تا ئێستاشى لە گەڵدابێت ئاورێكى جدى لە ناوخۆى خۆى نەداوەتەوە . ئەوەندەى كە گوێ لە وانە دەگیرا كە رەقەمى هەڵە .. ڕوونكردنەوەى هەڵە كە هەر هەمووى لە پێناوى مانەوەى خود بێ گوێدانە بەرژەوەندییەكانى یەكێتى وە لە پێناوى تێكنەچونى لەنگەر و پێگەى خود بێ ڕەچاوكردنى پێگەى جەماوەرى یەكێتى و ستراتیژى حزبەكە.
جێگەى باوەڕ نیە تا ئێستا حەقیقەتەكان وەك خۆى گوترابێت و گەیەنرابێت . وە سەرخستن و پڕكردنى ئۆرگانەكانى یەكێتى لە پۆل و كەرت و كۆمیتەو مەڵبەندەكان و تادوایى .. لە كادرى بێكەڵك وبێتوانا ، بێخەبەر لە ئەلف و بێ ى حزبایەتى و سیاسەتى كوردایەتى . لە ئەمڕۆی یەكێتى نیشتمانیدا پێچەوانەى نان بۆ نانەواو گۆشت بۆ قەساب كار دەكرێت .
خەڵكانێك هاتونەتە پێشەوە هەموو خەمێكیان دروستكردنى پێگەیەكى ئابوریەو بەس . ئیتر نە گلاوە بە مەسەلەى سیاسەت و حزبایەتىیەوە وە نە دەگلێت . هەندەكتان هێناوە خەریكن بەرەو سەركردایەتى دەبەن ناتوانن بە ڕستەیەكى پاراو بێنە گۆ ، دلنیام باش دەزانن كادر یانى ڕەوانبێژ .. جەماوەرى بوون .. كۆمەڵایەتى بوون .. خوێنەرو خوێندەوار بێت ، خاوەن پەیام بێت ، بە ئاگا بێت لە دەورو بەر و پێشهات و دواهاتەكان . دەبوایە سەرخستنى كادر بە چەندەها فلتەردا تێبپەریایە ، بۆ ئەوەى گەرەنتیان هەبوایە لە پاكى و دڵسۆزى بەرامبەر بە نەتەوەو نیشتیمان ، چونكە هەر ئەمانە سبەى دەچنە ئەو شوێنە هەستیارو گرنگانەى وەك مەكتەبى سیاسى و سەركردایەتى و پەرلەمان ... تا دوایى ، كە بریار لە سەر پرسە چارەنوسسازەكانى میللەتێكى بندەستى خێر نەدیوى بێكەس دەكەوێتە ژێر دەستى ئەوان كە هەر لە ئێستاوە وا فێركراون بە پارە هەموو موهیمەیەك لە دەست بدەن ؟ بۆ بیرتان چوو ؟ چۆن دەست پێكراو ؟ ئێستە چۆن لە بەرچاو دەگیرێت ؟ كێ پەراوێز دەخەن ؟ ڕۆڵ بە كێ دەدەن ؟ ئافەرین خەمخۆرانى یەكێتى دەستان خۆش كە بەم ئاقارەتاندا برد .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە