زانیارییەكانی دەستگرتن بەسەر KNN بخوێننەوە

Saturday, 11/02/2012, 12:00




نزیكەى مانگێكە بەهۆی بەدەستكەوتنی هەندێك زانیاری وردەوە لەچەند سەرچاوەیەكی فراكسیۆن و راگەیاندكارو خودی بزوتنەوەى گۆڕانەوە، دەمەوێت و سەرقاڵم بە نوسینی ئەم وتارەو خستنەڕووی هەژموونگەرى چەند كەسێك بە سەر تەلەفزیۆنی KNN لەلایەك و ململانێ و دژایەتیكردنی دەسەڵاتدارانی KNN لەگەڵ فراكسیۆنی گۆِران و پەرلەمانتارن لەلایەكی ترو بەكارهێنانی تەلەفزیۆنەكە لەبەرژەوەندی چەند كەسێك.
سەرەتا بەوە دەستپێدەكەم كە ناعەدالەتی و جیاوازییەكی زۆر هەیە لەموچەی كارمەندانی تەلەفزیۆنەكە، بۆ نموونە لەیەكێك لەبەشەكانی KNN سێ جۆر موچە بوونی هەیە.
هەر بە پێی زانیارییەكان قادری حاجی عەلی و شاهۆ سەعیدو وشیار عەبدوڵڵا حوكمى KNN دەكەن و دژایەتییەكى زۆری فراكسیۆنەكەش دەكەن و هەموو راگەیاندكارانى بزووتنەوەكەو هەڵسوڕاوانى گردەكەش هەست بەو هەژمونگەرییە دەكەن، بۆ نموونە ماوەیەكى زۆرە شاهۆ سەعید لەفراكسیۆنەكە كشاوەتەوە، كەچی هەمیشە لەگردەى هەواڵەكاندا ئەو پارچە ڤیدیۆییە پەخش دەكرێت كە دكتۆر شاهۆى تێدایە، هەروەها ماوەیەكى زۆرە فراكسیۆنەكەیان پشتگوێ خستووەو تەلەفزیۆنەكەیان لێ حەرام كردوون، بە تایبەت لەو پەرلەمانتارانەى كە رەخنەیان لەبزوتنەوەكە گرتووە وەكوو عەدنان عوسمان و كاروان ساڵەح و ئیسماعیل گەڵاڵەیی و عەبدوڵڵای مەلا نورى و چەند پەرلەمانتارێكى تر، بگرە لەزۆربەى فراكسیۆنەكەیان قەدەغە كردووە.
ئەو سێ كەسە جەمسەرێكی بزووتنەوەكەیان لەدەستدایەو رۆڵی سەرەكى دەگێڕن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیستم و پرۆگرامی هەرەمییەت لەراگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا بە تایبەت KNN TV، لەكاتێكدا هۆكارێكی دروستبوونى خودی بزوتنەوەكە فەراغی سیستم بوو لەكوردستان.
هەر ئەو سێ كەسە رۆڵێكى گەورەش دەبینن لەدیاریكردنى گرنگیدان بە كام بەرپرس و دەموچاوو كەسی نێو بزووتنەوەكەو كام پەرلەمانتار، فەرامۆشكردنى هەندێكى تر.
هەروەها وشیار عەبدوڵڵا بەردەوام كەناڵی كەی ئێن ئێن لەبەرژەوەندی خۆی و چەند كەسێكی نێو بزووتنەوەى گۆڕان بەكاردەهێنێت، بە پێی ئەو زانیارییانەش كە بەدەستم گەیشتووە كاتێك وشیار نێوانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا خراپ دەبێت، دەچێت ئەو كەسانە دەهێنێت چاوپێكەوتنیان لەگەڵ دەكات كە لەسەرۆكی بزوتنەوەكەوە نزیكن.
زانیارییەكان ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە هەر خودی وشیار سەرۆكی هەموو بەشەكانی تەلەفزیۆنەكەی داناوەو دەسەڵاتێكی رەهای هەیە بەسەر تەلەفزیۆنەكەدا.
خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە زۆر كەس هەستی پێكردووە بە تایبەت راگەیاندكاران هەموو بەرنامە بەهێزو گرنگەكان وشیار داگیریكردووەو رێگە بەكەسی دیكە نادات پێشكەشی بكات جگە لەخودی خۆی، لەكاتێكدا دەیان كەسی دیكەى باشترو ئەكادیمیتر لەجەنابیان هەیە.
وشیار جگە لەوەى بەردەوام چاوپێكەوتن لەگەڵ باجێرڤانەكاندا دەكات و دەیەوێت بۆ كاتی كۆنگرە دەنگی پێبدەن، هاوكات بەردەوامیش لەكۆبوونەوەى مەكۆكانی گۆڕاندا دەبینرێت، لەكاتێكدا بەڕێزیان راگەیاندكارو لێپرسراوی تەلەفزیۆنەكەیەو ناكرێت لەكۆبوونەوەی حزبیدا بوونی هەبێت، تەنانەت لەتەلەفزیۆنەكانی یەكێتی و پارتیدا نەبینراوە لێپرسراوی تەلەفزیۆن ئامادەی كۆبوونەوەكانى مەكتەب رێكخستن و مەڵبەندو كۆمیتەكان ببێت.
خەتەرێكى دیكەى ئەو تەلەفزیۆنە كە بە پەلە پێویستی بە نەشتەرگەرییە ئەوەیە تائێستا كارنامەیەكى دەستورئامێزو سیستماتیكى نییە كە ببێتە هۆی بوونى دادپەروەرى و ئازادى لەنێو كەناڵەكەو ئیدارەكەیدا.
[email protected]
ehsanmalafuad/facebook.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە