پیری و هەزار جوانێتی

Monday, 15/10/2012, 12:00

1402 بینراوە



گەر گۆڕانکاریەك بەسەر چەمکی مێژوودا هاتبێ، ئەوا بەو پێوەرو پێناسە کلاسیکی و باوە: مێژوو بریتی بوو لە ڕابردوو، ئێدی، لەسەردەمی دیتیجاڵ و ئینتەرنێت و جیهانگیری نوێدا؛ مێژوو چی دی سێبەری خۆی لە ڕابردوو نابینێتەوەو دوو قۆناغی بەرز ئەڕواو پێ ئەخاتە نێو ڕووداوەکانی داهاتووشەوە. واتە مێژوو، لەم کات و ساتانەی ئێستاو داهاتوو ،بکەرو ڕووداوەکان و قارەمانەکانیشی بەردەوام ئەبن لەنووسینەوەی مێژوو. ناکرێ خۆمان دوورە پەرێز لەڕووداوەکان بگرین و تەنها وەك تەماشاکەرێك و دواتر وەك شایتەحاڵێك ڕووداوەکان بنووسینەوە. مێژوو لێرەوە پێمان ئەلێ؛ تەنها ئەوە مێژووە، کەمن نەمتوانی دێڕی کۆتایی بنووسمەوە.
پیر،پەککەوتە،خانەنشین و ئەوانەی تەمەنیان لەسەرو وهەفتاکانەیەوەیە. نەك هەر پێوست نیە کونجی ماڵەوە بگرن و لەکۆمەڵگا داببڕێن ، بەڵکە پێوستە هەردەم بەشێکی زیندووبن و بەشداریان هیچ لەوەی کاتی لاوی و گەنجیان کەمتر نەبێ. ئەم تەمەنانە پڕن لە ئەزموون،تاقیکردنەوە،فێربوون،تێگەیشتن و فێرکاری و ڕاهێنان، لەسەر دەستی ئەوان ئەتوانرێ جیهانێ لە چاولێکەری بەکەڵك بەنەوەکان بناسێنین. واتە ئەمانە بەشێکی سەرەکی،بنەڕەتی،بنچینەیین بۆ کۆمەڵگا. بۆیە ناکرێ پەراوێز بخرێن و لەهەندێ کاتدا بەزۆری زۆرداری خانەنشین بکرێن. وەك ئاشکراشە توانای ئەم چینە گەلێ لەهی ئەوانی تر کەمتر نیە، تەنها ئەوە نەبێ ، لەهەندێ کەس و تەمەنی جیاوازدا تووشی هەندێ حاڵەتی نەخۆشی و لاوازی جەستەیی ئەبن کە ئەمەش شتێکی گەلێ ئاساییە.
باشترین کار بۆ ئەم تەمەنانە بریتیە لە کاری خۆبەخش، لە ووڵاتێکی وەك ئەمریکا گەر بەنمونە باس بکەین، زۆربەی تەمەنە بەرزەکان و دوای خانەنشین بونیان ، بۆئەوەی بەردەوام بن لە بنیات نانی شارستانی ئەوڕۆ،،،هاتونەتەوە لە خوێندگاکان،نەخۆشخانەکان،پەرتووكخانە گشتیەکان و پارکەکان. هەریەك بەپێی توانای خۆی ئەرکێکی لەئەستۆ گرتوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێشکەش بەخەڵکان و هاوڵاتیان بکا. ئەم جۆرە کارانە کەخۆبەخشانە ئەکرێن و هیچ بەروبومێکی مادی و مووچەیان لێوە وەرناگیرێ، لێ لەڕاستیدا ئەمانە بەوپەڕی دڵخۆشی و کامەرانیەوە شان بەشانی هەموان کار ئەکەن و مل کەچی هەموو ئەو کارانەن کەبۆیان دەست نیشان کراوە. بۆ نمونە، دوێنێ لەخەستاخەنەیەك لەشاری RENTON یەکێ لەو خۆبەخشانەی کەخەریکی ئامادەکردنی ئاوو چاوو قاوەبوو، کاتێ هاتە پێشەوەو پرسی ئەگەر حەزبکەم هەندێ قاوە وەیان چام بۆبێنێ، منیش گەلێ سوپاسم کردو پێم ڕاگەیاند کە ئەوەندە نابێ لەماڵەوە چام خواردوە. ئەو کەسە دەرکەوت کەتەمەنی ٨٧ ساڵ بوو کەوەك کێچ ئەهات و ئەچوو بەبێ ئەوەی هەست بەبێزاری و تووڕەیی و هیلاکی بکا.
کورد ئەڵێ؛ پیری و هەزار عەیب. کەلەڕاستیدا ئەمە نەك هەر هەڵەیە، بەڵکە پێوستە لەفەرهەنگی کوردیدا بیسڕینەوە، لەبەرئەوەی پیری جگە لەوەی تەمەنێکە و پڕە لە میهرو خۆشەویستی و ئارامی و لەسەر خۆیی. لەهەمان کاتدا فێرگەیەکی مەزنە بۆ ئەوانەی ئەیانەوێ لێوەی فێرببن. لەکۆمارە پێشنیارکراوەکەی ئیفلاتۆن،تەمەنی سەرۆکی لەسەرو هەفتاکانەوە داناوە وەك مەرجی بوون بە سەرۆك. نیتشە لەپەرتووکی(بەم شێوەیە زەردەشت دووا)قارەمانەکەی ئەو پیاوە پیرە بوو کەلەچیا خەڵکانی لەخۆی کۆئەکردەوەو قسەی بۆ ئەکردن.کەچی بەداخەوە لای ئێمە وای لێهاتوە کەهەندێ جار پیرو پەککەوتەکانمان لێببێتە تەوق و لەخوامان بوێ زوو خوا بیباتەوە بۆ خەزێنەکەی خۆی. بیرمە هەندێ لەهاوڕێیان ئەیانووت کە باپیرم لەزیایە ماوەتەوە، وەیان هەندێکیان ئەیان ووت کە نەنکی تەنها شوێنی سەلاجەکەی گرتوە، وەیان گەر ماڵیان بچووك بوایە ئەیان ووت، ئەو کەوڵە کۆنە شوێنی قووڵینەی نانە تیریەکەی گرتوەو بەس.ئەوە باسی ئەو هەموو ناوو ناتۆرەیە ناکەین کەلە پیاو ژنە پیرەکانیان ئەگرت و هەر زوو پێیان ئەووتن ئەرێ ئێوە بۆ نامرن و نەجاتمان ببێ لەدەستان ئەی پیری ئاخر شەڕو پشمل چرچ و پاقلاوەیی.
ئێستاش کاتی ئەوە هاتوە کەکۆمەڵگا بەگشتی و دەزگا فەرمیەکان بەتایبەتی ئاوڕێکی خێرا لەم چینە گرنگە بداتەوەو بەدەم ئاهو ئازارو نەهامەتیەکانیان بێن و سەرلەنوێ بەرنامە ڕێژیەکی وا دابڕێژن کەلەگەڵ تواناو هێزی ئەو چینەدا بگونجێ و چی تر پەراوێز نەخرێن. گرنگ نیە سەندیگایەك وەیان هەر ناوێکی تر لەو ڕێکخراوە بنرێ کە کار بۆ ئەم چینە بکات و بیان گەڕێنێتەوە بۆ نێو ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان و کەڵك لەئەزموونیان وەربگیردرێ. ئەم چینە گەلێ پێوستە هەلی کاری خۆبەخشانەیان بۆ دابین بکرێ و پڕ چەك بکرێن بەهەموو پێداویستیەکانی ژیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست