کام له‌و سیانه‌ ده‌بێت دادگایی بکرێن؟

Thursday, 09.03.2009, 12:00

1397 بینراوە


ئەم نووسینە پێشکەشە بە ڕوحی پاکی سۆرانی مامە حەمە و دەبێت بکوژەکانی دادگایی بکرێت ....!
کاتێ باسی خالیدی خولە سوور دەکەم مەبەستم ئەوە نییە من داکۆکی لە تاوانبارێک بکەم و هیچ کارێکیشم پێی نییە بەڵکو بەپێچەوانەوە دەمەوێت هزری دادگایی کردن لە دیوە ڕاستەقینەکەیەوە بۆ سەرجەم تاوانکاران بەبێ جیاوازی پوخت و کارابکەم و هەر لەگەڵ ئەوەشدا دادگاو دادگاییکردنیش لە ئەجندەی قۆرخکردنی سایکۆلۆجیەتی سەقەت و بانگێشەی عەقڵیەتی ڕزیوە سڕبوە دروشمیەکان ڕزگار بکەم و قودسیەت بۆ هەیبەتی دادگا قۆرخکراوە تێکشکاوەکانمان بگەڕێنمەوە .... چونکە لە تێفکرینی مندا دەبێت دادگا قەڵایەکی مەحکەمی سەربەخۆی هەبێت و وەک ئاتەشگەیەک هەموومان لە دەوری کۆببینەوە نەهێڵرێت دەست تێوەردانی ڕەش حورمەتی سەربەخۆییەکەی لەکەدار و ناشرین بکات و لە سەر سکەی عەدالەت بیترازێنێ و بەلاڕێ یەکی وێڵی چەوتدا کێشی بکات و دوا جاریش زەمینە خۆشبکرێت بۆ فرسەت هێنان لەلایەن کەسانی هەلپەرستی کەڵەکسازی لیخن تاوەکو لە پێناوی مەرامی تایبەتمەندێتی بەرتەسک وەک ئەکتەرێکی ئاکتڤی ئاشوبگێڕ نمایشی سیما پوچەڵەکەی خۆیانی بەسەرەوە بکەن. ئەمە پێناسەی منە بۆ تاوان.
تاوان لە ڕوانگەی مندا گشتگیرییه‌ و لێبووردنی نییە ، هەر کەسێ تاوانێکی کردبێت یان تاوانێک بکات دەبێت بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پاساوێک لە دادگایەکی بوێردا بەپێوانەی ئەو تاوانە بە یاسایەکی تۆکمەی داڕێژراو دادگایی بکرێت، بەڵام ئەو یاسایەش یاسایه‌کی گۆترە نەبێت، دەبێت لە ڕووی ئەکادیمیەتی فیکری و تێڕوانینێکی ڕۆشنفیکری واقیع بینانەی سەردەمیانە بگونجێ و ناواخنێکی تێروتەسەلی پڕ لە ئەزموونی یاسای عەدالەت و مافپارێزی تیا بخوێندرێتەوە.
لێرەدا بە ئەرکی سەرشانی هەمە لایەنەی دەزانم کە هەوڵێکی جدی شەریفانە بدرێت لە پێناو پاڵپشتی کردنی دادگایەکی پتەوی سەربەخۆی خاوەن بڕیاری جەریئانە و پارێزگاریەکی مەبدەئیانەش لێ بکرێت و لە هەیمەنەی حزبی و دەسەڵاتی بپارێزرێت . تادەگات بەو کەسە بزێوانەی کە خۆیان لە تارماییەکاندا مەڵاس داوە بە مەبەستی ئاژاوە گێڕی و دەیانەوێت کوێخایەتی بەسەر کۆمەڵگادا بفرۆشنەوە و پەنا بەرنە بەر خامەی بەکارهێنانی هەندێ مانشێتی سایکۆلۆجیەتە بزوێنەرە سەقەتکراوەکانی وەک دڵسۆزی و کوردایەتی و مولحەقە موزەیەفە ئەفیونیەکان و دەیانەوێت ڕێگر بن لە ئاست میکانیزمەکانی دادگاو دادگاییکردن و بێشەرمانەش لەهەوڵی ئەوەدابن سەروەرییە یاساییەکانی فاسد بکەن و هەر لەو ڕێی کەلەبەرەکانیشەوە موقەدەراتی کۆمەڵگە لە فەزای نا ئارامیدا توند بکەن و بەرەو لێواری کەندڕە وونبوەکان خلۆری بکەنەوە . لێرەدا دەبێت ئەوەش بهێنینە پێش چاوی خۆمان و دەرک بەو ڕاستیە بکەین کە لەبەر نەزانین و گەندەڵیەتی سەرانی حزبی و دەسەڵاتی خۆسەپەێنەر تائێستا نەتوانراوە کارێکی جدی بکرێت و دادگایەکی تەواوی ڕێک و پێک نەخشەی بۆ بکێشرێت ، بۆیە ئێستا هەست دەکەین کە باجێکی زۆر گەورە گران بۆ تە قورسایی و کەوتۆتە سەرشانمان تا ڕادەیەک کار گەیشتۆتە ئەوەی ، ئەگەر ڕاستگۆیانە و شەفافانە دان بەو ڕاستیەدا بنێین دەبێت بە ئاشکرا بڵێین (ئێمە میللەتێکی کەرامەت شکاوین) و بەڵگەشی ناوێت و ڕاستەوخۆش ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەرمان ئەگەر تێڕوانینمان هەبێت بەرامبەر دیدی ووڵاتانی ئیقلیمی و ناوخۆ و بگرە زۆرینەی ووڵاتانی جیهانیش. لێرەدا من بۆی ناچم کە کۆمەڵگەش تاوانبار بێت و خۆی خوڵقێنەری ئەم کەرامەت شکانە میلی یە بێت بەڵکو بەپێچەوانەوە هەندێ دەستی ناپاک و نەفامی بوردەڵەو حزبی هۆکارە ئاکتیڤە سەرەکیەکەیەتی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تازە بۆتە بەشە واقیعمان و خراوەتە ئەستۆی هەموومان . ئەمەش کارەساتێکی زۆر گەورەو مەترسیدارە کە ڕووبە ڕووی میلەت بونمان بۆتەوە وە بەزەقیش هەست بەوە دەکەین کە گاریگەریەکی سلبی تەواوی هەیە لەسەر ئێستای خۆمان و نەوەکانی داهاتوشمان ... جا بۆیە ئەرکێکی پیرۆزی ئەخلاقیە هەوڵبدەین کار لەسەر ئەوە بکەین کە هاوسەنگیەک دروست بکەینەوە ئەوەش لەڕێ ی خۆ کۆکردنەوەو هەڵمەتێکی چڕو پڕی بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاریمانە بۆ ئەوەی لەو ڕێ یەوە بتوانین ئەو کەرامەتە شکاوەمان پینەبکەین .ئەوەش لە سەرەتادا لەڕێ ی عەدالەت و ماف و دادگا کانمانەوە دەکرێت کە بتوانین جەریئو ئاکتیڤی شەرعیەتی سەربەخۆیی بە بەرگدا بکەین و پێویستیشە سنوورێکی سوور بۆ ئەو گروپ و تاقم دەسەڵاتە حزبیانە بکێشرێت بۆ ئەوەی چیتر نەتوانن خود موختاریەکی موتڵەق بە خۆیان بدەن و خۆیان بکەنە ئەڵتەرناتیڤی حەقیقی میلەت و کەسیش نەبێت بەرەنگاریان بوەستێتەوە و بەویستی خۆیان چنگ لە ئیرادەو کەرامەتەکانی گیر بکەن و بەدوای خۆیاندا پەلکێشی بکەنە ناو فەزای بەرژەوەند پەرستی و تێفکرینی سەقەت و جاهلیەتەکەیانەوە .
لێرەدا دەمەوێت لابدەمە سەر تەوەرەیەکی تر کە لە ناواخندا لەگەڵ تێفکرینی ڕوونکردنەوەکەی سەرەوەمدا یەک دەگرێتەوە ... ماوەی چەند ڕۆژێ لەمەو بەر دەنگۆیەکی میدیایی لە ڕێ ی هەندێ نووسەرەوە بەرز بوە وە و داوای ئەوەیان دەکرد کە خالیدی خولە سوور بدرێتە دادگا لەگەڵ ڕێزم بۆ دەربڕینی هەستی ئەو بەڕێزانە و ئەوان خۆیان ئازادن لە چۆنێتی دەربڕینی هەستەکانیان ... لە هەمان کاتیشدا منیش مافی ئەوەم هەیە کە لە ڕوانگەی تێفکرینەوە و ڕوونکردنەوەی ئازادانەی خۆم هەبێت ، جا لێرەدا هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە من هیچ کارم بەخالیدی خولە سوورەوە نییە ناشبمە پارێزەری ئەو، بەڵام من لەدیوی هەڵوێستەیەکی تری پێچەوانەوە خوێندنەوەم بۆئەو جۆرە دەنگۆیانەوە هەیە و من باوەڕم بەوەنیە ئیدی لەمە زیاتر کۆمەڵگە بخرێتە ژێر فشارو پەستانی دروشمی عاتیفەی عەقڵە بیر تەسکەکانەوە ، چونکە دەبێت خەڵکی بەخوێندنەوەیەکی مۆراڵانەو شارەزاییەکی تەواوەوە بەرامبەر واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بوەستێ تەوە .. بۆ نمونە کاتێک یەکێک دەنگۆیەکی وەها تیژی بڕەر بەرزدەکاتەوە و داوای دادگاییەکی بەو چەشنە دەکات ، دەبێت پێش بەرزکردنەوەی دەنگۆکە خۆی ڕووبەڕوی هەندێ پرسیار بکاتەوە .. وەک (ئایا ئەو کەسە کێ یە؟ دادگایی بکرێت ... چۆنێتی تاوانەکانی چییە کە دەبێت لەسەری دادگایی بکرێت .. یاخود لە کوێ دادگایی بکرێت ... چۆن جەریئانە بەبەڵگەوە بەرەو ڕووی تاوانبار دەبیتەوە ، تا چەند مافی ئەوەت هەیە کە دەعوا تۆمار بکەیت .. ئەو یاسایانە چی یە کە خەڵکی مەحکەم بێت پێ ی لە کاتی بەرەنگار بوونەوەی تاوانباردا ... لە هەمووی گرنگ تر ئایا ئەو دادگایە لە ڕووی دادگایی کردن و یاساییەوە تا چەند شەرعیەتی سەبەخۆیی بوێری هەیە) ئەمە لەسەر ئاستی دادگاکانی ناوخۆ دەیڵێم : جا ئەوسا ئەگەر ئەم پرسیارانە هەمووی بە پۆزەتیف گەڕایەوە ئەوا دەبێت خالیدی خولە سوور و مام جەلال و مەسعود بەرزانیش پێکەوە بانگێشی دادگا و دادگایی بکرێن ... وە دڵنیاشم ئەو بەڕێزە خاوەن دەنگۆیانە خۆشیان هەر هەموو پرسیارەکان بە نەگەتیف وەڵام دەدەنەوە ... خۆ ئەگەر هاتو ئەو دەنگۆیانە بۆ دادگایی کردن بێت لەسەر ئاستی دادگاکانی دەرەوە ... لێرەدا کارەساتە پڕ مەترسیەکە ڕووبەڕووی هەموومان و سەرجەم میلەت دەبێتەوە ... چونکە ئەوسا نەک تەنها کەرامەت شکاندن ، بەڵکو شەرەف و نامووس و وجودمان هەتا ماوە بە بێنرخی دەمێنێتەوە و تەنها داماڵینمان خۆ وونکردن لە کورد بوونی خۆمان کە مێک سەبووریمان پێدەدات ... چونکە ئەو وەختە تاوانبارێک ڕاپێچی ئەو جۆرە دادگایانە بکرێت و بەهەزانیش ئازاد بن بۆیە دەبێت لەم حاڵەتانەدا دادگایی کردن شمولی بێت و دەبێت ... مام جەلال و مەسعود بارزانی و هەرچی سەرکردەی کۆن و نوێ یە بانگێشی ئەو دادگایانە بکرێن بە شۆڕشەکانیانەوە .. بەم مولحەقانەشەوە ... ئەو سەدان موستەشارانە ، هەرچی بەرپرس بوە لە ناو شۆڕشەکاندا .. ئەو سەدان وەزیرانەی کە هەمان بوە یان ئەوانەی ئێستاش لە کاردان ... ئەو سەدان ئەندام پەڕلەمانانەی هەمان بوە .. ئەو هەزان خاوەن کۆمپانیایانە .. دەیان ئەفسەرو دەرەجەدار .. هەزاران هەر لەتاکی کۆمەڵ کە دەستی دیاریان هەبوە لە کوشتن و بڕین ... کە من دڵنیام تەنها کەسێک نابینی کە لەم لیستانەدا بێت و تاوانبارێکی قورس ڕووبەڕووی نەبێتەوە بگرە لەوانەیە کەسی تیا بێت زۆر تاوانەکەی لە خالیدی خولەسوور گەورە تربێت ... بەڵام ئایا دەکرێت !... گریمان ئەگەر کرا ئایا بەم هەموو تاوانبارانەوە بچینە ناو دادگاکانەوە ئەی دەبێت لە نێو کۆمەڵگەی میلەتانی ئەم دنیایەدا چی بڵێین ؟ و چۆنیش سەیر بکرێین ؟ بۆیە تەنها چارەسەر ئەوەیە لای من کە ئەو جۆرە دادگایەی کە ئاماژەم پێداوە قەڵایەکی سەختی بۆ دروست بکرێت ... بەڵام لێرەدا پرسیارێکی تر سەرە ڕێمان پێدەگرێت ... ئەی خشتەکانی لە کوێ بهێنین و بەشانی کێ سەری بخەین .
ڕۆشار 03 09 2009