کوردستانپۆست و فه‌یس بوک

Friday, 09.14.2012, 12:00

836 بینراوە


له‌ فه‌یس بوکدا به‌ لۆگۆی جیاوازی کوردستانپۆسته‌وه‌، چه‌ند په‌یجێک به‌ ناوی کوردستانپۆسته‌وه‌ کراونه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێکی زۆری بابه‌ت و نووسین و هه‌واڵه‌کانی کوردستانپۆست بڵاوده‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ فه‌رمی په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ ئێمه‌ و به‌ ستافی کوردستانپۆسته‌وه‌ نییه‌، ئێمه‌ سوپاسی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌که‌ین ده‌زانیین  هاو بیری خۆمانن و بۆچوونیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا یه‌ک ده‌گرێته‌وه‌، له‌ دڵسۆزییانه‌وه‌ ئه‌و په‌یجانه‌یان کردۆته‌وه‌ تا په‌یامی ئێمه‌ بگه‌یه‌نن، ده‌شزانیین ئه‌و به‌ڕێزانه‌ شه‌ونخونی ده‌که‌ن، ئه‌رکی زۆریان خستۆته‌ سه‌ر شانی خۆیان و به‌م کاره‌ هه‌ڵده‌ستن، ئێمه‌ش پێمان خۆشه‌ په‌یوه‌ندیی و کۆنتاکتمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێت، لێک نزیک ببینه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر یه‌که‌ له‌ خاوه‌نی ئه‌و په‌یجانه‌، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ره‌وای نوێنه‌رایه‌تیی خۆمانیان پێبده‌ین و ببنه‌ نماینده‌ی ئێمه‌ له‌ فه‌یس بوکدا، ده‌بێت په‌یوه‌ندییمان پێوه‌ بکه‌ن، ده‌بێت ته‌نها وتار و نووسین و کاریکاتێره‌کانی ئێمه‌ بڵاوبکه‌نه‌وه‌، به‌ ئاره‌زووی خۆیان نووسین و کاریکاتێر و بابه‌تیی دیکه‌ دانه‌به‌زێنن. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای کردووه‌، که‌ له‌و ماوه‌یه‌دا نامه‌ی زۆر و په‌یوه‌ندییمان پیوه‌ ده‌کرێت، داوای روونکردنه‌وه‌ ده‌که‌ن، ره‌خنه‌مان لێ ده‌گرن سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێک کاریکاتێر، وتار و کۆمێنتاری نه‌گونجاو، که‌ له‌و په‌یجانه‌دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، یان وه‌کو کوردستانپۆست وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌، ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی کوردستانپۆستدا یه‌ک ناگرێته‌وه‌ و ئێمه‌ لێیان ئاگادار نیین.
به‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ دیسان رایده‌گه‌یه‌نینه‌وه‌، که‌ کوردستانپۆست  بۆ ئه‌مرۆ له‌ فه‌یسبوکدا بوونی نییه‌، هه‌ر کاتێکیش چالاکیی و په‌یجی خۆمان هه‌بوو، یان هه‌ر کام له‌و به‌ڕێزانه‌ بوونه‌ نوێنه‌ری ئێمه‌ ئه‌وا به‌ فه‌رمی رایده‌گه‌یه‌نین.