"خاكى داگیركراو"

Tuesday, 15/02/2011, 12:00

1742 بینراوە




گردەكەى زەرگەتە نیوەى شوێنى مەكتەبى سیاسى یەكێتى نیشتمانى كوردستان بوو لە هەولێر، ئەمە جگە لە شوێنى كوردستانى نوێ مەڵبەندى ڕێكخستن و زۆر شوێنى تر ، یەكێتى بە یەكەم دەڵێ داگیركراو كە زۆرێك لە كۆنە ئەندامەكانى خۆى بەسەریەوەن، لەوى دیكەش چاو دەنوقێنێ، من خۆزگەم دەخواست یەكێتىو پارتى وەك دوو حزبی كوردى نەبوونایەتە جێگیرەوەى حزبى بەعس لەوەى كە سەرجەم بارەگاكانى بەعس دواتر بوو بە بارەگاى ئەوان و حكومەتى كوردیش لەهەموو شارێك كرێ خانوو دەدات، پارتىو یەكێتى نابوایە لە تەلارى بەعسدا بارەگایان دابنایە، لەبەرئەوەى عەیبەیەكى گەورەیە بارەگایان لەو شوێنانە دابنێن كە پێشتر ئەندام و لایەنگرى خۆیانى لێ ئازار درابێو خەسێنرابێو كوژرابێ، بۆ ئەم قسەیە نمونەم لایە، ئەوان لە شاخ دەیانگوت زیندانییەكان دەكەینە قوتابخانەو پارك نەك بارەگاى حزبى ، ئەو تەلارو بارەگا حزبییانەى بەعس لە سەر خاكى داكێركراوى كوردستان دروستى كردبوو، لەبرى بكرایان بە مۆزەى ستەمكارىو مۆزەخانەو شوێنێكى دیكە كرانەوە بارەگاى حزبى ، سەرۆكى هەرێم زۆر جار لێرەو لەوێ داواى بەڵگەى گەندەڵى دەكات ، گێرانەوەى ئەو بارەگا زۆرە بۆ حكومەتو میللەت بە گژاچوونەوەى گەندەڵییە ، ئەوە دەكات ؟! وەرگرتنەوەى ئەو هەموو پارەو سامانەى میللەتە كە بەناوى پەرلەمانتارو وەزیرو مەكتەبى سیاسىو سەركرایەتییەوە دەچێتە گەروى نەهەنگا ، دیارە كەسمان نامانەوێ بەدەردى سەردەشت و سۆران چین ، بەڵام دەمانەوێت وڵاتێكمان هەبێت كە شانازى پێوە بكەین !! وڵاتێك كە دیموكراسیەت و لێبوردەیىو ئازادى بیرو ڕاو ڕوونكارىو یاسای تیا بێت ، هەموومان كوردستانمان لە خۆمان خۆشتر دەوێت ، بەڵام كوردستانێك بۆ هەموومان ، نەك بۆ چەند دەستەو گروپێك ، بەشێكى زۆر لەوانەى پێمان دەڵێن لە شاخ بووین ئەگەر بیست ساڵ لە شاخ بووبن ، قەرەبووى "100" ساڵیان وەرگتووە دیارە بەدبەختى زۆریش هەن لە خوشكو براو باوك و دایكى ڕۆڵەكانى ئەو میللەتە بوونە قوربانى ، لەكوێ ى دنیا بەقەد كوردستان " شۆڕشگێڕٍەكانى " باجى شۆڕشگیڕیان وەگرتووە ؟! سەرۆكى هەرێم با پێش هەر حزبێكى دیكە ئەو تەلارو خاكە داگیر كراوانەى لاى ئەندامنى حزبەكەیەتى وەربگرێتەوەو بیداتەوە بە حكومەت و میللەت ؟، ئەوجا حزبەكانى دیكە ئیحراجى هەمان كار بكات ، با ئێستا بڕیار بدات ئیدى ئەو موچِِِەكەى خۆى دەداتە هەتیو خانەو خانەى بەساڵاچوان و لە مەكتەبى سیاسىو سەركردایەتى حزبەكەى خۆیەوە دەست پێبكات و ئەوانى دیكەش ئیحراج كات، لە كوردستان لە هەموو لایەیەكەوە باسى چاكسازىو چاككردن هەیە ، نیازى ئەوە نییە، باسى بێ نیاز نیشتمان بەرەو دۆخێكى خەراپ دەبات دۆخێك كە بەر لەوەى لەسەر پێ ى خۆمان بوەستین گۆچانەكانمان دەشكێنین .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە