بانگەشەی هەڵبژاردن و یەکتر شکاندن بەشێکن لە مۆراڵی بۆرژوازیەت!

Friday, 25/04/2014, 12:00

1644 بینراوە



بانگەشەی پارتە ڕکابەرەکانی هەرێمی باشوری کوردستان، ڕۆژ بەڕۆژ ئاستی ڕق و کینە دەبەنە پێشەوە لە نێو خۆیان و لایەنگرانیاندا دژی ئەوی بەرانبەری ڕکابەری. گەمەی سیاسی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان بێت یان بۆ ئەنجومەنی شارەوانی یان ئەنجومەنی پارێزگاکان یان سەرۆکایەتی کردنی وڵات، وەک نەریتێکی باوی نێو سیستەمی سەرمایەداری بینراوە، لە ڕێگای سندوقی دەنگدانەوە، پارتە بۆرژوازی و ناسیۆنالیستیەکان لە جیهاندا، خۆسەپاندنەکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندوە.
بەرەی بۆرژوازیەت، لەکاتی دەنگدان و بانگەشەی هەرلایەنێک بۆخۆی، دێت پەنا دەباتە بەر خەڵەتاندنی جەماوەر، بۆئەوەی لەو ڕێگایەوە بەسەر ئەوی ڕکابەریدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. پارتە بۆرژواکان، هەمیشە خۆیان و نوێنەرەکانیان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگا نیشان داوە، بێ ئەوەی بەخۆیان بڵێن ئێمە سەر بە چینێکی جیاوازترین لە نێو کۆمەڵگادا. لەم ڕێگایەوە، ئەوان(واتە سەرجەم پارتە بۆرژوازیەکان و ناسیۆنالیستەکان تا دەگەن بە پارتە سیاسیە دینیەکان) نومایش کردنی درۆکانیان زیاتر دەکەن لەو ساتەوەختانەدا کە دەچنە قۆناغی دەنگدانەوە. دەنگدان وەک ئیشارەم پێدا، نەریتێکی باوی نێو سیستەمی سەرمایەداریە. پەرلەمانیش، وەک دەزگایەکی تایبەت کە تەعبیر لە دیموکراسیەتی ئەو سیستەمە بکات،داهێنراوە. بۆرژوازیەت، خۆی لە بنچینەدا قورساییەکی یەکجار زەبەلاحە بەسەر ژیان و گوزەرانی گشت کۆمەڵگاوە، چ جای ئەوەی لەنێو هەگبەی ئەودا دیموکراسیەت و بنەماکانی ئازادی بۆگشت کۆمەڵگا بوونی هەبێت. گەر چەوساندنەوەی چینایەتی بوونی نەبێت، لەکام لاوە چینێک دەبێت بەخاوەن گشت ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و لەولاشەوە چینێکی دیکەی کۆمەڵایەتی ناچار دەکرێت تەنها لەڕێگای فرۆشتنی هێزی بازویەوە ژیانێکی نەبژی نەبمری دابین بکات بۆخۆی و خانەوادەکەی؟ کەواتە لەمێژوی سیستەمی سەرمایەداریدا، گەر ئاستی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان نەبوایە دژی کۆی سیستەمی حاکم، ئەوکات، ژیان باشبونێک بۆ چینی ژێر دەست لەگۆڕێ نەدەبوو، چونکە خودی دەوڵەت، پێکهاتەیەک نیە بۆ دابین کردنی ئاسایشی گشتی ژیانی کۆمەڵگا، هێندەی وەک ئەو دیوارە قایمە دەبینرێت کە بوە بە پشت و پەنا بۆچینی دەسەڵاتدار لە کۆمەڵگادا. لێرەدایە، کە دەنگدان و پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا، هێندەی وەک چاوکوێر کردنێکی گشتی جەماوەر دەبینرێت، هێندە نەبوە بەو گەمەیەی کە ژیانی تێدا بەرەو باشتر بوون بردبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشت کۆمەڵگادا. چینی هەژارکراو،لەگەڵ چینی دەوڵەمەند، لە ئاسمانەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە،بەڵکو خۆی بەرهەمی نێو ئەو چەوساندنەوە بەردەوامەی دەوڵەتە، کە یاساو ڕێساکانی بەقازانجی پاراستنی گشتی ئەو چینە چەوسێنەرە داڕێژراوە.
لەنێو ئەو چینە دەسەڵاتدارەدا، هەمیشە ململانێی ناڕەوەا بوونی هەیە، ئەوان بەناوی دیموکراسیەت و ئازادیەوە، دەیان پارتی جۆراوجۆریان دامەزراندوە تا ئەوەی سەر لە کۆمەڵگا بشێوێنن و کۆمەڵگا بەتایبەتیش چینی چەوساوە نەی پەرژێتە سەرئەوەی کە خۆی بناسێت و چیتر بڕوا بەوی چەوسێنەری نەکات کە ئەو فریاد ڕەسیەتی.
پارتە بۆرژواکان ئیتر لەژێر هەر ناونیشانێکدا بن، بەشێکن لەو چینە دەسەڵاتدارەی، کە گەر ئەمیان بردیەوە و ئەویان دۆڕاندی، ناکاتە ئەوەی ژیان و گوزەرانی گشت کۆمەڵگا بەرەو ئایندەیەکی گەشتر و باشتر ببات، هێندەی ئەوەی تەنها دەموو چاوەکانی ئەم پارت دەگۆڕرێت بۆ هەندێک دەموو چاوی تر کە لەنێو پارتێکی ترەوە هاتوون. بەرەی بۆرژوازیەت، مەسەلەی یەکتر شکاندن و ئابڕوو بردنی ئەوی بەرانبەری وەک مۆراڵێک لێکردوە، ئێوە بیتەوە یادتان، لەنیو هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تا دەگات بە ڕۆحانیەکانی ئێران، ئەو پارتە ڕکابەرانە چی سوکایەتی نەما بەیەکتری نەکەن، ئەوەیش بە فەزڵ فرۆشی دیموکراسیەت و ئازادی دەربڕین.
بۆرژوازیەت، قازانج کردن و چەوساندنەوەی کۆمەڵگا، لای گەورەتین و بەنرخترین مۆراڵ و ڕەوشت بەرزیە، ئەوان گوییان لەوە نیە کە تۆ دوێنێ فاشیست بویت یان ڕاسیست یان سەلەفی، ئەوەی بۆ پاراستنی بۆرژوازیەت و چینەکەی گرنگە، ئاستی بردنە پێشی چەوساندنەوە و قازانجی زیاتر و هەڵخەڵەتاندنی زیاتری جەماوەری ژێر دەستیەتی،ئەمە گرنگترین و بەبەهاترین پرەنسییپی سیاسی و ئەخلاقی نێو سیستەمی بۆرژوازییە.
شکاندنی کاندیدەکان، لەنێو هەڵبژاردنی کاندید بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی ئەندامان بۆ پەرلەمانی ئێراق، هیچ کارێکی نامۆ نیە، چونکە، خودی پارتە ڕکابەرەکان، لە خاڵێکدا گرێدراوی یەکن، ئەویش، پاراستنی بنەماکانی سیستەمی بۆرژوازیەتە. بۆ گشت دەسەڵاتدارانی ئێراق و هەرێمی باشوری کوردستان،لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دەسەڵاتدارێتیاندا، توانیویانە کامە مۆراڵی مرۆڤ بوون بهێننە نێو کۆمەڵگاوە، بێجگە لە ئەتک کردن و دابەش کردنی کۆمەڵگای ئێراق نەبێت لەژێر ناوی تائیفی و مەزهەبی و قەومیدا؟
ئاخۆ جێگای شەرمەزاری نیە بۆ ئەو پارتانەی ئۆپۆزیسیۆن کە دوێنێ ڕەخنەیان لە دەسەڵات دەگرت و بەیانیش دەبێتە هەمان شەریکی ئەو دەسەڵاتەی ئەم دوێنێ ڕەخنەی دەکرد؟ بزوتنەوەی گۆڕان وەک بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی دیار لە هەرێمی باشوری کوردستاندا، ئێستا ئەو ڕکابەرە سەرەکیەیە لە مەیدانی سیاسیدا، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە، هێندەی ڕکابەری ئەو پارتەیە کە لێی هاتە دەرەوە، هێندە ڕکابەری پارتی دەسەڵاتدار یانی پارتی دیموکراتی کوردستان نیە، لێرەدایە کە ئاستی چەواشەکاری حەرەکەتی بۆرژوازیەت، چونکە ئەوان باش دەزانن، کە ناتوانن ڕکابەرێتی دەسەڵات بکەن، وەناشیانەوێت بنەماکانی چەوساندنەوە و دەسەڵاتدارێتی لە گۆڕ نێن، بۆیە، دەزانن، پارتی دیموکرات لەم نێوەدا ژمارەیەکی سەپێنراوە بەسەر پاراستنی پایەکانی دەسەڵاتدارێتیدا لە هەرێمی باشوری کوردستاندا، لەم ڕێگایەوە، بزوتنەوەی گۆڕان، دەبێتە جێگرەوەی یەکێتی لە نێو دەسەڵاتی ئایندەدا، وە دیسانەوە بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە، هەمان چەوساندنەوەی چینایەتی درێژەی پێدەدرێت. ڕەنگە وابزانن، کە فڵانە کاندید کوڕە هەژارە لە نێو گۆڕاندا و لەو ڕێگایەوە بڵێن ئەمان لەوان ناچن، دەکرێت جەماوەر بە ئاگا بێتەوە، کە لەنێو خودی بۆرژوازیەتەوە، شۆڕشی یەکسانیخوازی بەرپا ناکرێت، ئەو ئەندامە کە کوڕی کابرایەکی هەژارە، لە نێو پارتی بۆرژوازیدا، هێندەی خۆ خەڵەتاندن وخەریکی گیرفان پڕکردنی خۆی دەبێت، ناتوانێت لەوە زیاتر بکات بۆ ئەو خەڵکەی دوێنێ بانگی دەکردن تا دەنگی پێبدەن و ئەم دواتر ژیانی کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەکی باشتر دەبات.
یەکتر شکاندنی نێو پارتە بۆرژوازی و دینی و ناسیۆنالیستیەکان، کارێکی باشتریان پێ نیە، لەوەی زیاتر کە بێن و فڵانە کاندیدی نێو پارتی ڕکابەر بشکێنن و با بە خائینی نێو کۆمەڵگا بیناسێنن، خۆ دەشبێت هەروا بێت، گەرنا، خودی ئەو فڵانە کەسە خائینە، گەر لەنێو ئەم پارتەدا بوایە کە ئێستا دژایەتی دەکات، ئەوکات، بێدەنگ دەبوون لێی، ئاخۆ لەنێو بەرەی دەسەڵاتداردا چەند سەد کەسی فایلدار و ناپاک بە خوێندنەوەی زمانی بۆرژوازیەت بوونی هەیە؟ کەواتە بێدەنگە کردن لەوانە بەمانای چی دێت؟ جیاوازی چیە لە نێوان کەسێکی موستەشاری دوێنی کە بەشداری کردوە لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، لەگەڵ ئەو کەسەی کە هۆنراوەی بۆ ڕژێمی بەعس نوسیوە؟، ئەمە نەریتی باوی نێو پارتی بۆرژوای دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەکانە. ئاخۆ گەر ئەو کارەنەکەن، بێن باس لە چی بکەن؟ خۆ ئەوان نایەن باسی هەڵوەشاندنەوەی خاوەنداریەتی تایبەت بکەن، چ بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بێت یان ئەوانی کە لە دەسەڵاتدان تا ئێستا. شەڕ و ململانێی نێو باڵە بۆرژوازیەکان، شەڕێک نیە لە پێناو کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوەی چینایەتی، بەڵکو شەڕوململانێکانیان، بۆ گرتنی کورسی دەسەڵاتە، بەمەرجی مانەوەی چەوساندنەوەی زۆرینەی کۆمەڵگا.
بانگەشەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەمڕۆی هەرێمی باشوری کوردستان، گوێبیستی ئەو دروشمانە نابین کە بڵێن، سبەی کە چوینە دەسەڵاتەوە ئەوا کۆی دەسەڵاتی ڕابردوو دەخەینە نێو دادگای جەماوەری دەرئەنجامی ئەو کۆ کوشتارەی دوێنێ کە بەرهەمیان هێنا لە نێو جەنگی ناوخۆی ساڵەکەنی نەوەدی سەدەی ڕابردودا!؟ بانگەشەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن دروشمێکی تێدا نیە بڵێن سبەی دادگایی دەسەڵات دەکەین لەسەر کەیسی تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووسان سۆران و عەبدولستار و سەردەشت و کاوە گەرمیانی؟ دروشمی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، دروشمێک نیە بڵێن سبەی دادگایی ئەوانە دەکەین کە کۆمۆنیستەکانیان کوشت لە ساڵی دووهەزاردا؟دروشمی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، هەنگاوێکی تێدا نیە، بڵێن، سبەی ڕۆژ کۆتایی بەمەرگەساتی کوشتنی دوعاکان دێنین لە نێو عەقڵیەتی پیاوسالاری کۆمەڵگادا، کە بەرهەمی کارنامەی ٢٣ ساڵەی بەرەی بۆرژوازی حاکم بووە، کە بەهەزاران ژن خەڵتانی خوێن کران لەژێر پەردەی پاراستنی ناموسدا؟
ئاخۆ بۆبەرەی بۆرژوازی حاکم و ئەوی ڕکابەری ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا، لە هەڵخەڵەتاندنی زیاتری کۆمەڵگا هیچ کارنامەیەکی تریان تێدا دەبینرێت؟ بەهەدەر دانی سامانی گشتی کۆمەڵگا وەک چۆن ئەمڕۆ قۆرخ کراوە لە بندەستی پارتی بۆرژوازی حاکمدا، بەیەقینەوە لە سبەی ڕۆژی چونە نێو دەسەڵاتی ئەمی ئۆپۆزیسیۆنیشدا، هەمان چارەنووس دەبینرێتەوە، ئەویش قۆرخ کردن و هێشتنەوەی هەژاری و بندەستی بەشێکی کۆمەڵگا لەژێر دەستی ئەوانی حاکمدا. ئایندە دەتوانێت بانگەشە چەواشەکاریەکانی بەرەی بۆرژوازیمان زیاتر بۆ ڕوون بکاتەوە.
ڕزگاری کۆمەڵگای کوردستان لە ڕێی سندوقەکانی دەنگدانەوە ناکرێت، بەڵکو بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی یەکسانیخواز، کە کۆی سیستەمی بۆرژوازی لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە، دەتوانێت ببێتە دوا ئەلتەرناتیڤ بۆ سیستەمی چەوسێنەری نێو دەسەڵاتی دەرەبەگ-بۆرژوازی ئەمڕۆی هەرێمی باشوری کوردستان. پەروەردەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانە، باشترین ئەلتەرناتیڤە بۆئەوەی چیتر کۆمەڵگا بە سندوقەکانی دەنگدان چەواشەنەکرێن و بەئاگا بهێنرێنەوە لە ناسینی ئیرادەی سیاسی و بەرهەمهێنەرانەی ڕاستەقینەی تواناکانی خۆیان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە