کێ له مردن و له‌ ‌ سێداره‌دانی عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ری به‌ر پرسیاره‌ ؟.

Monday, 05.25.2009, 12:00

5189 بینراوە


پارتی له‌ ساڵی هه‌شتاکاندا شه‌به‌که‌یه‌کی دروست کرد به‌ناوی په‌یره‌وانی رێبازی بارزانی و به‌نده‌ش یه‌کێک بو له‌و هه‌ڵسوراوانه‌ که‌ له‌و شه‌به‌که‌دا کارمان ده‌کرد ، ئه‌م شه‌به‌که‌یه‌ راسته‌وخۆ ئیدریس بارزانی سه‌رپه‌رشتی ده‌کرد ، رۆ ناچمه‌ ناو چۆنیه‌تی دروسبونی به‌ڵام ده‌مه‌وێ هه‌ندێ نهێنی ئاشکرا بکه‌م ، عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ری مرۆڤێکی ئازاو چاو نه‌ترسی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان بوو هه‌رگیز کاته‌کانی خۆی به‌فیرۆ نه‌ده‌دا بۆ له‌ ناو بردنی پیاوانی رژێم ، چه‌ند جارێک له‌ لایه‌ن پیاوانی رژێمه‌وه‌ قۆڵبه‌ست کرا و دوجاریش له‌ په‌تی سێداره‌ گه‌رایه‌وه‌ ، به‌پێی به‌رنامه‌و کاری خۆی سه‌ردانی ئیدریس بارزانی ده‌کرد ، بۆ دواجارو دوای چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی ، ئیدریس بارزانی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ ناردیه‌ سلیمانی ، له‌ سلیمانی به‌ ئێمه‌ ئاشنابو چه‌ند جارێک دانیشتنمان ئه‌نجام دا ، هه‌رزو به‌ لێهاتویی خۆی خه‌ڵکێکی به‌رچاوی له‌ خۆی نزیک کرده‌وه‌ ، چه‌ند چاڵاکیه‌کمان ئه‌نجامدا که‌ دواین چالاکیمان کوشتنی زابت ئه‌منێک بو ، شه‌وێک کۆ بوینه‌وه‌و پێی راگه‌یاندین که‌ زانیاریان پێداوم دو زابت ئه‌من له‌ فڵان ئوتێلدان ده‌چین بۆ له‌ ناو بردنیان ، ئیدی ئێمه‌ وه‌دوی که‌وتین و له‌ به‌رده‌م وتێله‌که‌دا به‌ ئێمه‌ی گوت ئێوه‌ ته‌نها ئه‌رکتان ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌ردرگای ئوتێله‌که‌دا ببن به‌ پاسه‌وانی من خۆم به‌ته‌نها ده‌چمه‌ نێو ئوتێله‌که‌ ، پێش ئه‌وه‌ی وه‌ژور که‌وێ ده‌مانچه‌که‌ی گرت به‌ده‌ستیه‌وه‌ چوه‌ نێو ئوتێله‌که‌و ژور به‌ ژوری ئوتێله‌که‌ گه‌راو که‌سێک نه‌ما داوای ناسنامه‌ی لێ نه‌کات ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زانیاریه‌که‌ واده‌رنه‌چو ئه‌ دو زابته‌ی لێ نه‌بو به‌هه‌ر حاڵ گه‌راینه‌وه‌ ، شوێنی دانیشتنی رۆژانه‌ی ئێمه‌ش چاخانه‌که‌ی (حمه‌ی مام علی) بو رۆژانه‌ له‌و چاخانه‌دا کۆ ده‌بوینه‌وه‌ ، به‌به‌رده‌وامی ئه‌و جانتایه‌ی که‌ هه‌مو نهێنیه‌کانی ئه‌وی تێدابو له‌و چاخانه‌دا ده‌شاردرایه‌وه‌ به‌ڵام به‌پێی ئه‌و متمانه‌یه‌ی که‌ به‌ئێمه‌ درابو هه‌مو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌له‌و شه‌به‌که‌دا کارمان ده‌کرد به‌وه‌مان ده‌زانی که‌ جانتاکه‌ له‌و چاخانه‌دا پارێزراوه‌ ، پاشان عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ری بۆ زیاتر پاراستنی هه‌ڤاڵان و هه‌مو ئه‌و نهێنیانه‌ی له‌و جانتایه‌دایه‌ گواستیه‌وه‌ بۆ ماڵ (فارسی ئه‌له‌سور) که‌ ئێستا ئه‌ندامی لقی دوازده‌یه‌ ، که‌ بۆ خۆشی له‌هه‌مان شه‌به‌که‌دا له‌گه‌ڵمان بو ، حه‌مه‌ی مام عه‌لی که‌ ئێستا له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ په‌راوێزخراوه‌ ده‌توانێ ئه‌م شاهیدیه‌ بداتو زیاتر راستیه‌کان بخاته‌ رو ، ئه‌و رۆژه‌ من له‌ سلیمانی نه‌بوم بۆ به‌یانی عه‌بدوڵا ده‌چێته‌ چاخانه‌که‌و ده‌روانێ که‌س له‌ هاورێکانی له‌وێ نین به‌ڵام مه‌فره‌زه‌یه‌کی کۆماندۆ به‌جلی مه‌ده‌نیه‌وه‌ له‌ چاخانه‌که‌ دانیشتون و چا ده‌خۆنه‌وه‌ که‌هه‌ر عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ری داده‌نیشێت فارسی ئه‌له‌سوریش ئاماده‌ ده‌بێت ، ئیدی مه‌فرزه‌که‌ماندۆکه‌ لوله‌ی ده‌مانچه‌کانیان له‌سه‌ر نێو چاوو که‌له‌که‌ی عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ری داده‌نێن و ده‌مانچه‌که‌ی لێ وه‌ر ده‌گرن و داوای ناسنامه‌ی لێ ده‌که‌ن ده‌ڵێن تۆ عه‌بدوڵای ئه‌ویش هه‌ست به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئیتر ئه‌و رۆژه‌یه‌که‌ به‌داوه‌که‌وه‌ بوه‌ ده‌ڵێ نه‌ خێر به‌ڵام کۆماندۆکان پێی ده‌ڵێن گه‌واد تۆ عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ریت ، که‌ ده‌یبه‌ن ئاور له‌ فارسی ئه‌له‌سور و ده‌داته‌وه‌ و ئه‌ویش له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵادا ده‌به‌ن و ده‌یان گرن ، پاش ئه‌شکه‌نجه‌و لیدانێکی زۆر عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ری هیچ به‌ده‌سته‌وه‌ نادات و ئیعتراف ناکات ، به‌ڵام رۆژ به‌رۆژ هه‌مو هاوریکانی ترمان ده‌گیرێن ،به‌پێی ئه‌و قسانه‌ی عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ری که‌له‌ زیندانه‌وه‌ هاتبویه‌ ده‌ره‌وه‌ براده‌رێکی زیندانی تر لێی ده‌پرسی باشه‌ هیچ رۆژێک ئاوا به‌ خه‌ماوی نه‌م بینیویت به‌ڵام ئه‌مرۆ بۆ ، عه‌بدوڵا پێی ده‌ڵێ من تائێستاش به‌ هه‌مو ئه‌شکه‌نجه‌وه‌ نه‌یان توانیوه‌ ئیعترافم پێ بکه‌ن به‌ڵام هاورێکانم به‌ شه‌قێک هه‌مو ئیعترافێکیان کردوه‌ ، ده‌ڵی من دوجاری دیکه‌ روبه‌روی هه‌مان مه‌ترسی بومه‌ته‌وه‌ به‌ڵام دانم به‌خۆدا گرتوه‌و خۆم قوتار کردوه‌ به‌ڵام وانازانم ئه‌م جاره‌ لێی ده‌رچم چونکه‌ هاورێکانم خۆراگر نه‌بوون ، ئێستاش تاراده‌یه‌ک هه‌ر ده‌توانم به‌رگری له‌ خۆم بکه‌م ، چونکه‌ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر من ته‌نها جانتاکه‌مه‌ گه‌ر ئه‌وان ئاشکرایان نه‌کردبێ، به‌هه‌ر حاڵ رۆژی محکه‌مه‌ به‌رگری زۆر له‌ خۆی ده‌کات به‌ڵام که‌ جانتاکه‌ی پیشان ده‌ده‌ن ئیتر توانای به‌رگری نامێنێ و حاکم پێی ده‌ڵێ تۆ خائینی ، ئه‌ویش ئیجازه‌ له‌ حاکم وه‌رده‌گرێ و ده‌ڵێ جه‌نابی حاکم من خائین نیم چونکه‌ له‌م ووڵاته‌و له‌م حکومه‌ته‌دا به‌هیچ جۆرێک ناوی کوردی تێدانیه‌ و گه‌ر جه‌نابتان موخاله‌فه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌بن به‌خائین ده‌ژمێردرێن به‌ڵام منیش کوردم و حیزبێکم هه‌یه‌ به‌ناوی حیزبی دیموقراتی کوردستان گه‌ر من موخاله‌فه‌ی ئه‌و حیزبه‌ بکه‌م ئه‌وا من ده‌بم به‌که‌سێکی خائین ، له‌و کاته‌شدا که‌ عبه‌دوڵا عه‌سکه‌ری په‌تی قه‌ناره‌ ده‌بێته‌ دوا وێستگه‌ی شۆرشگێرانه‌و کورد په‌روه‌رانه‌ بیر ده‌کاته‌وه‌و گیانی هاورێکانی له‌ مردن رزگار ده‌کات و ده‌ڵێ جه‌نابی دادوه‌ر ئێوه‌ موده‌عی خۆتان دۆزیوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌مانه‌ی که‌له‌گه‌ڵ مندا گیراون بێبه‌رین و هیچ تاوانێکیان نیه‌ چونکه‌ من چوبیتمه‌ هه‌ر شارێک هه‌وڵی ئه‌وه‌م داوه‌ که‌ هاورێ بۆ خۆم په‌یدا بکه‌م و خه‌ڵک له‌و گه‌ره‌که‌ی لێی ده‌ژیم بۆ ناسراوی په‌یدابکه‌م ، به‌ڵام خۆ ئه‌وانه‌ی بونه‌ته‌ هاوریی من نه‌یان زانیوه‌ من چی ده‌که‌م و چی ناکه‌م بۆیه‌ ته‌نها موده‌عی منم و ئه‌وانه‌ بێ تاوانن ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ جانتاکه‌ی له‌ماڵ فارسی ئه‌له‌سور ده‌گیرێت هه‌ریه‌ک له‌وان به‌چه‌ند ساڵێک حکوم ده‌رێن و عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ریش دادگا بریاری له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌کات ، یه‌ک له‌نهێنی که‌له‌ ناو جانتاکه‌ی عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ری وینه‌یه‌کی عه‌لی خامنه‌یی و ئیدریس بارزانی و عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ری ده‌بێت ، ئه‌وه‌ی که‌ جێگای قسه‌ له‌سه‌ر کردنه‌ تائێستاش نه‌ نهێنی ئه‌و وێنه‌یه‌ ئاشکرا بوه‌ نه‌ پارتیش لێپێچینه‌وه‌ی له‌و که‌سانه‌ کردوه‌ که‌ ئیعترافیان له‌سه‌ر عه‌بدوڵا عه‌سکه‌ری کردوه‌و جانتاکه‌ی عه‌بدوڵایان ته‌سلیم به‌رژێم کرد .