بەرەو گۆڕانکاریی بنەڕەتیی

Thursday, 27/03/2014, 12:00

1979 بینراوە



داری بۆ مەبە،  به‌سە ئاگرەکە بکوژێته‌وه‌.

سه‌رکرده‌ به‌ باش، یان به‌ خراپ کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌ل.
*********************
رۆژنامه‌نوسی ئەمریکیی (ئیدگار سنو)، لە سییەکانی چه‌رخی رابوردودا لەسەر زەلیلیی و کۆیلەیه‌تیی گەلی چین دەنوسێت کە زور کەسانی ئەوروپایی پاش سەردانیان بۆ چین تێبینییه‌کیان لا دروست ده‌بوو. ئەم تێبینییە بریتی بوو له‌وه‌ی کە پیاوی چینیی بەرهەڵست لە مافەکانی خۆی، لە شەرەف و ناموسی خۆی ناکات، سەرشۆڕی وستەمکارییان قەبوڵه‌. "ئیدگار سنو" پاش ئەوه‌ی رۆیشت وماوەیەک لە گەڵ سوپای سوری چینیی مایەوەو گفتوگوی لەگەڵ "شوون ئینلای" و "ماوتزیدونگ" و سەرکردەکانی تری سوپای سوور کرد، دەڵێت:

"بەڵام من بە هەڵەدا چوبووم. جوتیاری چینیی نە خەمساردە نە ترسنوکە. ئەو کاتێک شەڕ دەکات که‌ میتود، رێکخراو، سەرکردەی لێهاتوو، پروگرامی رێکوپێک، ئومێد و چەکی لا پەیدا ده‌بێت."
چینی ئەمڕۆ هەموومان دەبینین بە چی ئاستێک گەیشتووە.

سەرکردەی گەلێک چ بە باش یان خراپ، هەمیشە کاری گەورەی لە سەر هەست و دەرون، رەوش و هەڵوێستی گەلەکەی هه‌یه‌. گەلانی عەرەب لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتونەتە ناو تەڵەی کەسانی دیکتاتۆر، تەماعکار، پیسخۆر و بێ شه‌رم. رژێمی دیکتاتۆریی نەیهێشت گەلەکانی ئەم ناوچه‌یه‌ ببن بە خاوەن کەرامەت، پێشکەوتن، شارستانیی وئاسایشی نەتەوەیی. ته‌نانه‌ت تامی ئازادیی و سەربەخۆییان نەچێشتووە. گەل وەک کەوتە (مەڕ) یان (گاران) مامەلەی لەگەڵ کراوە.
تاقمه‌ دەستەڵاتداره‌که‌ی هەولێر بە هەمان شێوە مامەلە لە گەڵ گەلى کورد دەکات. نەک قۆرخکردنى دەستەڵات و بە تاڵانبردنی سامانی وڵات بە تەنیا، بەڵکو هەوڵى داوە هەموو هەستێکی دادپەروەریی، نیشتیمانیی و مرۆڤایەتیى تێکبدات لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا. ناهێڵێت بەدیل سەرهەڵبدات. رێکخراوی مەدەنیى و جەماوەریی سەربەخۆ بوونى نییە لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا. مەگەر بە ناو بەڵام بێ ناوەڕۆک . کە کۆمەڵگا لاواز بوو تا ئەم ڕادەیە ئیتر دەستەڵاتى بێ لغاو سواری ملی کۆمەڵگا ده‌بێت بە بێ هیج مەترسییەک لە سەر بوونى خۆی.

پاش ساڵی 1991، میلیشیای حیزبە دەستەڵاتدارەکان بەرەنگاری هیچ هێزێکی داگیرکەر نەبۆتەوه‌، بەڵام دژی یه‌کتر کوڕی کوردیان بە کوشت داوەو بەکارهێناوە بۆ تاڵانی ماڵ وموڵکی گشتیی گەل. سەرکردەکان میلیشیای حیزبییان بە کار هێناوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تاکە کەس و بنەماڵەکەیان بە پێچەوانەی یاسا و ده‌ستوره‌وه‌.
لێرە به‌ده‌ستهێنانی دیموکراسیی گرفتی گەل و وڵاتە، ناتوانین دەستبەرداری بین و رێ نەگرین لە عەقلیەتی میلیشیایی کە بە هەوەسی خۆی و بۆ بەرژەوەندیی خۆی یاری بە سەرنوشتی (چاره‌نوسی) گەل بکات، وەک له‌وه‌پێش کردویانە.

دەستەڵاتی پیسخۆری حیزبیی گەلی کوردستانی فێری قبوڵکردنى کۆیلایەتیی کردووە. به‌ چه‌ند رێگایه‌ک ژه‌هری شیرینی ده‌رخوارد ئه‌دات: دۆلار ، پایەی بەرز یان نزم، دروستکردنی هوتێل ومەشروب، بڵاوبوونەوەی لەشفرۆشیی و مەلها و تریاک. جاهیلەکان دوعا و سوپاسی دەستەڵاتی پیسخۆر ئەکه‌ن، بە موقەدەس تەماشایان دەکه‌ن، درۆی دەستەڵات بە راستیی دادەنرێت. لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر ئەبن بە هۆکاری گرنک بۆ کۆیلەیه‌تیی خۆیان، بۆ نزمبوونه‌وه‌ی خۆیان تا رادەی گەدایی و ئاژەڵیی، ئەبن بە دوژمنى خۆیان و لە ژێر فەرمانی دوژمنەکەیاندا. ئەم کەسانە دڵیان خۆشە کە ئاژەڵی سەرکردەی پیسخۆرن. ململانێ لە ناو مەسینهەڵگرانی دەستەڵات دروست دەبێت. کێ ئەتوانێت باشتر بە درۆ مەدح و گەورەکردنى سەرۆک زیاتر بکات، گۆرانی وهەڵبەست دەڵێن بە بەژنو باڵای دەستەڵاتدا. ئەگەن بە ئاستێک بە ره‌زامەندیی خۆیان ئەبن به‌ دژی ئازادیی خۆیان. خۆشەویستیی بۆ ئازادیی و سەربەرزیی وهەستکردن بە مرۆڤایەتیی خۆیان کاڵ دەبێته‌وه‌و دەمرێت. ئەم کەسانە دەوری به‌نزین دەبینن بۆئەوەى ماشینی دەستەڵاتی ستەمکار بەردەوام بێت لە وێرانکردنى ئەخلاقی کۆمەڵگای کوردستاندا.

مرۆڤ ناتوانێت ئازادیی یان هەرشتێکی تر بە دەست بهێنێت ئه‌گه‌ر خۆشەویستیی نەبێت بۆی. ئاشکرایە دەستەڵاتی پیسخۆر خۆشەویستی ئازادیی وشەرەفمەندیی گواستۆتەوە لە ناو کۆمەڵگادا بەرەو خۆشەویستیی پولداریی نایاسایی، ئوتومبێلی دواترین مودێل و قەسری گەورە وموڵک و وژیانی کەشخە بەرامبەر تەنازول لە ئازادیی، رازیبوون بە ژیان وەک ئاژەل لەژێر فەرمانی دەستەڵاتێکی سته‌مکاردا.
لێکۆڵه‌ری فرەنسیی بە ناوبانگ (ئێتێن لە بویسی) لە مەقالەکەی (کۆیلەیه‌تیی بەڕه‌زامەندیی)دا دەڵێت لە بابەت جەماوەری هاوکار بۆ چەسپاندن و پتەوکردنی ستەمکار:

" ئەگەر تۆ دار بخه‌یتە سەر ئاگرەکە، ئاگر هەر پەرە دەستێتێت وبڵاو دەبێته‌وه‌، بەڵام ئەگەر داری بۆ نەبەیت لە خۆیەوە کز دەبێت و دەمرێت، بە بێ ئەوەی پێویستی هەبێت ئاوی پیا بکەیت. داری بۆ مەبە به‌سە ئاگرەکە بکوژێته‌وه‌، بە هەمان شێوە، لە کاتی هاوکاریی و خزمەتکردنیاندا ستەمکارەکان تەماعتر دەبن و بوێرتر دەبن، زیاتر خەریکی تاڵان وێرانکاریی دەبن، ئەگەر ئێمە واز لە گوێڕایەڵیی ئەوان و یارمەتیدان بهێنین لە خۆیانه‌وه‌ دەشکێن و زەلیل دەبن، وەک ڕگی دار وشک دەبن، چونکە نە ئاو و نە خواردن بۆ ڕه‌گەکانیان ناچێت."

ئومێدەوارم گەلى کورد چیتر یاریدەری ئەم دەسەڵاتە تاڵانکەرە نەبێت و بەدەم بانگەوازەکانیانەوە نەچن و پشت بکەنە میدیاکانیان. خۆشەویستیی ئازادیی و هەست بە مرۆڤایەتیی خۆی و بەرهه‌مهێنانی ژیانی دیموکراسیی ببێتە ئامانجی سەرەکی لە تێکوشانی ئەمڕودا.

ئه‌یوب بارزانی
2014/28/03

https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=ts


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە