پەیڤی...ئێستا!!!

Thursday, 11/06/2009, 12:00

2438 بینراوە


ماوەیەكە كەناڵەكانی هەردوو حیزب لەڕێگەی چەند بەرنامەیەكى پلان بۆ داڕێژراوەوە هێرشێكی فراوانیان كردۆتە سەر هەندێك كەناڵی میدیایی.
زاگرۆس وەك ئامادەكاریەك بۆ بانگەشە كردنى هەڵبژاردن، هێرشێكی بەردەوام دەكاتە سەر كەناڵەكانی میدیاى ئەهلیو كارەكانی ئەو جۆرە میدیایە بە دەستی دەرەكی و تێكدانی ئاسایشى هەرێمو نانەوەى ئاژاوەو چەندین تۆمەتی دیكە تۆمەتبار دەكات، لەبەرنامەیەكدا بەناوى (پەیڤی ئێستا) گفتۆگۆلەگەڵ ئەو كەسانە دەكات كە دەستەمۆ و گۆشكراوى هەردوو حیزبی پاوانخوازی كوردستانن.
بۆ هیچ كەسێك نیە تۆمەت بخاتە پاڵ میدیای ئەهلی و كارەكانی بە نێگەتیف لەقەڵم بدات، چونكە میدیای ئەهلی لەم چەند ساڵەى تەمەنی ئەگەر نەیتوانیبێت گۆڕانێكی بنەڕەتی ڕیشەیی لە كۆمەڵگەی كوردی ئەنجام بدات، ئەوا توانیویەتی گۆڕانێكی سەرەتای و گرنگ ئەنجام بدات و ڕێگە بگرێت لەوەی كە چیتر خۆڵ نەكرێتە چاوی وەرگری كوردیەوەو بە قسەى بریق و باق هەڵیان بخەڵەتێنن.
ناحەقی ئەو برادەرانە (میوانەكانی پەیڤی ئیستا) ناگرم، چونكە میدیای ئەهلی پێچەوانەى بەرژەوەندیەكانی ئەو بەڕێزانە كاردەكاتو باس لە چۆنیەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵات دەكات، كەچۆن لەلایەن هەردوو حیزبەوە تەخشانو پەخشان دەكرێت.
پێویستە لەبیرمان نەچێت كە میدیای ئەهلی، ئەو میدیایەیە پەردە لەسەر كەموكوڕیو كارە شاراوەكانی ئێوە(یەكێتیو پارتی) هەڵدەماڵێو ڕاستیەكان بۆ جەماوەر رووندەكاتەوە، ئەوە میدیای ئەهلی بوو باسی ئەو كەسو حیزبەى كرد كە بونە هۆى كیمیاویبارانكردنی هەڵەبجەو شەهیدبونی پێنج هەزار كوردی دڵسۆز، ئەوە میدیای ئەهلی بوو كە پەردەی لەسەر ئەو رێكەوتنە نهێنیە لادا كە چۆن ناوچە سنورسیەكان بەدەستی ئێوە تۆپباران دەكرێت، ئەوە میدیایە باس لەوە دەكات كە چۆن كێشەى نێوان حیزبێكی كوردی(پارتی)و حیزبێكی عێراقی خاوەن دەسەلات(دعوە) دەكرێتە كێشەى نێوان دوو نەتەوەو نێوان هەرێمو بەغدا، ئەوە میدیای ئەهلی بوو ئاشكرایكرد كە چۆن فرۆكەوانێكی تاوانباریی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لەلایەن تاڵەبانیەوە ئازاد كراوە. هەروەها میدیای ئەهلی بوو فایلی سیخوریەكانی بەرپرسە باڵاكانی ئێوەی خستە سەر شان.
هەروەها ئێستا ڕۆژنامەى هەولێر بۆتە مینبەرى قەڵەم فرۆشو دەم هەراشەكانی شەڕی ناوخۆو لە ڕێگەى ئەو ڕۆژنامەیانەوە كۆمەڵێك قسەى بێمانا ئاراستەى لایەنەكانی دیكەی دەرەوەى یەكێتیو پارتی دەكەن. بۆ ئەوەى خەڵك چەواشە بكەن.
لە كۆتایدا بەو قەڵەم چاو شۆڕانە دەڵێم كە چیتر میللەت لەئاست ئەو ناعەدالەتیو بێدادیە ژیان ناگوزەرێنێت. بەم نزیكانە ڕەشەبای گۆڕان هەمووتان ڕاپێچی زبڵدانی مێژوو دەكات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە