عیزه‌ت ئه‌لدوری سه‌رخۆشی له‌ برای خۆی کاک مه‌سعود بارزانی ده‌کات

Wednesday, 08.17.2011, 12:00

1109 بینراوە


عیزه‌ت دوری تاوانباری گه‌وره‌ و جێگری سه‌دام حسێن، که‌ پێویست ناکات پێناسه‌ی ئه‌م کابرایه‌ له‌وه‌ زیاتر بکه‌ین، چونکه‌ نه‌ناسراو نییه‌، تا له‌ رێگای ئه‌م نووسینه‌وه‌ پێتانی بناسێنم، ته‌نها بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ عیزه‌ت دوری له‌ دوای سه‌دام که‌سی دووه‌م بووه‌ ئه‌مڕۆش جێگری سه‌ددام حوسێنه‌، رۆڵێکی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌ ئه‌نفال و کیمابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌موو تاوانه‌کانی تر که‌ دژی کورد ئه‌نجامدراون، لێ من ده‌پرسم چی وای لێده‌کات،  نامه‌ی سه‌رخۆشی بۆ مه‌سعود بارزانی بنێرێت؟ ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ دادگای تاوانه‌کان له‌ به‌غدا، ئه‌مریکییه‌کانیش وه‌ک تاوانکاری دووه‌م خستوویانه‌ته‌ لیستیی  تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌؟ چی مه‌سعود و عیزه‌ت دوری پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ رابردوو و ئیستادا په‌یوه‌ندییه‌ک له‌ نێوانیاندا نه‌بووبێت؟

 هه‌موو تاوانێک وه‌ک که‌روێشک له‌ ناوگه‌ڵیی ئه‌و گه‌له‌ ده‌رده‌په‌ڕێنرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ خۆمان بپرسێت بۆ وامان پێده‌که‌ن و خیانه‌تمان لێده‌که‌ن؟ مرۆڤ ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ی هه‌بێت بۆ هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌، ناردنی نامه‌یه‌کی وا هیچی که‌متر نییه‌، له‌ تاوانێکی گه‌وره‌ که‌ به‌ رۆژی رووناک ئه‌نجام ده‌درێت. لێ ئێمه‌ چونکه‌ میلله‌تێکی ناڕۆشنبیریین، ئه‌وه‌ی خۆشی به‌ رۆشنبیر ده‌زانێت، و له‌پاڵ ئه‌م بنه‌ماڵه‌ ناپاکانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا خۆی ده‌گه‌وزێنێت، ئه‌وانه‌ به‌رچاویان تاریک و نابینا کردووین، ناهێڵن بیربکه‌ینه‌وه‌ و رێگای راستی خۆمان بدۆزینه‌وه‌، تا له‌ چاکه‌ و خراپه‌ بگه‌ین. ئه‌مانه‌ش له‌و سیاسییانه‌ ناپاکترن. بیهێنه‌ره‌ به‌رچاوی خۆت، ئاخر چۆن رێی تێده‌چێت هێتله‌ر نامه‌ بۆ جوله‌که‌یه‌ک بنووسێت و سه‌رخۆشی لێ بکات؟ ئه‌گه‌ر کاتی خۆی هێتله‌ر بۆ جوله‌که‌یه‌ک نامه‌یه‌کی بنێرێت، ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین کاره‌سات ده‌بوو بۆ ئه‌و گه‌له‌ی که‌ هێتله‌ر جینۆسایدی کردوون. ئه‌و جوله‌که‌یه‌ش وه‌کو هێتله‌ر تاوانبار ده‌کرا. ئیسڕائیله‌کان تا ئه‌مڕۆش هه‌ر باسیان ده‌کرد و له‌ سه‌ریان ده‌نووسی، ناویشی له‌ مێژوودا وه‌ک ناپاک و تاوانبار ده‌نووسرا. لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرد که‌ چۆن  و بۆچی هێتله‌ر نامه‌ی بۆ نووسیوه‌؟
ئه‌گه‌ر ئۆردوغان نامه‌ بۆ ئۆجه‌لان بنووسێت، وه‌ک دۆستێک هه‌واڵی بپرسێت باسی په‌یوه‌ندی کۆنی له‌گه‌ڵدا بکات، ئایا له‌ تورکیا چی روو ده‌دات؟ نه‌ک ته‌نها په‌که‌که‌ و کورده‌کانی ئه‌و به‌شه‌، به‌ڵکو تورکه‌کانیش،  دنیا به‌سه‌ر ئۆردوغاندا ده‌ڕوخێنن؟
ئه‌و نامه‌یه‌ی عیزه‌ت دوری هیچی که‌متر نییه‌ له‌و نمونانه‌ی سه‌ره‌وه‌ و له‌ نامه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر موسۆلینی بۆ نیشتیمانپه‌روه‌ره‌کانی ئیتاڵیای بناردایه‌، هیچی که‌متر نییه‌ ئه‌گه‌ر سی ئای ئه‌ی نامه‌ی بۆ گیڤار بنووسیبایه‌ و هه‌واڵی ته‌ندروستیی ژن و ماڵ و منداله‌که‌ی لێ بپرسیبایه‌؟ هیچی که‌متر نییه‌ ستالین ئه‌گه‌ر نامه‌ی  بۆ ژان پۆڵ سارته‌ر بناردبایه‌ و وه‌کو دۆستێک هه‌واڵی بپرسیبایه‌.
که‌سانی گه‌وره‌، که‌ مێژوو ده‌یاننووسێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌، خاوێن، دڵسۆز، راستگۆن له‌گه‌ڵ میلله‌ت و گه‌لی خۆیاندا، رازی نابن نامه‌یان له‌لایه‌ن خوێنڕێژ، تاوانبار و دیکتاتۆرێکه‌وه‌ بۆ بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ رووی دا خه‌ڵکه‌که‌ش لێی هه‌ڵده‌ستن و پێی رازی نابن. کورد بۆ بێده‌نگه‌ و ئه‌م مه‌سعود و جه‌لاله‌ی وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌ک گه‌ره‌که‌؟ کورد ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تییه‌کی تێکشکاوی نه‌بێت، ئه‌م که‌سه‌ هه‌رزانجاش و ناپاکانه‌ ناکاته‌ رابه‌ڕی خۆی.
ئه‌و نامه‌یه‌ی عیزه‌ت دوری که‌ بۆ مه‌سعودی ناردووه‌، به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نهێنییه‌ی  سه‌رانی کورد له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسدا که‌ له‌ رابردوودا هه‌یان بووه‌.
مه‌سعود هه‌رچه‌نده‌ بۆ خۆی که‌سایه‌تییه‌کی ریسوایه‌، ده‌بێت به‌م نامه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ ریسواتر بکرێت. نه‌فره‌ت له‌و مێژووه‌ بکرێت، که‌ کابرایه‌کی جامانه‌ سووری کردۆته‌ رابه‌ر و  شانازی به‌ رابردووی خیانه‌تکاریی خۆیه‌وه‌ ده‌کات. بۆیه‌ من لێره‌وه‌ هه‌زاران نه‌فره‌ت بۆ ئه‌و سه‌رۆکه‌ ناپاک و خائینه‌ ده‌نێرم، پێی ده‌ڵێم: ئه‌ی سه‌رده‌شتکوژ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ خوێنڕێژه‌که‌،  تۆش له‌ سه‌ددام چاره‌نووست باشتر نابێت، چه‌ند دوورکه‌ویته‌وه‌ و به‌ باڵاش کورتتر بیته‌وه‌، له‌ هه‌ر شوێنێک بییت دادگای گه‌ل ده‌ستی ده‌تگاتێ، که‌ مردیشیت، گۆڕه‌که‌ت به‌رده‌باران و ره‌جم ده‌کرێت.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که‌ی عیزه‌ت دوری کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

http://www.almansore.com/Art.php?id=25434