قایمقام، تۆمەتبارێكى پاڵەوان

Thursday, 19/04/2012, 12:00

2674 بینراوە






من ناڵێم زانا حەمەساڵح تاوانبارە، چونكە بەپێى یاسا هیچ كەس تاوانبار نییە، تاتۆمەتەكەى لەسەر ساغ نەبێتەوە،بەڵام بەدڵنیاییەوە دەڵێم لە%95و بگرە زیاترى بەرپرسانى ئەو هەرێمە بەگەندەڵى تێوەگڵاون، بەڵام ئەمان هەمویان لەسەرووى یاساوەن، هەربۆیە یاسا لەوان بێبەریەو ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكات.
من لەم بابەتە هیچ قسەیەكم لەسەر ئەوە نییە كە زاناى حەمە ساڵح گەندەڵە، چونكە بەهەر جۆرێك بێت و لەژێر هەر پاساوێك بێت نەیان هێشت بگەین بەحەقیقەت، بەڵام ئەوەى كەدەمەوێت قسەى لەسەر بكەم ئەوەیە كەلەم هەرێمەى ئێمە كەسانێك هەن بەقودرەتى قادر دەبن بەپاڵەوان ، یاخود دەكرێن بەپاڵەوان زاناى حەمە ساڵحیش یەكێكە لەو نمونانە.
من لەم نوسینەدا چەند گریمانەیەك دەكەم ، بۆ بوون بەپاڵەوانتیەكەى قایمقام
گریمانى یەكەم، ئەگەر زانا لەزینداندا خۆى خنكاندووەو خۆخندكانەكەشى لەبەر ئەوەبووە، كەدەوترێت ئیعترافى لەسەر چەند بەرپرسێكى مافیا و گەورە كردووەو ، لەترسى ئەوەى نەبادا ئەو بەرپرسە باڵاو گەورەمافیانە ئەشكەنجەى بدەن، ئەوە زانا پیاوێكى بەهەڵوێست و تۆمەتبارێكى پاڵەوانە.
گریمانى دووەم، ئەگەر زانا حەمە ساڵح لەبەرئەوە خۆى خنكاندووە كەتا دوێنێ لەوپەڕى رەفاهیەت ژیاوەو، ئازارو ئەشكەنجەى زیندانى پێ قەبوڵ نەبووە، ئەمەش هەڵوێستێكى جوانە.
گریمانى سێیەم، ئەگەر قایمقامى خوالێخۆش بوو ، لەبەرئەوە خۆى خنكاندووە كەنەیوویستووە، جارێكى تر بەشەرمەزارى بگەرێتەوە ناو كۆمەڵگا، ئەمەش هەڵوێستێكى جوانە.
گریمانى چوارەم، ئەگەر زاناى كۆچ كردوو لەبەرئەوە خۆى خنكاندووە، كەنەیوویستووە جەلادەكانى زیندان ئەشكەنجەى بدەن و بەئازارو ئەشكەنجە ئیعنرافى پێبكەن ئەمەشیان هەڵوێستێكى مەردانەیە.
گریمانى پێنجەم، ئەگەر زاناى جوانە مەرگ لەبەرئەوە خۆى خنكاندبێت كەنەیوویستووە ئیعتراف لەسەر هاورێ گەندەڵەكانى بكات و ناویان بەخراپ ببات ئەمەش هەڵوێستێكى ئینسانى یە
گریمانى شەشەم: ئەگەر وەك دەوترێت زانا بەفەرمانى ئەو بەرپرسە گەندەڵانەى كەترسیان لەوە هەبووە زانا ئیعترافیان لەسەر بكات و ناوی ئەوانیش بدات هەر بۆیە لەزیندان خنكاندیان ، ئەوە زانا تۆمەتبارێكى جوانە.
لەكۆتایشدا دەڵێم زانا خۆى خنكاندبێت یان خنكێنرابێت مێژووى بۆخۆى تۆمار كردوو خۆى لەتۆمەتبارەوە كردە پاڵەوان، ئەوانەى لەرۆژى دەستگیركردنى زانا دڵخۆش بوون بەوەى تۆمەتبارێك دەچێتە بەردەم دادگاو پەڵكێشى دادگا دەكرێت، بەڵام مردنەكەى بەهەر جۆرێك بێت زاناى لەبەرچاوى هەموومان جوان كردو لەتۆمەتباریەوە كرد بەپاڵەوان، دەئێوەیش مەرد بن وەك زانا بۆخۆتان مێژوو تۆماربكەن و بەرلەوەى بچنە بەردەم دادگا خۆتان بكوژن.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە