پشتگیری لەکوردانی مانگرتووی فەرەنسا بکەن

Saturday, 24/03/2012, 12:00

1481 بینراوە



 
بەڕێزان کوردستانیانی ھێژا

مرۆڤدۆستانی بەڕێز

وەکو دەزانرێت دەوڵەتی تورکیا لەباکور بەزەبری ھێز و بەنیشاندانی دەرگای زیندان و بەگۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجەلان دەیەوێت گەلەکەمان دەستەمۆ و داماو بکات بەڵام ئەوەی جێگای شانازییە کەکوردان زیندانیان کردۆتە قەڵای بەرخودان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە پشتیگیری کردن لێیان سەرانسەری جیھانی گرتەوە ئێمەش وەکو ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داواتان لێدەکەین بەنوسینی ناوتان پشتیگری لەداواکاری ئەو کەسانە بکەن کەزیاتر لە٢٤ ڕۆژە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە

دیاری محمد
07501176641
سەرپەرشتیاری کەمپین
[email protected]

ئێوەی بەڕێز بۆ زانیاری لەسەر مانگرتووان ئەم ڕاپۆرتە بخوێننەوە

مانگرتنی بێسنوری کوردان لە ستراسبۆرگی فەرانسا

چالاکوانانی کورد لە ستراسبورگی فەرەنسا (بەردەم پارلەمانی ئوروپا) بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر خراپیی دۆخی مافی مرۆڤ لە ھەرچوارپارچەی کوردستان و بەتایبەتی کوردستانی ژێر دەستی تورکیا، دەستیان داوەتە مانگرتنێکی بێسنوور و ژیانیان بۆ داخوازییەکانی گەلی کورد خستۆتە مەترسییەوە.

ئەم مانگرتنە لە رۆژی ١.٣.٢٠١٢ رێکخراوە.
لەمبارەیەوە نیگار عینایەتی نوسەر و چالاکوانی بواری ژنان و یەکێک لە مانگرتوانی ستراسبۆرگی فەڕانسا بە تایبەت بە ماڵپەڕی رۆژھەڵات/بۆکانی راگەیاند:
ھەر وەک میدیاکانی جیھان رایانگەیاندووە، لەم ماوەیەدا نۆ ھەزار چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کە رێژەیەکی بەرچاوی منداڵی تێدایە، لە باکووری کوردستان گیراون و ماوەی سی (٣٠) رۆژە زیاتر لە ھەزار کەس پێکھاتوو لە پارلەمانتار و سەرۆک شارەوان و زیندانیی سیاسیی لە باکووری کوردستان دەستیان داوەتە مانگرتنێکی بێسنوور . ئەم مانگرتنەی ئێمەش بۆ پشتیوانی کردن لە مانگرتوانی باکوور، بەدژی گۆشەگیریی و ئەشکەنجەی توند لە سەر سەرۆکی گەلی کورد عەبدوڵڵا ئوجالان و پێشێلکرانی مافی ئینسانی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان و ھەروەھا گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی کوردان بۆ رای گشتیی جیھان و بەتایبەتیی پارلەمانی ئوروپا ساز بووە ‌.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا "نیگار عینایەتی" ئاماژەی بەوەکرد کە: مانگرتنەکەی ئێمە پێی ناوەتە پازدەیەمین رۆژەوە و ئێمە چالاکوانانی بەشدار لە مانگرتنی شاری ستراسبۆرگ ئەم ھەڵسوکەوتانەی دەوڵەتانی سەردەستی ھەر چوارپارچەی کوردستان و بەتایبەتیی باکوری کوردستان پرۆتستۆ و داوای شکانی بێدەنگیی نێودەوڵەتی دەکەین. ھەروەھا لە بەرامبەر بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی و نەبوونی ھیچ ھەڵویستێک بۆ ئەم کارە نامرۆڤانەیە، نارەزایەتیی دەردەبڕین و ھەتا گەیشتن بە ئامانجەکانمان درێژە بە مانگرتنەکەمان دەدەین. لە درێژە قسەکانیدا ناوبراو وتی: لە رۆژھەڵاتی کوردستانیشدا دەبینین کە لە سێدارەدانی بەتایبەتیی کوردان بۆتە ھەواڵی رۆژانە کە لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجامدەدرێ، ھەروەھا زۆربوونی لەرادەبەدەری مادەسڕکەرەکان وەکو سیاسەتی لەناوبردن بەڕێوەدەچێ، رێژی خۆسووتاندنی ژنان بە ئاستێکی بەرز گەیشتووە و تا دێت کۆمەڵگا بە ھۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو وێرانی و ھەلوەشانەوە دەچێ. بۆیە ئێمە لە رێگەی ماڵپەڕی بۆکانەوە داوا دەکەین لە ھەموو کوردێک کە لە ھەر شوێنێکی جیھان ھەن، بە ھەر شێوەیەکی بۆیان دەکرێ دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان لەبەرامبەر قڕکردنی کوردان دەرببڕن، بەتایبەتیی بەرەو نەورۆز دەچین و ئەم رۆژانە بکەنە مەیدانی بەرخۆدان و خۆڕاگریی و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژ بە حکو‌مەتەکانی ئێران و تورکیا و سوریا، لەم رۆژانەدا پێویستە ھەموو کوردێک بە دژی داگیرکەرانی کوردستان لەسەر پێ بێت بۆ ئەوەی چیدی سیاسەتی لەناوبردن و ئاسمیلاسیۆنی کورد بەڕێوە نەچێت.

نیگار عینایەتی سەبارەت بە ھەڵوێستی پارلەمانی ئوروپا لە سەر مانگرتنی ستراسبۆرگ بە ماڵپەڕەکەمانی راگەیاند: رۆژی ١٣.٣.٢٠١٢ سێ کەس لە مانگرتوان بە نوێنەرایەتی چووینەتە بەردەم کۆنسەی ئوروپا و لەلایەن بەرپرسانی ئەو شوێنەوە پێشوازیمان لێکراوە و داخوازییەکانمان بە نووسراو ئاراستە کردوون و ھەروەھا نامەی پشتگریی نوسەران و ھونەرمەندان و ئاکادیمیستەکانی کوردمان بە ئیمزای ١٩ کەسایەتیی ‌ پێدان کە بۆ ناوەندە جیھانییەکان و یەک لەوان کۆنسەی ئوروپا نوسراوە. ھەروەھا لەم چەند رۆژەی پێشتردا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئوروپا و پارلەمانتارانی ئوروپا و بەشێک لە حیزبەکانی فەرانسە سەردانی شوێنی مانگرتنەکەیان کردووە و بەڵێنیان داوە کە بە دواداچوون بۆ داخوازییەکانمان بکەن.

سەبارەت بە رەوشی ئێستا مانگرتوان، نیگار عینایەتی کوتی: رۆژانە لە لایەن دوو دکتۆرەوە پشکنینی پزیشکیمان بۆ دەکرێ. رەوشی جەستەیی ٤ کەس لە مانگرتوان ناجێگیرە، کێشی مانگرتوان لە ٤ بۆ ٩ کیلۆ دابەزیوە و رەوشەکە تا دێت بەرەو خراپتر دەچێ. بەڵام ئێمە ھەتا ئەو کاتەی وەڵامێکی متمانەبەخشمان لە لایەن کاربەدەستانی پارلەمانی ئوروپاوە پێنەدرێتەوە سوورین لە سەر درێژەدان بە مانگرتنەکەمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە