ئایا یەکشەمە (گۆران و کۆمەل و یەکگرتوو) هەڵوێست بەرامبەر بارزانی وەردەگرن!؟

Friday, 14/10/2011, 12:00

1569 بینراوە


لەیادی ٢٠ سالەی ئەنفال و هەلەبجە ، کۆمیتەی سوێدی چاک ، بریارمان دا ڕێز لە پۆلێک کەسایەتی سوێدی بگرین ، خزمەتی ئەو دۆسیەیان کردوە . یەکێک لەوانەی پێشنیاز کرا ( هێلێنا سڤێنسۆن) بوو ،کەژنێکی بەرەچەلەک جولەکەیە و ماوەی ١٨ سالە نزیک بە ٧٠ منالی ئەنفالی کوردی بێ دایک وباوک بەخێو دەکات . کاتێک تەلەفۆنم بۆ کرد ، زۆری پێ خۆشبوو ، چونکە لەو ماوەدرێژەی خزمەتی ئەو دۆسیەیە کردبوو کەس هاریکاری نەکردبوو تەنانەت لەیادەکەش وتی، بۆ ئەومنالە ئەنفالانە داوای یارمەتیم لەتەها بەرواری وەک نوێنەری حکومەت لێ کرد وەلامی نەدامەوە !؟
دواتر پرسیاری کردئەوانی تر کێن ، ئامادەدەبن و یاداشت دەکرێن . لەکاتی ناو هێنانەکاندا ، ناوی سەرۆکی پارتی چەپی سوێد (لارش ئۆهلێ) م هێنا ، وتی بوەستە ، هەرگیز ئامادەنابم ئەو بێت ، چونکە لە شەری غەزە ، بەس دژی ئیسرائیل ئاخافتنی دەدا ، بێ ئەوەی ئیدانەی حەماسیش بکات . تەلەفۆنەکەم دانا و ووتم ئەمە کەڕامەتە (ئەگەر لەگەل بوچونەکەشم نەبم) نەوەک هەزاران کەس لە میدیاکان دا ، دەلێن دەبێت کورد وەک جولەکە ، خەبات بکات. لەکاتیکدا بەئاشکرا بارزانی و تاڵەبانی داکۆکی لەگەورە جەلادانی ئەم تاوانە دەکەن ، کەچی ئەوانیان پێ ڕابەری نەتەوەیە !؟
نامەوێت بگەرێمەوە سەر ئەو مێژووە تاڵەی پارتی ویەکێتی ، لە تاڵانی و فەرهودی داهاتی هەژاران و تاپۆکردنی ئەرزو ئاسمان لەسەرە خۆیان ومریدەکانیان ، یان باس لە تیرۆر و زەلیلکردنی تاکی کورد بەدەست حزب لەداگیرکردنی هەموو کایەکانی ژیان بکەین . تەنیا لەدوای ١٧ شوباتەوە ، ئەم دەسەڵاتە دەیان تاوانی بەرامبەر گەنجان ئەنجام دا ، هاوکات سەرلەنوێ دۆسیەی کوردی لەناوەندە جیهانیەکان بەرەفتارە قێزەوەنەکانیان ناشیرین کردەوە.
سەیرکەن هەرلەوماوەیە تاڵەبانی وبارزانی و بەرهەم سالح ، بەنوسین و ئاخافتن چەندین جار پەیمانیان دا، ئەوانەی تەقەیان لەخەڵک کردوە ، دەستگیر بکرێن ؟ بەلام لەو ٨ مانگەدا ، کامیان توانی خاوەنی پەیمان و ووتەکانی بێت ؟ بەپێچەوانەوە ئەوانەی خەبات بۆ دادگایی کردنی ئەو تاوانبارانە دەکەن، ئەوانیان لە زیندانەوە تادەگاتە ئەشکەنجە و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنیان رەفتار پێ کردوە . کەدواینی دەستگیرکردنی چالاکڤانێکی ئەو خۆپیشاندانانەیە ، کەهەول دەدەن هاوشیوەی شەهید سەردەشت لەقوربانیەوە بیکەنە جەلاد
هاوکات هەموو پڕۆژە چاکسازیەکەی بارزانی ، لەلێکردنەوەی جامی رەش لەئۆتۆمۆبیل چربۆوە ، لە پڕاکتیکیشدا ، جیبەجێ نەکرد. بەرهەم سالحیش خاوەنی تیۆری (کردار شەرتە) ئەو ئەفسەرانەی دوای ١٧ شوبات خۆپیشاندەرانیانیان ، شەهید کرد . لەبڕی سزادان ، پاداشت بەئۆتۆمۆبێل و رەوانەی هەندەرانی کرد ؟
ماوەیەکیشە زۆر بەشێنەیی ئۆپزسیۆن بەناوی کۆبۆنەوەی پارتە کوردستانیەکان لەسەر رەوشی هەولێر . بەغدا کۆدەبنەوە. وەک ئەوەی بریارە کۆبۆنەوەی ٣یەمیان ئەم یەکشەمەیە ، لەسەر دوایین بارودۆخەکە بکەن .
پرسیار ئەوەیە ، ئایا(گۆران و یەکگرتوو و کۆمەل) لە ڕێگای ئەم دانیشتنانەوە ، هەوڵدانیان نیە ، لەم ڕێگاوە داواکانی خۆپیشاندەران لەیاد بکەن ؟ ئایا ئەو لایەنانە ، کەی هاوشیوەی هێلێنا سڤێنسۆن دەبنە خاوەن ئەو کەرامەتەی ، بەلایەنی کەم , بایکۆتی هەموو دانیشتن و گفتۆگۆیەک لەگەل دەسەلات بکەن , تا پەیمانەکانی خۆیان جێ بەجێ دەکەن !؟ ئەگەر بلێن بارودۆخی کوردستان مەترسیدارە , ئەمە جگە لەوەی راستی تیا نیە ، هاوکات با ئەو پرسیارە لەسەرانی پارتی ویەکێتی بکەن , بەچ مەنتق و مٶڕاڵێک ، ئیبراهیمی کاکە ئەحە بۆ زیندان ، هیوا ئەحمەد مستەفا و عەمید ئاسۆش ، حاکمی شارن ؟ ئاخر ئەم دەسەڵاتە هەرچی ووتی تەنیا ، کات کوشتن و چەواشەی خەڵک بوو ؟ لەکۆتایش دەلێم ئایا گۆران لەبەرامبەر مەهزەلە نوێکەی دەسەڵات (زیندانی کردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە) بە دانیشتنەکەی پیرمام دەگۆڕیتەوە!؟ یان لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتوو ، لەدەرگا نا ، لەپەنجەرەوە ماچ و موچی پارتی ویەکێتی دەکەنەوە ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە