ئاسایشی سەرچنار بە 10 كەسەوە لەشێتێك دەدەن

Friday, 04/11/2011, 12:00






لەكۆڵانێكی شەهیدانی سەرچنار نزیكەى 500 مەتر لەبازاڕی سەرچنارەوە دوورە، لەپشت مینی ماركێتی تاوس، خوارووی مزگەوتی مەولەوی، ئەم ناونیشانە ئەو شوێنەیە كە مەفرەزەیەكی ئاسایشی سەرچنار لەشێتێك دەدەن و فەلاقەى دەكەن.
"ئەو شێتە پاش ئەوەی لەبەردەم ماڵێكدا لەكۆڵانی ناوبراو دادەنیشێت، ئیدی ژنێك لەو كۆڵانە پەیوەندی دەكاتە لایەنی پەیوەندیدارەوە بەوەى ئەو شێتە لەو كۆڵانە خەڵك بێزار دەكات، ئیدی مەفرەزەیەكی ئاسایشی سەرچنار كە نزیك 10 ئاسایش دەبن دێن لەو شوێنە لایبەرن، بەڵام شێتەكە دەكەوێتە جنێودان پێیان و دەڵێت من شوێنم نییە ئەمە شوێنمە، ئیدی ئاسایشەكان دەكەونە فەلاقەكردن و لێدانی، تەنانەت بەرپرسەكەیان دەڵێت بە پشتوێنەكەى بیبەستنەوەو لێیدەن"، ئەمە وتەى ژنێك بوو كە بە دەم گریانەوە تەلەفۆنی بۆ كردم وتی تكات لێدەكەم بڵاوی بكەرەوەو بە تەلەفزیۆنی NRTیش بڵێ بە بڵاوی بكەنەوە، هەر ئەوكات پەیوەندیم كردە بەرپرسی پەیامنێرانی NRT و دواتر وشیار عەبدوڵا بەرپرسی تی ڤی KNN كەچی هیچ كامیان بەدواداچوونیان بۆی نەكردو هیچ قسەیەكیشیان لەسەری نەوت.
خۆیشم بۆیە نەمتوانی بڵاوی بكەمەوە چونكە من پەیامنێری رۆژنامەى ئاوێنەم لەگەرمیان و دوورە دەستم لەسلێمانییەوە، بۆیە زۆریش هەوڵمدا ژمارەی تێڵی ئاسایشی سەرچنارم بەدەست نەكەوت.
ئەو ژنە ئەوەشی گێڕایەوە وتی بەعس ئاسا بەو 10 ئاسایشەوە بە شەق و لەقە دەیاندا بە نێو دەم و لوت و سەروچاوی شێتەكەدا، تەنانەت وتی هاوارم لەئاسایشەكان كردووە وتوومە ئەى هاوار كوشتتان، بۆچی وای لێدەكەن و خۆ كافرسانی نییە، ئەو ژنە بە دەم حەسرەت و توڕەبوونەوە ئەو قسانەى پێ وتم، بۆیە دەبێت هەموومان لەبری سەدامێك و قەزافییەك و دیكتاتۆرێك چاوەڕوانی سەدان قەزافی و سەدام و دیكتاتۆر بین ئەمڕۆ لەكوردستاندا درووست بوونەو بوونیان هەیە لەهەموو شارو شارۆچكەو كۆڵانێكدا، بۆیە نابێت و مەحاڵە ئیتر قبوڵی ئەو دڕندەییەو فراوانبوونی بكەین.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە