بە ڕێبازی بارزانی ئەزموونی ڕۆژئاواش تێک مەدەن...!

Sunday, 19/10/2014, 12:00

1769 بینراوە






لەگەڵ ئەوەدا پەرلەمانی باشووری کوردستان، دوای دەبێ و نابێیەکی زۆر سەرئەنجام بەپاڵیش بێت، بڕیاری بەفەرمی ناساندنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای پەسەندکرد، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەم بڕیارە لاستیکی و تەمومژاوییە، ‌لەسەر ئاستیی کرداریش پێناچت کاروبارەکان سەبارەت بەم پرسە بە ئاراستەیەکی باش و درووستدا بچن. چونکە مامەڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا، لەبناغەوە لەسەر بنەمای پشتگیریی و هاوکاریی نییە. بەڵکو بنەمای دەستوەردان لەکاروبارەکانیان و سەپاندنی مۆدێلی دڵخوازی خۆیان لەبەێوەبردنی دەسەڵاتدایە.
بەدرێژایی پتر لە بیست ساڵی تەمەنی قەوارەی سیاسیی باشووری کوردستان، هیچکات پارت و لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی تری کوردستان، ئەو مافەیان بەخۆیان نەدا دەست لەکاروباری باشووری کوردستان وەردەن، و مۆدێلێکی دیارییکراو لەبەڕێوەبردنی دەسەڵات بەسەر باشووری کوردستاندا بسەپێنن و بیکەنە مەرجی هاوکاریی و پشتگیریی. و تەنانەت لەسەردەمی شەڕوو پێکدادانە ناوخۆییەکانیشدا هیچ لایەنێک قەوارەکەی نەکردە ئامانج و ئەگەر باوەڕو بۆچوونی جیاوازیش هەبووبێت تەنیا بەڕەخنە سنووردار بووە. بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان، لەڕێگای ئەو کۆمەڵە پارتە بچووکەی ناسراو بە (ENKS) ، کەتەواوی سەرکردەو زۆربەی هەرەزۆری ئەندام و لایەنگرانیان لەهەولێر دادەنیشن و پەیڕەوی ڕێبازی بارزانین، و بەدرێژایی ئەم دووسێ ساڵەی شەڕو هێرشی گروپە جۆربەجۆرەکان بەداعشیشەوە بۆسەر ئەم بەشەی کوردستان هەرگیز فیشەکێکیان لەبەرگریی کوردستاندا نەتەقاندو، بەپێچەوانەوە، بەپشتیوانی پارتی و فەرمان و هاندانی ڕاستەوڕاستی تورکیا، بەردەوام هەوڵیاندا هەرەس بەم دەسەڵاتە بهێنن. جارێک گووتیان ئەمە دەستکردی ڕژێمەکەی ئەسەدە، وجارێکی تر گووتیان ئەمە یاسایی نییە... و دوای ئەوەی گشت ئەم هەوڵانە سەرنەکەوتن و دەسەڵاتی خۆسەریی ڕۆژ بەڕۆژ گەشەسەندووتر بوو، و دواتریش خۆڕاگریی کوبانێی بەسەردا هات، ئەمجار هاتن و بەرلەوەی بەتەواوی بەڕەکە لەژێر پێیان بێتە دەرێ. کەوتنە داخوازی بەشکردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا. ئەمە لەحاڵێکدا تەواوی نەتەوەی کورد دەزانێ ئەزموونی شکەستخواردووی پەنجا بەپەنجا، چ ئاکام و کارەساتێکی لەباشووری کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، کە هێشتاش پاشماوەی ئەم ئاکامە خراپانە هەر نەسڕدراونەوە.
لەمیانی تەواوی ئەو گفتوگۆیانەی لەپەرلەمان سەبارەت پەسەندکردنی بڕیاری بەفەرمی ناساندنی کانتۆنەکان بەڕێوەچوو. گشت ئەندامانی سەر بە فراکسیۆنی پارتی، بەزمانی مەرجدانان و ڕەشکردنی بەڕێوەبەرایەتی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان و سەپاندنی مۆدێلێکی سیاسیی دیارییکراو قسەیان کردو پێشووترو ئێستاش لەسەر ئەم ڕەفتارەیان هەر بەردەوامن.
پارتی، مۆدێلی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەباشووری کوردستان وەک باشترین و سەکەوتووترین مۆدێل پێناسەدەکات و پێشی وایە تەواوی هاوکارییە دەرەکییەکان پەیوەستەی ئەو مۆدێلەو ئاستی پەرەسەندنی دیموکراسییە لەم هەرێمەدا. پێشنیازیش دەکات، بۆئەوەی ڕۆژئاوای کوردستانیش ببێتە خاوەن پشتیوانی نێودەوڵەتیی و بەلوتکەی سەرکەوتن بگات دەبێ شوێنپێی باشوور هەڵگرێت و لاسایی ئەوان بکاتەوە.
ئەم بیروبۆچوونانە، لەچەند ڕوووە سەرتاپا هەڵەو ناتەواو، و نیشانەی بێئاگایی لەسیستەمی سیاسیی جیهان و فاکتەرە کارییگەرەکانی پەیوەندی دیپلپۆماتیکی وهاوکاریی نێودەوڵەتیین.
خۆزگە پشتیوانیی و هاوکاری دەرەکی پەیوەستەی ئاستی پەرەسەندنی دیموکراسی بووایە. بەڵام بەداخێکی گرانەوە وەها نییە. و سیستەمی سیاسیی جیهان بەهیچ شێوازێک کار لەسەر ئەم بنەمایە ناکات. دەنا ئەگەر وابووایە، هیچکات نەدەبوو هاوکاریی و هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتێکی وەک عەرەبستانی سعودی گرێبدەن. و ئەمەریکاو بەگشتیی خۆرئاوا هاوکاری وڵاتانی وەک: سۆمال، مالی، نێجیریا، کامیرۆن، ئەفغانستان، پاکستان، یەمەن... دەکەن، نەک لەبەر ئەوەی ئەمانە دیموکراسین، بەڵکو بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئەمەدە خوازێت. و هەرکات بەرژەوەندییەکانی هەردوولا کەوتنە سەر یەک هێڵ ئەوە هاوکاری درووست دەبێت. پێچەوانەکەش نا.
جگە لەمە گشت حزبەکانی باشووری کوردستان، بەڵام بەتایبەتی پارتی، وەک نەریتێکی حوکم و دەسەڵات لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەرئەمە پەیڕەوی لەدیموکراسی ناکەن، چونکە سەرکەوتووترین شێوازی حوکمەو لەم ڕێگایەوە، بەباشترین شێواز مافەکانی خەڵک دەپارێزرێت، و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەچەسپێت و پێکەوەژیان و بەگشتی ژیانێکی شایستەی مرۆڤایەتی دێتە ئاراوە. بەڵکو بەپلەی یەکەم بۆ ئەوەی خۆیان نیشانی دەرەوەبدەن و بڵێن: ئیمە دیموکراسین.! ئەوان خەمی ئەمەیان نییە لەپەیڕەوکردنی حوکم و دەسەڵاتدا خەڵکی خۆیان چۆنیان هەڵدەسەنگێنن. بەڵکو تەنیا ئەم دیمەنەیان بۆ گرنگە کە نیشانی دەرەوەی بدەن. بەواتایەکی دیکە خۆیان بەمەوە هەڵناکێشن کە چیان بۆخەڵکی خۆیان بەرهەم هێناوە، بەڵکو دڵیان بەو ستایش و پێداهەڵگوتنانە خۆشە کەلەدەرەوەڕا دێن. و لای ئەوان ئەمە تەنیا پێوەرێکە کەکاری لەسەر دەکەن. لەحاڵێکدا ستایشکردنی وڵاتان پڕیەتی لە موجامەلەی دیپلۆماسیانە. و یانیش لەباشترین حاڵەتدا کاتێک دیموکراسیی بەگشتی بەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست نامۆیە، هەر هەنگاوێکی بچوک و شەرمنانەو تەنانەت پەراوێزێکی تەسکیش بەزۆر دەزانن و ستایشی دەکەن. دەنا ئەگەر هەر دەسەڵاتێک لەپەیڕەوکردنی دیموکراسیدا ڕاستگۆبێت، ئەوە خەڵکی خۆی دەکات بەدادوەر، نەک وڵاتانی دەرەوە.
وڵاتانی دەرەوە، هەڵسەنگاندنیان، بۆ ئاستیی دیموکراسیبوونی وڵاتانی تر، بەتایبەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەهەڵبژاردنی ئازادو نیمچە ئازاد سنوورداردەبێت. و باقی کارەکان دەخەنە خانەی بەرژەوەندییەوە. لەحاڵێکدا دیموکراسی بۆخۆی پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو تەواوی وردەکارییەکانی ژیانیش دەگرێتەوە.
لەهەموو ئەمانە بترازێ، گەرچی ئەم هەلومەرجەی ئێستا ڕۆژئاوای کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، دۆخی شەڕو بەرگریی و خۆپاراستنەو زەحمەتە مرۆڤ ئاستی دیموراسیی و پێشکەوتن لەبەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا هەڵسەنگێنێ، بەڵام چەند دیاردە نیشانەی ئەوەن کە بەئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن. و یەکێک لە نهێنییەکانی سەرکەوتنیان ئەمەیە کە لاسایی باشووری کوردستانیان نەکردۆتەوەو هەڵەگەورەکانی ئەم ئەزموونەیان دووبارە نەکردۆتەوە.
ئەگەر ڕۆژئاوای کوردستان لاسایی باشوور بکاتەوە ئەوە دەبێ ڕێگا بەهەبوونی چەکداری حزب و سوپای میلیشیایی، کە هۆکاریی سەرەکی شەڕی ناوخۆیین، بدات، کە پارتی پێداگری لەسەردەکات. و گەندڵیی پەیڕەوبکات. وببێتە بەشێک لە پلان و پرۆژەی وڵاتانی داگیرکەرو دژایەتی بزووتنەوەی ئازاییخوازیی بەشەکانی تری کوردستان بکات... کە نەیانکردووەو سەرسەختانەش دووباتی دەکەنەوە کە هەرگیز نایکەن.
جگە لەمانە نیشانەیەکی تری ماهیەتی دەسەڵاتی خۆسەریی ڕۆژئاوای کوردستان، بەرخۆدانی قارەمانانەیانە.
ئەگەر ئەم دەسەڵاتە نادیموکراسی و خۆسەپێنەر بووایە وەک پارتی ناوزەدی دەکات، ئەم شەڕە شکۆمەندە نەدەکرا. شەڕێکی ئاواو ئیرادەیەکی ئاوا پۆڵایین، دەسەڵاتێک دەتوانێ ڕێکی بخات. کە هی خەڵک بێت و خەڵک بەهی خۆی بزانێت.
هەردەسەڵاتێک دەتوانێ بەزۆر خەڵک بۆشەڕ بنێرێت. بەڵام هیچ حوکم و دەسەڵات و سیستەمێک ناتوانێ بەزۆر قارەمانیی بخوڵقێنێت.
پارتی بە پەیڕەوکردنی ڕێبازی بارزانی هەموو شتێکیان شێواندو پەیوەندیی مرۆڤ و خاکیان سست کردو هەستی ئینتیمایان بۆ خاک و نەتەوە کاڵکردەوەو چوونە ژێر چەتری داگیرکەرانەوە.
ئەوان بۆجۆیان باخەڵیان پڕو سکیان تێرو دەسەڵات لە مشتیاندایە ئاگایان لەمە نییە چۆن سەرتاپای نەفشێکیان بەخۆیانەوە گەندەڵ و تەمبەڵ کردووە.
کوردانی ڕۆژئاوا، هێشتا پاک و بێگەردن و بەپۆخڵەواتەکانی خۆتان پیسیان مەکەن، لێیانگەڕێن، بەڕێبازی بارزانی، ئەم ئەزموونە شکۆمەندەش تێک مەدەن..!


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە