"گرێ پووچکەی مێژوو"

Sunday, 24/03/2013, 12:00

1640 بینراوە






سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە کوردستانی خۆمان بە تایبەتی وەکو ئەوە دەچێ کە مرۆو بە دەرزی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس هەڵکەنێو تەختی کا!
بەهاری عەڕەبی ئاغای ئۆباما چەند ساڵی دیکە بەر دێنێ، بڕۆن لە شێخ رەزای تاڵەبانی پرسن. لە وانەشە هێزی ناتۆش جوابمان بداتەوە! هەموو ساڵێک دەڵێن: خۆزگە بە پار، ساڵان دونیا، دونیای دووجەمسەری بوو، ئیمپریالیزم و کومونیزم، لە سەردەمی دونیای پێشکەوتودا سەردەم بۆتە دونیای ئۆختاپوستان!
هەها چۆن رۆژگارێکیان بۆ خەڵکی بەستەزمانی سوریا دروست کردوە. کۆماری ئیسلامی سەڕی خۆی لەگەڵ ئامریکا و ئیسڕاییل گواستۆتەوە و رۆژانەش چۆن تێپەڕ دەبن بڕۆن لە ئیمامی زەمان پرسیار بکەن!
دەڵێن ٢٩ سەرهڵدان لە کوردستان پێک هاتووە (جگە لە سەرهڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە من پێم وایە جیاوازترە)، هەتا ئەو رۆکوش نە بە دارە نە بە بار!
کەس هەبوو لە سمایل ئاغای شکاک (سمکۆ) بپرسێ و بە چاوێکی رەخنەگەرانە لێی بنواڕێ و بڵێ:
ئەرێ خاسە پیاو لەسەر چی لە ماڵی خۆتدا "مارشیمۆنت" وەبەر دەستڕێژی فیشەک دا و کوشتت؟ هەر نەبێ وەکی میوان بانگت کردبو!
کەس هەیە پرسیار بکا کاتێک کە رەزا شای ئێران لە سەر خاکی کوردان داوای دیداری کرد و جەنابت لەگەڵ ٧٠ یان ٨٠ چەکدار چویە لای، ئەویش بە شۆفیر و ٥ کەسی دی، دوای وتووێژ و قەول و قەرار لە گەڕانەوە رەزا شای کورد کوژ دوو جار لە شۆفیری خۆی پرسی: "ئەو کابرا.....بۆ منی نەکوشت!"
پاشان دیتمان چۆنیان لەبۆ هاویشتی و کوژرای، بە کوژراوی سەریان بڕی و وێنەکەیان لە هەموو دونیا بڵاو کردەوە و کوردیان پێ چاوترسێن کرد!
کام رەخنەگەری مێژوومان بە کوردی گوت: سەید رەزای دێرسیمی بۆ لە پەنای ئاتاتورک وێنەی کێشاو فریوی کەمتیارێکی ئاوای خوارد؟ هەتا ئەوڕۆکەش شوێنی گڵکۆکەی دیار نییە!
مەلا مستەفای بارزانی بۆ چی خۆی لە باوەشی شای ئێران هاویشت؟ دیتمان چی بەسەر شۆڕشەکەی هات! خۆلەڕادەست کردنەوەی تەرمی شەهید سولێمانی مۆعینی و هاوڕێیانی کۆتایی نەکردبو!
لە وەتێ هەم لە بیر ناکەم تەنیا لە ماڵ دانیشتبووم لە مەهاباد، دۆستێکم بە ناوی خ. لە دەرگای دا. زۆر پەرۆش بوو، گوتی: "نەتزانیوە؟ دوکتور قاسملویان ترۆر کردوە!"
دەست بە جێ رادیوی ح.د.ک. ئێرانمان گرت. خەبەرەکەی دوای چەند کاتژمێرێک ئاوا بڵاو کردەوە: "ئێمە کومیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی ئاگامان لەو دیدارانە نەبووە!". (ئاڕشیوی رادیوی حیزب)
لەو وتووێژانە دا لەگەڵ دوکتور قاسملو پاش ٢ یان ٣ جار دانیشتن گوتبویان با جەلال تاڵەبانی چیدی بەشدار نەبێ چونکی زار بە هەوارە و ئابڕوتان دەبا! هەتا دوایین پڕۆسەی وتووێژ دیتمان چۆن لە خشتەیان بردو شەهید کرا! کاتێک کە دوکتور شەڕەفکەندی لە میکۆنۆس بە شێوەیەکی ناڕون لەگەڵ ئەوانی دیکە تێرۆر کرا. جەلال تاڵەبانی گوتبوی:" پێم گوتووە مەچۆ بۆ وێ، بە قسەی نەکردم!"
کا مەسعود لە فکری دەسەڵاتی بنەماڵەکەی و پارتەکەی دایە، نازانێ تیمساحێکی وەکی ئەردۆغان و دام و دەزگاکەی بۆ چی بۆ ئەنفال و هەڵەبچە دەگرین (عادەتی تیمساح وایە کاتێک نێچیری وە دەست کەوت لە خۆشی دا دەگری). بایەی تورێک ئاگای لە بار و دۆخی دوای بەشار ئەسەد و کۆماری ئیسلامی ئێرانی نییە.
کەس هەیە لە مام جەلال بپرسێ هەشتا ساڵ تەمەن و کێشی زێدە ئاوا نەخۆشت دەکا بۆ چی دەست هەڵناگری خۆ تۆ فێرعەونی؟ لێمان بۆتە ئیمامی زەمانی کوردان و دەڵێن وەزعی باشە و بە ٣ زمان قسە دەکا!
دەڵێم: خۆزگە لە ٥٠ ساڵ تەمەنی سیاسیت دا تەنیا بۆ جارێک بە یەک زمان قسەت کردبا!
ئەگەر دەڵێم بە نوکە دەرزی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس تەێت نابن لۆمەم مەکەن!
جەعفەر کەریمی
تۆرکۆ / فینلاند

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە