نه‌وشیروان پیاوه‌ بێ منه‌ته‌که‌ ...

Friday, 19/06/2009, 12:00

2245 بینراوە


ده‌سته‌یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی تیپی 47 ی پیره‌مه‌گرون له‌ چالاکیه‌کدا فایه‌قه‌ سوری سه‌رۆکی نه‌قابه‌یان له‌شاری سلێمانی ده‌ستگیرکرد، ئه‌م خائینه‌ به‌وه‌ ناسرابوو کاتێک ده‌زگاکانی ئه‌منی به‌عس هاوسه‌ری پێشمه‌رگه‌کانی ده‌ستگیر ده‌کرد، ئه‌م وه‌ک ده‌ڵاڵی فاشیه‌کان ژنه‌ پێشمه‌رگه‌ی ده‌خسته‌ مه‌زاده‌وه‌، که‌سوکاری ئه‌م نه‌فره‌ت لێکراوه‌ ده‌چنه‌ لای مام جه‌لال له‌ گوندی یاخسه‌مه‌ر، تاڵه‌بانی پێیان ده‌ڵێت گه‌ر 2 بیکه‌سی بکڕن بۆ شۆرش ئه‌وا نامه‌ ده‌نوسم بۆ نه‌وشیروان ئازادی بکات، که‌سوکاری فایه‌قه‌ سوور وه‌ک هه‌نگیان له‌کلۆره‌ داردا دۆزیبێته‌وه‌ ڕازی ده‌بن، به‌ڵام خۆش به‌ختانه‌ پێش جێبه‌جێکردنی داواکه‌ی تاڵه‌بانی کوڕه‌ سوره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ له‌که‌رتی سجن له‌ به‌رگه‌ڵوو خاکه‌نازێک ده‌ده‌نه‌ فایه‌قه‌ سوور تا گۆڕێک بۆخۆی هه‌ڵکه‌نێت و پاشانیش به‌ په‌له‌پیتکه‌یه‌ک چاڵه‌که‌ی پێ پڕده‌که‌نه‌وه‌.
ئه‌حه‌ سورداشی پێشمه‌رگه‌ بوو، له‌ ڕێگه‌ی دایکه‌وه‌ په‌یوه‌ندی کردبوو به‌ ڕژێمه‌وه‌، ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ به‌ قه‌د شاخێکه‌وه‌ بوو زۆر ئاسته‌م بوو تۆپ باران بیگرێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت هاوه‌نی 60 میلمیش نه‌ی ده‌گرته‌وه‌، ئه‌حه‌ سورداشی وه‌ک چاوساغێک بوو بوو به‌ ڕه‌سه‌دی تۆپه‌کان، به‌داخه‌وه‌ ڕه‌حمان سێده‌ری قاره‌مانی شۆڕشی نوێ له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌ی له‌ ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ به‌ تۆپ بارانی کیمیاوی شه‌هید بوون، وه‌ک ده‌ستوری شۆڕش ئه‌حه‌ سورداشی له‌ پردی نێوان به‌رگه‌ڵو و سه‌رگه‌ڵو به‌ سزای خۆی گه‌یشت، کاتێک ئه‌م هه‌واڵه‌ ده‌گاته‌ یاخسه‌مه‌ر، تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: ئه‌حمه‌د سورداشی به‌ فه‌رمانی من په‌یوه‌ندی کردوه‌ به‌ ڕژێمه‌وه‌، بۆ کوشتان!!!!
ساڵی 1986سڵه‌ی قه‌ساب وه‌ک وه‌فدی نوێنه‌ری به‌ره‌ی (جود) هات بۆ یاخسه‌مه‌ر بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پێکهێنانی (به‌ره‌ی کوردستانی) ، کاتێکمان زانی کاک نه‌وشیروان به‌ توڕه‌یه‌وه‌ له‌ سه‌یته‌ره‌که‌ی که‌رتی 1 ی تیپی پارێزگاری که‌ ئه‌و کاته‌ شه‌هید غه‌ریب هه‌ڵه‌دنی فه‌رمانده‌ی که‌رت بوو به‌ خێرایی تێپه‌ڕی، پاشان زانیمان کاک نه‌وشیروان به‌ تاڵه‌بانی ووتبوو: پیاو نه‌ماوه‌ له‌ کوردستان تا (سڵه‌ی قه‌ساب) ببێته‌ وه‌فدی مفاوه‌زات.
مانگی 11 ی 1986 به‌ چه‌کی کیمیاوی تۆپ بارانی سه‌رکردایه‌تی کرا له‌ یاخسه‌مه‌ر، مه‌لا به‌ختیار له‌ خوار مقه‌ری که‌رته‌که‌ی شه‌هید غه‌ریب هه‌ڵه‌ده‌نی له‌ ژورێکی بچوکدا بوو، که‌ تۆپ بارانه‌که‌ ده‌ستی پێکرد هه‌موومان به‌ره‌و به‌رزایه‌کانی پشت ماڵی تاڵه‌بانی ملمان نا، مه‌لا به‌ختیارمان به‌ جێ هێشت، مه‌لا به‌ختیار ده‌یقیژاند به‌جێم مه‌هێڵن ، گه‌ر مه‌لا نکۆڵی کرد له‌ پاڕه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌مه‌ شه‌رت بێ من ناوی خۆم بڵێم ، کاتێک گه‌یشتینه‌ به‌رزایه‌کان، هێرۆ و جه‌لال به‌ هه‌ناسکه‌ بڕکێ هاتنه‌ لامان، پێش پرسینی سه‌لامه‌تیمان ووتیان کوا (حیکمه‌ت) واته‌ مه‌لا به‌ختیار، ووتمان مامه‌: ئه‌و هه‌ر ده‌مرێت باشتره‌ به‌ چه‌کی دوژمن بمرێ. که‌چی تاڵه‌بانی ووتی: باشتان کرد، ئه‌و به‌ نیاز بوو ته‌سلیم بێته‌وه‌ ده‌ی به‌ڵکو به‌ چه‌کی دۆسته‌که‌ی چاولێک بنێ.
تاڵه‌بانی پێش هێرشی سوپای داگیرکه‌ر له‌ دوا قۆناغه‌کاندا به‌ره‌و بنکه‌ و باره‌گاکانی سه‌رکردایه‌تی سه‌فه‌ری کرد بۆ ئه‌وروپا، ئه‌وه‌ نه‌وشیروان بوو به‌ سێ پێشمه‌رگه‌ی ووت: یان بمرن یان مه‌یه‌ڵن ماڵه‌که‌ی مام جه‌لال بکه‌وێته‌ ده‌ست به‌عسیه‌کان، هه‌ر واش بوو، ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌ بتڵی غاز ماڵه‌که‌ی تاڵه‌بانیان ته‌قانده‌وه‌ و نه‌یان هێشت سه‌ربازه‌کانی به‌عس بچنه‌ ژووری نوستنی جه‌لال تا نه‌یه‌ڵن که‌رامه‌تی تاڵه‌بانی په‌خش بکرێت له‌ شاشه‌ی تیڤیه‌کانی فه‌ڕه‌نساو عێراقه‌وه‌.
تێبینی : ئه‌و 3 پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ ژیاندا ماوون ، دوانیان له‌ کوردستانن و ئه‌وی تریان له‌ ووڵاتێکی ئه‌وروپایه‌ .

17-6-2009





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە