بەرەو شاخ لە یادنامەی کەسێک کە خۆی بە پێشمەرگەیەکی دێرین دەناسێنێت

Wednesday, 02.29.2012, 12:00

2114 بینراوە


شەهید ئارام لە جێگەیەکدا دەڵێت:
(هەموو ڕاپەڕین و دەستدانە چەکێک شۆڕش نییە، هەموو بەرگ بۆرێک و چەک لە شانێکیش پێشمەرگە نییە)
.

سروە نوری ئەزیز، ئەو خانمەیە ماوەیەکە وەک پێشمەرگەیەکی دێرین خۆی نمایش دەکات و دەیەوێت بیرەوەری خۆی و هاوسەرەکەیمان بۆ باس بکات، کە ڕوویان لە شاخ کردووە. هەر لە بەشی یەکەمەوە حەزم کرد بڵێم: خانمی بەڕێز بوەستە بەڕێزتان چەند مانگێکی کورت لەو چیایە بوون گەر خۆتان لە بیرتان نەماوە ئەوە خەڵکانێک هەیە لە نزیکەوە ئاگای لێتانە، ئێوە پێشمەرگە نەبوون، بەڵکو هەر لە سەرەتای هاتنتانەوە پلانی چوونتان هەبوو بۆ ئەوروپا! مەگەر ئێوە نەبوون دوای چەند ڕۆژێک وێنەتان دایە دەست تاڵەبانی تاکو مامەڵەتان بۆ بکات؟ کەچی تالەبانی بیری چووبوو لەژێر دۆشەکەڵەکەی لە سەری دانیشتبوو وێنەکەکانی ئێوەی دانابوو، ئیتر ئێوەش لە هەوڵەکەی تاڵەبانی بێزار بوون و خۆتان ڕووتان کردە تاران بەهیوای دەرچوون بوون؟. کەس نکۆڵی لەوە ناکات، کە ئێوە لە ڕێخستنەکانی کۆمەڵەدا بوون و هۆمەری هاوسەریشت، کە بانگەوازی ئەنتەرناشناڵی دەکرد، برای شەهید ئاشتیی(بەکر) بوو، کە لە گوندێکی نزیک قەرەداغدا گیرا بەدەستی جاشەکان و دوایی لە موسڵ لە سێدارە درا، کەسمان نکۆڵی لەوە ناکەین، بەڵام ئێوە ئەو دەمی جوێنی دنیاتان بە تاڵەبانی دەدا و تەنانەت شاهید هەیە، کە لە سوید پێمان دەڵێت هۆمەر گاڵتەی بە کوردبوونی خۆشی کردووە لەو کاتەدا. ئەوە چی وای لێکردوون ئیستا هۆمەر باسی سیستەمی خوێندنی سویدی و ئەزمونی خوێندنی سویدیمان بۆ بنووسێتەوە و لە ناشرین ترین ڕۆژنامەدا بڵاوی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێشمەرگایەتی وا سوک بووە ئەوەتانێ هۆمەرەکان و نووسەرەکان پێی خانەنشین دەبن و دەمیان ناوەتە ئەو سەروەت و سامانەی ووڵات و مانگانە موچە و خانەنشینی و بەرات وەردەگرن.

وەک ئەوەی سروە نوری بەڕێز... پلانی کردبێت چەند وێنەیەکی بۆ گرتووین، لەکاتیکدا بە ڕاستی من شەش دانە ساڵی ڕەبەق لە جوانترین ڕۆژەکانی تەمەنمدا پێشمەرگەبووم و نەم توانیوە بەقەدەر ئەم دوو میوانەی چەند مانگێکی شاخ، وێنەم هەبێت، ئەوەی دەستیشم کەوتوە تەنها لای هاوڕێکانم پارێزراو بووە و منیش چاوام پێی نەکەوتوە.

کێ پێشمەرگە بووە ؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە دەسەڵاتی کوردی کاری لەسەر دەکات بۆ ناشرینکردنی پێشمەرگەی راستەقینە! ئایا پێشمەرگایەتی تەنها ئەو وێنانەیە، کە ئێوە ئەمڕۆ بە بۆنەی گەشەی تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەرەوە بڵاوی دەکەنەوە؟
خۆ بەوە بێت ماڵی مەلا ستەفا لە هەموومان پێشمەرگەتر بووە، ئەوە نییە ماڵ و منداڵیان کەوتونەتە وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی بەناو پەیجەکانی فەیس بوکدا، ئەوە نییە هەرچی خائین و ترسنۆک و دووڕو و خۆفرۆش هەیە دەڵێ ئێمەش پێشمەرگەی دێرینین. عەیبە خوشکی خۆم ئێمە دەتانناسین، دەزانیین چەند لە دەرەوە بوون، چیتان کردووە و چەند ماونەتەوە و بۆچی ماونەتەوە!

خودی پێشمەرگە کێیە ؟
چۆن بتوانین کەسایەتی پێشمەرگە هەڵسەنگێنین ؟
کوردستانپۆست لە چاوپێکەوتنێکدا، ئەو بابەتەی لەگەڵ ڕێزدار جەمال نەبەزدا هێنایە باس و ئەویش زۆر ئەکادیمیانە لە کەسایەتی پێشمەرگە دوا، بۆیە فەرموون لەگەڵ ئەم لینکەدا.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=12ea9bd4
لەم ساڵانەی دوایدا ڕۆژنامە ڕووزەردەکانی پارتی و یەکێتی، نمونەکانی خەبات و کوردستانی نوێ لە بەتاڵییاندا کەوتونەتە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت، کە ئیتر شایستەی ئەوە نییە کەس بیان خوێنێتەوە، بەڵکو بە پلان وادەکەن کە ئیتر جوانییەکانی شۆڕش و پێشمەرگە و ئازادیی و خەبات و شتە بەهاو مێژوویەکانیش لەکەدار بکەن.
من کاتێک نووسینی ئەو خانمەم خوێندەوە هەر لە یەکەم بەشیەوە ووتم وەڵامێکی جەرگبڕی دەدەمەوە، بەڵام ووتم نا ڕەنگە بتوانێ کۆمەڵێک نهێنی شاراوەمان بۆ باس بکات و مەڵۆیەک بخاتە سەر خەرمانی شۆڕش و شاخ و پێشمەرگە، بەڵام ئەم نووسینە پوچانە، جگە لەوەی ئێوە، پێشمەرگە وەک کەسێکی سەیرانکەر و بێباک نمایش دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ شتیک ناوروژێنن و هزر فراوان ناکەن، ئەمە کۆمێدیایە، کە ئێوە لە سەر ژیانی پێشمەرگایەتیی دەینووسن. عەیب و شورەییە واز لەوە بهێنن کە چەکێکتان قەرز کردووە و وینەی پیوە دەگرن و بە خەڵکی کوردستانی دەفرۆشنەوە!
ئەرشیفی خەڵکانێک هەن، پڕێتی لە خەبات و ئازایەتیی، لە ئەفسانە دەچێت. بەڵام لەبەر ئەم شتە پوچانەی لەم کەناڵانەوە بڵاودەکرێتەوە مرۆڤ شەرم دەکات باسی بکات، سەدان هەزاران نمونەی زیندوو هەیە، ئیتر گەر میللەتێک خاوەنی ئیرادەیەکی باش بوایە دەبوو هەمووی ئەرشیف بکردایە. ئەو ڕووداوانە تەنها موڵکی حیزبێک نییە بە تەنها، بەڵکو موڵکی میللەتێکە.

 بەندە جارێکیان لە گوندی ووڵاخلو بووم کابرایەکی پیرم دی باسی لە ڕووداوێک کرد هەر منی لە ناخەوە هەژان، ووتی لای ماڵات بووم و ساچمە زەنێکم پێ بوو، تازە شۆڕش دەستی پێکردبوو، دوای ئاشبەتاڵەکەی مەلامستەفا، کە کوردی جێ هێشت، هێندەم زانی چەند کۆپتەرێک بەسەرمەوە بوون گوێکانم خەریک بوو دەتەقی بە هەوای پەروانەکەی کڵاو جامانەکەی سەرم لە خۆم دوورکەوتەوە، منیش باروتم نەکردە ناو ساچمە زەنەکەمەوە دەنا گوللەیەکم دەتەقاند و نەم دەهیشت ئەو هەموو مەرگە ساتەم بەسەردا بێت، یارۆی شوان هەڵدەگرن و دەیبەن بێ ئەوەی ووشەک عەرەبی تێبگات، لە خەمی ماڵاتەکەیدا دەبێت هاوار دەکات با بچم خەڵکی ئاوای ئاگادارکەم، نە دوژمن لەوە دەگات نە ئەم لە دوژمن، ماوەی چوار ساڵ هەرچی زیندان هەیە لە ووڵاتی عێراقدایە پێی دەکەن، ووتی هەر کە نینۆکەکانم درێژ دەبوو بە پلایس دەریان دەهێنایەوە.
دوای ئەوەی سەدام دەبێتە حاکمی عێراق یارۆش بەر دەدەن، بەڵام بەر لەوە پێی دەڵێن تۆ لە دار دەدەین، ووتی جا کوا ئەوەی لە خەیاڵما نەبوو ئەوەبوو جارێکی تر بێمەوە ناو ژیان، ووتم خاڵۆ دەبێ ئەمە ببێتە کتێبێک و سبەینێ کوردستان ڕزگاری بوو ببێتە فلیمی سینەمایی، ووتی جا بۆ حەیاشمان نابەن جا من چییم کردوە؟ بریا تفەنگێکی لەوەی تۆم پێدەبوو یەک دوویەک لەو جەلادانەم دەکوشت ئەودەم دەبوومە کتێب، دەبووە فلیم لام فەدی نەبوو بەڵام ئیستا، هەر حەزناکەم کەس بشزانێ.

خانمی بەرێز سروە خانمی خێزانی هۆمەر قەرەداغی بیرەوەرێ سەیرانەکەت بوەستێنە، چونکە ئێوە پێشمەرگە نەبوون و کەسیش بە وێنە گرتن نابێتە پێشمەرگە.
پێشمەرگە، کەسانێک بوون پڕبوون لە جوانی. لە دەست و دڵ پاکیی و نەفس بەرزی، کەچی ئیستا چەک لە شانەکان دەبەن و دەڵێن ئەمانە پێشمەرگەن، لەبەر دەرکی سەرادا لە خەڵک مۆڕ دەبێتەوە، فەلاقەی هاونیشتمانییەکانی خۆی دەکات. سروە خانیش بیرەوەری چوونی چیامان بۆ دەنووسێتەوە، لەباتی ئەوەی لەو ووڵاتەی سویدەوە بڵێت: بۆ خاتری گیانی شەهید ئاشتییەکان، بۆ خاتری ئەو هەموو ماندووبونەی برا و هاوڕێکانمان، چیتر سوکایەتی بە کەسایەتی پێشمەرگە مەکەن، ئەگەر بیکەن حاشا ئێمە لە ئێوە نین و ناشمانەوێت مێژوویەک، کە پڕێتی لە جوانی لەکەداری مەکەن. کەچی وا ئیستا وا خۆتان بچوک و سووک کردووە  پارە و دەستکەوت لەو خائینانە وەردەگرن و بۆیان دەپاڕینەوە. ئەمانە ئازایەتی لە ئێوەدا نەهێشۆتەوە.

ئه‌و نووسینه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک به‌ مه‌به‌ستی شکاندنی ئه‌م خانمه‌ به‌ڕێزه‌ و هاوسه‌ره‌که‌ی نییه‌، به‌ڵکو بۆ هوشیارکردنه‌وه‌ و ئاگادارکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه‌ و که‌سانی ترن، که‌ خاوه‌نی چه‌نده‌ها شه‌هید و که‌سانی دڵسۆز و نیشتمانپه‌وه‌رن، که‌ له‌ پێناوی نه‌ته‌وه‌که‌یاندا که‌م  بژی وکه‌ڵ بژیان هه‌ڵبژارد.
 نموونه‌ی ئه‌و که‌سه‌ قاره‌مان و دڵسۆزه‌، شه‌هید ئاشتی بوو، که ‌نه‌ک هه‌ر له‌شاخ ، به‌ڵکو له‌ زیندانی موسڵیش دا نموونه‌ی ئازایه‌تی و قاره‌مانی بوو، له‌کاتێکیشدا که‌ له‌ سێداره‌درا به‌ سروودی شۆرشگێڕانه‌ به‌ره‌و ڕووی مه‌رگ بووه‌وه‌ و جه‌لاده‌کانی شه‌رمه‌زار کرد.. جا ئه‌م به‌ڕێزانه‌ خاوه‌نی قاره‌مانێکی وه‌ک شه‌هید ئاشتی بن ، به‌ ڕاستی حه‌یف و جێگه‌ی داخه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتێکی ڕه‌فتار به‌عسی جه‌لالی و مه‌لاییدا ده‌ستیان تێکه‌ڵاو کردووه‌ و له‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێی وه‌ک هاوکاری به‌عس ئاسادا ووتار ده‌نووسن و به‌رگریی له‌م ده‌سته‌ڵاته‌ ڕه‌فتار به‌عسیه‌ ده‌که‌ن.
 ئه‌مڕۆ لای زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌ ته‌واوی بارودۆخه‌که‌ یه‌کاڵا بۆته‌وه‌، له‌لایه‌ک ده‌سته‌ڵاتێکی تۆقێنه‌ر و دیکتاتۆر و ڕه‌فتاربه‌عسی بارزانی و تاڵه‌بانی و چه‌ته‌کانیان ، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ خه‌ڵکی سته‌ملێکراوی کوردستان.

 ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ زۆر له‌و که‌سایەتیی و ڕۆشنبیرو نوسه‌رانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا دژی جه‌لالیزم و مه‌لایزم بوون و سروشتی  ئه‌و بزووتنه‌وه‌ چه‌کداره‌ و سه‌رکرده‌کانیانیان لا ڕوون بوو و ده‌یانزانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورددا نین ، که‌چی ئێستا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌رگری له‌م ده‌سته‌ڵاته‌ ده‌که‌ن و به‌سه‌د و هه‌شتا پله‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ باوەشی ئەم خائینانە.....

دوا ووتەم ئەوەیە چونکە من دەزانم لە ناوەڕۆکدا ئێوە خەڵکی جوان بوون، بۆیە دەمەوێت پێتان بڵێم بەسە ئیتر بە مێژووتان، بە ڕابرووتان سوکایەتی مەکەن، عەیبە بۆ ئێوە سووکایەتیی بە مێژووی کەسوکارتان، بە خۆتان بە رابردووتان دەکەن، دوای دەسەڵاتێکی پۆخڵ کەوتوون، کە ئیوەشی پیس و پۆخڵ کردووە، هەرئەوەی لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا دەنووسن، سوکایەتییە بە مێژووتان، هەر ئەوەی خۆت و میردەکەت مووچەی خانەنشینی وەردەگرن سوکایەتییە بە پیرۆزییەکانی مێژوو.

بۆ بینینی یادەورەیەکانی سرەوە ئازیز. کوردستانی نوێ ٥٧١١  لاپەڕە ٩