پێویستە فاروقی مه‌لا مسته‌فا لە بەردەم دادگادا وەڵام بداتەوە، نەک لە خەنداندا

Wednesday, 27/08/2014, 12:00

3378 بینراوە


فاروقی مەلا مستەفا دزێکی زلە بۆیە ئەبێت درۆی زل بکات. وا دەزانێت ئەم خەڵکە لە گوێچکەی ئەودا نوستووە و بڕوا بە هەموو شتێک دەکات. فاروق بە هۆی دەستەڵاتی جەلال تاڵەبانییەوە بووە بە خاوەنی ٢،٧ ملیار دۆلار. فاروق کەسێکی وەکو بیل گەیتس نییە، کە بە هۆی داهێنانەوە زوو دەوڵەمەند بووبێت. داهێنانەکانی داهێنانی پارەی میللەتە نەوەک پڕۆژەی ئابوریی. سەرچاوەی پارەی فاروق بە پلەی یەکەم ئاسیا سێڵە. کۆمپانیایەکی لەم جۆرەش بە بێ دەستەڵات هەرگیز ناتوانرێت دابمەزرێت. خۆی لە ژێر لێوەوە بۆ سایتی خەندان زانیاری داوە و ددان بەم راستییەدا دەنێت.
خەندان دەنووسێت:
"ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی كه‌ له‌ ساڵی 1968ه‌ وه‌ دۆستایه‌تییان هه‌بووه‌ پشتیوانی ته‌واویی لێكردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كانی و حكومه‌تی هه‌رێمیش رێگری له‌ پڕۆژه‌كانی نه‌كردووه‌."
هەموو کەسێک دەزانێت کە لە ناوچەی (یەکێتی تاڵانیی کوردستان) ئاسیا سێڵ هەیە و لە ناوچەی (پارتی نیشتیمانفرۆشی کوردستان)یش کۆرەک هەیە، (ئاسیا سێل) هی تاڵەبانی و مافیاکەیەتی، (کۆرەک)یش خاوەنەکەی مەسعود بارزانییە. فاروق دەستکەلای ماڵی تاڵەبانییە و خۆشی بێگومان لەم رێیەوە بووە بە خاوەنی ئەو هەموو پارەیە. بە حوکمی دەستەڵاتی یەکێتی و بە قودرەت و توانای دزێتیی فاروق هەموو رێگایەک لە بەردەمیاندا تەخت بووە ، دیارە لە دوکان پڕۆژەی گەشتیاریش دەکەنەوە، کارگە دادەنێن، هەموو پارەی بانکەکانیان تاڵان کردووە بە ناوی قەرز و تەڵەکەبازیی ترەوە. هەرچی زەوی حکومەت هەبوو لەسەر خۆیان تاپۆ کرد. ئیتر دەستەڵاتێک و بازرگانێک کە هەرچی رەوشت بێت نەیان بێت و پارەیەکی زۆر بکەوێتە بەردەمیان، دەبێت  لەوە کەمتر چی بکەن؟

یەکێک لە پڕۆژەکانی  فاروق مەلا مستەفا خەستەخانەکەی دوکتور ئومێد بوو کە پیاوێکی بەعسیی و خائین بوو، هەر بۆیەش لایان شیرین بوو. چونکە دەستەڵاتی کورد خۆی خائین و وڵاتفرۆشە و پەیوەندیان هەمیشە لەگەل دوژمنی کورددا باش بووە. نموونەیەک بەردانی تاریق رمەزانی تەیارەچیی بوو کە هەڵەبجەی بۆمباباران کرد. پڕۆژەیەکی تری هۆتێلێکی بەرزە کە بە ٢٦٠ ملوێن دۆلار کراوە ئێستا بووە بە سیمبۆلی دزیی و فەسادی لە سلێمانی. تاڵەبانی بە ناوی فاروقەوە کارگەی چیمەنتۆی سلێمانی کە هی حکومەت بوو گوایە دەیکات بە کەرتی تایبەت، ئەمەشیان فرۆشت بە فاروق. جگە لەمە بە ناوی فاروقەوە چەندەها پڕۆژە بە نایاسایی کراوە.

خەندان دەنووسێت کە زیاد لە ٤٠ هەزار کەس لە کۆمپانیاکانی فاروقدا کار دەکەن، خەندان بۆ خۆی یەکێکە لەو سایتانەی دەستەڵاتدارە دزەکان، بۆیە وامان پیشان ئەدات کە دەبێت ئێمەی هاوڵاتیی و گەلی کورد زۆر مەمنون بین چونکە ٤٠ هەزار کەس لای فاروق کاردەکەن. بێگومان هەر کەسێک کارگەیەک بکاتەوە ناچارە خەڵک ئیشی بۆ بکات خۆ خێریان پێ ناکات، خۆ خۆشی ناتوانێت لە جیاتی ٤٠ هەزار کەس کار بکات.

خەندان دەنووسێت فاروقی مه‌لا مسته‌فا ناسراوه‌ به‌وه‌ی له‌ بواری خێرخوازیدا ده‌ستێكی باڵای هه‌یه‌ و له‌ وه‌سێتنامه‌یه‌كدا بۆ خێزانه‌كه‌ی داوای لێكردون به‌ هه‌مان رێگه‌ی خۆی بڕۆن و به‌شێكی سه‌رمایه‌كه‌ی بۆ كاری خێرخوازی ته‌رخان بكه‌ن.
ئه‌و ده‌ڵێت:‌ "چه‌ندین رێگام هه‌یه‌ بۆ كاری خێرخوازی و وه‌سێتی من بۆ خێزان و منداڵه‌كانم ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌مان رێگادا بڕۆن، چونكه‌ كفن نه‌ قاسه‌ی هه‌یه‌ و نه‌گیرفانی هه‌یه‌."

ئەم دەستە باڵایە کامەیە؟
خەندان ئەیەوێت فاروق بکات بە پیاو چاک، نازانن کە لەم هەموو پارەیەی کەوتۆتە بەردەستی ئەگەر بەشی خەلک بدات ئەوە سوکایەتی و ئیهانەیە بۆ ئەو کەسانە. خەلک بۆچی وای لێ بێت چاوی لە دەستی فاروق و ئەم و ئەو بێت، لەو پارەیەی پێ بدرێتەوە کە موڵکی گەلە و ئەمان دزیویانە؟

فاروق داخستنی هوتێل دەخاتە ملی داعش بەلام هۆی داخستنی ئەوەیە، کە پڕۆژەکەی فاشیلە و لە بەر زۆری پارە کە کەوتۆتە بەر دەستیان یاری و شەپ شەپێنی پێدەکەن. فاروق بە پارەی ئەو گەلە، ٢٦٠ ملیۆن  دۆلاری داوە بە تەلارێکی بەرز لە سلێمانی، ئەمە لە کاتێکدا دیواری روخاو لە قوتابخانەکان منداڵ دەکوژێت، مامۆستا و پێشمەرگە موچەیان نییە، چەند قوتابخانە لە یەک خانوودا دەوام دەکەن.

فاروق یەکێکە لەو کەسانەی، کە دەستەڵاتی ناپاکی کوردی بەکاری هێناوە بۆ پارەلادان و دزێتی، ئەم فاروقە یەکێکە لەو نمونانە، کە دەستەڵاتدارەکان کاریان پێدەکەن و کارگەیان بۆ خۆیان پێ دروست دەکەن. ئەم کێشەیەش بە نووسین ساغ نابێتەوە، هەر کاتێک ئەم دەستەڵاتە نەما پێویستە ئەمانە لە بەردەمی دادگادا وەڵام بدەنەوە. دەوڵەمەندبوونی ئەمانە زۆر زۆر لەسەر گەلی کورد و پاشەڕۆژی کەوتووە بە جۆرێک پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت، کە ئەمانە دەبێت ریسوا بکرێن نەک بە شان و باڵیاندا هەڵ بدرێت.

http://www.xendan.org/dreja.aspx?Jmara=6452&Jor=1

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە