KURDISTANPOST
د. مەهدی کاکەیی
كورتە مێژووی بەتورككردنی دانیشتووانى ئازربایجان
Friday, 24/10/2014, 12:00
3041
بینراوە
دانیشتوانی ئازربایجان كورد بوون پێش داگیركردنی ئەم ناوچەیە لە لایەن مەغۆل و تەتەرەكانەوە. ئیتر لەو كاتەوە زمانی زگماكیان كەوتە ژێر فشاری زمانی توركی و بەرەبەرە زمانەكەیان لەدەستدا و زمانی توركی بووە زمانیان و ئێستا بە ئازەری دەژمێررێن. بەڵێ زۆربەی هاوڵاتیانی ئازربایجان بە ڕەگەز كوردن و ئەوانەیش كە ڕەگەزیان توركە، لە كاتی دەستەڵاتی مەغۆل و تەتەر و سەفەوییەكان هاتوونەته ناوچەكە و لەوێ نیشتەجێ بوونە.
پرۆفیسۆر (پیتر گولدنPeter B. Golden)، لە لاپەڕەی (386) لە كتێبەكەی، كە ناوی (An introduction to the history of the Turkish peoples)ە، لەبارەی بەتورككردنی ئازربایجان دەڵێت: خەڵكی ئازربایجان بە سێ قۆناغ كران بە تورك: 1. هاتنی سەلجوقییەكان و ئۆغۆزەكان بۆ ئازربایجان و هەڕان و ئەنادۆل و پەخشبوونەوەیان لەم شوێنانە. 2. بە هۆی هێرشی مەغۆلەكان، كە زۆربەی سەربازەكانیان تورك بوون، بۆ سەر ناوچەكە. 3. لە كاتی حوكمی سەفەوییەكان زۆر لە خێڵەكانی ئۆغوز و توركمان و قزڵباش لە ئەنازۆڵەوە چوون بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێ نیشتەجێ بوون.
پرۆفیسۆر (ڤلادیمیر مینورسكیVladimir Minorsky) لە كتێبەكەیدا كه ناوی (Encyclopedia of Islam :Azerbaijan)ە، لەبارەی گۆڕینی زمانی خەڵكی ئازربایجانەوە دەبێژێت: لە سەدەی شەشی كۆچی، لە ژێر سایەی سەلجوقییەكان، ئۆغۆزەكان هێدی هێدی خاكی ئازربایجانیان داگیركرد و ناچاری خەڵكی ئازربایجانیان كرد زمانەكەیان بگۆڕن لە زمانی ئێرانییەوە بۆ زمانی توركی. پێش داگیركردنی ئازربایجان لەلایەن ئۆغۆزەكانەوە، خەڵكی ئازربایجان و دەوروبەری قەفقاس زمانیان ئێرانی بوو.
دكتۆر جەمال ڕەشید لە لاپەڕەی (55) لە كتێبەكەیدا كە بە ناوی (چاوپێكەوتنی باووباپیران)ه، دەڵێت: لە كاتی دەستەڵاتی سەلجوقییەكانەوە، بەرە بەرە خەڵكی ناوچەی (ڕان) كران بە تورك. خەڵكی ئازربایجان و شێروان و دەربەندیش تووشی هەمان كۆسپ بوون و كران بە تورك.
مامۆستا جەمال نەبەز لە لاپەڕەی (109) لە كتێبەكەیدا كە بە عەرەبیه بە ناوی (المستچعفون الكورد وإخوانهم المسلمون)ە، ئێژێت: پاش هێرشەكانی جەنگیز خانی مەغۆل (1203-1226) زایینى و هۆلاكۆی تەتەر (1217-1265) زایینى، كە خیلافەتی ئیسلامی ڕووخاند و لە كوردستان و بەغدا و ئێران خوێنى زۆری ڕژاند، تورك هاتۆتە ناوچەكە. هەر لەو كاتەوە توركمانەكان جێنشین بوون لە هەندێ لە ناوچەكانی ئازربایجان، كە خەڵكەكەی كورد بوون و دەستیان كرد بە كردنی خەڵكی ئازربایجان بە تورك.
ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی (بیرتۆلد سپولەر Bertold Spuler) (1911-1990) دەڵێت كە داگیركردنی ئازربایجان لەلایەن توركەكانەوە بو بەهۆی ئەوە هێدی هێدی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە، كە بە ڕەگەز ئاریایی بوون، ناچاربكرێن زمانی زگماكی خۆیان بگۆڕن بۆ زمانی توركی و زمانی توركی ببێتە زمانی نوێیان. تا ئێستا پاشماوەی زمانی كوردی بە ڕوونی لە ناو زمانی ئازەریدا دەردەكەوێت، كە زۆر وشەی كوردی تیایدا ماوەتەوە.
د. مەهدی کاکەیی
© 2019- Kurdistanpost