تۆپەكانى ئێران

Tuesday, 02/08/2011, 12:00

1327 بینراوە






تۆپەكانى ئێران لە گوندەكانى حاجى ئۆمەران بدات یان لە هەولێرو سلێمانى، بۆ كورد هیچ جیاوازیەكى نییە، لە هەر كوێ بدات لەوێ بەدبەختىو زەرەرو زیان دروست دەكات، پێویستە لێكدانەوەى كورد بۆ تۆپ بارانەكە لەمە بەدەر نەبێت، حاجى ئۆمەرانو هەولێرو سلێمانى هەموویان كوردستانى باشورن ،بمانەوێ یان نا ئەم تۆپبارانە دەچێتە چوار چێوەى ستەمكاریەوە لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێ هیچ لەو مەسەلەیە بگۆڕێت كە لەم ناوچەیەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست كێشەیەك هەیە بەناوى كێشەى كورد،ئێران هەموو تۆپى دنیا بنێتە قەندیلەوە نەپێشمەرگە كۆتایى دێت، نەكێشەكە چارەسەر دەكرێت، ئێرانییەكان لە هەركەس باشتر ئەو ڕاستییە دەزانن، ئەوان زیاتر لە "100" ساڵە تۆپ تاقى دەكەنەوە، هەروەك چۆن نزیكەى هەمان ماوە بەساڵ ئێراقییەكانیش ئەوەیان لەگەڵ كورد كرد . هیچ كوێیان بیر نەمابێت هەڵەبجەیان بیرە، ئێرانییەكان لەو ڕۆژگارەدا زۆر لەخەمى هەڵەبجەییەكاندا بوون ، ڕاستە زیانى گەورە بە كورد كەوتو برینى گەورە كەوتە جەستەى كوردەوارى ، بەڵام ئەوەتا هەڵبجە پڕە لە جریوەى ژیانو ئەوانەى كیمیاو تۆپو ناپاڵمیشیان نا بە هەڵەبجەوە سووكو ڕسواى ڕۆژگار بوون. تۆپەكان بێزارى دروست دەكەن، خەڵك شەهیدو بریندار دەكەن، مەزراو لەوەڕگە دەسوتێنن، بەڵام ناتوانن ژیان بوەستێنن، هەقە ئێرانییەكان لە هەموو كەس زیاتر لەم ڕاستییە بگەن، بژاكو دیموكرات باڵەكانىو كۆمەڵە باڵەكانىو موجاهید خەلقو هەركێ ى دیكەش كە بەناچارى وڵاتى خۆیان بەجێ هێشتووە ، بەشێكن لە خەڵك و هاوڵاتى ئەو وڵاتە كەدیارە بوارى هەناسە دانى تیا نەماوە، دەنا خەڵك شێت نەبووە بداتە شاخو داخ ،زاڵبونى دەنگى تۆپەكان بەسەر پەیامەكانى ئاشتیدا ڕەنگە لەمەوداى نزیكدا، سەركەوتنى كاتى بۆ سوپاى ئیسلامى ئێران دەستەبەر بكات، بەوەى هەندێك ئازارى خەڵكى سڤیلى ئەو ناوچانە بدات، بەڵام لە دور مەودادا، سەركەوتن بۆ ئەوانەیە كە داواى ئاشتىو ئازادى دەكەن، ئەمە قسەى نێو چیرۆكو ڕۆمانەكان نییە، حەتمییەتى مێژووە، ڕێگاى باشتر لەم ڕێگایە ئەوەیە كە ئێرانییەكان لە گەڵ نەیارەكانیان بكەونە گڤتو گۆوە، نەیار بەو ڕژێمەى ئێستاى ئێران هەر ئەوانەنیین كە لە دەرەوەى ئێرانن،ئۆپۆزسیۆنى زۆرینەى ئێرانى لە نێو خودى ئێراندان كە دواترین دەركەوتنى سیماى ئەو ئۆپۆزسیۆنە لە تارانو لە ڕێگەى بزوتنەوەى سەوزەوە دەركەوت ئەو بزوتنەوەیەى ڕۆژ بەڕۆژ فراوانتر دەبێتو پەرە دەسێنێ، ئێ خۆ ناكرێ ئێران لە ناو تارانیشدا تۆپ بناتە نەیارەكانییەوە ، ئەمە ئەو ڕاستییە یە كە دەبێ ئەمڕۆ یان سبەى ئێران دانى پیابنێت ، دەنگى تۆپەكان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر ئێران بەرەو گۆشەگیرىو توڕەى خەڵك لەهەموو لایەكدا بەرەو هەڵكشان دەبات لە زۆر قۆناغى تاریكى ئێراندا پیاوە ئاقڵەكان بە چراوە ڕێگەكەیان ڕوناك كردۆتەوە،تۆبڵێ ى ئێستا ئەو پیاوە ئاقڵانە لە كوێ ى ئەم وڵاتەبن، وا خەریكە بەدەستى چەند تۆپ هاوێژێك هەموو ڕیسەكە دەبێتەوە خورى !!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە