سەنتەری كورد - ئەمریكا جەخت لەدادگایكردنی مەحمود سەنگاوی دەكاتەوە

Thursday, 26/12/2013, 12:00

1703 بینراوە


سەنتەری كورد-ئەمریكا بۆ ئازادی ڕادەربڕین
لەسەر سكالای خانەوادەی رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی وبە تۆمەتی تیرۆركردنی كوڕەكەیان، دادگای بەرایی كەلار لە رۆژی (19122013) بەپێی مادەی (406) لەیاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ مەحمود سەنگاوی دەركردوە، لەگەڵ ئەوەی ناونیشان و شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبارەكە دیارە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەكراوە و خۆشی نەچۆتە بەردەم دادوەر. لەسەر ئەمەش لێدوان و بیانوی جیاجیا چ لەلایەن تۆمەتبارەكە و چ لەلایەن یەكێتی نیشتمیانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە لە رێی میدیاكانەوە گوێبیست دەبین.
ئێمە لە سەنتەری كورد-ئەمریكا، نیگەرانین لەوەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ بڕیاری دەستگیركردنی تۆمەتباری تیرۆركردنی رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی دا بكات، هەروەها نیگەرانیشین بەهەر بیانوێكەوە بێت، یەكێتی نیشتیمانی تەگەرە بخاتە بەردەم دەستگیركردنی مەحمود سەنگاویەوە، كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیانە، بیانوی بەدەستنەگەیشتنی بڕیاری دادگاش بە تۆمەتبار، بیانوێكی بێبنەمایە و وەك هەڵاتن لە یاسا حسابی بۆ دەكەین، چونكە دەقی بڕیارەكە سەرباری ناردنی بۆ تۆمەتبار، هاوكات لە زۆربەی میدیا نێوخۆیەكانیشدا بلاوكراوەتەوە.
دەستگیرنەكردنی تۆمەتباران و دادگایی نەكردنی بكوژانی رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی، بەر لە هەرشتێك بێبایەخكردنی یاسا و دەسەڵاتی دادوەریە لە هەرێمی كوردستان، هاوكات پێشێلكاریەكی گەورەی ئازادی كار و سەلامەتی رۆژنامەنوسان و ئازادی بیرورادەربڕینە، ئەمەش لە ناوەندە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ بەشێوازێكی خراب بەسەر حكومەتی هەرێم و لەنێو حزبە سۆسیال دیموكراتەكانیشدا بەسەر یەكێتی نیشتیمانیدا دەشكێتەوە.
ئێمە لە سەنتەری كورد- ئەمریكا، رایدەگەیەنین، لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ ئاگاداركردنەوەی ناوەندە بڕیاربەدەستە نێودەوڵەتیەكان و رێكخراوە تایبەتمەندەكانی رۆژنامەوانی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕا دەربریِن، لە تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی و هەموو فشارێكیش دەگرینەبەر بۆ دادگایی كردنی پلاندانەر و بڕیاردەر و بكەری تیرۆركردنەكە لەبەردەم دادگایەكی سەربەخۆی ناوەخۆ یان دەرەكیدا.
لەگەڵ ئەوەی سەنتەری كورد ئەمریكا پێشتر تەواوی ناوەندو ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی جیهانی لەدۆسیەی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی ئاگادار كردەوە, ئێستاش لەپەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هەریەك لەڕێكخراوەكانی "هیومان ڕایتس ۆچ "HRW"، كۆمیتەی بەرگریكردن لە رۆژنامەنوسان "CPJ"، رێكخراوی ئەمنیستی ئەنتەرناشناڵ"AMNESTY"، و رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور"RSF"، پەیمانگای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی "IPI" و چەندیدنی تریش، بەدەنگەوە هاتنیشیان بۆ بانگەوازی سەنتەرەكەمان لە ئەمریكا، جێی ئومێدە و چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا كاردانەوەی ئەو ناوەند و رێكخراوانە دژ بە تیرۆركردنی رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی و دەستگیرنەكردنی تۆمەتباران و دادگایی نەكردنیان رابگەیەنرێت.
بەو هیوایەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و داواكاری گشتیش، رۆڵی ئیجابیانە و بەرپرسیارانەی خۆیان لە بێلایەنی لێكۆڵینەوەكان و سەربەخۆیی دادگا و پرۆسەی دەتسگیركردنی تۆمەتباراندا ببینن، بەر لەوەی لە ژێر فشاری نێودەوڵەتیدا ئەم داوایەیان لێبكرێت، یان دۆسیەكە بگاتە (راپۆرتی خولی گشتگیر) كە بڕیارە لە مانگی مارسی داهاتودا لە شاری ژنێف بە ئامادەبوونی زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان نمایش بكرێت.
سەنتەری كورد - ئەمریكا بۆ ئازادی ڕادەربڕین (K.A.C.F.E), سەنتەرێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە, لەلایەن نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانانی كورد لە هەرێمی ڤێرجینیای ئەمریكا دامەزاروە, ئامانج لەكارەكانی ئەم سەنتەرە بەرگریكردنە لە ئازادی رادەربڕین و ئازادی كاری رۆژنامەنوسی و گەیاندنی هەر پێشێلكاریەك دژ بە تاكی كورد لەو روەوە بە ناوەندە نێودەوڵەتیەكان , ئەم سەنتەرە لەلایەن چەند ناوەندو ڕێكخراوێكی ئەمریكی و نێودەوڵەتی پشتیوانی دەكرێت.
سەنتەری كورد-ئەمریكا بۆ ئازادی ڕادەربڕین (K.A.C.F.E)
ڤێرجینیا ئەمریكا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە