بازرگانەكانى جەنگ كێن ؟؟؟

Sunday, 27/04/2014, 12:00

1734 بینراوە




بازرگاكانى جەنگ ئەو كەس و لایەن و گروپانەن كە لە كاتى شەر و ئاژاوەدا هەول ئەدەن سود لە ناكۆیەكانى نیوان لایەنەكانى شەڕكەردا ببینن . ئەم دیاردە قێزەونە دواى ئاشبەتاڵ و دەست پێكردنەوەى شۆڕشى نوێی لە ناو كۆمەڵگاى كوردیدا گەشەى كردوو بو بە دیاردەیەكى دیارى ناو كۆمەڵگاى كوردى و لە ئیستاشدا بۆتە كەلتورى كۆمەڵێك كەس و لایەن و حیزبى بچوكى مشەخۆر.
ئەتوانم بڵێم لە دەست پێكردنەوەى شۆڕى نوێدا هەتا جیابونەوەى بەشێك لە پێشمەرگەو كادیر و سەركردەى یەكێتى نیشتمانى كوردستان و پێكهێنانى حیزبى سوسیالیستى كوردستان (حسك) هەموو یەشداربوانى شۆڕش دلسۆزانەو بەو پەڕى دەست پاكییەوە خەباتى بێوچانیان ئەكرد دوور لە بەرژەوەندى تاكە كەسى و حیزبى. هەر لەبەر ئەوەش بوو شۆڕش بە خێرایی گەشەى كردوو سەركەوتنى گەورەى بەدەست هێنا.
بەڵام لە دروستبونى حسكەوە سەرەتاى بازرگانەكانى جەنگ دەركەوت و دیاردەى ئەمبەر و ئەو بەر لەناو ئەم حیزب و لایەنانە دەستى پێكرد. ئەم حیزب و لایەنانە بۆ لاواز كردنى یەكترى ئەندام پێشمەرگەكانى یەكتریان وەر ئەگرت و بەردەوام پێشمەرگەى ئەم لایەن دەچونە لاى حیزب و لایەنێكى ترو چەكیان ئەفڕاندو ڕێگاشیان پى ئەدرا چەكەكان بفرۆشن بۆخۆیان.
ئەم كارە قێزەونە بوو بە دیاردەى ناو حیزب و لایەنەكوردییەكانى ناو گۆڕەپانى سیاسى هەرێمى كوردستان . ئەو كاتە یەكێتى نیشتمانى كوردستان , پارتى دێموكراتى كوردستان , حسك , حیزبى شیوعى , پاسۆك , لە ناو گۆڕەپانەكەدا هەبون . ئەم دیاردەیە هەر لەناو حیزب و لایەنەكاندا قەتیس نەماو كە شۆڕش گەشەى كردو ژمارەى سەركردەكان و كادیر و پێشمەرگەش زیادى كرد , بەرژەوەندى تایبەتى كەسەكانى ناو یەك حیزبیش هاتە كایەوەو هەر بەرپرسە هەوڵى ئەدا تەكەتولێك بۆخۆى دروست بكات.
لە ئەنجامى دروستبونى تاقمگەریتى ناو حیزبەكان , كۆمەڵیك خەڵك دەبونە لایەنگرى هەندێك بەرپرس لە پێناوى بەرژەوەندى تاكە كەسیدا وەكو وەرگرتنى پۆست و پلەو پایە , یان پارە یان دەمانچەو شتى تر . یەكێتى نیشتمانى كوردستان بەو پێیەى لە نیمچە بەرەیەك پێك هاتبو , وەكو كۆمەڵەو شۆڕشگێڕان و خەتى گشتى , بە خێرایی دیاردەى ئەمبەر و ئەو بەر و بازرگانەكانى شەڕى تێدا دەر كەوت
سەركردە باڵاكانى حیزبەكانیش لە پێناوى ئەوەى هەر خۆیان كەسى یەكەم بن و ڕێگا نەدەن كەسى تر شوێنیان بگریتەوە , بەم دەست و بەو دەست پارەیان ئەدا بە كادیر و پێشمەرگەو سەرۆك هۆز و پشى پشییان بۆ ئەم و ئەو ئەكرد. چاویان لە كارە خراپەكانیان ئەپۆشى لە بابەتى , چەك فرۆشتن , پارەوەرگرتن لە خەڵك , بێ ڕەوشتى ئازاردانى خەڵك , ئەمە بۆ ئەوەبو كە بیانكەنە لایەنگرى خۆیان و لە لایەكى تریشەوە بۆ ئەوەى چاو بەرەژێریان بكەن و نەتوانن لە ڕویان هەڵگەڕێنەوەو دژایەتییان بكەن و ببنە لایەنگرى كەسێكى تر .
بە كورتى سەركردەباڵاكان بە تایبەتى كەسە یەكەمەكان خۆیان زەمینەیان ئەڕەخساند بۆ هەندى سەركردە و كادیر كە دزى و بێ ڕەوشتى بكەن و كارى نابەجى بكەن , بۆ ئەوەى لەبەر چاوى كەسانى تر سوك ببن و هەرگیز نەتوانن و لە ڕویان نەیەت لەبەر دەم ئەوان چاو هەڵبڕن . ئەمە ئەو سیاسەتە بوو كە بەشێكى زۆرى تێكشەرى ئەم وڵاتەى كردە بەكرێگیراو كۆیلەو ترسنوك. ئەمە ئەو سیاسەتە بوو كە كە واى لە مرۆڤەكان كرد كەسایەتى خۆیان لەدەست بدەن .
لە ئەنجامى گۆڕانكارییەكانى ناو گۆڕەپانەكەو دروستبونى بەرژەوەندى تاكەكەسى و زۆر بونى سەركردەو قوتبەكانى ناو حیزبەكان , تا ئەهات ناكۆكییەكان قوڵتر ئەبونەوەو ژمارەى بازرگانەكانى شەڕیش زیاتر ئەبون . هەر ئەم هۆكارەش بوو لە كاتى بەستنى كۆنگرەو كۆنفرانس و پلینۆمەكاندا كێشەو گرفت و دوبەر ەكى و جیابونەوە دروست ئەبوو , ڕێگایان نە ئەدا كەسانى لێهاتوو شیاو بینە پێشەوەو ببنە سەركردەى دوارۆژ .
بەڵام دواى ئازاد كردنى عێراق و دروستبونى حكومەتى هەرێمى كوردستان نەك ئەم دیاردەیە ڕوو لەكەمبونەوە بوە بەڵكو زیاتر گەشەى كردوو پێی نایە قۆناغێكى باڵاترەوەو ئێستا شەڕە لەسەر وەرگرتنى پۆستى باڵاو بەشدارى لە پشكى نەوت. ئێستا كار گەیشتۆتە سەر سڕینەوەى یەكترى و سازش كردن لەسەر خاكى هەرێمى كوردستان لە پێناوى بەرژەوەندى حیزب و بنەماڵەدا . لەبەر ئەوەى لە هەرێمى كوردستان هەتا ئێستاش یەكێتى و پارتى باڵادەست بون , خۆیان بە خاوەنى هەرێمى كوردستان زانیوە .
بۆیە هەر یەكەیان ویستویەتى ئەوى تر لەناو بەرێت و تا بۆیان كرا شەڕیان كردوو دواجار ڕێكەوتنى بەناو ستراتیجییان لە نێوان خۆیاندا مۆر كرد بۆ دابەشكردنى سامانى هەر یِمى كوردستان و ئەوە ماوەى 23 ساڵە بە یەكەوە ئەم هەرێم بەڕێوە ئەبەن و سامانى ئەم وڵاتە بە تاڵان ئەبەن بۆخۆیان .
ئێستا یەكێتى و پارتى بونە دوو گەورە بازرگانى جەنگ و بۆڕى هەمو لایەنەكانى تریان داوە لەو بازرگانیدا . یەكێتى و پارتى بەردەوام لە هەوڵى سڕینەوەو لاواز كردنى یەكتریدان , بەردەوام لە بۆسەدان بۆ یەكترى . لە ئەنجامى ناكۆكیەكانى ئەم دوو حیزبەدا , سەدان بەناو حیزب و كۆمەڵى یەرژەوەند پەرست لە گۆڕەپانەكەدا دروست بون , ئەمانە نەك حیزب نین بەڵكو سۆپەرماركێت و دوكانى حیزبین .
ئەمانە بونە پاشكۆى پارتى و یەكێتى و بودجەیەكى زەبەلاح بۆ ئەم دوكانە حیزبیانە دانراوەو بونە خاوەنى ڕادیۆو كەناڵى ئاسمانى و جەریدەو بارەگاو پاسەوان . هەر كاتێك كێشەكانى نێوان پارتى و یەكێتى قوڵ ئەبێتەوە , لە بودجەى هاوڵاتیان بە لێشاو پارە ئەدەن بەو كەس و لایەنانەى لێیانەوە نزیكن و , بانگ هێشتیان ئەكەن بۆ كۆبونەوەكانى خۆیان و داواى پشتیوانیان لى ئەكەن . ئەم بەناو حیزب و لایەنانەش ئەزانن چۆن بازرگانى ئەكەن و پاروەكە لاى كى چەور بوو پشتیوانى ئەو لایەنە ئەكەن .
ئێستا بازرگانى جەنگ پێی ناوەتە قۆناغێكى نوێترەوەو چۆتە ناو ئەندامانى هەردوو حیزبى بنەماڵەوە . بۆ نمونە ئێستا لە نێوان مەسرور بارزانى و نبَچیر بارزانى ناكۆكى هەیەو هەر یەكەیان جەماعەتى سەر بە خۆى هەیە. هەر یەك لەم دوو كەسایەتیەى ناو پارتى لە هەوڵى ئەوەدان زۆرترین لایەنگر و كەسایەتى ناو حیزبەكەى بكاتە پاڵپشتى خۆى و سودیان لى وەرگرێت.
بۆ ئەم كارەش هەر یەكەیان هەوڵ ئەدات كەسە نزیكەكانى خۆى بخاتە پۆستى باڵاوەو یارمەتییان بدات . بە هەمان شێوەش لە ناو یەكێتى نیشتمانى كوردستاندا چەندین جەمسەر هەیەو هەر یەكەیان بۆخۆى كار ئەكات و هەوڵ ئەدات لایەنگرانى خۆى پێش بخات . كاتى خۆى بەڕێز نەوشیروان مستەفا باڵى ڕیفۆرمى پێك هێناو هەوڵى دا بارودۆخى ناو یەكێتى باش بكات . بەڵام سەركەوتو نەبوو , بۆیە لەناو یەكێتى هاتە دەرەوەو بزوتنەوەى گۆڕانى دروست كرد.
پێش ئەوەى باڵى ڕیفۆرم دروست ببێت , كۆمەڵێك كادیر و كەسانى سەركردەى ناو یەكێتى هەبون مامجەلال غەزەبى لێگرتبون و ئامادە نەبو قسەیان لەگەڵ بكات , بەڵام كە باڵى ڕیفۆرم خۆى ڕاگەیاندو ئیمزایان كۆكردەوە بۆ چاكسازى ناو یەكێتى و كەمكردنەوەى دەسەڵاتەكانى مامجەل ئەمانە چونە لاى مامجەلال و وتیان ئیمە لە خزمەتى تۆداین , ئەویش باوەشى بۆ كردنەوەو ئێستا بونە خاوەنى ملیۆنان دۆلار و پشكیان هەیە لە داهاتى نەوتدا. ئەوانە بە ئاشكرا ئەڵین لە سایەى گور ِانەوە سەدان دەفتەر دۆلارمان دەست كەوتوە و دەوڵەمەند بوین.
لە كاتى هەمو هەڵبژاردنەكاندا هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار ئەكەونە دابەشكردنى دەمانچەو ئوتومبیلى گرانبەهاو بەرزكردنەوەى پلەو پایەى ئەوانەى سەر بەخۆیانن و بەشینەوەى پارەو خانە نشین كردنى هەزاران كەس كە تەنها یەك ڕۆژ خزمەتى ئەم وڵاتەیان نەكردوە و ماندو نەبون .
هەمو ئەوانەى چەكدارى بەعس بون و دەستییان سوربوە بە خوێنى لاوانى ئەم نیشتمانە ئێستا لاى پارتى و یەكێتى پلەو پایەو موچەیان هەیە . ئەم دوو حیزبە خاوەنى ستراتێجێكى یەكگرتو نین بۆ داخوازیەكانى كورد , هەریەكەیان پەیوەندى تایبەتى خۆى هەیە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ .
ئەوەتا بە چاوى خۆمان ئەیبینین, چۆن هەردو حیزبى دەسەڵاتدار بە هەموو سەركردە باڵاكانیەوە و بە هەردو بنەماڵەى باڵادەستەوە خۆیان بونە بازرگانى جەنگ. ئەوان خۆیانن یارى بە دواڕۆژى ئەم گەلەوە ئەكەن, ئەوانن سازش لەسەر داواكانى كورد و مادەى 140 ئەكەن لە پێناوى فرۆشتنى نەوت بە قاچاخ. هەر ئەم دوو حیزبەى دەسەڵات خۆیان بونە داردەستى وڵاتانى دراوسێ و بونە پارێزەرى بەرژەوەندییەكانى ئەوان . لە پارێزگاى كەركوك لە برى هەوڵدان بۆ یەكڕیزى كورد و بە دەستهێنانى زۆرترین دەنگ , لە ڕێگاى یەكخستنى هەڵوێستەكانیان و بەرزكردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیرى و نیشتمان پەروەرى هاوڵاتیانەوە , كۆمەڵگایان كردوە بە دوو بەشەوە .
ئەم دوو حیزبە سیاسەتیشیان سوك كردوە . ئاخر حیزبیك بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردن پەنا بەرێتە بەر بەشینەوەى ماكسى ژنانەو مەنجەڵى تیڤاڵ و لەم ڕێگایەوە دەنگ كۆ بكاتەوە ئەبێ چ سیاسەتێك بێت؟؟. ئەگەر هاوڵاتییەك بە ماكسى و مەنجەڵى تیڤاڵ دەنگ بدات , چ كۆمەڵگایەك بەرهەم دێت؟؟.
حیزبێكى سیاسى ببێتە چەن جەمسەریك و ئەم جمسەرەیان كە باڵا دەستەو خاوەنى زۆرترین سامانى حیزبەكە بێت و بەو پارەیە بە هۆى ئوتومبێلى گرانبەهاوە لایەنگرانى لایەنێكى ترى ناو حیزبەكەى خۆى پێ بكڕێت , چاوەڕوانى چى لەم حیزبە ئەكرێت بۆ هاوڵاتیانى بكات؟؟؟. ئەوەتا جارێكى تر دیاردەى ئەمبەر و ئەو بەر كردنى كادیرانى یەكێتى و پارتى لەسەر ئاستى بەرز دەستى پێكردۆتەوە و ناویان ناوە گۆڕینى سەنگەرى خەبات.
چونى كادیران و سەركردەى یەكێتى بۆ ناو پارتى یان بە پێچەوانەوە كارێكى ئاسایی نییە , جگە لەوەى كێشەو ململانێ دروست ئەبێت , ملیۆنەها دۆلار لەسەر بودجەى ئەم هەرێمە ئەكەوێت . ئەمە بازرگانییەو ئەم بازرگانیەش بە پارە ئەكرێت و پارەكەش پارەى میللەتەو دواجار ئەچێتەگیرفانى بازرگانەكانى شەڕەوە. ئەمە لە كاتێكدایە بە دوو مانگ جارێك موچە ئەدرێت لەبەر بێ پارەیی . ئەمە كارەساتە ئەم دوو حیزبە دروستیان كردوە .
ئەبێ ئەوەش بڵێم كە هەموو ئەو سەروەت و سامانەى لەبەر دەستى دوو حیزبى دەسەڵاتدارەو ویژدانى خەڵكى پى َ ئەكڕن و هاوڵاتیانى پێ ئەكەنە كۆیلە, سامان و داهاتى هاوڵاتیان خۆیانەو لێیان زەوت كراوە . هەر چەندە لافى ئازادى و دێموكراسیەت لێ ئەدەن بەڵام بە ئەنجامى هەڵبژاردنەكان ڕازى نین و ئامادەنین دەستاو دەستى دەسەڵات بكەن و هەڕەشەى بەكارهێنانى چەك ئەكەن .
لە كۆتاییدا ئەڵێم : ئەو دوو حیزبەى جێگەى هیواى هاوڵاتیان بون و خۆشیان بە فریادڕەس ئەزانى , ئێستا بونە دیكتاتۆر و بازرگانى جەنگ و بە ئاشكرا ئەڵێن : ئیمە خاوەنى خەبات و تێكۆشانین و شەرعیەتى شۆڕشگێریمان هەیە و خۆمان بە خاوەنى ئەم وڵاتە ئەزانین و هەر خۆشمان خاوەنى دەسەڵات و بڕیارین. كەواتە ئەم دوو حیزبە لە ئێستادا بونە دوو گەورە بازرگانى جەنگ.







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە