ژنانی کۆبانی، وەرچەرخان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردا

Saturday, 07/03/2015, 12:00

1999 بینراوە



بۆ گوڵانی داستانی عاشقانەی نەتەوەکەم

کێ دەیزانی، لە شارێکدا، ئەو هەموو عاشقانە هەن؟ کێ دەیزانی لە شارێکدا ئەو هەموو گڕە لە ژێر خۆڵەمێشدا نووستووە؟ کێ دەیزانی، لە شارێکدا، ئەو هەموو ژنە شێردڵانە لانەیان چێکردووە؟ تاریکی پێی وابوو هاتووە و کەس ناتوانێ بیتارێنێ، ئەو، ژیانە، ئەو، بزوتنەوەی ژیانە، هەموو رەوتێ، هەناسەیە هی ئەمە و بەپیی یاسایی ئەمە، دەستور درا رووی لەشکری قات وقڕی لە (کۆبانی) کەن، هەر تاقی رۆژێکە و نێرینەکانیان بۆ بتی ستەم بکە قوربانی و مێکانیان کە لە بەهاری تەمەندان، بکەن بە کۆیلەی ئارەزووەکانی خۆتان، ئەوان مێژوویان ئاوەژوو خوێندەوە، ویستیان نەرێتی بیابان لە داوێنی چیادا بچێنن، بەبەرچاوی جیهانەوە، ئاراستەکەیان بۆ دیاریی کرا، لە دانشتنێکی نێودەوڵەتی ووڵاتێکی ناوچەکەدا، مۆڵەتی هەموو پشتیوانیەکانیان وەرگرت، ناوچەیی و هەرێمی و جیهانی، مەستی خەیاڵی خۆشیان بوون، کەوتنە ڕێ پییان وابوو، ئەم شارە چەند سەعاتێ خۆراگری ناکات و پاش نوێژی نیوەڕۆ!!! چەژنی سەربڕین و دامرکاندنەوەی ئارەزووەکان، کە نەریتێکی بیابانیی کۆنە، دەست پێدەکات...
هیشتا مەستی خەیاڵیان بوون، کە سنگی نەرمی ژنانی کورد، بوونە شورای پۆڵاین و یەکەم فیشەکی جەژنی سەرکەوتنی ژنانی ئازادی کورد، یەکەم پەردەی تاریکیی بیرە ڕزیوەکانی دڕی و لەیەکەم گولەوە، گوڵالە سوورەی سەرکەوتن و دەرکەوتنی بزوتنەوەی کوردستانیی راستەقینەی ژنان، موژدەی داڕمانی قەڵای ستەمی پیاوانەی بە گوێی جیهاندا چپاند.
لێرەدا بوو، ژنان (لاوازیان) گۆڕی بە (هێز) نەک دوژنیان بەرامبەر بەیەک پیاون، وەک مێژووی پڕ لە ستەم بانگەشەی بۆ دەکات، یەک ژنی کۆبانی بە رامبەر بە ٢٠ پیاوە، ئادەی پیاوانی ستەمکار!!! بوێربن خۆتان بۆ نیشان گرتنەوەی چاوەجوانەکانیان دەرخەن!!!لەسەر خاکی کوردستان و بە خوێن و ماندووبوونی سەدان رۆژەی ژنان و کچانی کورد لە کۆبانی، تەلیسمی دەسەڵاتی پیاوانی بودەڵە، وورد وورد کرا و مێژووی نوێی کورد ئیتر لەم رۆژەوە، لەم شارەوە دەست پێدەکات.
ئێستا بزووتنەوەی رزگاریی کورد، لەناو ئەو بزوتنەوەیەشدا، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ژنانی کورد، کە تا ئیستا لە هۆڵ و ئوتیل و رستۆرانتەکاندا قەیتس کرابوو، و وەک زوربەی هەوڵدانەکان، کاریگەری لە سنووری هۆڵەکان تێپەڕی نەدەکرد و زیاتر وەک چالاکییەکی قاوغی و تەنها بۆ ئەنجامدان بوون و کۆتاییەکەی بەبڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی یادگاریی لەسەر لاپەڕەکانی فەیسک بوک و ئەم شتانە تەواو دەبوو، ئێستا ئەو بزووتنەوەیە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوی و کاریگەر تەنانەت کاریگەریی لەسەر بزوتنەوەی فەمینزمی دنیاش کردووە، چونکە بزوتنەوەکانی ئەوروپاش، لەو چوارچێوەیەدا دێن و دەچن کە بازاڕی سەرمایە و بەرژەوەندی دەیەوێت، ژنانی کۆبانی، ئازادی و کەسایەتی راستەقینەی ژنانیان زیندوو کردەوە، لە پراکتیکدا کەسایەتی ژنانیان گەشانەوە، ئەوەیان هەڵبژارد کە خۆیان دەیانەوێت، نەک ئەوە کە پیاو بۆیان دیاری دەکات، لەسەر ستەیجی فاشن و بەردەمی کامێراکان، جا بەناوی هونەرەوە بێت، یا بەناوی ئەنجومەن و رێکخراوی زۆر و زەوەندی ژنانەوە.
بردنارد شۆ دەڵێت: مرۆڤ جۆرێکە، بۆئەوەی وا لەبەر دەستیدا ناو کتێبان دەگەڕێت، ئاخر قسە خۆشە، بەتایبەت ئەگەر قسە بۆکراو (ژن) بێت و قسەکەریش (پیاو)، هەرچی بەلاغە و توانای درۆڕستنی هەیە دەتوانێ لەیەک ساتدا، موعجزەی پێ بخوڵقێنێ، زۆر لە ژنەکان ئەگەر پیاوەکانیان ببینن لە کاتێکدا قسە لەگەڵ ژنیکی تردا دەکەن، باوەڕ بە چاو و گویی خۆیان ناکەن، فرعەونەکەی ماڵەوە، کە وەک تاشەبەردێک، بێ هەست و بێ گیانە و هەمیشە باوبۆران دەکا، بۆتە فریشتەیەک لێوان لێوە لە نەرمونیانی و مرۆڤ بوون، ئەوە جەستەی ژنە فرعەون نەرم دەکا، بەرد دەکا بەئاو، جەستەی ژنێکی تر و ژنێکی تر و ژنێکی تر...نەک ئینسان بوونی ژن...ووشەکان هەموو داون بۆ (جەستە).....
ژنانی کۆبانی، مێژووی هەموو ئەو ژنە شێرانەیان دووبارە خوێندەوە و لە پراکتیکدا گەشەیان پیدا و زیندوو کردەوە، بزوتنەوی ژنانی ئازادی کۆبانی، بەرجەستە بوونی ئیرادەی کۆتکراوی هەزاران ساڵەی ژنانی کورد و جیهانە، داڕمانی پێوانەکانی بازاڕی سەرماییە بۆ (جوانی و جوانترین و شاجوابەکان...ی ژنان کە لە راستیدا گاڵتەکردنە بە ئینسان بوونی ژنان). لە هەمان کاتدا راستکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی، بزوتنەوە کارتۆنییەکانی ژنانی کوردە کە سمایەکی نادروست و لە زۆر حاڵەتدا، پێچەوانەی خواستی مرۆڤیانەی ژنانن، و زیاتر لە دوکانێک دەچن و کۆمەڵێک ژن لەسەر چارەنووسی خوشکەکانیان (خۆشی دەگوزەرێنن) ئەو ووشە بێناوەرۆکەی رووی لە نەفس و دڵی هەر مرۆڤێک کرد، بێ ناوەرۆکی دەکات، ژنانی کۆبانی بانگی (چاک) ژیانیان داوە و ئێدی لە فەلسەفەی ژیانی ئەواندا، جێگای ژنان، ناو کۆمەڵگایە نەک سەر ستەیجی فاشن و هۆتێلی لیکس و هۆڵی سیمیناری بێ ئەنجام...


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە