بارزانی له‌ ئه‌مریکا چی بۆ کورد هێنا؟

Tuesday, 02.02.2010, 12:00

354 بینراوە


له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا ، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی ده‌گاته‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان . له‌ پاش پشوودان و کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و حکومه‌تی کابینه‌ی شه‌شه‌م ، ده‌بێت بۆ‌ گه‌لی کورد ڕوون بکاته‌وه‌ له‌ ئه‌مریکا چی به‌ده‌ست که‌وتووه‌ بۆ دۆزی کورد . باری کوردستان به‌ کویی عیراق و ناوچه‌که‌ ده‌گات . ئه‌مریکا به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئۆباما چۆن سه‌یری مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌کات ، پاشانیش بۆ عێراق سه‌رنجیان چی یه‌ . دۆستایه‌تی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کورد له‌سه‌ر چ بناغه‌یه‌ک دامه‌زراوه‌ و به‌کوێ ده‌گات . ئه‌و وه‌ڵامانه‌ هیچی نهێنی سیاسی و ئاسایش نی یه‌ هه‌تا خۆدزینه‌وه‌ی پێبکرێت . گرنگی ئه‌و زیاره‌ته‌ ده‌بێت ڕوون و ئاشکرابێت و ده‌بێت پڕۆتۆکۆڵه‌کان بکه‌ویته‌ سه‌ر لاپه‌ره‌ی رۆژنامه‌وگۆڤاره‌کان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا جاره‌کی تر کوتکی خۆی له‌پشتی سه‌ری کورد نه‌دات و فێڵ له‌ مه‌سه‌له‌ی کورد نه‌کات ، هه‌روه‌کو جاری پێشوو گوایه‌ [هێنری کێسینجه‌ر و شای ئێران] فێلیان له‌ باوکی مه‌سعودبارزانی کرد و ئاشبه‌تاڵیان به‌ شۆڕش کرد . ئه‌و جاره‌ ماسمێدیای جیهان به‌گشتی و ئه‌مریکا به‌تایبه‌تی هیچ گرنگی به‌ زیاره‌تی مه‌سعود بارزانی نه‌دا و ته‌نها میدیای پارتی گه‌لێک باسی کرد، ئه‌گه‌رچی سه‌رۆکی هه‌رێم دوو چاودێری سیاسی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌بردوو بۆ ئه‌وه‌ی زیاره‌ته‌که‌ تاوتۆبکه‌ن و شڕۆڤه‌ی بکه‌ن . له‌ یه‌کێک له‌ ده‌رگاکانی پشته‌وه‌ی کۆشکی سپی به‌رێز مه‌سعود بارزانی و نێچیروان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رێکی کۆشکی سپی پێشوازی کران و پاش چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌مریکا هه‌ر له‌ده‌رگای پشته‌وه‌ به‌ڕی کران . ئه‌و ژووره‌ی ئۆباما بۆ چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک هه‌رسێ بارزانی بینی ژووری بینینی سه‌رۆکانی جیهان نه‌بوو به‌ڵکو ژوره‌کی دوور له‌ پڕۆتۆکۆڵی بینینی دوو سه‌رۆک بوو . هیچ ئاڵایه‌ک له‌ پشتی هه‌ردوو به‌رێزان بارزانی و ئۆباما دانه‌نرابوو [سه‌یری ئه‌و وێنانه‌ بکه‌ که‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی خه‌بات رۆژی سێ شه‌ممه‌ 26ی کانوونی دووه‌م 2010 ژماره‌ 3383 وه‌رمگرتووه‌] . هه‌موومان ده‌زانین مه‌سه‌له‌ی عێراق و هه‌ڵبژاردن هه‌نووکه‌ بۆ ئه‌مریکا گرنگه‌ به‌ڵام بۆ که‌سی کورد مه‌سه‌له‌ی کورد و کوردستان گرنگتره‌ . بۆ ئه‌وه‌ی که‌سی کورد و خه‌ڵکی کوردستان زامنی ژیان و ئاسووده‌یی بکرێت ، له‌و سنووره‌ مه‌ترسیداره‌ی که‌ کورد تێدا ده‌ژیت . کورده‌کانی تورکیا و ئێران و سوریا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسووده‌تر بژین چاویان له‌و هه‌رێمه‌ ئازاده‌یه‌ که‌ هه‌نووکه‌ هه‌یه‌ و له‌ژێر به‌ندی حه‌وته‌می ژێرده‌سته‌ی ئه‌مریکایه‌ . ئه‌مریکای ئۆباما له‌و به‌نده‌ خۆی نه‌دزیه‌وه‌ واته‌ عێراق به‌ کوردستانه‌که‌شه‌وه‌ له‌ ژێر چاودێری ئه‌مریکا یه‌ و هه‌ر کاتێک ئه‌مریکا که‌یفی به‌ حوکمرانی عێراق نێیه‌ت ده‌توانێت حاکمه‌کی مه‌ده‌نی وه‌کو [بریمه‌ر] بخاته‌وه‌ سه‌رکار و عیراقیه‌کانیش بۆخۆیان هه‌ر هاوار بکه‌ن ، عێراق و کوردستان به‌ یاسایی وڵاتێکی داگیرکراوه‌ . هیوادارم کاک مه‌سعود ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ بڵاوبکاته‌وه‌ که‌ ڕێکه‌وتن له‌ نێوان کورد و ئه‌مریکا ئاشکرا ده‌که‌ن ، ئه‌گه‌ریش هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک و پڕۆتۆکۆڵێک له‌ نێوانیاندا ئیمزا نه‌کراوه‌ و نی یه‌ ئه‌وه‌ به‌ ئاشکرا بۆ خه‌ڵکی کوردستان ڕوون بکاته‌وه‌ . بۆ ئه‌مریکا به‌ڕژه‌وه‌ندی بیست ده‌وڵه‌تی عاره‌بی و وڵاتی تورکیا گرنگه‌ ، به‌ڵام بۆ کوردی به‌سته‌زمان به‌ڕژه‌وه‌ندی کوردستان گرنگتره‌ . جا ئه‌مریکا رازی بێت یان نا . دیاره‌ ئه‌و زیاره‌ته‌ ره‌سمی نه‌بووه‌ ئه‌گه‌رنا ده‌بوایه‌ به‌رهه‌م ساڵح وه‌کو سه‌رۆکوه‌زیرانی کابینه‌ی تازه‌ یاوه‌ری سه‌رۆکی هه‌رێمی بکردبایه‌ . بۆ سه‌رۆکی تازه‌دانراوی کابینه‌ی شه‌شه‌م به‌شداری ئه‌و سه‌فه‌ره‌ نه‌بوو ئه‌وه‌ هه‌ردوو حیزبی حوکمدار ده‌توانن بۆ خه‌ڵکی ڕوون بکه‌نه‌وه‌ . گه‌لۆ خۆ نابێت هه‌تا هه‌نووکه‌ به‌ڕێز نیچیروان بارزانی به‌ سه‌رۆکوه‌زیران بناسرێت.

فه‌هد گرده‌وانی2/2/2010ستۆکهۆڵم




(دەنگدراوە: 0)