ئۆپۆزیسیۆن و ڕێکەوتننامەیەکی ستراتیژی نوێ

Thursday, 27/06/2013, 12:00

1726 بینراوە





ئۆپۆزیسیۆن ناوێرن هەنگاوێکی بوێرانە بنێن. بەپێی ئەو یاسایەی کە باوەڕیان پێیەتی، بارزانی بۆی نیە خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی. دەبوو لە کاردانەوەی خۆکاندید کردنی بارزانی وەک هەڵوێستێکی بوێرانە لەهەر شتێکی تر سادەتر، بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان بکردایە. ئەگەر هەر بۆ فشاریش بوایە هەق وابوو لەڕێی ئەو هەموو بەرنامە و چاوپێکەوتنانەوە هیچ نەبێت شتێکی وەهایان بگوتایە. ئاخر بەشداریکردن لە پڕۆسەیەکی نایاسایی و ناشەرعییدا نەک ناڕەوایە، بگرە عەیبەیەکی گەورەیە و درۆکردنە لەگەڵ خەڵکی ناڕازی و جەماوەرەکەی خۆشیان. ئەمەش وادەکات خەڵک متمانەی بەو ڕەوتە نەمێنێت کە ئێستا وەک ئۆپۆزیسیۆن خۆی بە دەمڕاستی خەڵکێکی توڕە و ناڕازی دەزانێت. دوور نیە ماندووبونی خەڵک لەدەست ئەم بارودۆخە نەبێتە هۆی کوشتنی هەموو داخوازی و ئامانج و ناڕەزاییەکان. کە ئەمە بۆخۆی شکستێکی گەورەیە و زیانێکی گەورە لە پڕۆسەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دەدات وەک دیارە لە ئێستادا هەنگاوێکی بچوکی ناوە.

لێرەدا کارتێکی بەهێزیان داوەتە دست پارتی. ئێستا زمانحاڵەکانی ئەو حیزبە دلێرانە دەڵێن بارزانی بەدیلی نیە. هەر بەڕاست وایە.. ئەگەر بەدیلی هەبوایە ئۆپۆزیسیۆن ئاوا ترسنۆکانە خەریکی هەنگاوێکی نادروستی وەک "ڕێکەوتننامەی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی دوای شەڕی ناوخۆ" نەدەبوون بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ ململانێی بارزانی.. ئەم هەموو کۆبونەوە و مشاوەرە بێ بنەمایە، بۆ گەشتنە بە ڕێکەوتنێکی وەک ئەوەی ساڵانێکە پارتی و یەکێتی زۆر بێویژدانانە خەڵکی پێ دەگەوجێنن و قۆرغی هەموو دەسەڵات و داهاتی کوردستانیان پێ کردووە. دەنا هەموو شتێک ڕوونە و هیچ پێویست بەم هەموو کلاواتە ناکات لەگەڵ خەڵک".

پێم وایە لە لایەکی ترەوە ئۆپۆزیسیۆن لە ڕێکەوتنێک دەگەڕێت لەگەڵ دەسەڵات. دەیانەوێت بەهەر شێوەیەک بێت ببنە شەریک لەو ڕەفاهیەتەی بەهۆی داهاتی نەوت و ئەو بودجە زەبەلاحەوە بۆ کادیرەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان دروست بووە. دەیانەوێت ئەو ئاواتەیان بێتە دی و خۆیان لە دەسەڵاتدا ببیننەوە. قسەم لەسەر هەندێک لە گەنجەکان نیە، بەڵام پیرەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان کوڕی ئەو باگراوندەن کە لە دەسەڵاتخوازیی داڕێژراوە و خەونێکی لەمێژینەیانە. هەرچی ئیسلامییەکانیشە ڕوون و ئاشکرایە لەپێش دروستبوونی گۆڕان و ساتەوەختەکانی سەردەمی شەڕی براکوژی هەلپەرستانە لەهەردوو بەرەکەی دەسەڵات دەلەوەڕین. ئێستاش بە خەیاڵپڵاوی بەهاری عەرەبی و شۆڕشی تەییارە ئیسلامیەکانی ناوچەکە خەون بە نمایشی خۆیانەوە دەبینن لە سەر کورسی دەسەڵات.

پێشبینی من بۆ ڕووداوەکان ئەوەیە' ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت. دواجار بە ڕێکەوتن و تەوافوق لەگەڵ دەسەڵاتدا هەموو شتەکان بەشدەکەن و ئیتر ئەو نققەیەشیان نامێنێت کە جارجار لێیانەوە دەهات، چیتر ئەو یاسا و عەدالەت و تڕوهاتەی ساڵانێکە سۆزی خەڵکی پێ کێش دەکەن دەخەنە ژێر پێیانەوە و لەژێر ناوی (بەرژەوەندی گشتی و ناسکی بارودۆخەکە و یەکڕیزی و مافە نەتەوەییەکان) جارێکی تر خەڵک بۆ بێهیوایی و بێزاری پەلکێش دەکەنەوە ' دیارە کەسایەتی و گەنجی زۆر باش هەن کە نایەنەوێت ڕووداوەکان بەو ئاراستەیەدا بڕۆن بەڵام بەداخەوە هێشتا ئەو گروپە موحافزکارە زیاتر و بەهێزترن لەوانەی بەڕاستی لە خەمی قەیرانەکاندان و بەدوای ڕێگاچارەی گونجاودا دەگەرێن.

من ئاوا لە دۆخەکە گەشتووم. هیوادارم پێشبینیی و بۆچونەکانم هەڵە بن و ئۆپۆزیسیۆن لەم فۆبیا و شەرم و گەمژەییە بێتە دەرەوە. بوێرانە دەست لەو ڕەوتە بێ وزەیەی خۆی هەڵگرێت و هەموو ئەو تڕوهاتانە تێپەڕێنێت کە خۆیان لە " یەکڕیزی، ناسکی بارودۆخەکە، مافە نەتەوەییەکان، داهات و سامانی کوردستان، عەدالەتی کۆمەڵایەتی " توند کردووە. لەکاتێکدا ئەو شیعارات و قسە گەورانە لە ژێرەوە کرۆکی بونیادی کۆمەڵگایەکی تەندروست و ئابورییەکی سەقامگیر و چوارچێوەیەکی حوکومڕانی ساغ و تەکنۆکرات و دادپەروەریان هەلاهەلا کردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە