دەرگایەكی نەجات بۆ لاكێشەكانی مەرگ

Monday, 19/07/2010, 12:00

2103 بینراوە


ئەوەی شەوی پێنج شەممە لە كاتی كارەساتی گەورەی سوتانی هۆتێلی سۆما لەناو شاری سلێمانی بۆ ئاسمان بەرز دەبۆوە بە تەنها ئاگرو دوكەڵ هاوارو ئازاری جەستەی سوتاوو خنكاوی قوربانێكان نەبوو، بەڵكو دوكەڵی ڕەشی پاشاگەردانیو فەزیحەیەكی بەرزیش دەبینرا.

پاشاگەردانی ئەو هەموو مۆڵەتە بێ كۆنترۆڵو بێ لێپرسینەوەیە بوو، كە بەناوی هاندانی كەرتی تایبەتو وەبەرهێنانەوە لە ساڵانی ڕابردوو پێشكەش بە هەندێ دەوڵەمەندەی چاوچنۆك كراو لە سایەیدا دەیان تەلاری لاكێشەی بێ مەرجی سەلامەتی تیا بەرزكردەوە.

بەشێكی زۆری ئەو دەوڵەمەندو درەبەگە حزبییە مشەخۆرانەی كە ئەمڕۆ لەكەرتە هەستیارو پڕقازانجەكەی گەشتوگوزاردا وەبەرهێنان دەكەن، ئەگەر بێتو ڕێگە بدەن تیمێكی پرۆفیشنالی سەربەخۆ وردبینیو لیكۆڵینەوە لە مەرجەكانی سەلامەتی لەناو تەلارو باڵەخانەی نیشتەجێبونو هۆتێلو چێشتخانەو قومارخانەكانیان بكات، بە دونیایەك سەرپێچیو نەبونی مەرجی نایاساییو سەلامەتی لەو شوێنە گەشتوگوزارانە دێتە دەرەوە.

ئەگەر ئەمەش كارێكی قورسەو سومعەی كەرتی وێرانی گەشتوگوزارو ناوبانگی بزاوتی وەبەرهێنانی ئەم وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە، ئەوە با لە ناوخۆدا تیمێكی چاودێری سەربەخۆی بەویژدان ڕاپۆرتێك بۆ پەرلەمانی كوردستان ئامادە بكاتو بزانێت بە ناوی هاندانی وەبەرهێنانو كەرتی تایبەت، چۆن رێگە دەدرێت بە دروستكردنی لاكێشەكانی مەرگو بە ناو هۆتێلو باڵەخانەی بازرگانی كە تیایاندایە هیچ مەرجێكی سەلامەتی گشتیو هیچ ئامێرێكی تێدانیە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرو هێرشی دوكەڵ، تەنانەت ئەو مەرجانەیشی تیا نییە كە كە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بە ئاسانی كاری خۆیان بكەن.

ئەو تەنوورانە، كە لە چوارچێوەی بەناو سیاسەتی هاندانی كەرتی تایبەت لە شارەكانی هەرێم قوتدەكرێنەوە، هەموو مەرجەكانی دەڵەمەندبونی خێرای تێدایە، بە بێ گوێدانە سەلامەتی ئەو ئینسانانەی كاریان تیائەكەن یان بەكاریان دەهێنن. ئەوەی لەهیچ گۆشەیەكی ئەم سیاسەتە لە ئەولەویاتدا نەبووە، پاراستنی ژیانی خەڵكە.

دڵنیام بەرپرسە باڵاكانی دامەزراوەكانی حزبو حكومەتو پەرلەمان، ئەوانەی یاسای قەدەغەكردنی جگەرەكێشانیان لە شوێنە گشتییەكانیان دەركردو بە دەسكەوتێكی نەتەوەیی گەورەیان وەسفدەكرد، لەكاتی سەردانی وڵاتە پێشكەوتوەكان بۆ كۆنگرەو حەوانەوەو گەشتوگوزار، ئامرازەكانی ئاگركوژێنەوەو ئاگاداركردنەوەی پێشكەوتویان لە هۆتێلانە بینیوە، مەرجەكانی سەلامەتی هاوڵاتیانیان لەو شوێنەدا بەدیكردووە. وەك گۆشەكانی راكردنو قورتاربون لەكاتی روداوی ئاگركەوتنەوە كە بە رونی دیارن جگە لە سیستمی ئاگاداركدرنەوەو بونی پێداویستی ئاگركوژێنەوە لە خەرتومی ئاوو ئامرازی تری ئاگركوژاندنەوە، عەجەبا یاران لە تەلارەكانی ئێمە ئەو پێداویستیانە نین و بەرپەرسەكانیشمان مێشێك میوانیان نییە.

سەلامەتی گشتی لەو ناو لاكێشەكانی مەرگ لە شارەكانماندا ئەركێكی هاوبەشی نێوان خاوەن موڵكو سەرمایەدارو وەبەرهێنەری بیانیو ناوخۆییەكانو حكومەتە. ئەم ئەركە ویژدانی بازرگانە تازەكانی پاش شەڕی ناوخۆ رێكیناخات، بەڵكو یاسا رێكیدەخات.

زیادبوونی تەلارە لاكێشەییەكانی بازرگانو دەڵمەندە تازەكانی دوای ڕاپەڕین لە شارەكانماندا، تیمێكی حكومەتی هاننەدا كە نەترسێ و بپرسێ، "ئایا لە ناو ئەو تەلارەشوشەییانەدا، مەرجەكانی سەلامەتی هاوڵاتیانی تێدایە؟ ئایا تەلارەكان وا دروستدەكرێن كە لەكارەساتێكی ئاگركەوتنەوەیەكی بەهێزدا تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بە باشترین شێوە بتوانن ئەركەكانیان جێبەجێبكەن.

هەتا سەرلەبەری رێوشوێنەكان نەگۆڕدرێن، ئەوا ئەبێت چاوەڕوانی كارەساتی گەورەتریش بین. ئەبێت كۆتایی بەوەبهێنرێت كە موڵەت لەبەرامبەر رسوماتدا بدرێت. ئەبێت حكومەتە لە سەدا سەد دڵنیابێت كە هەموو بیناكان مەرجی سەلامەتی و تەندروستیان تێدایە پاشان رێگە بە كردنەوەیان بدرێت.

ئەوەی شەوی پێنج شەممە رابردوو بەسر تەلاری هۆتێل سۆماوە بەرز دەبوەوە، بە تەنها دوكەڵی روداوێكی ئاگركەوتنەوە نەبوو، بەڵكو چڕە دوكەڵی ئەو فەزیحە ئەخلاقیەشە كە لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە لاكێشەكانی مەرگمان لێدەكەن بە شوێنی حەوانەوەو بەهەشتی سەرزەمین. بێویژدانی یاسایەكە خەمی بنەڕەتی بەرزكردنەوەی تەلارو نزمكردنەوەی نرخی ئینسانە، ئینسان ئەوەی كە بلیمەتێك وتی، " گەورەترین سەرمایەیە"، بەڵام وادیارە لای ئێمە بەهای ئینسان بەس بۆ رەتاندەنەوەی گیرفانێتی لە بەرامبەر خزمەتێك كە رەنگە ببێتە شوێنی مەرگی.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە