پێشمەرگە بۆ بێ رێزى بەرامبەر دەكرێ؟

Monday, 13/01/2014, 12:00

1487 بینراوە






پێشمەرگە ئەو گیانفیدا و ڕۆح لەسەر دەست و خۆ بەخشەیە پارێزگاری لەدەستكەوتەكان و بەرهەمى خوێنى شەهیدان دەكات، لەكاتێكدا هەر هەڕەشەیەك بەرۆكى هەرێم بگرێ ئەوە پێشمەرگەیە سینگى دەكاتە قەڵغان و دێتە دەست بۆ ئەوەى بەرگری بكات و بەرپەرچی هەموو ئەو هەوڵە نەزۆكانە بداتەوە كە بەخەیاڵی خاویان بیانەوێ هێرش بكەنە سەر هەرێمى كوردستان و ئارامى خەڵك و وڵات تێك بدەن.

ئەگەر پێشمەرگە نەبێت ڕۆڵی حكومەت چیە و چۆن دەتوانێ ببێتە پارێزەری دام و دەزگاكان و چۆنیش دەتوانێ ئەمن و ئاسایش بۆ هاونیشتیمانیانى بەرقەرار بكات؟

ئەگەر پێشمەرگە نەبێت بەرپرسان چین و چۆن دەتوانن بەبێ ترس لێرە بۆ ئەوێ بڕۆن و بگەڕێن؟

وەلێ وا زیاتر بۆچل و پێنج ڕۆژ دەڕوات هێشتا مووچەى پێشمەرگە نەدراوە لەكاتێكدا سەرەڕای كەمى مووچەكانیان كە پێشمەرگانێكی زۆر هەن كرێچین و مووچەكەیان هەر بایی ئەوەندەیە لەكرێی خانووى بدەن و پێشمەرگانێكى زۆریش هەن بەو مووچەیەى وەریدەگرن ناتوانن بژێوى ماڵ و منداڵیان دابین بكەن ئەوجا وەكو یاری بەهەست و نەستیان دەكرێ، لەپێدانى مووچەكانیاندا بەجۆرێ دەیانهێنن و دەیانبەن كە ناتوانن بەرنامەیەكى تۆكمە و جوان بۆ قووت و ژیانیان فەراهەم بێنن لەكاتێكدا ڕۆژێكى دیاریكراویان نییە تێیدا وەكو تەواوى فەرمانبەران لەو ڕۆژەدا مووچەكانیان پێ بدرێت.

سەیر لەوەدایە پاسەوان و پێشمەرگەكانى ژمارەیەكى دیاری گەورە بەرپرسانى حكومەت مووچەكانیان لەبەغداوە بۆ دێت و مووچەكانیان دوو ئەوەندەى ئەو مووچەیە كە پێشمەرگەكانى سەر بەوەزارەتى پێشمەرگە وەری دەگرن.

جەبار یاوەر وتەبێژی وەزارەتى پێشمەرگە لە چاوپێكەوتنێكیدا دەڵێت: هۆكاری دواكەوتنى مووچەى پێشمەرگە وەزارەتى داراییە.

ئەم وتەیە زۆر هەڵدەگرێ و سەردەكێشێ بۆ چەند خاڵێك:

یەكەم: ئەگەر وەزارەتى دارایی هۆكارە پێویستە كۆدەنگى پێشمەرگە هەبێ و گردبوونەوەیەكى ناڕەزایی دەرببڕن، بەشێوەیەكى ئاشتیانە داوای ڕوونكردنەوە لە وەزارەتى دارایی بكەن ئاخۆ خێرە، حیكمەت چیە بەم شێوەیە گاڵتە بەهەستیان دەكرێ لەكاتێكدا ژمارەى مووچەخۆرانیان بەپێی داتا و ڕێوشوێنى ژمێریاری دیار و بەرچاوە ئەگەر هەر گۆڕانكارییەك ببێ ئەوا وەكو تەواوى دام و دەزگاكانى دیكە دەتوانن كاری یاسایی خۆیانیان لەسەر بكەن.

دووەم: لایەنى پەیوەندیدار بۆ كەمى مووچەى پێشمەرگە پێداچوونەوە بكەن بەجۆرێ لەگەڵ بارودۆخەی بازاڕ و بژێویان بگونجێ.

سێ یەم: گوناهو ئۆباڵی هەر حاڵەتێكى خۆ كوشتن و تەڵاقدان و سەرگەردانى خێزانەكان دەكەوێتە ئەستۆی لایەنى بەرپرس.

چوارەم: كە ئەمە حاڵ و گوزەرانى پێشمەرگەبێ ئاخۆ پێشمەرگەیەك هەزار دیناری چاپی سویسری لەباخەڵدا نەبێت ئایا لەبەردەم هەڕەشەكاندا پێشمەرگەى زگ برسی و خەفەتى ماڵ و گرفتەكانى قەرزداری و كرێچی چۆن دەتوانن فیشەكێك بەڕووى دوژمنان بتەقێنن و چۆنیش بەرپرسان لەڕوویان دێ ڕوویان لێ بنێن و داوایان لێ بكەن بچنە بەرەكانى پێشەوەى جەنگ و بەرگری لەم هەرێمە بكەن؟

خەم و خەفەتەكانى پێشمەرگە هەر لەلای ئەوانەیە كە بەم شێوەیە ڕۆژ بەڕێ دەكەن، هیوادارم سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت بەجددی كار بۆ چاككردنى باری بژێوى پێشمەرگە بكەن و مووچەكانیان چاك بكرێ و لەكاتێكى دیاریكراودا بۆیان ببڕدرێتەوە تاوەكو تەم و مژی سەرگەردانى و بێ ئومێدی لەپیرۆزى پیشەكەیان بتەنن هەستى كوردایەتیان بەرەو كاڵبوونەوە نەڕوات تف لەهەموو ئەو تەمەنە بكەن كە بەناوى پێشمەرگایەتیەوە خەباتیان كرد و كەچی وا بەم شێوەیە پاداشتیان دەدرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە