بەرلەهەڵبژاردن چى ڕودەدات ؟(هەر لیستێك زۆر لە خەڵك بپارێتەوە گرەوەكە دەباتەوە)

Wednesday, 24/06/2009, 12:00

2003 بینراوە


بەتێگەیشتنمان لە ئەدەبیاتى شەڕى ڕاگەیاندنى حیزبەكان لەڕابردویەكەى 18 ساڵیداو لەو شەڕەبێمانەى ترى ڕاگەیاندنى حیزبەكان كە بەرامبەر بە میدیاى ئەهلى ڕایانگەیاندوە و تاوانباركردنى میداكارانى ئەهلى بەكاركردن بۆدوژمونانى كورد بەقەولى ئیعلامییە حیزبیەكان , دەگەیەنیە ئەو بڕوایەى بڵێن شەڕێكى ترى بێتامى ناخۆیى بەڕێوەیە , بەڵام لەفۆرمى میدیایدا و هەندێك جاریش بۆترساندو دەم كوتكردن چەند گوللەیەكیش دەننرێنە ئەقڵى یەكترەوە ؟! ئەگەر تا كاتى هەڵبژاردن (مردن) لێمان گەڕێت بەچاوى خۆمان دەیبینین كەچۆن براو هاوڕێكانى دوێنێى خەباتى هەندێك لەحیزبەكان و لیستە بەشداربوەكانى پرۆسەى هەڵبژاردن , چۆن لەپێناو مانەوەى خۆیان لەپۆستى باڵاى حیزبى و حكومى و گیرفان پڕكردن لەسەرحیسابى میللەت , بەردەبنەگیانى یەكترو هەرچى نهێنى ناشرینى یەكترە هەڵى دەماڵن و دۆست و دوژمونى لێى ئاگادەردەكەنەوە .
بانگەشەكانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان لەلایەن سەرجەم لیستەكانەوە بەبێ جیاوازى لەیەك دەستەواژەدا كۆدەكاتەوە وەك ئەگەر (دەتەوەێ) ئەم دەستەواژەیە سەرەتاى دەرخستن و ئاشكراكردنى بەرنامەى هەڵبژاردن و پرۆژەى لیستەكانە بۆڕاكێشانى سۆزى هاوڵاتیان بۆبەخشینى دەنگى خۆیان بەولیستەى كە زیاتر پاڕانەوەكانى كارى گەرى لەسەر كەسى دەنگەردروستدەكات ؟! چونكە بە دەستەواژەى (ئەگەر دەتەوەێ) زیاتر ئەوخەڵكانەى پێ فریودەدەن كە لەدونیاى سیاسەت و لەگەمەى دیموكراسیەتى كوردى تێناگەن و بەم چەند دروشمە سواوەى هەڵبژاردن خۆڵ دەكەنە چاویان و دەڵێن : ئەگەر دەتەوێ كوردستان وەك دوبەى لێبێت , ئەگەردەتانەوێت نەوت و غاز بەبۆرى بگاتە ماڵەكانتان , ئەگەر دەتانەوێت كارەباكەتان بیست وچوار كاتژمێر بەردەوام بێت , ئەگەردەتانەوێت نوێنەراكانتان لەپەرلەمان دا خەونەیان باتەوە, ئەگەر ...تد , ئەوا دەنگ بەلیستى (...) بدەن , هەروەها ئەو خەڵكانەیشى كەچەندین ساڵە سوتەمەنى سیاسەتى فاشیلانەى حیزبەكانن و قوربانى شەڕەبیتامەكانیانن لەڕیگەى نان بڕین و دەركردن و چاوسوركردنەوە ناچارى بەخشینى دەنگەكانیان دەكەن بەخۆیان .
هەژدەساڵە یارى بەچارەنوسى خەڵكى كوردستانەوە دەكرێت و هێشتا خەڵك ناهۆشیارانە شوێن دروشمە بریقەدارەكانى یەكێتى پارتى دەكەون ,كاتێك لەلایەن دڵسۆزانى كوردستان و بەرگریكاران لەمافەكانى مرۆڤ و دیموكراسیەت , ڕەخنە لەئەداى كاربەدەستانى حكومى و حیزبى دەگیرێت و سیستەمە سیاسیەكە دەخەنە ژێرپرسیارەوە , لەلایەن چەندین كولكە بەرپرسى نەخۆێندەوارەوە , ڕەخنەگران بەجاسوس و بەكرێ گیراوى دەوڵەتان دەناسێنن و ئەو ڕۆژنامە ئەهلی یانە بە (كەر) دەشوبهێنن كە فایلى ناپاكى و دزى و گەندەڵیەكانیان ئاشكرادەكات , لەلایەن خەڵكى ناهۆشیارەوە چەپڵە ڕێزان دەكرێن و دەستخۆشى لەو وتانەدەكەن لە لەهیچ ئەدەبیاتێكى دیموكراسیەتدا جێگەى نابێتەوە .
بەرلەهەڵبژاردن پێشبینى چى دەكرێت ؟ ئەمە پرسیارێكى گرنگە و وەڵام دانەوەى ئەم پرسیارە هەرێمەكەمان لەنێوان دیموكراسیى بون و هەڵكشان بەرەو دیكتاتۆریەت یەكلاى دەكاتەوە , بۆئەوەى لیستەكان هەرچۆنێك بوە زۆرترین كورسى پەرلەمان بۆخۆیان داگیربكەن , هەرچى شتى ناشرین و چاوەڕوان نەكراو هەیە لەم چەند هەفتەیەدا دەیبینین و دەیبیستین وەك : دروستكردنى چەندین ویب سایت بۆبڵاو كردنەوەى دەیان وتارى نادروست و پڕلەناوزڕاندن بۆئەو كەس و سەرۆك لیستانەى كە ململانى یەكتر دەكەن , هاندانى دەیان نوسەرى قەڵەم فرۆش لەلایەن لیستەكانەوە بۆ بڵاو كردنەوەى هەواڵ و زانیارى ناڕاست لەسەر لیستە ڕەكبەراكانیان , بەخشینى دیار و بپێدانى پارەیەكى زۆرلەلایەن لیستەكانەوە بە بەسەرۆك خێل و خاوەن دیوەخانەكان بۆكڕینى دەنگى ئەو كەسانەى كە وەك دەروێش لەدیوەخانەكاندا خزمەت دەكەن و ناتوانن لەبازنەى بڕیارەكانى سەرۆك عەشیرەت دەربچن ,بۆئەوەى ژمارەیكى بەرچاو لەكورسیەكانى پەرلەمانى كوردستان مۆسەگربكرێت لیستە باڵادەستەكان , هەڕەشەى نان بڕین دەكەن , ئەندامان و لایەنگرانى سوێن ئەدا كە بەكاندیەكانى خۆى نەبێت دەنگ بەكەسى ترنەدا , بەڵێنى شتى زۆرگەورە بە بەرپرسەكانى ئەدات تا دەنگى بۆكۆبكاتەوەو لەدواى هەڵبژاردن پێى دەڵێت , خیانەتتكرد بۆلیستێكى تر كارت كردوە , موچەى پاسەوانەكانى دەبڕێت ئەگەر وەك بەرپرسێكى سەربازى یان سیاسى حیزبەكەى دەنگ بە كاندیەدكانى نەدات .
ڕۆوژنامە حیزبیەكان پڕدەبن لە حیكایەت و مێژوى چەندین ساڵە ڕابردو دەگێڕننەوە و چاومان پڕدەكەن لە لە چیرۆكى ئەفسوناوى میكیاژكراو , ڕۆژنامە حیزبیەكان هێرش دەكەنەسەریەكتر و لەبیریان دەچێت كەلەئیتێكى ڕۆژنامەوانى نابێت دەربچن .
ڕۆژنامەنوسە حیزبیەكان , یان لایەنگرانى لیستە دڵخوازەكانیان , شەقێك لەمیساقى شەرفى كارى ڕۆژنامەنوسى هەڵ ئەدەن و هەرچى كە نابێت نەوترێ و نەنوسرێ , واستەى بۆدەكەن كە بكرێتە مانشێتى بڵاوكراوەكانیان .
تەلەفزێونەكان , دەست دەكەن بە چاوپێكەوتنى كاندیەكانیان و ئەوانیش هەرچى دۆرى هەڵبژاردنە ڕیزى دەكەن و مێشكامنى پێدەخەن , تەلەفزێونەكان ئەم چەند هەفتەیە واز لە بەرنامەى منداڵان و گۆڕینى ئاو و هەوادەهێنن و لە خەڵك دەپاڕێنەوە تا ڕۆژى دەنگ دان دەنگ بە لیستەكانیان بدەن , گۆڕانى بێژەكان بانگێشت دەكەن و لەگەڵ ڕیتمى (توم تەك تەك) دا بەدەهۆڵ و زوڕانایەك دەستپێدەكەن و سەرۆكى لیستەكانیان سەرچۆپێ كەى بۆدەگرێت و حەیاى هەڵپەڕكێى كوردیش دەبەن .
بەرلەهەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان ئەوەى خواپێى ناخۆخشبێت لیستەكان بەرامبەر بەیەكتر دەیكەن و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و ئیعلامییە حیزبەكان بەردەبنە گیانى ڕۆژنامە ئەهلیەكان و هەرچ ڕۆژنامەنوسێكى سەربەخۆیش هەواڵێك لەسەر خروقاتەكانیان بڵاوبكاتەوە , هەریەكەیان لاى خۆیەوە چەندجنێوێكى موحتەرەمانەى پێ ئەدات و تفەنگ بەدەستەكانیشیان ئەگەر نەیان كوژن , ئەوا چەند گوللەیەكیان پێوە دەنێن تابۆئەوەى بەئاگانەینەوە و نەزانن لە دواى ئەو گوللانەى كەپێیانەوەنراوە , بەرلەهەڵبژاردن و دواى هەڵبژاردن چى ڕویداوە .
تێبینى : ئەم وتارە لە ژمارە (536) ى ڕۆژنامەى (هاوڵاتى) دا بڵاو كراوەتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە