کۆسرەت رەسوڵ تەداخولی ئەمەش دەکات

Thursday, 08/01/2015, 12:00

2366 بینراوە


مامۆستایەکی زانکۆی کۆیە زانکۆی کۆیە یەکێکە لە زانکۆ حکومیەکانی کوردستان . لە هەمان کاتدا یەکێکە لەو زانکۆیانەی کەوا هەمیشە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) و بە تایبەتی (جەلال تالەبانی) بە دەستکەوتی خۆیانی دەزانن و شانازی پێوە دەکەن. بەڵام لەسەرەتای دامەزراندنی زانکۆکە کەسێکی نزیک لە (کۆسرەت رەسوڵ) بۆ ئەم پۆستە دادندرا و کرا بە سەرۆکی زانکۆ هەرچەندە کەسی زۆر لەو شایستەتر هەبوو بۆ ئەم پۆستە بەڵام هەیمەنەی باڵی کۆسرەت رەسوڵ سەرکەوت و لەو پۆستە دانرا. بەڵام دوای ماوەیەک بە هۆی گەندەڵیەکی زۆر لەسەر کارەکەی لابرا هەرچەندە دەبوو بدرێتە دادگاش بەڵام بە هۆی نزیکی لە کۆسرەت رەسوڵ ئەم کارە نەکرا لەلایەکیش باڵی کۆسرەت رەسوڵ پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کەوا ئەو شتانەی بۆ دروست کراوە لەلایەن باڵەکەی تر واتە باڵی (گشتی). بە هەر حاڵ دکتۆری بەڕێز دەرکراو چووە ماڵەوە . ئەنجا خەونەکەی باڵی (جەلال تالەبانی) هاتەوە گۆڕی چونکە جەلال تالەبانی زانکۆی کۆیەی بە هی خۆی دەزانی لە ئەوروپاوە دکتۆر خدر مەعسوم برای دکتۆر فوئاد مەعسوم کەوا کەسێکی نزیکی ماڵی تاڵەبانییە بە تەکلیف هێنرایەوە کوردستان و کرا بە سەرۆکی زانکۆ . ساڵی پار دکتۆر خدر خانەنشین کرا و وەزارەت پۆستی سەرۆکی زانکۆی کۆیەی ڕاگەیاند لە ڕۆژی ٥ی١١ی ٢٠١٤ چاوپێکەوتن (مقابەلە)ی پێشکەشکاران و پێشبڕکێ کەرانی پۆستەکە بەڕێوە چوو تیایدا کۆمەڵێ دکتۆر و ۆستای زانکۆ مقابەلە کران . لە نێوانیاندا کەسێکیان هەڵبژارد و دەستنیشان کرا بۆ پۆستەکە کە(دکتۆرێکی خەڵکی کۆیە یە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی زانکۆی کۆیە و دامەزرێنەر و یەکەم ڕاگری کۆلێژی زانستی زانکۆکە بووە) سێ وەزیر لێژنەی مقابەلە بوون (یوسف گۆران عەلی سندی- مەولود باوەمراد) کە دەکاتە (یەکیتی پارتی یەکگرتوو) پاشان کتابی بۆ بەرزکرایەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و لەوێشەوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم بەڵام ئەوە ماوەی مانگێکە کتابەکەی لە سەرۆکایەتی هەرێم کەوتوە و سەرۆکی هەرێم ئیمزا لەسەر مەرسومی فەرمانی سەرۆکایەتی ناکات.(هەرچەندە تەنانەت وەزیری دارایش ئیمزای گواستنەوەی ڕاژە و مووچەی کردووە بۆ زانکۆی کۆیە و ئێستا وا لە گەنجینەی کۆیەیە). بۆ ئیمزای ناکات؟؟ چونکە لەسەرەتاوە کۆسرەت رەسوڵ بە دانانی ئەم کەسە ڕازی نەبووە و کەسێکی نزیکی خۆی بۆ ئەم پۆستە داناوە نازانرێ هۆکارەکەی هۆکارێکی (شەخسیە) ، یاخود هۆکاری تەکەتولات و باڵ باڵێنی ناو یەکێتیەو کۆسرەت رەسوڵ پێی وایە ئەو کەسە لە باڵەکەی ئەو نییە بە زمانە بازاڕیەکەی خۆمان (پیاوە ئەو نییە) و کۆسرەت رەسوڵ دەیەوێ کەسێکی نزیک لە خۆی بۆ ئەم پۆستە دابنێت کە ئامادەشی کردووە و کەسێک بوو لەوانەی سی ڤی پێشکەش کردبوو . باشە ئەوە زانیمان کۆسرەت رەسوڵ بەڵام سەرۆکی هەرێم بۆچی ئیمزای ناکات یەعنی جێگری سەرۆکی هەرێم ئەوەندە کاریگەری لەسەر مەسعود بارزانی هەیە لە کاتێکدا هەمومان دەزانین ئەسڵەم بۆ ماوەیەکی زۆر مەسعود بارزانی هەر ڕازی نەبوو کۆسرەت رەسوڵ جێگری بێت؟! ، یەعنی کۆسرەت رەسوڵ کاریگەری ئەوەندە لەسەر بڕیارەکانی سەرۆکی هەرێم هەیە کەوا ئەگەر کەسێک بە هەموو فلتەرە وەزاریەکان دا بڕوات بەڵام بە بڕیارێکی شەخسی کۆسرەت رەسوڵ ئەم ڕای بگرێت ((ئەدی حورمەتی وەزیری خوێندنی باڵاو دوو وەزیری تری لێژنەی مقابەلە و ئەنجومەنی وەزیران لە کۆێیە!؟)) . لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم ٢٦ ی مانگی ١٢ ی ٢٠١٤ کە دەکاتە ڕۆژی هەینی ئیمزای مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ دانانی پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدوون دەکات . باشە تۆ بڵێی نێوانی کۆسرەت رەسوڵ و مەسعود بارزانی ئەوەندە باش بوبێت کەوا مەسعود بارزانی هیچ حیسابێک بۆ حاڵی زانکۆی کۆیە نەکات کەوا حاڵی زانکۆکە بە دۆخێکی زۆر خراپ و چەق بەستوودا دەڕوات و ماوەی ساڵێکە بێ سەرۆکە و سێ پۆستی گرنگ لە ئێستادا لە زانکۆکە بە وەکالەت بەڕێوە دەچێ. هیوادارین چیدیکە ململانێ ی حزبایەتی و تەکەتولاتی حزبی حاڵی زانکۆکانمان بەم شێوەیە پەرێشان نەکات.
مامۆستایەکی زانکۆی کۆیە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە