تا شایەتحاڵەکان مابن، ئێوە ناتوانن بە ئارەزووی خۆتان مێژوو بنووسنەوە (بەشی سێیەم)

Saturday, 26/10/2013, 12:00

5841 بینراوە


بۆ نووسینەوەی مێژوو چەند کەرەسەیەک پێویستە بخرێنە روو  لە نمونەی وێنە، نامە و بەڵگەی تر، هەروەها ئەو کەسانەی، کە لە رووداوەکاندا بوون و دەیگێڕنەوە. ئەوانەی کە مێژووەکەش دەنووسنەوە دەبێت کەسانی شارەزا و بە توانابن، بێلایەنانە ئەو کارە بکەن. لە کوردستاندا کەم کەس هەن ئەو مەرجانەیان تێدا بێت، بۆیە نووسینەوەی مێژووی کورد، کارێکی ئاسان نییە و ئەوەی دەنوسرێتەوە مەرج نییە بتوانرێت هەمیشە جێگای متمانە و باوەڕ پێکردن بێت.
نەوشیروان مستەفا وەک مێژوونووسێک، توانیوێتی بەشێک لە مێژووی ئەو کاتانە بنووسیتەوە، کە خۆی تێیدا ژیاوە، بەلام ناتوانرێت بگوترێت، بێلایەنانە مێژووی نووسیوەتەوە، بەتایبەتی ئەو کاتانەیش کە باس لە سەردەمی شێخ مەحمود دەکات، جگە لەوەیش کۆمەڵێک کەسی تریش، هاتوون یادەورییەکانی خۆیان نووسیوەتەوە، بەشێک لە مێژووی کوردیان خستۆتە گومانەوە، لە نمونەی جەلال تالەبانی، مەسعود بارزانی، مەلا بەختیار، برایم جەلال و ...هتد، زۆر جار لە کاتی گێڕانەوەکانیاندا هەست بە ناڕاستگۆیی دەکرێت.
لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٤ چەند بەرپرسێکی ناو پارتیی هاتن لەسەر شکستی ئەو سەردەمەیان نووسی، لە نمونەی د. مەحمود عوسمان و سامی عەبدولرەحمان، بەڵام دوای راپەڕین ئەوەی نووسیبوویان لێی پەشیمان بوونەوە.

محمەد عەزیز، بەرپرسێکی باڵای نێو دەزگای پاراستنی سەردەمی مەلا مستەفا

کاتێک برایم ئەحمەد و جەلال تالەبانی و کۆمەڵیک کەسی تر، لە پارتیی و مەلا مستەفا جیابوونەوە، یەکێک لە پرۆپاگەندەکانیان ئەوە بوو، گوایە کاژیک دروستکراوی پارتییە، بەڵام لە راستییدا "پارتی گەلی کورد" دروستکراوی پارتیی بوو. دوایی ئەندامانی پارتی گەلی کورد چوونە ناو کاژیکەوە. 
ئەو بەیاننامەیەی خوارەوە وەک بەڵگە کلیک بکە، کە چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان، لقی چوار لە رۆژی (٢٥ / ٩ / ١٩٦٤) وەڵامی پرۆپاگەندەی کۆمەڵە جیابووەکەی برایم ئەحمەد دەداتەوە، تێیدا هاتووە دەڵێت:
(لەم رۆژانەدا پرۆپاگەندە دروست کراوە، کە پارتی کاژیک دەیبات بەڕێگاوە، ئەمانەوێت بۆتان رون بکەینەوە، کەوا کاژیک کۆمەڵێکی چەند کەسین کە سەریان لێشێواوە، وە خۆشیان نازانن چی ئەکەن، وە بە هیچ جۆرێکیش لە ریزی پارتیمان جێگایان نابێتەوە، وە خۆیان بەوە دادەنێن کە خزمەتی شۆڕش و کورد دەکەن، بەلام کە وەکو بۆ هەموو کوردپەروەرێک دەرکەوتوە وە یارمەتی شۆڕشیان نەداوە، وە گرێ یەتی هەستیان (عقدە نفسی)یان هەیە دەربارەی ژیان و خۆیان).

بە دوای دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە ئیتر زۆربەی کەسەکانی ناو "پارتی گەلی کورد" کە لەناو کاژیکدا بوون، لە نمونەی شێخ محەمەد هەرسین و حەمەی عەزیز و ....هتد. لەسەر داوای پارتیی، ژمارەیەکی کەمیان نەبێت هەموو روویان کردە شاخ و چوونە دەرێ بۆ لای پارتیی.

محەمەد عەزیز کێیە؟
محمەد عەزیز، کە لە هەردوو بەشی پێشووتردا ناوم هێناوە، ئیستا زۆر ناسراو نییە، چونکە لە دوای ئاشبەتاڵ رووی کردە ئەڵمانیا و لە ئێران نەمایەوە، بە تەواویی وازی لە سیاسەت و حیزبایەتیی هێنا.

محمەد عەزیز کاتی خۆی لەسەردەمی رژێمی پاشایەتیی عیراقدا، یەکێک بووە لە ئەندامانی حیزبی شیوعیی، لەلایەن رژێمی ئەو سەردەمەوە دەگیرێت، ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی زۆر دەدرێت، تەنانەت دەڵێن نینۆکی دەست و پایان هەڵکێشاوە و بە پانکەدا هەڵیانواسیوە، دوای شۆڕشی ١٤ی تەموز، واز لە حیزبی شیوعی دەهێنێت و دەبێتە پارتیی. دوای ئەوە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تردا پارتی گەلی کورد دروست دەکەن، ئەو حیزبەش وەک من قسەم لەسەر کرد، پارتیی بۆ تێکدانی ریزەکانی کاژیک، دروستیان کردبوو.
محمەد عەزیز، کەسێکی شارەزا، قسەزان و لەبلەبان بوو، لە دیالۆگکردندا دەمڕاستی بارەگای بارزانی و پاراستن بوو، کاتێک چووە دەرێ، لە ماوەیەکی کورتدا پۆست و پلەیەکی گەورەی وەرگرت، سەردانی ئیسرائیلی کردووە. من چەند جارێک لە چۆمان و حاجی هۆمەران لە دوورەوە دیومە، کە چۆن هاولاتیی و خەڵکیی بۆ یارمەتیی و سکاڵاکردن هانایان بۆ بەردەم بارەگای بارزانی دەبرد، حەمەی عەزیز  بەڕێی دەکردن، زۆربەی کارەکانی مەسعود بارزانی لە پاراستن ئەم هەڵیدەسوڕاند.

مەسعود بارزانی، محەمەد عەزیز، فرانسۆ حەریری

ئەو وێنەیەی سەرەوە، کە دەیبینی، مەسعود بارزانییە، پێشوازی لە شاندێکی حکومەت دەکات، لە دوای مەسعود بارزانیشەوە، محەمەد عەزیز و فرانسۆ حەریری دەبینرێن، ئەگەر بە وردی لە وینەکە بڕوانن، تێدەگەن محەمەد عەزیز چەند لە بنەماڵەی مەلا مستەفاوە نزیک بووە.
دوای ئاشبەتاڵ حەمەی عەزیز روو لە ئەڵمانیا دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت.  د. جەمال نەبەز دەڵێت: بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٧٧ حەمەی عەزیزم بینی، لە کۆڕێکدا خۆی پێناساندم، وەک کەسێکی نەتەوەیی و کۆنە کاژیک هاتە لام و قسەی لەگەڵدا کردم، بە جۆرێک کەوتە کڕوزاندنەوە، وەک ئەوەی نانی شەویشی نەبێت، منیش نەختێک پارەم پێیدا! دوای ئەوە، کاک عومەر کەرکوکی، کە پێشمەرگەیەکی دێرینی ئەو سەردەمە بوو، هات و پێی وتم: ئەوە چی دەکەیت، حەمەی عەزیز لە شۆڕشدا بووە و ژێر دۆشەکەکەی پڕ بووە لە پارە. 
جەوهەر نامیقیش لە ستۆکهۆڵم بۆ خۆمی گێڕایەوە وتی: محەمەد عەزیز لە خەستەخانە، پەرێشان و بێ تاقەت کەوتبوو، سەردانیم کرد، کە چاوم پێی کەوت دڵ و چاوم بۆی پڕبوون، گریام و باوەشم پێیدا کرد، دڵخۆشیم دایەوە. 
ئیستا جەوهەر نامیق مردووە و حەمەی عەزیزیش گەڕاوەتەوە کوردستان، لە هەولێر خانوو و زەویان داوەتێ و موچەی خانەنشینیان بۆ بڕیوەتەوە.
لە دوای ئەم وێنانەی خوارەوە هەندێک قسەی تر لەسەر محەمەد عەزیز دەکەینەوە.


ئەم وێنەیە خوێندنەوەی زۆر هەلدەگرێت، کەسە ترسنۆک و ئازاکان لێرەدا دەناسرێنەوە

ئەو وێنانەی سەرەوە، وێنەی چۆمانە لە هاوینی ساڵی ١٩٧٤. 

فڕۆکەکانی رژێمی بەغدا لە سەرەتای مانگی حەوتدا رۆژانە بە خەستی بوردومانی ئەو ناوچانەیان دەست پیکرد. هەفتەیەک زیاتر بوو هێزی سەربازیی حکومەت بەدەست هێرشی بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگەوە شکستیی هێنابوو، بۆیە لە تۆڵەی ئەوەدا هێزی ئاسمانییان ناردە سەر ناوچەی سەرکردایەتیی. (گەڵالە، چۆمان، حاجی هۆمەران)، ناوچەی سەرکردایەتی لە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری، زیاتر خەڵکی تێڕژابوو، بە لێشاو روویان تێکردبوو.  فڕۆکەکان لە رۆژێکدا و لە ماوەی دوو سێ کاتژمیردا لە پڕ پەیدا دەبوون و بۆردوومانێکی خەستی ئەو ناوچانەیان دەکرد، زۆرکەس لە ترساندا ورەیان بەردابوو هەڵدەهاتن و هەندێکیش روویان لە ئۆردوگاکانی ئێران دەکرد. بەیانییەکیان من زوو چووم بۆ فرۆشگای چۆمان بۆ کڕینی هەندێک کەلوپەلی پێویست، ئەو فرۆشگایە لەلایەن برایەکی حەمەی عەزیزەوە بەڕێوە دەچوو، ناوی سدیق بوو، کاک سدیق بەپێچەوانەی حەمەی برایەوە، کەسێکی رووخۆش بوو، لە خۆی نەگۆڕابوو، رێزی هەموو کەسێکی دەگرت، ماوەیەک لەلای وەستام، برایم ئەحمەدیش لەوێ بوو، بە زەردەخەنەیەک خۆی پێناساندم، لە سەرەتا نەمناسییەوە، بەڵام کاک سدیق وتی ئەوە مامۆستا برایم ئەحمەدە. بۆیە پێم سەیربوو، کە لە فرۆشگاکەی چۆمان بینیم، ئەو ماوەیەی لە دەریشەوە بووین کەسیش باسی نەدەکرد و لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکیشدا ناوی نەدەهات.
پاش کەمێک دەنگی فڕۆکەکان پەیدابوونەوە، ئێمە لە فرۆشگاکە ماینەوە، هەر خەڵک بوو بەرەو کونە تەیارەکان رایان دەکرد و خۆیان دەشاردەوە، پاش ماوەیەک ئەو ناوە چۆڵ بوو، لە ناکاو دەنگێکی گەورە لە بڵندگۆی جێبێکەوە هاتە بەرگوێمان، چووینە دەرێ سەیرمان کرد محەمەد عەزیزە لە دەنگۆکەوە دەیگوت: کەس نەترسێت ئێمە لە ئێرانەوە چەکی (دژە هەوایی/ زدالجو)مان بۆ هاتووە، ئیتر فڕۆکەکان ناتوانن نزم ببنەوە، وا بە حەماسەوە قسەی دەکرد، بۆ ماوەیەک خەڵکەکە هێوربوونەوە و کەوتنەوە هاتوچۆکردن، هەر ئەو دوور کەوتەوە دیسان فڕۆکەکان پەیدابوونەوە، هەروەک بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەو قسانە بێت، ئەمجارە بە نزمییەوە بە دۆشکە رێژنەبارانێکی باشیان کرد، پردەکەی چۆمان، کە زیاتر لە سەد کەس خۆیان لە ژیریدا حەشاردابوو، لێیدا و دایتەپاند، پردەکە بوو بە گۆڕی هەموویان، جەمالی کوڕی خاڵم، کە خوشکەزای حەمەی عەزیز بوو، نازانم لەو کاتەدا لەوێ چی دەکرد، ئەویش لەو شەقامەی ئەوبەرمانەوە بەرکەوت و بە دۆشکەی فڕۆکەکان ریخۆڵەی هاتە دەرێ، ئەو رۆژە لە هەموو کاتێکی تر خەڵکێکی زۆر بەرکەوتن. دوایی  نەمزانی حەمەی عەزیز، بۆ خۆی چی لێهات، بۆ بەیانییەکەی کوڕێکی تری خاڵم و خزمەکانی، پێیان وتم: کەوا دەبێت بچن بۆ ماڵی خاڵە حەمە لەو دیو (واتە لە ئێران)، تا ئەو لەگەڵماندا بێت و بچن هەواڵی شەهیدبوونی کورەکەیان بە باوکی و دایکی بگەیەنن، ئیتر ئەوسا زانیم، کە خۆی یەکسەر چووبوویەوە بۆ ئێران. ئەم بەرپرسانە ماڵێکیان لەم دیو و ماڵیکی تریشیان لە ئێران بوو، بۆ بەیانییەکەی، بسوڵەی دەربازبوونمان بۆ ئێران بۆ کرا، هەموو پەڕینەوە، باش لە یادم نەماوە، وا بزانم ماڵی حەمەی عەزیز لە خانە بوو، لە دەرگامان دا و ئەویش بە بیجامەوە هاتە دەرێ، لە پێپیلکانەکان نەهاتە خوارێ، لە بەرزییەوە چەند قسەیەکی حەماسی کرد، وەک ئەوەی جەمالیش رۆڵەی ئەو میللەتەیە و دەبێت ئاسایی وەریبگرن و لە شۆڕشدا ئەمەش روودەدات، ئیتر چووە ژورێ و دوای ماوەیەک چاوەڕوانیی ئێمە، خۆی گۆڕی هاتە دەرێ و پێش کاروانەکە کەوت. 
********************

شێرکۆی هەژار موکریانی:

د. جەمال نەبەز لەسەر شێرکۆ هەژار موکریانی دەڵێت: تازە لە سوریاوە لەگەڵ هەژاری باوکیدا هاتبوونەوە بەغدا، منداڵ بوو منیش مامۆستابووم، بڕوانامە و هیچ وەرەقەیەکیان پێ نەبوو، کە بتوانرێت وەربگیرێت، هەژار موکریانی تکای لێکردم وتی: (بەڵکو بیبەیتە لای خۆت، من بە دەست ئەم هەتیوەی کوڕمەوە ماڵم ویرانە)، منیش یارمەتییم دا و لە پۆلی دووی ناوەندی وەرگیرا، تەنها دوو رۆژ دەوامی کرد،  لە قوتابخانەکە شەڕێکی نایەوە و دوای ئەوە بانگم کرد، کە بۆچی وا دەکات، دەستی کرد بە گریان و رایکرد، ئیتر نەمبینییەوە بۆ قوتابخانە بێتەوە. دووەم جار کە شێرکۆم بینییەوە، ساڵی ١٩٧٦ لە ئەڵمانیا بوو، هاتە لام بە هیچ شیوەیەک باسی لەوە نەکرد، کە ئەوان بەیانێکی ئاوایان دژی ئێمە دەرکردووە، تەنانەت ٧٠٠ مارکی ئەڵمانی ئەو کاتەم پێیدا، تا بیدات بە برادەران لە کوردستان، دوایی لە ئەحمەد هەردی و فایەق عارفم پرسی وتیان: ئاگامان لەو پارەیە نییە و هیچمان بە دەست نەگەیشتووە، مولازم مەنسوریش پێی وتم، شێرکۆ وتوویەتی، کە پارەکەی بە خۆم داوە.
********
لە هاوینی ساڵی ١٩٧٤دا، داوام لێکرا، وەک رۆژنامەنووسێک بچم بۆ ناوچەی شارباژێڕ، لە نزیکەوە ببینم چۆن پێشمەرگە دەچێتە شەڕەوە و لەگەڵ سوپای عێراقدا دەستەو ئێخە دەبێت، دوایی بیکەم بە ریپۆرتاژێک بۆ گۆڤاری دەنگی پێشمەرگەی ئامادە بکەم، بۆ ئەو مەبەستە عەبدوڵڵا عەباسیش، کە لەلایەن ئیستگەی دەنگی کوردستانەوە دەستنیشان کرابوو، هەردووکمان پێکەوە لە رێگای (خانە، مەهاباد، سنە، کرمانشان دوایی لە مەریوان پەڕینەوە و چووینە پێنجوین). دوو سێ رۆژ لە پێنجوین ماینەوە، تا ریگا و جیگای چوونە ناو شەڕەکەمان بۆ دیاری کرا، ئەو چەند رۆژەی لە پێنجوین بووم، بە رێکەوت چاوم بە سێ چوار کەس، لە کۆنە کاژیکەکان کەوت، ئەوانەی کاتی خۆی ناوەکانیانم دابوو بە عەبدوڵڵا ئاگرین، دوای ئەوەی بە زۆر بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ بردیانمە ماڵی یەکێک لەوانە، چوومە ژوورەوە شێرکۆی هەژار موکریانیش لەگەڵ یەک دوانێکی تردا دانیشتبوو، نزیکەی نیو کاتژمێریک دانیشتم، هەستم کرد دانیشتنەکە نائاسایی بوو، لە ژێرەوە سەیری یەکتریان دەکرد، هەموو بە بیدەنگی دانیشتبوون، من جار بە جارێک هەندێک قسە و چاک و چۆنیم لەگەڵیاندا دەکرد، لەگەڵ شیرکۆی مام هەژاردا پێکەوە قسەمان نەکرد، پاش کەمێک بەباشم زانی بڕۆم، هەڵسام و هاتمە دەرێ، پاش نیوەڕۆکەی یەکێک لەوانەم دیتەوە، راستەوخۆ پێی وتم، کە هاتنم بۆ ئەو ماڵە، شیرکۆی مام هەژاری توشی شۆک و سەرسوڕمان کرد، وتی لێتی ناشارمەوە چونکە دوو سێ رۆژ بەر ئیستا، لای یەک دوانێکمان باسی لەناوبردنی تۆی کردووە. دوای ئاشبەتاڵەکەش دیسان هەمان قسەیان بۆ گێڕامەوە، گوایە خیانەتم کردووە دەبێت لەناو ببرێم. شێرکۆ وا خۆی لای ئەوان پیشان دەدا، کە سەرکردە و بیرمەندێکی سیاسیی گەورەیە، بڕیار و فەرمانی بۆیان دەردەکرد، ئەو وای لیکدەدایەوە هەر کەسێک وازی هێنا، دەبێت بکوژرێت و لەناوببرێت، من تەنها کەسێک نەبووم، کە ئەو ویستبووی بمکوژێت، بەڵکو بیستمەوە، کە (د. کەمال فوئاد)، (کامیل ژیر)، (ئەحمەد هەردی)، (فایەق عارف)... هتد دەبێت لەناو ببرێن، ئەوەشیان بۆ گێڕامەوە، کە هەر ئەو کاتەی لە پێنجوین بووە، بە زۆر (فوئاد سەراج) ناوێک دەباتە شوێنێک و دادگایی دەکات، مەنجەڵێک ئاوی (گەرمی لەکوڵ)ی بۆ حازر دەکات، تا بیکات بە سەریدا، پێی دەڵێت: تۆ بۆچی دژی ئێمەیت؟
بۆ زانیاریی ئەمەش بە پێویست دەزانم، کە بیگێڕمەوە، پاش ئەو دوو سێ رۆژەی لە پێنجوین بووین، ئیتر بەرەو شارەزوور کەوتینە رێ، لەوێ چەند رۆژێک ماینەوە، چەند چالاکیی پێشمەرگەکانمان بینی و لە کاتی گەڕانەوەدا رێپۆرتاژێکی دوور و درێژم لەسەر نووسی، لە ژمارە ٤ی گۆڤاری دەنگی پێشمەرگەدا بڵاوکرایەوە.

دوا قسەم بۆ ئەم بەشە
هاوڕێیەکی بەڕێز، داوای لێکردم، کە لێرەدا باسێک هەیە، چەند جارێک بۆم گێڕاوەتەوە، لە شوێنێکی ئەم نووسینەدا جێگای بۆ بکەمەوە، ئەویش پەیوەندی بە ساڵانی ١٩٧٤ەوە هەیە، ئەو باسەش بەشێکە لەو مێژووە، دەتوانرێت ببەسرێتەوە بەو ساڵ و سەردەمەی کە ئاشبەتاڵی بەدوادا هات، بۆیە لێرەدا بە کورتی قسەی لەسەر دەکەم.
دوای هەڵوەشاندنەوەی بەیاننامەی ١١ی ئازار و تێکچوونی نێوانی حکومەتی بەعس و مەلا مستەفا ساڵی ١٩٧٤، ژمارەیەکی زۆر  رایانکرد و چوونە دەرێ، بەتایبەت ئەدیب و هونەرمەندەکان بە شێوەیەک، پارتی نەیدەزانی چییان لێبکەن و لە کوێ دایان بنێن، یان چۆن کەڵکیان لێوەربگرن، ئیرانیش پارەی زۆری  بە سەر پارتییدا رژاندبوو، هەموو کەسێک کەم تا زۆر موچەیەکی هەبوو، بۆ نمونە ئەگەر یەکێک موچەی لەلای حکومەتی عێراق ١٠٠ دینار بوایە، ئەوا لە دەریشەوە کەمێک لەو ١٠٠ دینارەی وەردەگرت، یان بەپێی بڕوانامەی خویندن، یان زامنی یەکێکی باوەڕپێکراو مووچەیەکی گونجاویان بۆ دەبڕییەوە، پارەی ئەم ئەدیب و نووسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەندانە زیاتر بوو لە هی پێشمەرگەیەکی ئاسایی، کە لە سەنگەردا شەڕی دەکرد و خۆی بەکوشت دەدا، هەندێک جاریش ئەو پێشمەرگانە یەک دوو مانگ پارەیان وەرنەدەگرت، پارەکە لە بارەگای بارزانی دەمایەوە و دەخورا، یان کەمێکی بۆ پێشمەرگەکان دەنیردرا، جاری واشبوو بەرپرسێک شانی پیدا دەکرد. پێشمەرگە لە شەڕدا بوو، لەولاشەوە ئەم ئەدیب و نووسەر و هونەرمەندانەی وەک ئێمە و مانان بۆ خۆمان لە ژێر چادرەکاندا خەریکی خوێندنەوە و کاری راگەیاندن بووین، زۆر کەس هەبوو لە حاجی هۆمەران بەیانییەکەی دەپەڕینەوە دەچوونە ئێران لەگەڵ خۆیاندا مەشروب و خواردنەوە و مەزەیان دەهێنایەوە و شەویان گەرم دەکرد. هەشبوو بۆ هەفتە و دوو هەفتە پسوڵەی بۆ دەکرا، بۆ رابواردن دەچووە ئێران، لەگەڵ خۆیدا گۆڤاری رووتی دەهێنایەوە. لە سەردەمی شادا لە هەر شارێک وەک لە یاداشتەکانی فەرەح شادا باسی لێوە دەکات، ماڵی ئافرەتە لەشفرۆشەکان هەبوو لە تاکە گەڕەکێکدا کۆکرابوونەوە، ناوی تایبەتییان لێنرابوو وەک ناوی (دەروازە)، زۆر لە بەرپرسەکانی پارتیی بۆ رابواردن دەچوونە ئێران و زیارەتی ئەو شوێنانەیان دەکرد. رژێمی شای ئیران ئەو گەڕەکەی لە گەرەکەکانی دیکە  جیاکردبووەوە، ئەمڕۆ وەک دەبینن پارتیی و یەکێتیی ئەم ئەزمونەی سەردەمی شایان لە ئێرانەوە گواستۆتەوە بۆ شارەکانی کوردستانی باشوور، بەڵام بە شێوەیەکی پێشکەوتوانە، هەموو ماڵە لەشفرۆشەکانیان تێکەڵ بە ماڵەکانی تر کردووە، تا رەوشتی هەموو کۆمەڵگای کوردی پێ ناشرین و بەدرەوشت بکەن، بەمەش ژمارەی لەشفرۆش و کاری بەدرەوشتیان لە کوردستاندا بەرەو لوتکە هەڵکشاندووە.
لە بەشی چوارەم و کۆتاییدا دێمە سەر وەڵامدانەوەی قسەکانی کاک عەبدوڵڵا ئاگرین  و کۆتایی بەو باسانە دەهێنین.

تێبینی: 
١) بەیاننامەکەی لقی چواری پارتی، کە لە (٢٥ / ٩ / ١٩٦٤)دا دەریانکردووە، لەلایەن د. جەمال نەبەزەوە بۆم هاتووە، سوپاسی دەکەم.
٢) ئەو وێنانەی سەرەوە لەسەر بوردومان و هاتنی فڕۆکەکانی رژیمی بەعس لە فلیمێکی ڤیدیۆییەوە وەرگیراون.


بەشەکانی پێشووتر:




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە