بەهەرێم بوون و لەناوچونی سنوری ئەو بەشەی خوارووی کوردستان

Saturday, 19/11/2011, 12:00

2498 بینراوە


فەلەستینیەکان بە هەموو چین و توێژێکیانەوە لە ناوخۆیاندا بریاریان داوە، هەر فەلەستینیەک بستێک لەخاکی فەلەستین بفرۆشێ بە جولەکەکانی ئیسرائیل، دەبێ بخرێتە لیستی نیشتمان فرۆشان و ئەگەر بۆشیان کرا بیکوژن، ئەو بریارە رێگای لە فەلستینیە بازرگان و هەلپەرسەکان گرت بۆ لەدەستدانی ئەو خاکانەی کە عەرەبەکان بەهی خۆیانی دەزانن.
کوردەکانیش بەپێچەوانەی فەلەستینیەکان، هەڵسوکەوت دەکەن و نەک تەنها پارچەپارچەی خاکی کوردستان، بگرە ناوچە بەناوچەی خاکی کوردستان دەفرۆشن، چونکە سەرکردایەتیەکی نەتەوەییان نەبووەو دەستورێکی نەتەوەیی بۆ کورد نەنوسراوەتەوە کە پارێزگاری لەخاکی کوردستان بکات، تاکو ئێستاش کەس نازانێ سنوری کوردستان لەکوێیەو زۆرینەی کورد پێی وایە ئەو جێگایەی عەرەب و تورک و فارسی لێ نیشتەجێ بێت ئەوە خاکی خۆیانەو کوردستان نیە.
وەک لەو دوو نەخشەیەی سەرەوەدا دەیبینن، جیاوازیەکی زۆر هەیە لەنێوان سنوری خواروی کوردستاندا، کاتێک دەسەڵاتدارانی کورد بۆخاتری پاراستنی دەسەڵاتداریەتی و کورسی و داهات، لەژێر ناوی هەرێمۆکەو دەوڵتۆکەی کوردستاندا دەست لەسێ بەشی خوارووی کوردستان هەڵدەگرن، مێژوێک بۆ بچوک کردنەوەی خاک و نیشتمانمان دروست دەکەن، ئەوەتا عەرەبەکانیش لەژێر هەمان پڕۆگرامی هەرێم بازیدا شەرعیەتێک بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان دروست دەکەن.
سەرکردایەتی ئەو دوو حیزبە (پارتی و یەکیەتی) زۆر دڵخۆشن بەوەی کە بەسرایی و تکریتی و ئەنباریەکان داوی بە هەرێم بوونی ناوچەکانی خۆیان دەکەن، دڵنیام لەوەی دوای ئەوانیش موسڵاویەکان و دیالەو کەرکوکیەکانیش داوای بەهەرێم بوون دەکەن، بەدبەختیەکە لێروە دەست پێدەکات، ئەگەر داوای بەهەرێم بوون سەر بگرێ، ئەوا ناراستەو خۆ تێکڕای خاکەداگیرکراوەکان بە پێی یاسا دەکەوێتە دەست عەرەبە رەسەنەکانی برای جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی.
بێدەنگی لەئاستی بەدەستهێنانەوەی خاکە داگیرکراوەکان، دەستی کەم لە بیست ساڵەی رابردوەوە تاکو ئەمرۆ، کارەساتێکی ئەوەندە گەورەی هێناوەتە کایە کە لەدەورانی سەرەتای داگیرکاری خاکی کوردستان لەبەدیهاتنی ئیسلام دا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ خاکمان لەدەست نەداوە.
ئەگەر لە گوگڵ یان یاهوو بنوسی (سەعدیە)، دەبینی سەدان هێرشی عەرەب لەسەر کوردەکانی ئەو ناوچەیە هەبووەو کوردەکانیان دەرپەراندوە، دەسەڵاتی کوردیش خۆی لێ بێدەنگ کردوە، تەنها لەو حەوت ساڵەدا زیاتر لە حەوسەد خێزانی کورد لە ترسان ئەو شارەیان بەجێ هێشتوە.
ئەو دەسەڵاتدارانەی کورد کە لەلایەن داگیرکەرانی عەرەب و فارس و تورکەوە بەسەر کورد دا سەپێنراون و پارێزگاری دەکرێن و لە پایتەختەکانی داگیرکەران فەرشی سوریان بۆ رادەخرێ، شەرم نایان گرێ کە دەبینن رۆژانە عەرەبەکان چی بەسەر کورد دەهێنن، نە بۆخۆیان هەلوێست وەردەگرن، نە رێگاش دەدەن کەسایەتیەکی نەتەوەی مێژوێکی تازە بۆ کورد دروست بکات.
لەکاتێکدا کە ئەمەریکاو بەریتانیاو فەرەنسا، بڕیاریاندا چوارچێوەیەک بۆ کوردەکانی خوارویی کوردستان دروست بکەن لە ژێر چوارچێوەی ویلایەتی موسڵ دا، کە بەو چوارچێوەیە بەشێکی زۆری خاکە داگیرکراوەکان دەکەوتەوە دەست کورد، بەتایبەتی موسڵ و تکریت و سامەراو بەعقوبە کە دەکەوتنە ناو چوارچێوەی سنوری پڕۆژەکەوەو پڕۆژەکەش درابۆ دەست ئێمە، جەنابی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لەژێر ناوی برایەتی کوردو عەرەب و پاراستنی سەروەری عێراقدا، ئەو پڕۆژەیان پوچ کردەوەو برا عەرەبەکانیشیان تاکو ئەمڕۆ درۆیان لەگەڵ دەکەن و بستێک لە خاکە داگیرکراوەکانیشیان بۆ رەت نەکردونەوە.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە