راستی فەرموو مەجلیس قیادە سەورەیە

Friday, 17/07/2009, 12:00

1872 بینراوە


نەك هەر نەوشیروان مستەفا، بەڵكو دەمێ ساڵە ئەم میللەتە چەوساوەیەی دەستی ئەو دوو حزبە وتویانە یەكێتی و پارتی سیناریۆكەى بەعس دوبارە دەكەنەوە، بەڵام بەشێوازێكی نوێ و جیاواز، لەژێر پەردەى دیموكراسی و مافی چارەى خۆنوسین و حوكمی زاتی و پیرۆژی نەتەوەیی و رابوردووەوە.
18 ساڵە ئەپرسین ئەرێ تاكەى دەڵێن حكومەتەكەمان ساوایە؟، بۆ شەڕى یەكتركوژی دەكەن؟، ئەرێ هەموو بڕیارەكانی شەڕو ئاشتی لەژێر پێ تاڵەبانی و بارزانیدا نەبوون؟، كەواتە راستە ئەو دوو زاتە سەرۆكی مەجلیس قیادە سەورەن.
ئەدى مەجلیس قیادە سەورە چۆنە، كە لەكۆبوونەوەى مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیدا هەر شتێك مام و كاك بیڵێن هەموو ئەندامان چەپڵەی بۆ لێدەدەن و قسەو بڕیارەكانیان رەتناكرێنەوە!، ئەرێ توخودا راست بڵێن وانییە؟.
تاڵەبانی لەنوێترین لێدوانیدا بۆ ژنانی حزبەكەى، رایگەیاند كە پێویستە ژنان هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی بە تواناى خۆیان بێنە نێو سەركردایەتی یەكێتییەو ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە كە بووەتە عەیبەیەك بۆ یەكێتی، كەچی لەكۆنگرەى پێشووی حزبەكەیدا بە بڕیارو ویستی شەخسی خۆی چەند مەكتەب سیاسییەكى نوێی هێنایە پێشەوەو چەندی تری دوبارە دەستنیشانكردەوە، بێ ئەوەى بە هەڵبژاردن و دەنگی ئەندامانی كۆنگرە هەڵبژێردرێن، كەچی هەموو ئەندامانی كۆنگرە بە چەپڵەرێزان پێشوازیان لەو بڕیارە تاكڕەوییە كرد، ئایا ئەمە لاساییكردنەوەى مەجلیسی قیادە سەورەو كابرا نییە؟، جگە لەوە با بپرسین، ئەگەر تاڵەبانی لەگەڵ ژناندا راست دەكات و راست دەفەرموێت بۆچی لەكۆنگرەى پێشوودا لەو چەند مەكتەب سیاسییەى كە بە دەستی خۆی دەسنیشانی كردن، دوو ژنی دەسنیشان نەكرد بۆ مەكتەبی سیاسی؟، خۆ دەیتوانی...
ئەگەر مەجلیسی قیادە سەورە نییە، بۆچی هێزی پێشمەرگەو تەواوى فەرماندەیی و رێكخستنەكانی پێشمەرگە لەدەستی هەردووك تاڵبانی و بارزانیدایە؟، بۆچی 30 ساڵە هەر خۆیان سكرتێرن؟، بۆچی بودجەو گیرفانی كوردستان و حزبەكانیان هەر لەباخەڵی خۆیاندایە؟، خۆ كابراش هەروابوو.
هەندێ كەس دەڵێن نەوشیروان مستەفا ئەگەر مەكتەبی سیاسی یەكێتی مەجلیس قیادە سەورە لەقەڵمداوە، واتا تاڵەبانی بە سەدام شوبهاندووە، كەواتە خۆیشی عیزەت دوورییە، بەڵام دەبێت باش بزانین عیزەت دوورى دەوری فلتەرى جگەرەشی نەبووەو هەموو شت بەدەستی سەدامی سەرۆكی بووە، ئەگەر وانییە فەرموون دەست لەئیمتیازاتی بنەماڵەیی و شەخسی و كورسیپەرستی بهێنن، بۆ ئەوەى بە مەجلیسی قیادەى سەورە ناونەبرێن.
هەمیشە دەیدەن بە گوێماندا (گەندەڵی هەیە، گەندەڵی هەیە، گەندەڵی هەیە،..)، كەچی ئامادەش نین چارەسەرى بكەن و شەڕى دەروونیمان لەگەڵ دەكەن، ئێمە دەزانین هەر ئێوە (مام و كاك) دەتوانن چارەسەری دۆخەكە بكەن و گەندەڵی و فەوتاندنی سەروەتی میللەت كەمبكەنەوەو نەیهێڵن، ئیتر تاكەى؟ چاوەڕێی چی دەكەن؟!.
تازە بەتازە هەردووك بارزانی و تاڵەبانی دێن پیرۆزی رابوردوو و بازرگانی ناسیۆنالیستیمان پێ دەفرۆشنەوە، بیریان چووەتەوە كە ئەمرۆ سەردەمی تەكنەلۆژیاو عەولەمەیە خەڵك پێویستی بە ژیان و كارەباو بژێوی و خزمەتكردنە، نەك سەردەمی بەعس و سەدام و ئەنفالمان بیر بخەنەوەو دەتانەوێ لەسەر عاتیفەى ئێمە جێی كورسی و دەسەڵاتەكانتان گەرم و خۆشتر بكەن، ئەمەى ئێوە دەیكەن سروشتی كەسە دیكتاتۆرو تۆتالیتێرەكانە كە هەمیشە بە عاتیفەو بیرخستنەوەى سەروەرى نەتەوەی و جوانی و ناشرینییەكانی رابوردوو خۆیان جوان دەكەن، نەخێر كاكی سەركردەكان بەسە ئیتر واز لەو فرتوفێل و بازرگانیكردن و داگیركردنی ملیارەها دۆلارى جەماوەر بێنن، چیتر خەڵك لێتان گەیشت و باشتان دەناسنەوە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە