هێرشكردنە سەر گۆڕان و یەكگرتوو بە ئیعازی یەكێتی و پارتی بووە

Thursday, 06/08/2009, 12:00

1629 بینراوە


لەرووداوو بابەتی لەو جۆرەدا كە یەكێتی و پارتی پێڕەوی دەكەن، ئەو بە هێرشكردن و ئەم بە دەركردن، ئەگەر بە وورى لێی بڕوانین و تێیفكرین بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو هێرشانەو تەقەكردن بە ناوی دەربڕینی خۆشی و چی و چی، بە ئیعازو فەرمان و بڕیارو رێككەوتنی هەردوولایان بووە، ئەویش بەم مەبەستانە..
1- وەك هەوومان دەزانین موسەوییەكان لەئێران پاش ئەوەى بۆیان دەركەوت لایەنی دەسەڵات و حزبەكەى فێڵی زۆرو ئاشكرایان لێیان كردووە، ئیدی بە شۆڕشی سەوزەوە شەقام و كۆڵانەكانی ئەو وڵاتەیان تەنی و سیستمەكەیان لەرووخان نزیك كردەوە، ئەوەبوو پێش هەڵبژاردنی كوردستان چاودێرانی سیاسی و نوسەران و رۆشنبیران ئاماژەیان بەوە دەكرد كە رەنگە ئەگەر لەكوردستانیش كارێكی لەو جۆرە ئەنجامدرا ئەوا لەدەسەڵات و حزبەكانیان قبوڵنەكرێت و سیناریۆی ئێران لەكوردستانیش پیادە بكرێت، ئیدی وادیارەو دەركەوت (یەكێتی و پارتی) لەگەڵ ئەوەى پلانی خروقات و فێڵكردنیان دارشتبوو هاوكات پلانی پاش هەڵبژاردنیشیان ئامادەو ساز كردبوو كە نەوەك ئێران ئاسا لێرە رووبدات، بۆیە هەستان بە تەقەكردن و هێرشكردنە سەر لایەنەكانی خروقات و فێڵ لێكراو، ئەمەش بە مەبەستی چاوترساندن و سووركردنەوە لێیان كە بۆتان نییە بە خۆپیشاندان و هەر رێگەیەكی دیكە ناڕەزایی دەرببڕن و پێویستە لەسەرتان ئەو ئەنجامە قبوڵ بكەن و هیچی تر.
2- ئەو كردەوە قێزەونانەى دەسەڵات و حزبەكانیان ئیعازێكیش بوو بۆ رازیبوون و ملكەچبوونی ئەو دوولایەنە (گۆڕان و چاكسازی) بە ئەنجامەكان.
3- رەنگە بە ناڕەزایی دەربڕین و هاتنە سەر شەقامەكان كاریگەرى هەبوایە لەسەر كۆی پرۆسەكەو ئەنجام و سیناریۆی هەڵبژاردنەكە، بەڵام ئەوان توانیان بەو جۆرە پلانانە لایەنی زوڵملێكراو كپ و دەمكوت بكەن.
بۆیە ئەگەر (گۆڕان و چاكسازی) ناڕەزایی دەرنابڕن و قبوڵی ئەنجامە دانراوو دروستكراوەكانی یەكێتی و پارتی دەكەن، ئەوا پێویستە لەرێگەیەكی ترو بە شێوازێكی دیكە دەستە شاراوەكانی ئەو دوو حزبە لەبەرچاوی جیهان و ناوچەكەو عیراق ناشرین بكەن، ئەویش، پێویستە *یان ئەوەتا هەر لەئێستاوە بڕیار بدەن كە چیتر قبوڵی ئەو ئەنجامە نەكەن و نەچنە نێو پەرلەمانە دروستكراوەكەى هەردوو زلحزبەوە،. یاخود *بڕیار بدەن بەڕاستی ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی كاراو چاونەترس و رێبەری خەڵك بۆ ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان و ریگاكانی دیكەو هیچ پۆستێكی وەزارى و حكومی وەرنەگرن، ئیدی دڵنیام یەكێتی و پارتی چۆكتان بۆ دادەدەن.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە