82 كارگه‌ی ئه‌لمانی كه‌ره‌سه‌ و چه‌كی كیمیاویان به‌ عێراق فرۆشتوه‌

Monday, 03.16.2015, 12:00

1734 بینراوە


(له‌ كتێبه‌كه‌م له‌سه‌ر جینۆساید)
35 سال دوای ئاوشڤیتس كارگه‌كانی ئه‌لمانیا به‌ زانین و چاوداخستنی حكومه‌تی ئه‌لمانیا ئه‌وه‌ی بۆ حكومه‌تی عێراق دروستكرد كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یمان نه‌ك هه‌ر له‌ جه‌نگی یه‌كه‌م و دوه‌می جیهانیدا به‌لكو له‌ هه‌له‌بجه‌و ناوچه‌كانی تری كوردستان و له‌ جه‌نگی عێراق / ئێرانیشدا بینی. هه‌رچه‌نده‌ به‌ ته‌نیا ئه‌لمانیا نه‌بوه‌ كه‌ كه‌ره‌سه‌ی پێویستی به‌ حكومه‌تی عێراقی فرۆشتبێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، به‌لام ئه‌لمانیا رۆلی سه‌ره‌كی و گرنگی بینیوه‌ تێیداو 82 كارگه‌ به‌شدار بوون له‌ فرۆشتنی ماده‌ی دروست كردنی چه‌كی كیمیاوی و پێدانی كه‌ره‌سه‌و زانیاری پێویست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ولاته‌ لێپرسینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ مێژوی خۆیدا هاتۆته‌سه‌ر ده‌بوایه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بیری له‌وه‌ نه‌كردایه‌ته‌وه‌ رێگا بدات به‌ فرۆشتنی ئه‌م جۆره‌ مه‌وادانه‌ی كه‌ ده‌كرێنه‌ چه‌كی كوشنده‌ی كۆمه‌ل كوژ. ئه‌لمانیا سێیه‌م ده‌وله‌ته‌ له‌ جیهاندا له‌ فرۆشتنی چه‌ك. به‌واتا ئه‌وه‌ به‌ته‌نیا رژێمی به‌عس نه‌بوو كوردی كۆمه‌ل كوژ كرد به‌لكو هه‌مو ئه‌وانه‌شن كه‌ هه‌ر یه‌كه‌و به‌شێوه‌یه‌ك به‌شێكی به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی روبه‌روو بۆته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ ئه‌لمانیا ، ئه‌م ده‌وله‌ته‌ چیتر ناتوانێت كوژراوه‌كانمان زیندو بكاته‌وه‌ به‌لام لانی كه‌م ده‌كرێ :
1) قه‌ره‌بووی پاشماوه‌ی برینداره‌كان به‌ چه‌كی كیمیاوی بكاته‌وه‌ كه‌ توشی زیانی مادی و گیانی و ڕۆحی بوون، هه‌روه‌ها به‌شداربن له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شارو ناوچه‌كانیان و پاككردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ شوێنه‌واری چه‌كی كیمیاوی.
2) جارێكی تر ئه‌م جۆره‌ چه‌كانه‌ به‌ عێراق و به‌ هیچ لایه‌نێكی تر نه‌فرۆشن. یاسای ده‌وله‌ته‌كه‌یان توندبكه‌ن كه‌ رێگربن له‌ دوباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م تراژیدیایانه‌و مرۆڤ ده‌بێت له‌ سه‌رمایه‌و پاره‌ به‌نرختر بێت. ئایا ولاتێكی تر ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ی ئه‌لمان بكردایه‌ كاردانه‌وه‌یان چی ده‌بوو؟
3) كارگه‌ لیپَرسراوه‌كان بدرێنه‌ دادگا. كه‌م نین ژماره‌ی ئه‌و سیاسه‌تمه‌دار و ده‌سه‌لاتداره‌ حیزبی و حكومیه‌ ئه‌لمانانه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاگاداری دیارده‌كه‌ بوون و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری و سیاسی چاویان داخستوه‌ له‌ فرۆشتن و ناردن و دروستكردنی ئه‌م ده‌زگاو چه‌كه‌ بۆ عێراق. به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی و بایۆلۆجی كێشه‌یه‌كی نێوده‌وله‌تیه‌، نه‌ك به‌ته‌نها هی نێوخۆی ئه‌و ده‌وله‌ته‌ بێت. ته‌جروبه‌ كردنی ئه‌م چه‌كه‌ به‌سه‌ر مرۆڤدا یه‌كێك بووه‌ له‌ ئامانجه‌كانی ده‌وله‌تی به‌عس و لایه‌نی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ش. هه‌تا ئێسته‌ ده‌سه‌لاتی سیاسی حكومه‌تی هه‌رێم سكالاي له‌سه‌ر ئه‌و كارگانه‌ تۆمار نه‌كردوه‌ كه‌ ئه‌ميش هيجي كه‌متر نيه‌ له‌ جۆريك له‌ جۆره‌كان وه‌ك به‌شدار بوويه‌كي بيده‌نكيي له‌و كۆمه‌لكوزيه‌ ، بۆچی سكالاي تۆمار نه‌كردوه‌ ، له‌ نوسینێكی تردا ڕاستیه‌كان ده‌خه‌مه‌ ڕوو..