زنجیرە تەقینەوەکانی ئەمڕۆی عێراق پەیوەستە بەکام هۆکارەوە؟

Wednesday, 13/06/2012, 12:00

1145 بینراوە






ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتی ١٣/٤/٢٠١٢ زیاد لە چەند شارێکی عێراقی تا دەگات بە شاری کەرکوک کرانە ئامنجی نێو ئەو سیناریۆ شاراوانەی لە عێراق و کوردستاندا بە کۆتایی ناگەن. گرفت لێرەدا ئەوەنیە کە ئەژماری قوربانیانی نێو ئەم کارە دڕندانەییانە چەندە، هێندەی گرفت لەو پنتەدایە کە لە کۆی ئەو حیزبە حاکمانەی ئەمڕۆ دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری عێراقیان لە ژێر چنگدایە، کامیان دەکرێت لەوی تریان بەباشتر و لانی کەم بڵێین دەتوانێت خزمەتێک بە خەڵکی هەژارکراوی عێراق بکات؟ ئاخۆ لە دوای ڕوخانی ڕژێمی تاکڕەوی بەعسەوە تا ئێستا ئەژماری کوژراوان بکرێت هێندەی جەنگی هەشت ساڵەی نێوا عێراق _ ئێران نابێت؟ ئاخۆ گەر ئەو پارت و هێزانەی کە خۆیان بەخەمخۆری خەڵکی عێراق دەزانن بەشێکی سەرەکی نەبن لە نێو ئەو دەستانەی هەر ڕۆژە خەڵکی مەدەنی عێراق دەکەنە ئامانج- هیچ هێزولایەنێکی دەرەکی دەتوانێت بەو ئاسانیە سەرگەرمی ئەو شانۆییە مەرگەسات ئامێزە بێت؟ ئاخۆلە دەورەی پێشو لە عێراقدا تەنها یەک دیکتاتۆر نەدەناسرا کە هەرکات هەرچ ڕوداوێک ڕویبدایەو خەڵکی مەدەنی تێیدا بکرانەیە بە قوربانی، ئەوکات ڕاستەوخۆ ئۆباڵەکەی دەخرایە سەر ئەو ڕژێمە و سەرۆکەکەی، بەڵام ئەمڕۆ وڵاتی عێراق خاوەنی چەند دیکتاتۆری دەمامکراوی ژێر پەردەی جیهانبینی دیموکراسین و بکەری بە قوربانی کردنی خەڵکی سڤیلیش دیار نیە لە کام لایەنەوە سەرچاوە دەگرێت؟ کام یەک لەم پارتانە هێندەی نوێنەرایەتی هێز و سیناریۆ دەرەکیەکان دەکەن، چارەکێکی ئەو نوێنەرایەتی کردنە نوێنەرایەتی خەڵکی مەدەنی عێراقیان کردبێت؟
زنجیرە تەقینەوەکانی ئەمڕۆ، بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە هۆکاری سەرەکی پشت ئەو دڵڕەقیە تەواو وەحشیانەیە بەرئەنجامی خودی ئەو ململانێ ناواقعیانەیە کە لە نێوان، بەرەی مالکی و بەرەی دژیدایە. گەر ئەوان دەورانێکی تەواو دیکتاتۆریانە و گێژاویانەیان بۆ ئەمڕۆی نێو کەنارخستن و جێگرتنەوە بە ئەنجام نەگەیاندایە، هەڵبەت گەر بشڵێین تەقینەوەکان تەنها دەستی گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکانی سەر بە قاعیدەن و هەلەکەیان قۆستۆتەوە، لەو کاتەشدا ئەستۆی ئەم ڕوداوە دڵتەزێن و جەرگ بڕانە، دیسان سەد دەرسەد، هەر لە ئەستۆی خودی ئەو ململانێ بەرژەوەندخوازییەیە کە لە نێو باڵە جیاوازەکانی سەرانی عێراقی نوێدا هەیە.
خەڵکی مەدەنی عێراق، شاهیدی ئەو مێژوەی دەورانی پێشوەن کە هەر کاتێک ئاستی بەرژەوەندیەکانی ئەو حیزبانە لە قۆناغێکی خۆیان واتەنی برایەنەدا بوایە، ئەو کات ئاستی تەقینەوەکانیش لە نەماندا بوە، بەڵام هەر کاتێک گرژی و ئاڵۆزیە سیاسیەکانی نێو سەرجەم پارتە مەزهەبی و تائیفی و قەومیەکان ڕوی لە گرژی کردبێت، هەر لەو ئان و ساتەدا دیسان هەواڵی زنجیرە تەقینەوەکان بەرگوێمان کەوتۆتەوە. کەواتە هاوکێشەکە زۆر ئاسانە لێتێگەیشتنی. بەڵام ئەوەی کە بۆ خەڵکی مەدەنی عیراق نایەتە چارەسەر کردن، ڕزگار بونیەتی لەم کۆ حیزبە دیکتاۆر و دڕندانەی کە دەستیان خستۆتە قوتی سەرجەم خەڵکی هەژاری عێراقەوە. ئەم کۆ حزبە شیعی و سونی و کوردیەی لە مەیدانی ململانێکاندان هۆکاری سەرەکین لەو دەستیوەردانە ناوچەیی و ئیقلیمیەی کە خۆی خستۆتە نێو مەیدانی سیاسی و ئابوری عێراقەوە. عێراق هەردەم وەک جەهەنمێک وایە بۆ چینی کرێکار و خەڵکی هەژار، بۆ ڕۆژێکیش ساتێکی ئارامی بە دەست نەهێناوە تا ئەو خەڵکە بێ دیفاعەی لێی بحەسێتەوە، خۆ گەر بە چاوێکی واقعییەوە سەیری زۆرینەی ژنانی عێراق بکەیت ڕەشپۆشن. ئەم ڕەشپۆشیە هۆکاری تەنها فەرهەنگ و کەلتوری باو نین، هێندەی دەرئەنجامی کوشتنی بەناهەقی ڕۆڵەکنیانە.

عێراق تا دەگات بە کوردستان یەکێکن لە هەرە دەوڵەمەندترین وڵاتی ناوچەکە لە ڕوی بەرهەمهێنانی نەوتەوە. کاتێک دەبینین ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە تەنها لە وێرانەیەک دەچێت و لە بەرانبەریشیدا چینێکی حیزبی چاوچنۆکی بازرگان ئاسای وەدەر هێناوە، ئێستا ملیاردێرن و هەرساتەی بە جۆرێک پیلان و بەرنامەڕێژی بۆ سیناریۆیەکی دژە خەڵکی دادەڕێژن- لە ڕێگای ئەو وڵاتانەی کە خودی ئەم حیزبانەی لە جیاتی ئەوان نوێنەرایەتی خەڵکی دەکەن. تا ئەو ساتەی خودی ئەو چینە بەرفراوانەی ڕۆژانە دەچەوسێنرێتەوە لە ژێر چنگی ئەو بەرەیەی حاکمیەتی بەدەستەوەیە بەم شێوەیەی ئێستای دەمێنێتەوە، ئەگەر هاتوو پەنای بۆ خۆ جیاکردنەوە نەدا لە کۆی ئایدۆلۆژیای ئەو بەرەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە. عێراق هەرچۆن دەیبینیت تەنها لە وێرانە دەچێت، یانی ئیتر ئەو وڵاتە لە سایەی سەری ئەم گشت دیکتاتۆرەوە جێگایەک نیە بۆ ژیان کردنی خەڵکی هەژار. گەر سەیری کوردستانیش بکەین ئەوە ڕەنگە بە خاڵێک لە پێش عێراقەوە بێت، نە زیاتر. لە کوردستانیشدا خەڵکێکی زۆر هەیە بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنن و هیچ زەمانەتێکی ژیانیان نیە، تا دەگات بەکەمی خزمەتگوزاری گشتی و نەبونی ژینگەیەکی تەندروست. لەکوردستانیشدا گەر دەبینرێت باڵەخانە و ڕێگاو بانێکی ڕوکەشکراو هەیە، بەڵام هەر هەموو پرۆژەکان لە ژێر بارودۆخی کەم و کورتیان و هیچیان لە نێو بازنەی ڕوبەرە جیهانیەکانی سەردەم دەرناچن کە ناویان لێبنرێت پرۆژەی بەدیهاتو بۆ ئێستا و ئایندە. ئاخۆ گەر کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان شەریکە بەشی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی پلەیەک نەبن، دەتوانن بەو شێوەیە پرۆژەی نیوە ناچڵ بە ئەنجام بگەیەنن؟ ئاخۆ گەر یەکێک تونێلەکانی تورکیا و ئێران ببینێت چۆن دەگاتە ئەو بڕوایەی هەمان شەریکە تونێلەکەی ئەزمەڕیشیان دروست کردبێت؟ بۆچی لەوێ لە پلەی زۆرباشدا بەئەنجام دەگەیەنرێت و بەڵام لە کوردستاندا پڕاوپڕ لەکەم وکورتیە؟ هۆکارەکەی چی یە؟ ئاخۆ ئەژماری زۆرینەی پێکدادانی شۆفێڕان تەنها بۆ ناشۆفێر بونی خۆیان دەگەڕێتەوە یاخود بۆ خراپی ڕێگاکان؟ کە تا ئێستا بە سەدان قوربانی لێکەوتوەتەوە. کێ دەتوانێت بەرپرسیاری ئەو کۆ گەندەڵی ئیداری و فەساد بونیە لە ئەستۆ بگرێت؟ خۆ حیزبەکانی دەسەڵاتدار و حکومەتەکەشیان خۆیانی لێ ناکەن بەخاوەن، کەواتە ئەستۆی گەندەڵیەکان دەدەنەوە بەسەر شانی خەڵکەکەدا! چونکە ئەوان خۆیان بە تاکە ئازادیخواز و داد پەروەر دەبینن، ئایا ئەمە گاڵتەجاڕی نیە بە خواستەکانی زۆرینەی کۆمەڵگا؟

زنجیرە تەقینەوەکان بە کۆتایی ناگەن و نازانرێت تا دواسات چەندین هەزار کەسی تری بێدیفاع دەکەوێتە بەر ئەو لێشاوە گڵاوە، لەبەر یەک هۆکار تەقینەوەکان بە کۆتایی ناگەن، ئەویش بە هۆکاری مانەوەی ململانێ بەرژەوەندخوازیەکانی ئەو کۆ سەرۆک و سەرۆک حیزبەی شێتی کورسی دەسەڵاتی پڕ لە دۆلارن، تا ئەو جێگا بەرژەوەند خوازیە بمێنێت، عێراق هەردەم مەیدانێک دەبێت بۆ زینجیرە تەقینەوەی داچڵەکێنەر.
ڕزگار بونی خەڵکی بەشمەینەتی عێراق و کوردستان لە ژێر دەستی سیاسەتی ئەحزابی حاکمدا بەجێی خۆی ناگات. لە عێراق و کوردستاندا دوو وڵات بە ڕەسمی سیاسەت دەکات، ئەویش سیاسەتی میلتارێتی تورکیا و ئێرانە. دوو وڵات کە ناسراون بە دڕندایەتی و پێشێل کردنی کۆی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و چینی کرێکار لەو وڵاتانەدا، بەرەی تورکیا ی ئەردۆگانی سونە مەزهەب، بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی بەرەیەک لە حیزبی عیراقی سونە پاڵپشت دەکات، وە ئیرانی ژێر دەستی ئیسلامی سیاسی شیعەگەرێتی بەرەی موقتەدا و مالیکی و ئەسحابەکانی تری ئەحزابی شیعی پاڵپشت دەکات، کەواتە عێراق بە نوێنەرایەتی ئەو دوو وڵاتە و سیاسەتی زلهێزی ئەمریکی و سعودییەی دەڕوات بەڕێوە، نەک بە خواستی خەڵکی عێراقی، چونکە ئەو حیزبانەی لە مەیداندان هیچیان سەر بە مەیل و خواستی خەڵکی ئازادیخوازی عێراق نین و لە دەرەوەی مێژوی خواستی خەڵکی چەوساوەی عێراقەوەن. ڕزگار بوون لەم هەلومەرجە بە پاڕانەوەی خەڵکی ڕەشوڕوت نایە لەوەی بەردەوام نوێژ و تاعەت بکەن، بەو هۆکارەی خودا بەزەیی پێیاندا بێتەوە و عێراق بکات بە جێگایەکی ئارام، بە پێچەوەانەوە تەنها دەستبردن بۆ بەئەنجام گەیاندنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و بەڕابەرایەتی چینی کرێکار لەو وڵاتەدا، تەنها چارەسەرە. نە هێزە لیبراڵەکان ئەو بەرەیەن کە خواستی یەکسانیخوازیان هەبێت بۆ زۆرینەی خەڵکی عێراق، نە بەرەی مەزهەب گەرای ئیسلامی ئەو خواستەیان هەیە، چونکە ئەوە کارکردی دەرئەنجامی ململانێی نێوان ئەو دوبەرەیەیە عێراقی بەم ڕۆژگارەی ئێستای گەیاندوە. ئەو دوو بەرەیە سەر بە چینی بۆرژواکانن و تا کەشی فەوزاو نائارامی هەبێت ئەوان زیاتر دەگەن بە خواستە قێزەونەکانیان، چونکە لە کۆمەڵگایەکی سەقامگیردا ئاستی داواکاری و جێبەجێ کردنی خواستە ڕەواکان زیاتر پەرە دەسینێت، بەڵام لە کە ش و هەلومەرجێکی ناجێگیردا، تەنها خواستی خەڵکی لە چوارچێوەی بەس مەمانکوژن ئیتر هیچمان لێتان ناوێت، دەمێنێتەوە. بۆیە خەڵکی عێراق توشی ڕۆژڕەشیەک بوون لە سایەی سەری ئەو حیزبە حاکمانەیەوە، بەبێ شۆڕش کردن دژی ئەو دەسەڵاتانە، ڕزگار بوون و گەشتن بە دنیایەکی ئارامی و دوور لە تەقینەوە و تەسفەیە کردنی جەسەدی، بۆ هەتایە کۆتایی نایەت. هەروەک بەردەکەی سیزیفی لێدێت، یانی خولانەوە لە نێو بازنەی پوچگەری و بێهودەییدا. ئاخۆ نەوەی نوێ تا کەی ئامادەیە لە نێو ئەو بازنە بێهودەیەدا خۆی بخولێنێتەوە و دەست نەبات بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی یەکسانیخوازی کۆمەڵایەتی؟ ئێستا ئەو خەڵکە بێدیفاعە لەبەردەم دوو حاڵەتدایە، یان ملکەچ کردنی بۆ نێو کۆی ئەو سیناریۆیانەی بەرەی دوژمن بەخۆی بۆی دادەڕێژێت، یان بەرپەرچ دانەوەی و چیتر قبوڵ نەکردنی ئەو هەموو کەرامەت شکاندن و سوکایەتی پێکردنەی هەر ڕۆژەی پێی دەکرێت؟ مرۆڤ یەکجار دەژی و تەنها یەکجاریش دەمرێت. ئۆچ ئالان واتەنی ژیانێک خۆشە کە بە ئازادی بێت، نەک ژیانێک هەر ساتەی مردنێک بێت و لە حورمەتی کۆیللەیەکیش زیاترت نەبێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە