خۆشەویستی و وەفا، کەی؟

Friday, 12.26.2014, 12:00

1180 بینراوە


نەخۆشیی (خەڵەفانی پیری) ، بەتایبەتی جۆری (ئەلزهایمە رAlzheimer) لە دواقۆناغەکانیدا وا لە نەخۆشەکە دەکات ئیتر کەسە نزیکەکانیشی نەناسێتەوە . پیاوێکی بەساڵاچو ژنەکەی توشی (ئەلزهایمەر) دەبێت و چیدی ناتوانێ بەتەنیا بەخێوی بکات و ناچاردەبێت بیگوازێتەوە بۆ (ماڵی پیران) و ئیتر لەوێ بژی و چاودێریی بکرێت . بەڵام پیاوەکە زوزو سەردانی دەکات و پێویستیەکانی بۆ دابین دەکات و ناهێڵێ بێئەوی پێوە دیاربێت. پیاوەکە ڕۆژێک بەرەو لای ژنەکەی دەچێت لە ڕێگا توشی چەند هاوڕێیەکی دەبێت دەزانن ژنەکەی توشی ئەلزهایمەر بوە و هاوڕێکەیان ناناسێتەوە، پێی دەڵێن لە بری ئەوەی بچیت بۆ لای ژنەکەت کە ناتناسێتەوە ، وەرە لەگەڵمان با پیاسەیەک بکەین و دواتر پێکەوە قاوەیەک بخۆینەوە ، مێردی ژنەکە بە بڕێک دڵتەنگی و ڕەخنەئامێزەوە پێیان دەڵێ ڕاستە هاوژینەکەم ئێستا بەهۆی ئەلزهایمەر ەوە من ناناسێتەوە بەڵام من ئەو دەناسم و دەیان ساڵ لەگەڵی ژیاوم و دەزانم کێ بوە و چۆن مرۆڤێک بوە! نەخۆشی و لێقەومان و کەمئەندامی و لەناوجێکەوتنی درێژخایەن هەتا دەگاتە مردن چەند ئەگەرێکن لە هەر کەس لە هەر تەمەنێکدا بۆیان هەیە ڕوبدەن، بەڵام وردە وردە بە هەڵچونی تەمەن ئەگەرەکانی پوکانەوە و پڕوکان و تێکشکانی ئەندامەکانی جەستە و لەکارکەوتنیان و ئێش و ئازار بەگشتی زۆرتر دەبن، (عومەرخیام)ی شاعیری فارس لە پەیوەند بەم بابەتەدا دەڵێت: کە جەستە ئاوا تێکشکا و درز و کەلێنی تێکەوت و نەیتوانی ڕۆح بپارێزێ، ئیتر ڕۆحیش بێزاردەبێت و خۆی دەرباز دەکا و جەستە بەجێدێڵی! زۆرجار کەسانێک دەبینین دەڵێن ناتوانین بچین بۆ لای وانێک خزم یاهاوڕێی نزیکمان چونکە نەخۆشی و پیری وا زەلیلی کردوە کە دڵمان بەرایی نایەت و تەحەمولی بینینیان ناکەین بەم ئێش و ئازار و پەکەوتەییەوە، بێگومان ڕۆژانی هەڕەتی لاویی ئەوکەسانەیان دێتەوە یاد چۆن جوان و بەهێز و خورتبون و ئێستاش نەخۆشی و پیری چیی پێکردون. بەڵام ئەو جۆرە کەسانە دڵنیا دەکەمەوە مرۆڤ ڕێک لەو کاتە تەنگانانەدا کە لە سەرەمەرگدا دەگاتە لوتکە، کاتێک کە ڕۆح و دوایین هەناسەکان خەریکن ماڵاوایی لە جەستە دەکەن،با! مرۆڤ ئا لەو کاتانەدا لە هەمو کات زیاتر پێویستی بە خۆشەویستانی هەیە لە کەسی نزیک و هاوڕێ و دۆست و... کە بەتەنیا جێینەهێڵن و بە دەوریەوەبن و بە ڕویەکی خۆش و بە زمانێکی نەرم و گەرم و پڕسۆز هەر قسەی لەگەڵ بکەن و دەستی بەنازەوەبگوشن و بشێلن ودەستبێنن بە سەر و ڕومەتیدا و چاوی هاوسۆزی و هاوئازاریان ببڕنە چاوی کەسەکە کە لە سەرەمەرگدایە، وە لە ژێر سەرپەرشتی دوکتۆردا هەوڵبدرێ بە دەرمانی ئێشبڕ کەسەکە بە بێ ئازار ڕوبەڕوی مەرگ بێتەوە. لە پەیوەند بە ئەڵزهایمەر ەوە ڕاستە لە دوا قۆناغەکانیدا کەسەکە زۆربەی هزر و زیرەکی و یاداوەریەکانی لەدەستدەدا و کەسە هەرە نزیکەکانیشی ناناسێتەوە، بەڵام هێشتا لە ڕوی هەست و سۆز و عاتیفەوە هەستیان تێداماوە و دەبێت بەردەوام لەگەڵ ئەم لایەنەی کەسێتیان لە پەیوەندیدا بمێنینەوە و بەتەنیا لەگەڵ ترس و نیگەرانی و غەمەکانیان جێیان نەهێڵن. دەبێت لەم کاتە فرەهەستیارەدا کە سۆز و خۆشەویستی و بەزەییمان بەرامبەر کەسەکە لە هەڵچون و جۆش و خرۆش و هەژاندایە، هەوڵبدەین ئارام وخۆڕاگربین و کۆنترۆڵی خۆمان بکەین و هەر ئەوەندە هەستەکانمان دەربڕین کە بۆ کەسەکە باشە و ئارام و ئەرخەیانیان دەکات.
ئەو هەموە پرسە و شیوەنەی بۆ کەسەکە دەکرێت دوای مردن هیچ سودێکی پێدەگەیەنێ؟




(دەنگدراوە: 0)