پارتی پەروەردەى كفری كۆنترۆڵ دەكات و بەعسییەكیش دەكرێتە بەڕێوەبەر

Monday, 02/01/2012, 12:00

1549 بینراوە




چەند سەرپەرشتیارێكی ئیداری پارتی دەستدەگرن بەسەر پەروەردەی كفریداو بە ئارەزووی خۆیان دەست دەخەنە نێو كاروبارو گۆڕانكارییەكانی قوتابخانەكان و بێ حسابكردن بۆ بەڕێوەبەری پەروەردە گۆڕانكارى ئەنجامدەدەن و چەندین مامۆستایان زویرو عاجز كردووە، جگە لەوەی لەماوەى پێشوودا چەندین گەندەڵییان ئاشكرا بووە بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردە ناوێرێت هیچ لێپێچینەوەیەكیان لەگەڵدا بكات.
یەكێك لەو گەندەڵییانەى كە لەمانگی پێشوودا لەرۆژنامەى ئاوێنە بڵاوكرایەوە ئەوەبوو مامۆستا سەڵاح سەمین سەرپەرشتیاری ئیدارى لەپەروەردەى كفری بە ئۆتۆمبیلی پەروەردە سەردانی چەند گوندێكی كردبوو كەچی لەلیستی مەسروفاتدا نوسیبووی بە ئۆتۆمبیلی كری رۆشتووم و 102 هەزار دینارى بۆ خۆی نوسیبوو بەڵام پاش ئەوەی ئاشكرا بوو هیچ لێپرسینەوەى لەگەڵ نەكرا.
هاوكات سەرپەرشتیارێكی دیكە بە ناوی بەكر محەمەد كە سەر بە پارتییە بە بێ گوێدانە رێنماییەكانی پەروەردە چەندین مامۆستای لەچەند قوتابخانەیەكەوە گواستووەتەوە بۆ قوتابخانەیەكی دیكە بێ ئەوەی مامۆستاكە ئاگاداربێت، ئەمە جگە لەوەی كە لەناو هەموو مامۆستایانی كفریدا وا بڵاوە كە ئەو دوو سەرپەرشتیارەو چەند سەرپەرشتیارێكی پارتی حوكمی پەروەردەى كفری دەكەن و حساب بۆ كەسیش ناكەن.
كێشەیەكی دیكە كە هەر لەسەرەتای كردنەوەى دەوامدا سەری هەڵدا لەقوتابخانەی نەورۆز بوو، ئەوەبوو مامۆستایەكی خاوەن بڕوانامەى بەكالۆریۆسیان هێناو كردیان بە بەڕێوەبەر بە ناوی مەجید، ئەو مامۆستایە لەكاتی بەعسدا خۆی و باوكی ئەندامی دلسۆزی حزب بوون، ئەو بەڕێوەبەرە نوێیە هەر لەیەك رۆژەوە دەستی كرد بە خۆتوڕەكردن و استفزازی مامۆستاكان و ئیهانەو خۆسەپاندن و وتی تاخۆم مابم نەك مامۆستا بەڵكو یاریدەدەریش بۆی نییە قسە بكات، لەكاتێكدا ئەو قوتابخانەیە تاپۆلی شەشی تێدایەو پێویستی بە مامۆستای بەكالۆریۆس نییە بەڵام قوتابخانەی بنەڕەتی هەیە كەچی بەڕێوەبەرەكەى خاوەنی بڕوانامەى دبلۆمە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو مامۆستایە كۆنە بەعسییەو خزمی سەڵاح سەمینی سەرپرشتیاری پارتییە كەس ناوێرێت قسەی لەگەڵدا بكات.
من وەكوو مامۆستایەك زۆر نیگەران و توڕەم لەپەروەردەى كفری كە پڕ بووە لەخزم خزمێنەو عەشیرەتبازی، بەداخەوە ئەو بەڕێوەبەرە (مەجید) بیستی كە ئێمە گلەییمان لەدەستی كردووە رۆژی 26/9/2011 لەبەردەم هەموو مامۆستاكان و باوكی قوتابییەكدا قۆندەرەكەى بەرزكردەوەو كردیە پێیەوە وەك ئیهانەكردنی مامۆستاكان و حەرەمی قوتابخانەو مامۆستاو پەروەردەشی شكاند.
لێرەوە بە پەروەردەى كفری دەڵێم كە ئەگەر بێتو ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێت ئەوا دەبێتە هۆی كێشەیەكی گەورەو پەككەوتنی پرۆسەى خوێندن لەقوتابخانەى نەورۆز، هەرچەندە هەشت مامۆستایەك ئیمزایان بۆ گۆڕینی ئەو بەڕێوەبەر كۆكردەوەو ئاڕاستەى پەروەردەیانكرد بەڵام پەروەردە پشتگوێی خست و كێشەكە وەكوو خۆی ماوەتەوە.
كارێكی نابەجێی ئەو بەڕێوەبەر ئەوەیە هەركاتێك قوتابخانە بەجێبهێڵیت ژووری ئیدارە كلیل دەدات و مۆرو كورسی و مێزو ئەستەمپەكە حجز دەكات و یاریدەدەرەكانیش دێن لەژووری مامۆستاكان دادەنیشن تاوەكوو دەگەڕێتەوە، ئەگەر لەوكاتەدا قوتابی نەخۆش بكەوێت ئەوا مۆرو ئەستەمپە نییە وەرەقەى نەخۆشخانەى بۆ بكرێت، بۆیە بە پەروەردە دەڵێم جەنابی بەڕێوەبەر (مەجید) قوتابخانەكەى كردووە بە (سەربازگەو گرتووخانە)، زۆر بەداخەوە ئەوانە كاتی بەعس دەسەڵاتتدار بوون و ئێستاش كراون بە خاوەن پلەو دەسەڵات.. بۆ زانیاری ناوبراوو باوكی 30 ساڵ سەر بە حزبی بەعس بوون و ئازاری خەڵكیانداوە بە شایەتی خەڵكی كفری، بۆیە داواكارم چ زووە پەروەردەی كفری یان گەرمیان ئەو كێشەو پاشاگەردانییانە چارەسەر بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە