سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان لەکام خانەی سیستەمە سیاسیەکاندایە

Tuesday, 03.03.2015, 12:00

1694 بینراوە


سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا بریتیە لە سیستەمێکی ئۆتۆکراسی کە بنەما شەرعیەکەی وەلای تەقلیدیە بۆ حیزب و سەرۆک. سیستەمێکی تەقلیدی و دەسەلاتی بنەمالە کە لەسەر بنەمای ئەقل ومەنتق دانەمەزراوە، هەربۆیە نەیتوانیوەو نەشیویستوە ببێتە سیستەمێکی موئەسەساتی ڕاستەقینە. هەرێمی کوردستان بەرگی سیستەمی سەرۆکایەتی لەبەرکراوە بەلام بە دەسەلاتێکی موتلەقی سەرۆک بەرامبەر بە پەڕلەمان و حکومەت و دادوەرییەکی بێدەسەلاتکراو. دەسەلاتەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەل سیستەمی پەڕلەمانیدا یەک ناگرێتەوە بەوەی کە دەسەلاتی ڕاپەراندن لە سیستەمی پەرلەمانیدا لە دوو دەزگای جیاواز لە یەکتر پێک دێت کە بریتین لە سەرۆکی هەرێم (سەرۆکی دەولەت) و ئەنجومەنی وەزیران ، بەلام سەرۆکی هەرێم لێرەدا سەرۆکی بالای ڕاپەڕاندنیشەو هیچ بالانسێک نیە لەنێوان سەرۆکی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیراندا. پەیوەندی نێوان پەڕلەمان و حکومەت پەیوەندیەکی ناتەندروستەو سێ دەسەلاتەکە بەنێو یەکتردا تواونەتەوەو ئەمەش خەسلەتێکی تری پێچەوانەی پرەنسیپە دیموکراسیەکانە.


دەسەلاتەکانی سەرۆکی هەرێم
سەرۆکی هەرێم سەرۆکی دەزگای ڕاپەراندنە ، سەرۆکی هێزی پێشمەرگەیە، ئەنجومەنی "ئاسایشی هەریمە"، سەرۆکی پارتیە ، نوینەری دەسەلاتی بنەمالەیەکی دەسەلاتدارە، خاوەن ئابوریەکی تایبەتی شەخسیی و خێزانە ، خاوەن دەزگای هەوالگری حیزبی و میلیشیای خۆیەتی ، ئەم دامەزرێنەری بەڕێوەبەرە گشتیەکانە...، هەربۆیە دەکرێ لێرەدا باس لە سیستەمێکی سەرۆکایەتی بکەین لە ولاتێکی دیکتاتۆردا. لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش سیستەمی سەرۆکایەتی پیادە دەکرێ بەلام کۆنگرێس (پەڕلەمان) بەهێزەو توانای کاردانەوەی هەیەو دەولەتی قانونە.

سەرۆک نایەوێ خاوەن مەلەفەکان و موستەشارەکان ڕوبەروی دادگا بکاتەوەو تەسلیم بکات ، سەرۆک نایەوی جینۆساید بکاتە چەکێکی سیاسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ، سەرۆک نایەوێ ئازادی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆن هەبێت ، سەرۆک حیزبی قائیدی دەوێت ، سەرۆک لەبری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەنجومەنی هەوالگری و حیزبی دروست ئەکات کەخۆی سەرۆکیەتی. هەربۆیە سیستەمە سیاسیەکەی هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی نەگونجاوەو ناسەرکەوتوەو هەَلگری سیستەمێکی سیاسی تەندروست نیە. بەرژەوەندی سەرۆک و بنەماَلە (دوو بنەماَلە گەورەکەی هەرێم) لەسەر حیسابی بەرژەوەندی نەتەوەیە. دەسەلاتەکانی سەرۆکی هەرێم زۆرن تەنانەت بە سەرۆکی کوردستان نێوی دەبەن. لێرەدا دەپرسم ئایا لەم هەرێمەدا پێویستی بوون بە سەرۆک هەیە؟ ئەی کێ لە سەرۆک دەپرسێتەوە؟ سەرۆکایەتی هەرێم کە بریتیە لە سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی و دیوانی سەرۆکایەتی بەلام جێگرێکی ڕاستەقینەی نیەو لە راستیشدا ناشیەویَِ جێگری هەبێت. هەر لە ماددەی هەشتدا برگەی یەکەم هاتوە "سەرۆک ، نوێنەری سەرۆکی هەریم" دەبەخشیتە ئەو کەسانەی خۆی دیارییان دەکات.

سیستەمی بنەماڵە سیستەمە دەولەتیەکە کرمێ دەکات
لێرەدا دوو سیستەم لە تەنیشت یەکترەوەن (سیستەمی بنەمالە و سیستەمە دەولەتیەکە)، بەلام دەسەلاتدارە ئۆتۆکراسیەکەو دەزگا بیرۆکراسیەکانی لەراستیدا لەتەنیشت یەکترەوە نین بەلکو دەسەلاتە تەقلیدیە بنەمالەکە خۆی خنیوەتە نێو سیستەمە شەرعیەکەو فۆرمی گۆریوەو بێکاریگەری کردوە. بارودۆخی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و دادوەری لەهەرێمی کوردستان بەلگەی ئەم بۆچوونەیە. لە ڕووی زانستی سیاسیەوە ئەم شێوە سیستەمە وەک زۆربەی ئەوانەی تری ولاتانی "جیهانی سێ" لە ڕاستیدا بریتیە لە گرێدانێکی تەقلیدیی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. هەربۆیە پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن دەرکەوتەیەکی قۆناغی گواستنەوەیە (الانتقالیە) بەلام سروشتی ئەم سیستەمەی ئێستەی هەرێم توانای گواستنەوەی ئەم قۆناغەی نیە. هەربۆیە ئەم ڕژێمە دەبێت جۆرێکی تر شەرعیەت بدات بەخۆی و تەواو لێرەدایە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی. بەلام ئەم سیستەمی دەسەلاتە سەقامگیریەکەی بەتەنیا لە پیادەکردنی هێز ، لە میکانیزمی کۆنترۆل و چاودێری و تۆقاندن سەرچاوە ناگرێت بەلکو پەنا بۆ میتۆدی تری جۆراوجۆر دەبات. شارەزایانی زانستی سیاسی دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە دەرئەنجامەکانی ئەم شێوە دەسەلاتە لە کۆتایدا دەبێتە هۆی وێرانکردنی پێکهاتەکەی خۆی کە کار بۆ چڕکردنەوەی دەسەلات لە دەستی تاقمێکی بچوکدا دەکات کە لە هەوڵی ئەوەدایە رێگربێت لە دروستبوونی رێکخراوی سەربەخۆی کۆمەلایەتی. هەربۆیە کۆنترۆڵی سەرجەم بزوتنەوەو چالاکیە کۆمەلایەتی و مەدەنیەکان دەکات و بەردەوام میتۆدو ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسک کردنەوەو ژێردەست کردنی داواکاریە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان. جگە لەوە دەسەلاتەکە لەلایەن ئەلیتەیەکی سیاسی و بیرۆکراتی دەورە دراوە. هەرچەندە مەبدەئیەن بەناوی سەرجەم موئەسەساتەکانی ولاتەوە دەدوێ بەلام لە ڕاستیدا تەنیا لە هەوڵی ئەوەدایە دەسەلات و کاریگەریی خۆی گەورەو سەلامەت بکات ئیتر بەهەر میتۆدێکی ناشەرعیش بێت. ناکۆکە بەخۆی ئەگەر لە بەغدا باس لە فیدرالیەت بکریِت و لە هەرێمیش مەرکەزیەت پیادە بکرێ و مەرکەزیەت و دیموکراسیەتیش هەرگیز یەکتر ناگرنەوە.
(بەشێکی کەم لە توێژینەوەیەکی بەندە بۆ ئەم بابەتە)