سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


لە نیوان سۆرانی مامە حمە و مامە ڕیشەدا

Saturday, 21/07/2012, 12:00

1534 بینراوە




بە بۆنەی چوار سالأ بەسەر شەهیدكردنی (سۆرانی مامە حمە) بەپێویستی دەزانم بەروادێك لە نێوان ئەو (مامە ڕیش)دا بكەم. دیارە مامە ڕیشە كە بە چەك خەباتی ئەكرد دژی زوڵم و زۆرداری بەعسیەكان و جاش و خائینەكان و ئەو قارەمانە بوێرەی گەرمیان و كەركوكیش بوو كە لە هەركوێوە دەركەوتایە دووژمن زەندەقی لێی دەچوو و هەڵ ئەهات و خۆی لەبەردمیدا بۆ ڕانەدەگیرا، مامە ڕیشە لە پێناو ئازادی بۆ گەلەكەی و رزگاركردنی كەركوكە داگیركراوەكەی هەمیشە لەسەنگەری دژ بەڕژێمی بەعسدابوو و زەبری كوشندەی لە دووژمن ئەوەشاند. داگیركەرانی بەغدا زۆریان هەوڵدا مامە ڕیشە لەناو بەرن ، بەڵام نەیتوانی لەناوی بەرێت، كەچی جاشێكی ئەنفالچی كورد كوژی خائینی مێژووی كوردایەتی بەپلانێك كە گومان دەكرێت دەستی خائینەكەی 66 تێدابووبێت شەهیدكرا و بۆ هەتا هەتایە ماڵ ئاوای لە خەڵكی كەركوك و كوردستان كرد. دواتر ئەو جاشە ئەو خائینە كە مامە ڕیشەی شەهید كرد وەكو كوڕی گەورەی سەرۆكی هەزار مێردەكەی بارزان دەركەوت و ئێستا شەهیدی سەركردەی ئەو بنەماڵەییە و شەهیدانەكەیشی لە شەهیدانەكەی مامە ڕیشە زۆرترە.
سۆرانی مامە حمە كە بە پێنوسەكەی دەستی خەباتی بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر خاكی كوردستان دەكرد و بە بوێرانە و بەبێ هیچ ترسێك لە ڕیگای بابەت و نوسین و ڕاپۆرتەكانی پەردەی لەسەر ڕووی راستەقینەی هەندێك لە بەرپرسە مافیا و شەرواڵ پیس و دەست پیس و چەتە و رێگرەكانی بنەماڵەی هەزار مێردەكە و تاڵەبانی هەڵ ئەدایەوە كە لەبری ئەوەی نمونەیەكی جوان پێشكەش بەوشارە بكەن، كەچی ئەو شارەیان لەوتاند وگڵاویانكرد و لەبری سڕینەوەی ئاسەواری داگیركاری بەعسیەكانی سەدام خۆیان بوون بەداگیركەر، چەتەكانی ئەو دوو بنەماڵە خۆفرۆش و كورد فرۆش و خاك فرۆشە ئەو شارەیان تاپۆكرد بەسەر خزم و كەس و كارەكانی خۆیاندا و كوچە و كوڵانەكانی ئەو شارەیان برابەشكرد ە. دڵنیام شەهید سۆران چاوەڕێی ئەوەبوو كە پاشماوەكانی سەدام تیرۆری بكەن و بە دووژمنی خۆیانی بزانن. كەچی دەستی ڕەشی بنەماڵەی خائینی هەزار مێردەكە جەستەی كاكە سۆرانی خوێناوی كردو و تیرۆریانكرد و بۆ هەتا هەتایە ماڵ ئاوی لە كەركوك و كوردستانیان وهاوڕێكانی كرد. بكوژەكانی شەهید سۆران بە هەمان شێوەی بكوژەكانی مامە ڕیشە لە بری سزا خەڵات كران و سەرۆكی باندە تیرۆریستیەكە كە كوڕی سەرۆكی بنەماڵەی هەزار مێردەكەیە كرا بە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و بەو شێوەیە خەڵات كرا.
جیاوازی لە نێوان شەهیدی قارەمانی گەلەكەمان مامە ڕیشە و شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حمە ئەوەیە كە مامە ڕیشە لەڕیگای چەكەوە خەباتی بۆ رزگاری شارەكەی و گەلەكەی و ئازادی بۆ كوردستانەكەی دەكرد، سۆرانی مامە حمەیش بە قەڵەم خەباتی دەكرد بۆ رزگاركردنی شارەكەی و ئازادی بۆ كەركوك و بۆ كوردستانە فرۆشراوەكەی. مامە ڕیشە و سۆرانی مامە حمە مێژوویەكی پرشنكداریان بۆ خۆیان و گەلەكەیان تۆمار كرد و لەناو دڵی هەموو ئینسانێكی ئازادیخوازدان. بكوژەكانی هەردووكیان لە مێژوودا ناویان لە سەروی ناوی هەموو ئەو كەسانەیە كە ناپاكیان لەگەلەكەیان و نیشتمانەكەیان كردووە. لە كۆتایەدا سەر شۆِری بۆ جاش و خائینەكانی ئەو دوو بنەماڵە كە دەستیان سورە بە ڕشتنی خوێنی هەردوو شەهید مامە ڕیشەو سۆرانی مامە حمە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە