باوه‌شێنی ئاگری ئاژاوه ... !!!

Monday, 12.26.2011, 12:00

1299 بینراوە





 
له‌سه‌رده‌می پادشایه‌تیدا و له‌گه‌ڕه‌که‌ دڵگیر و خۆشه‌که‌ی سابوونکه‌راندا ، خانوویه‌کی پچکۆله‌ی قوڕیی دوو ژووری و دوو دارهه‌نار و گوڵه‌باخێکی گه‌ش‌و به‌ئه‌ندازه‌ی چه‌پکێک ، گوڵه‌مێخه‌کی بۆنخۆشمان هه‌بوو ... سایه‌و سێبه‌ری داره‌گه‌وره‌و چروپڕه‌کانی ماڵی ئامینه‌خانی دراوسێمان به‌ته‌واوه‌تی نیشتبوونه‌ سه‌ر سه‌ربان و حه‌وشه‌ی ماڵه‌کانی ده‌ورووبه‌رمان . دایکم ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ ئارامه‌ی به‌ به‌هه‌شت ئه‌زانی ، چونکه‌به‌رده‌وام گوێی له‌ ده‌نگوسه‌ڵای مه‌لا ده‌نگخۆشه‌کانی مزگه‌وته‌جوانه‌که‌ی سه‌ید حه‌سه‌ن و مزگه‌وته‌دیرینه‌که‌ی هه‌مزائاغا بوو ... ئه‌م مزگه‌وتی هه‌مزاغایه‌ و به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆی و تا ئه‌مڕۆش ، به‌بێ خه‌م پاڵی داوه‌ به‌گه‌ڕه‌کی گاورانی فریشته‌ نشینه‌کانه‌وه‌ . له‌م گه‌ڕه‌که‌دا که‌ سه‌رتۆپی گه‌ڕه‌که‌ جوانه‌کانی شار بوو ، نه‌ڕۆژیک له‌ڕۆژان ئاژاوه‌یه‌ک ، نه‌شه‌ڕه‌خه‌نجه‌رێک ، نه‌ته‌قه‌وڕه‌قه‌یه‌ک ڕوویدا ، نه‌بۆکسێکی ئاسن لووتێکی شکاند ، نه‌که‌سێک له‌که‌سێکی تر زویر بوو و نه‌خوێن له‌په‌نجه‌ی منداڵێک هات و نه‌هاوڵاتییه‌کیش ڕووتکرایه‌وه‌ ، ئه‌و به‌یانیانه‌شی له گۆڕه‌پانی ‌قوتابخانه‌ی فه‌یسه‌لییه‌ی سه‌ره‌تایی ڕیز ئه‌بووین و هه‌موو قوتابییه‌کان به‌یه‌ک ده‌نگی دڵکێش و خۆشه‌وه‌ سروودمان ئه‌ووته‌وه‌ ، ده‌نگی پڕ سۆزی پاک و بێگه‌ردی هاوڕیێ مه‌سیحییه‌کانمان خۆشتر له‌ده‌نگی ئێمه‌ و له‌کانی دڵیانه‌وه‌ ئاوێته‌ی وشه‌کانی : (چه‌ند شیرینه‌لام دار و به‌ردی وه‌ته‌نم ... به‌فیدای ئه‌که‌م سه‌ر و گیان و به‌ده‌نم) ئه‌بوو . جا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ڕۆژانه‌ ڕاده‌ی نه‌خوێنده‌واری زۆر نزمبوو ، ته‌نها یه‌ک زانکۆشمان نه‌بوو ، به‌ڵام ناخی دڵمان باخی گوڵبوو ، هه‌موو به‌دڵ یه‌کتریمان خۆشده‌ویست و ڕق و کینه‌و دووبه‌ره‌کی له‌نێوماندا جێگای نه‌بوو ... که‌چی له‌م ڕۆژگاره‌دا و له‌سایه‌ی سه‌رکردایه‌تییه‌کی لێوان لێو له‌ گه‌نده‌ڵی و له‌باوه‌شی چه‌ندین زانکۆی به‌تاڵ و حه‌تاڵ و قوتابخانه‌ی بی بنه‌مادا ، تازه‌به‌تازه‌ سه‌رکرده‌و ڕابه‌ره‌کانمان له‌پیناوی قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ته ‌کڵۆڵه‌که‌ماندا خه‌ریکی په‌خشکردنی درۆ و ده‌له‌سه‌و داکوتانی پواز و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ن .
دوای سه‌رهه‌ڵدانی ئاژاوه‌ و پشێوی ئه‌م دواییه‌ی ده‌ڤه‌ری خۆشه‌ویستی بادینان و هه‌ڵویستی ناڕه‌وای پارتی بۆ سه‌ر باره‌گاکانی یه‌کگرتوو ، پارتی بۆ داپۆشینی خه‌وشه‌کانی خۆی که‌وته‌لێدانی ته‌پڵی دڕاوی دووبه‌ره‌کی نێوان ئیسلام و ئاینه‌کانی تر ، که‌به‌درێژایی مێژوو وه‌ک یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی ته‌با ‌ژیاون .. به‌ڕێکه‌وت دوای ئه‌و ڕووداوه‌ ناخۆشه‌ ته‌له‌فونێکم بۆ خوشکیکم کرد و هاتینه‌سه‌رباسی ڕووداوه‌کانی بادینان ، که‌پارتی ئه‌یه‌ویت ببێت به‌باوه‌شینی ئاگری ئاژاوه‌و نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌کی له‌نێوان چینه‌ جیاوازه‌کانی میلله‌ته‌ دڵپاکه‌که‌ماندا .. له‌گه‌رمه‌ی قسه‌کانماندا خوشکه‌گه‌وره‌که‌م ووتی : (تۆ ئامینه‌ خانی دراوسێمانت له‌بیره‌ ؟) . له‌وه‌ڵامدا ووتم : (جا کێ هه‌یه‌ ده‌موچاوه‌ جوانه‌که‌و و سه‌رپۆشه‌ کرێشه‌ سپییه ‌پاکوبێگه‌رده‌که‌ی ئه‌و فریشته‌یه‌له‌یاد بکات ، ئه‌ی له‌به‌یانی زووه‌وه‌تا ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیاندا هه‌موو پێکه‌وه‌یاریمان نه‌ئه‌کرد) ... ئنجا خوشکه‌که‌م ووتی : (ئه‌ی تۆ ئه‌زانیت ئه‌و ئامه‌‌خانه‌له‌بنه‌ماڵه‌یه‌کی جووله‌که‌بوو ، هه‌ر زوو به‌گه‌نجی بوو بوو به‌ئیسلام) .. به‌م قسه‌یه وا کاسبووم ‌ئه‌تووت له‌سه‌ربانه‌به‌رزه‌که‌ی په‌رله‌مانه‌خه‌واڵۆکه‌مانه‌وه ‌به‌سه‌ردا که‌وتوومه‌ته‌خواره‌وه‌، چونکه‌ هه‌تا ئه‌و کاته‌نه‌مزانیبوو ئه‌و ئامه‌‌خانه‌فریشته‌یه‌جووله‌که‌بووه‌.. کاتێک خوشکه‌که‌م به‌سه‌رسامیمی زانی ، ئنجا ووتی : (به‌م هه‌واڵه‌ سه‌رسام مه‌به ، ئاخر ‌ئه‌و سه‌رده‌مه‌خۆشه‌ویستی له‌نێوانماندا ڕه‌گی قووڵی هه‌بوو ، چونکه‌ئامه‌‌خانی جووله‌که‌ و ئامه‌‌خانی ئیسلاممان خۆشده‌ویست ، هه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ش بوو نهێنییه‌کانی ئه‌پاراست ، ئاشکراشه‌ ئه‌گه‌ر به‌دڵ یه‌کێکت خۆشویست ، دڵنیام نهێنییه‌کانیشت خۆشده‌وێن . جا دڵنیابه‌ئه‌م سه‌رکردانه‌ی خۆمان جگه‌له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان و بنه‌ماله‌کانیان ، نه‌ئیسلامیان خۆشده‌وێت و نه‌مه‌سیحی و نه‌یه‌زیدی و نه‌فریشته‌و نه‌شه‌یتان ، به‌ڵکو ئه‌یانه‌ویت له‌ڕیگای بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌ته‌ بێ بنه‌مایانه‌وه‌ ته‌نها و ته‌نها درێژه‌به‌ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی پڕ له‌شکستی خۆیان بده‌ن . بۆیه‌وا زوو ئاگر له‌پووشوی ئه‌و تۆمه‌ته‌ بێ بنه‌مایانه‌به‌رئه‌ده‌ن) ... خوشکه‌که‌م ڕاستی ئه‌کرد ، ئه‌گه‌ر حکومه‌ت میلله‌تی خۆی خۆشبوێت ، ئه‌بێت‌ نهێنی نێوان کۆمه‌ڵگاکه‌ی بپارێزیت و هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی خه‌وشه‌کانی بدات ، خۆ ئه‌گه‌ر که‌سێکی نه‌فامیش به‌مه‌به‌ستی ئاژاوه‌نانه‌وه‌ زیانی به‌که‌سێکی مه‌سیحی یان یه‌زیدی گه‌یاندبێت ، ئه‌وا پێویسته‌ کاربه‌ده‌ستان ژیرانه‌ڕێگا له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی بگرن ، نه‌ک بۆ ڕاکێشانی سۆزی وڵاته‌زلهێزه‌گه‌وره‌کان ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ چه‌ندین قات گه‌وره بکه‌ن . بێگومان وڵاته‌گه‌وره‌کانیش به‌و درۆیانه‌هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێن ، چونکه‌ئه‌وان جگه‌له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ چاو و گوێیان له‌ هه‌موو شوێنێکدا هه‌یه‌، چه‌ندین قونسڵخانه‌و کۆمپانیا و رێکخراویان له‌کوردستانیشدا هه‌یه‌، زۆر ده‌مێکه‌ئاگایان له‌سه‌رکرده‌هه‌لپه‌رسته‌کانی کوردن ... دوای 31 ی ئاب و له‌ساڵی 1998 دا و بۆ وه‌رگرتنی ئیشێک له‌ یه‌کێک له‌زانکۆکانی ئه‌مه‌ریکادا داوایه‌کم پێشکه‌شکرد و له‌نێوان چه‌ند که‌سێکدا ، سه‌رۆکی ئه‌و به‌شه ‌منی بۆ ئه‌و پۆسته‌ده‌ستنیشانکرد ، به‌ڵام ووتی : (هه‌ر به‌ته‌نها ده‌نگی من گرنگ و یه‌کللایکه‌ره‌وه‌نییه‌ ، به‌ڵکو وه‌رگرتنی تۆ به‌ستراوه‌به‌ڕای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییه‌وه‌) . ئنجا پێکه‌وه‌چووین بۆ بینینی ئه‌و به‌ڕیوه‌به‌ره‌و به‌ڕێگاوه‌خۆم بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چه‌ندین پرسیاری په‌یوه‌ندیدار به‌و ئیشه‌وه‌ئاماده‌‌کرد ، که‌چووینه‌ژووره‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ پیاوێکی سه‌رسپی به‌ساڵا چوو بوو . پاش به‌خێرهاتن و خۆ پێشکه‌شکردن ، یه‌که‌م پرسیاری ئه‌وه‌بوو ووتی : (تۆ چییت ؟) .. له‌وه‌ڵامدا ووتم : (من کوردم) . ئه‌ویش یه‌کسه‌ر ووتی : (ئه‌ی بۆ کورد ڕقی له‌ئه‌مه‌ریکایه‌؟) . بێگومان به‌هیچجۆریک چاوه‌ڕوانی ئه‌و وه‌ڵامه‌زۆر سه‌یره‌ نه‌بووم ، بۆیه‌به‌په‌شۆکاوییه‌کی زۆره‌وه‌ ووتم : (کورد ڕقی له‌ئه‌مه‌ریکا نییه‌) ... ئه‌مجاره‌ش ووتی : (نه‌خێر کورد ڕقی له‌ئه‌مه‌ریکایه‌) .. سه‌ر‌له‌نوێ پێم ووته‌وه‌: (کورد ئه‌مه‌ریکای خۆشده‌ویت) .. به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ر ڕای خۆی سور بوو ، پاشان ووتی : (من که‌سێکم به‌رده‌وام گۆڤار و ڕۆژنامه‌کان ئه‌خوینمه‌وه‌ و هۆگری کۆکردنه‌وه‌ی هه‌واڵم و ئه‌زانم کورد ئه‌مه‌ریکای خۆشناوێت ، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ش به‌ڵکو خۆشی خۆشناوێت ، ئه‌گه‌نا هۆکاری ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌ قۆچه‌ی نێوانیان ئه‌بێ چیی بێت) ... لێره‌دا بێده‌نگبووم و له‌دڵی خۆمدا ووتم : (تۆ چاوت له‌م ناوچه‌وانه‌ ڕه‌شه‌که‌ ، من بۆچی هاتووم و تووشی چ به‌ڵایه‌کبووم .. ئای چه‌ند تاڵیشه‌‌ هه‌ڵه‌ی سه‌رکرده‌کانمان ، که‌هۆکاری سه‌ره‌کی شه‌ڕیی براکوژین گه‌یشتۆته‌ ژوورێکی ئاوا دوور و له‌ ئان و ساتێکی ئاواشدا یه‌خه‌و به‌رۆکی ئاواره‌یه‌کی بێ ده‌ره‌تانی وه‌ک من ئه‌گرێت) . ئه‌وه‌ڕای که‌سێکی به‌ئاگای ئه‌مه‌ریکیی بوو ، جا وه‌ره‌سه‌ر سه‌رکرده‌و لایه‌نه‌سیاسییه‌باڵاکانیان ، که‌زۆر له‌نزیکه‌وه‌ به‌ نهێنی و هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌رکرده‌کانی کورد ئاشنان . ئه‌وان گویێ له‌درۆ و ده‌له‌سه‌ ناگرن و پشتگیریی له‌سه‌رکردایه‌تییه‌کی وا ئه‌گرن دڵسۆزبێت بۆ خه‌ڵک و خاکی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی میلله‌ته‌که‌یان بخه‌نه‌سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیانه‌وه‌ ، نه‌ک له‌سه‌رکردایه‌تییه‌ک ، کاتێک بۆ یه‌که‌مجار له‌گه‌ل برێمه‌ردا کۆده‌بنه‌وه‌ و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی داوای مافی ڕه‌وای کورد و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه‌داگیرکراوه‌کانی وڵاته‌که‌مان و ده‌ستنیشانکردنی که‌وشه‌ن و سنوری پیرۆزی کوردستان بکه‌ن ، که‌چی ئه‌چن وه‌ک سواڵکه‌رێک گڕ گڕ داوای پاره و پول ئه‌که‌ن . ئاخر نهێنی خۆشه‌ویستی و پشتگیریی بێ سنوری ئه‌مه‌ریکا و ده‌وڵه‌ته‌گه‌وره‌کانی ئه‌وروپا بۆ ده‌وڵه‌تی جووله‌که ‌له‌وه‌دایه‌، که سه‌رکرده‌کانی ‌جووله‌که به‌کوڵ و دڵ کار بۆ میلله‌تی خۆیان ئه‌که‌ن و له‌پێناوی ئازادکردنی ته‌نها سه‌ربازێکی خۆیاندا ، هه‌زار دیلی فه‌له‌ستینیی ئازاد ئه‌که‌ن ، سه‌رکرده‌کانی ئێمه‌ش که‌ به‌گولله‌ تۆپیش ده‌ست له‌کورسی هه‌ڵناگرن ، ئه‌وه‌تا له‌هیچیی نه‌بوو خه‌ریکن به‌بوختان و درۆی شاخداری ناڕه‌وا ئابڕووی میلله‌ته‌ژیرده‌سته‌که‌مان ئه‌به‌ن و سنگی پڕ باوه‌ڕیی سه‌دان ڕۆڵه‌ی دڵسۆز و خۆشه‌ویست و خێرنه‌دیوی وه‌ک : سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و ڕێژوان و سورکێو له‌ژێر سایه‌ی ڕه‌شی ئه‌واندا گوله‌باران و خڵتانی خوێن و خۆڵ ئه‌کرێن .