وه‌ڵام بۆ کاک سه‌لاح موهته‌دی (محمد ژیان مفتی (مفتی زاده))

Sunday, 15/07/2012, 12:00

2271 بینراوە


کاک سه‌لاح کێیه ؟
1- باس کردن‌ و لێ‌كۆڵینه‌وه‌ی رابردوو، ئه‌گه‌ر بۆ وه‌به‌ر چاو خستنی هه‌ڵه‌کان‌ و روون کردنه‌وه‌ی رێگای داهاتوو بێ، کارێکی یه‌کجار باش‌ و به‌نرخ ‌و پێویسته؛ به‌و مه‌رجه‌ی دوور له لایه‌نگری‌ و ته‌عه‌سوب بۆ لایه‌ک‌ و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی دیکه‌دا بێت‌ و واقیعی رووداوه‌کان به به‌ڵگه‌وه بخاته به‌ر چاوان.
.2- کاک سه‌لاح به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خاڵه که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێ کرا، پاكانه بۆ كرده‌وه‌كانی رابردووی کۆمه‌ڵه ده‌كا و زۆر به زیره‌كیه‌وه به نێوحیمایه‌ت‌ و پشتیوانیی له مافی ره‌وای گه‌لی کوردو ئه‌و كۆڕ‌ و کۆمه‌ڵانه‌ی که بۆ ئه‌و مافه تێ‌ده‌کۆشن، ده‌یه‌وێ هه‌ر خۆی‌ و هاوفیکرانی دڵسۆز و لایه‌نگری کورد و کوردستان له قه‌ڵه‌م دات‌ و سه‌رجه‌می هێز و بیر و باوه‌ڕه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م وڵاته به تاوان‌بار و نه‌زان ‌دانێ، یان لانی كه‌م ده‌ور و به‌رپرسایه‌تیان له به‌ر چاوی خه‌ڵكی سوک ‌و لاواز كاته‌وه، ئه‌م کاره‌ش ته‌نیا پێوه‌ندی به ئه‌وڕۆكه‌وه نیه، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر له قسه‌ و باسه‌کانی له‌مه‌وپێش‌ و سی‌دی‌ و وتو وێژ و لێ‌كۆڵینه‌وه‌كانی خۆی‌ و هاوڕیانی ورد بینه‌وه، ئه‌م مه‌به‌سته‌مان باش بۆ روون ده‌بێته‌وه. لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌م مه‌به‌سته گرینگه بخه‌مه به‌رچاو، كه بۆچوونی من به په‌یڕه‌وی له كاكه ئه‌حمه‌د و به نێو یه‌ک نه‌فه‌ر مه‌کته‌ب قورئانی، دژایه‌تی له گه‌ڵ هیچ بیر و باوه‌ڕ و كۆڕ و كۆمه‌ڵێك‌دا نیه‌ و هیچ كاتێكیش نه‌بووه؛ به‌ڵام کاتێك که تۆمه‌ت‌ و بوختیان‌‌ و ناڕه‌وا و تێکه‌ڵ کردنی به ئه‌نقه‌ستی راست‌ و درۆ له حاستی که‌سێک که ته‌واوی ژیانی به به‌ره‌كه‌ت ‌و پڕ له کۆسپ‌ و ته‌گه‌ره‌ی خۆی، له رێگای سه‌ربه‌رزی‌ و رزگاری گه‌ل‌ و نیشتمانه‌كه‌ی‌دا فیدا كرد، ده‌بینم، به سپڵه‌یی‌ و ئه‌مه‌گ نه‌ناسی ده‌زانم که هیچ نه‌ڵێم ‌و به گوێره‌ی توانای خۆم به‌رگری له‌وه نه‌که‌م، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی که ئێستا گه‌نجن ‌و له‌و کات‌ و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ژیاون، هه‌روه‌ها بۆ به‌ره‌كانی داهاتووی وڵات، سه‌ریان لێ بشێوێ‌ و دۆست‌ و دژمنیان به پێچه‌وانه‌وه پێ بناسێنن‌ و نه‌توانن له ژیانی خۆیان‌دا له به‌سه‌رهاته‌كانی رابردوو باش تێ بگه‌ن‌ و وه‌ك چرایه‌ك بۆ داهاتوو كه‌ڵكی لێ وه‌رگرن.
.3- به‌ راستی بڕوا و بیرو بۆچوونی کاکه‌ ئه‌حمه‌د دوور له رقه‌به‌رایه‌تی‌ و براكوژیه‌‌ و ته‌واوی بیرو باوه‌ڕه‌کان له به‌ڕێوه‌ بردنی وڵات‌ و نیشتمان‌دا به خاوه‌ن ماف ده‌زانێ، ئه‌وه‌ش له بۆچوونی شوورایی حکوومه‌ته‌وه‌یه که به ته‌دبیر و لێ‌زانی ‌و چازانی قووڵی ئه‌و له قورئانی پیرۆز و به‌ڕه‌حمه‌تی خودای ده‌هنده‌ و دلۆڤان به‌ده‌س هاتووه، كه له كاكه ئه‌حمه‌دا بووبوه باوه‌ڕێكی پته‌و و سه‌ره‌كی كه هیچ تاقمێ له نه‌یارانی خه‌ڵك له ته‌واوی ته‌مه‌نی تێ‌كۆشانی بۆ رزگاری گه‌له‌كه‌ی نه‌یانتوانی لێی بگۆڕن. بۆ وێنه ده‌توانین چاوێ بخشێنین به سه‌ر رووداوه‌کانی په‌لاماری کۆمه‌ڵه ‌و هێزه چه‌کداره‌کانی‌ دیکه بۆ ‌سه‌ر پادگانی سنه‌ و به‌دیل‌گیرانی عه‌بدوڵای موهته‌دی (برای کاک سه‌لاح‌ و‌ سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه) ‌و زۆرێک له ئه‌ندامانی هێزه چه‌کداره چه‌پیه‌کان‌ و نه‌خشی کاکه ئه‌حمه‌د له چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و کێشه‌یه‌ و ئاماده کردنی بارو دۆخی گونجاو بۆ دامه‌زرانی شوورا له شاری سنه‌ و پاشان راوێژه‌کانی بۆ هه‌ڵبژێراوه‌كانی ئه‌ندامی ئه‌و كۆڕه (که هه‌شت که‌س له یازده که‌سه‌که‌یان له موسوڵمانانی لایه‌نگری کاکه ئه‌حمه‌د و ئه‌و سیانه‌که‌شیان له هێزه چه‌پیه‌کان بوون) واته هه‌شت نه‌فه‌ره موسڵمانه‌که‌یان که: ئێوه راوێژ و به‌رنامه‌‌تان تا ده‌کرێ نابێ به ئه‌كسه‌ریه‌ت بێ، چوونکه دیاره كه زۆرینه به ئێوه‌یه‌ و هیچ بیروڕا و بۆچوونێكی ئه‌قه‌لیه‌ت بڕیاری له سه‌ر نادرێت‌ و له ئاكام‌دا ئه‌وان منفعل ده‌بن. به‌ڵکوو ده‌بێ تا ده‌توانن داكۆكی له سه‌ر تێكڕایی كردنی بڕیاره‌كان بکه‌ن. تێ‌ ڕوانینێكی ئاسایی له ئاسه‌واره جۆراوجۆره‌كانی کاکه ئه‌حمه‌د وه‌کو نووسراوه‌کان‌ و شریت‌ و سی‌دیه‌کانی‌ و هه‌ر وه‌ها قسه‌و باس‌ و لێكۆڵینه‌وه له مه‌ڕ ئه‌و که‌سانه‌وه که له درێژایی ژیانی کاکه ئه‌حمه‌دا پێکه‌وه بوون، ئه‌م باسه روون ده‌کاته‌وه.
.4- تێ نه‌گه‌یشتن‌ یان باشتر بڵه‌ین گوێ نه‌دان له ده‌نگی گیان گه‌شێن‌ و نیشتمان په‌روه‌ری کاکه ئه‌حمه‌د هه‌م له لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه‌ و هه‌م له لایه‌ن هێزه چه‌کداره‌کانه‌وه به تایبه‌ت کۆمه‌ڵه، ئاکامی بوو به‌وه‌ی که هه‌م خۆیان زه‌ره‌ر و زیانیان لێ كه‌وت‌ و هه‌م گه‌لی کوردیش ئه‌و هه‌ل ‌‌و ده‌رفه‌ته‌ی له ده‌س ده‌رچوو که به زۆربه‌ی ئاواته‌کانی بگا. بۆ وێنه، ئه‌و كاته‌ی كه مامۆستایان‌ و رێبه‌رانی كوردستان له ماڵی مه‌رحوومی مه‌لا عه‌بدوڵڵای موحه‌مه‌دی له شاری سه‌قز كۆ بوونه‌وه‌ و خه‌ریكی لێ‌كۆڵینه‌وه‌ی بارودۆخی رامیاری كوردستان بوون‌ و له ئاكام‌دا به دڵسۆزی‌ و تێكۆشانی یه‌كجار زۆری كاكه ئه‌حمه‌د بڕیارنامه‌یێكیان له سێ خاڵی سه‌ره‌كی‌دا ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به داواكردنی سێ مافی ره‌وای گه‌لانی ئێران ‌و به تایبه‌ت گه‌لی چه‌وساوه‌ی کورد، له حکوومه‌تی تازه سه‌رکه‌وتووی شۆڕشی ئێران، که بریتی بوون له‌مانه: له‌ناو چوونی سێ سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی‌ و ئایینی‌ و چینایه‌تی، كه هه‌م کاکه ئه‌حمه‌د و هه‌م مامۆستایان، وه‌کوو شێخ عیزه‌دین‌ و خوالێ خۆشبو مه‌لا عه‌بدوڵڵای موحه‌مه‌دی ‌و ... ئه‌و بڕیارنامه‌یانه ئیمزا کرد. به‌ڵام له ناكا و هه‌واڵیان دا كه له شاری سنه شه‌ڕ داگرساوه‌ (زۆرێك له خه‌ڵکی ساده‌ و خۆش‌دڵ ‌و بێچاره به دنه‌دانی دیار و نادیاری هاوڕیانی کاک سه‌لاح‌ و بۆ به ده‌س هێنانی چه‌ک، هێرشیان بردبوه سه‌ر پادگانی سنه، که له ئاخریشه‌وه زۆر که‌س له‌و خه‌ڵكه له ناو چوون، بێ ئه‌وه‌ی مه‌علووم بێ له ‌سه‌ر کام مافی ره‌وا‌و و له لایه‌ن چ که‌سانێکه‌وه، کوژراون‌ و بێژگه له خه‌ساره‌ت‌ و زه‌ره‌ر نه‌بێ هیچ سوودێک بۆ خه‌ڵکی وه ده‌س نه‌هات.) له به‌ندی پێشودا كورته ئاماژه‌یك به ئه‌م باسه كرا، شیاوی باسه كه ئه‌م رووداوه‌م بۆ نموونه ‌گێڕایه‌وه، ده‌نا چه‌ن جاری دیکه‌ش زه‌حمه‌ت‌ و تێکۆشانی له راده‌ به‌ده‌ری کاکه ئه‌حمه‌د و دڵسۆزانی که‌ی گه‌لی کورد به داخه‌وه هه‌ر له‌به‌ر خۆویستی ‌و ته‌حه‌مول نه‌کردنی جه‌ماعه‌ت‌ و بیروڕاکانی‌تر له لایه‌ن کاک سه‌لاح‌‌ و هاوڕیانیه‌وه، هه‌رکاتێ به جۆرێک هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
.5- کاک سه‌لاح له به‌شی ئه‌وه‌ڵی قسه‌کانی‌دا (ژماره‌ی 80ی ئه‌م گوڤاره) له زۆربه‌ی باسه‌کانی‌دا وا نیشان ده‌دا که که‌وتۆته بیری زه‌مانی لاویه‌تی خۆی ‌و کاکه‌ئه‌حمه‌د و بۆ کاکه ئه‌حمه‌د و ئه‌و کاته دڵی به‌تاسه‌یه - هه‌رچه‌ن له ناو ئه‌و قسانه‌ش‌دا ده‌یه‌وێ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و باسانه‌ی ده‌خوێننه‌وه، وا بسه‌لمێنێ که گه‌وره‌یی‌ و دڵ‌فراوانی ‌و پارێزگاری ‌‌و نیشتمان په‌روه‌ری کاکه ئه‌حمه‌د، به‌هۆی هاتو چووی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بوه- به‌ڵام له به‌شی دوهه‌می قسه‌کانی‌دا (ژماره‌ی 81ی گۆڤاره که) وا باس ده‌کا که له پرسه‌ی خوا لێ خۆشبوو کاک سواره‌ی ئێلخانی‌زاده‌دا کاکه ئه‌حمه‌د وتارێکی زۆر توند و تیژ دژی حکوومه‌تی شا به‌یان ده‌کا (به وته‌ی کاک سه‌لاح ساڵی 78ی زایینی، ئه‌مما له واقیع‌دا به‌فرانباری ساڵی54ی كۆچی‌هه‌تاوی رێكه‌وت له گه‌ل ئاخری75و ئه‌وه‌ڵی76ی زایینی بوه) به‌ڵام له‌سه‌ر مافی کورد و کوردایه‌تی ‌و دیموکراسی زۆر که‌م باس ده‌کا و زۆربه‌ی باسه‌که‌ی سه‌باره‌ت به ئیسلام‌ و پیاده کردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی بووه، پاش سه‌ره‌خۆشیه که‌ش کاک سه‌لاح به ناو خاوه‌نی سه‌ره‌خۆشی له لایه‌ن سازمانی ئه‌منیه‌ته‌وه ده‌گیرێ، به‌ڵام کاکه ئه‌حمه‌د ده‌ڕواته‌وه بۆ سنه‌و له‌وێ سازمانی ئه‌منیه‌ت (ساواک) له‌ جێ ئه‌وه بیگرێ، بانگی ده‌کا بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ و له‌و کۆبوونه‌وه‌دا کاکه ئه‌حمه‌د راپۆرتی کاک سه‌لاح‌ و خوا لێ‌خۆشبوو کاک فۆئادی مسته‌فا سوڵتانی و چه‌ن که‌سی‌که له سه‌رانی هێزه چه‌پیه‌کان به ساواک ده‌دا‌ و ده‌ڵێ که من دژی چه‌پیه‌کان‌‌ و هه‌روه‌ها ناسیونالیست‌ و ملیه‌کانم!!! جا کاک سه‌لاح ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ که ئه‌و روداوانه‌ و زۆر شتی‌که له کتێبێک‌دا که له لایه‌ن حکوومه‌تی ئێستای ئێرانه‌وه بڵاو کراوه ته‌وه هاتووه. به‌ڵام نه ئه‌و حکوومه‌ته‌ و نه کاک سه‌لاح ئه‌وه‌یان له بیر نه‌بوه که له‌و نامه دروست کراوه‌دا که وا نیشان ده‌دا له لایه‌ن ساواکی ئوستانی کوردستانه‌وه بۆ مودیریه‌تی کوللی ئیداره‌ی سێهه‌می ساواکی تاران نووسراوه، له سه‌ره‌وه‌ی نامه که تاریخی 24/7و له خواره‌وی‌دا تاریخی 23/7 نوسراوه، له خواره‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی ئه‌وه‌ڵی ئه‌و نامه‌یه‌ش‌دا، خودی ئه‌وانه‌ی که کتێبه‌که‌یان چاپ کردوه، ئاماژه‌یان کردوه که ئه‌م به‌ڵگه‌یه، راپۆرتی کۆبوونه‌وه‌یه‌که، له تاریخی 24/7دا بووه. یانێ ئه‌وه که کۆ بوونه‌وه که له رۆژێک‌دا بووه، به‌ڵام له رۆژێک پێش ئه‌وه‌دا، راپۆرتی ئه‌نجام بوون‌ و ته‌واو بوونی ئه‌و کۆ بوونه‌وه دراوه!!! هه‌ر به‌وه‌دا روون ده‌بێته‌وه که باقی به‌ڵگه‌کانیشی چه‌نده به‌ڕاست‌ و به‌نرخن! (له ساڵی 82ی زایینی‌‌دا که تاقمێکی زۆر له په‌یڕه‌وان‌ و هاوفیکرانی کاکه ئه‌حمه‌د گیران ‌و خرانه زیندان، من ‌و زۆر که‌سی‌که‌ش له هاورێیان له شاری کرماشان گیراین. دوای چه‌ندین رۆژ لێ‌پرسینه‌وه ‌و باس‌ و خواس كردن رۆژیکیان له نێو قسه‌کانیان‌دا ئاماژه‌یان به‌و کتێبه کرد و منیش گوتم ئه‌گه‌ر لێره هه‌یه، بیهێنن؛ پاش ئه‌وه هێنایان، هه‌ر ئه‌و نامه دروست کراوه‌ی که له سه‌ره‌وه باسم کرد، پێم نیشان دان‌ و گوتم باقی به‌ڵگه‌کانی ئه‌م کتێبه‌ش هه‌ر وه‌ک ئه‌و به‌ڵگه‌یه، دروست کراو و جه‌علیین. دوای ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئیتر هیچ قسه‌و باس‌ و ئاماژه‌یه‌کیان له داهاتوودا به‌و کتێبه نه‌کرد!) به‌ڵام به داخه‌وه به‌ڵگه‌ی هاوکاری‌ و هاوفیکری بڕێ كه‌س له گه‌ڵ ساواک‌دا ـ که خۆیان له هه‌موكه‌س زۆرتربه تێکۆشه‌ری مافی کورد و دڵسۆزی کوردستان له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن‌ـ ئه‌وه‌نده روونه که نه‌یانتوانیوه ره‌دی که‌نه‌وه
.6- به پێچه‌وانه‌ی وته‌ی کاک سه‌لاح، که ئه‌ڵێ کاکه ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ حکوومه‌ت جێژنی کرد و خه‌ڵک به‌شداریان نه‌کرد و ئه‌وه‌ش بوه هۆی به ‌جێ‌ هێشتنی شاری سنه، هه‌مووی به ته‌واوی بێ‌ئه‌ساسه؛ کاکه ئه‌حمه‌د هه‌موو کاتێ جێژنی به پێ یاسای شه‌ریعه‌ت ده‌کرد و رۆژووشی وا ده‌گرت. به‌جێ هێشتنی شاری سنه‌ و کۆچ کردنی کاکه ئه‌حمه‌د و تاقمێ له هاو فیکرانی بۆ کرماشان، بۆ به‌رگری له تێک هه‌ڵ‌‌چوونی چه‌کدارانه‌ و برا کوژیی بوو، نه به وته‌ی کاک سه‌لاح بو خۆ پاراستن. (ئه‌ساسه‌ن له باوه‌ڕی کاکه ئه‌حمه‌د دا، ته‌نیا ره‌زایه‌تی خوداو سه‌عاده‌تی خه‌ڵک مه‌به‌سته، نه‌ک رۆیشتن به شوێنی ئافه‌رین‌ و باره‌قه‌ڵای خه‌ڵک یا حکوومه‌ت‌دا.) حکوومه‌تیش که هه‌ر وه ک هێزه چه‌کداره‌کان باوه‌ڕی به‌و بۆچوونه نه‌بوو، هێزێکی پێشمه‌رگه‌ی کوردی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی دروست کرد نێوی نایه پێشمه‌رگانی موسوڵمان و گه‌رچی له موخاله‌فه‌تی کاکه ئه‌حمه‌دیش له‌گه‌ڵ ئه‌و کاره‌دا باش ئاگادار بووـ چوونکه لای روون بوو که هه‌ر له‌به‌ر موخاله‌فه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و براکوژیه له سنه کۆچی کردوه ـ به‌ڵام چوونكه ده‌یزانی زۆرێک له خه‌ڵکی موسوڵمانی کورد وێرای ئه‌و هه‌مووه درۆو ده‌له‌سه‌ی حکوومه‌ت‌ و هێزه چه‌پیه‌کان سه‌باره‌ت به کاکه ئه‌حمه‌د، هێشتا هه‌ر ئه‌ویان خۆش ده‌وێ، عه‌کسی گه‌وره‌ی کاکه ئه‌حمه‌دی پێ‌یان ده‌دا که وه‌ک ئاڵا هه‌ڵی هێنن‌ و به‌و خه‌ڵکه بسه‌لمێنن که پێشمه‌رگانی موسوڵمان له لایه‌ن کاکه ئه‌حمه‌ده وه دروست کراوه و کاکه ئه‌حمه‌دیش له‌گه‌ڵ حکوومه‌ته. له‌م کاته‌دا کاکه ئه‌حمه‌د بۆ ئاگادار کردنه‌وه‌ی خه‌ڵک، له چه‌ند به‌یانیه‌و نامه‌و شریت‌دا بۆ مه‌ردم‌‌ و بڕێ له کار به ده‌ستانی حکوومه‌تی ئێران وه‌ک ێیت الله منتڤری، زۆر به توندی موخالیفه‌ی ئه‌و درۆیه‌ی کرد و روونی کرده‌وه که ئه‌و کاره برا کوژییه‌ و هیچ پێوه‌ندیێكی به ئه‌وه‌وه نیه.
.7- دیسان به پێچه‌وانه‌ی وته‌کانی کاک سه‌لاح، کاکه ئه‌حمه‌د نه ته‌نیا ئیسلام به دژی ناسیونالیزم نازانی، به‌ڵکوو هێنده خۆشه‌ویستی گه‌ل‌ و وڵاتی له لا به‌نرخه، بۆ که‌سێ که ئه‌و مه‌حه‌به‌ته‌ی له دڵ‌دا نه‌بێ، بڕوای به ئیماندار بوونی به راستی ئه‌و نیه. هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه کاتێ که له سنه کۆچی کرد، بۆ کرماشان چوو که شارێکی کورده‌ و له سنه‌وه نزیکه، نه بۆ شارێکی غه‌یره کورد.
.8- کاکه ئه‌حمه‌د له ماوه‌ی ده ساڵی زیندانی‌دا که کاک سه‌لاحیش دانی پێدا ناوه ـ‌ ئه‌گه‌رچی ئه‌ڵێ نازانم بۆ ئه‌و هه‌مووه ئازارو ئه‌شکه‌نجه دراوه‌ و له‌به‌ینیان بردوه ـ هه‌ر له‌سه‌ر تێکۆشان بۆ مافه‌کانی گه‌لی کورد و خۆشبه‌ختی خه‌ڵک، به‌دیل گیراو ده ساڵیش له به‌ند کرا. ئه‌گه‌ر چاو له نامیلکه‌ و په‌خشان‌ و شریته‌کانی کاکه ئه‌حمه‌د و چۆنیه‌تی ژیانی بکه‌ین، باش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ر ئه‌که‌وێ؛ هه‌ر به‌و بۆنه‌وه شاگرده‌کانی ئه‌و له مه‌کته‌بی قورئان، ئێستا که‌ش ئه‌و هه‌موو سه‌ختی ‌و ئازاره ده‌بینن، به‌ڵام هه‌ر بۆ مافی گه‌له‌که‌یان تێ‌ده‌کۆشن‌ و به‌شێکی زۆر له کارو باریان لایه‌نگری ‌و پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کورده‌ و زۆریان به بۆنه‌ی له‌به‌ر کردنی جل ‌و به‌رگی کوردی‌ و زیندوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگه، کاریان له ده‌س داوه‌ و له ئیداره ده‌ر کراون. به‌ڵام بریا کاک سه‌لاحی خزمی کاکه ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌نده ئینسافی هه‌بایه وه‌ک خوا لێ خۆشبوو دوکتور قاسملوو له باره‌ی کاکه ئه‌حمه‌ده‌وه قسه‌ی کردبا که ده‌ڵێ: جارێک له تاران‌ و جارێکیش له سنه دیدارم ده گه‌ڵی بوه، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم، گه‌لی کورد پیاوی ئاوا زانا و دڵسۆزی که‌متر به خۆیه‌وه دیوه؛ ئه‌و له رێگایه که‌وه خزمه‌ت به گه‌لی کورد ده‌کا، ئێمه‌ش له رێگایه‌کی دیکه‌وه. ئه‌مما له قسه‌کانی کاک سه‌لاح به باشی ده‌ر ئه‌که‌وێ به‌داخه‌وه ئێستاش له فیکری کۆن‌ و خۆ ویستانه‌ی توتالیتاریسم دوور نه‌که‌وتۆته‌وه‌و له مه‌نتیقی پروکوست وازی نه‌هێناوه! (ئه‌فسانه‌یه‌کی یۆنانی ده‌ڵێ: له جه‌زیره‌ی ئیتیکی یونان‌دا کابرایه‌کی جه‌رده بوه به نێوی پروکوست ته‌ختێکی ئاسنی هه‌بوه دوای رووت کردنه‌وه‌ی هه‌ر رێبوارێک ئه‌وی له سه‌ر ته‌خته‌که راده‌کێشا، ئه‌گه‌ر به ئه‌ندازه‌ی ته‌خته‌که بایه ده‌ستی له سه‌رهه‌ڵ ده‌گرت، ده‌نا یا قاچ‌و قولی ئه‌په‌ڕاند یا ئه‌وه‌نده له به‌ر یه‌کی ئه‌کێشاوه هه‌تا به ئه‌ندازه‌ی ته‌خته‌که‌ی لێ ده‌کرد.) پێویسته بزانین کاکه ئه‌حمه‌د وه‌ک رابه‌رێکی ئایینی، فیکری غه‌یره دینی به تێکڕایی پێ دروست نه‌بوو، به‌ڵام هه‌موو غه‌یره موسوڵمانێکی جوانمێر و داوێن پاک‌و دڵسۆز و خزمه‌تکاری خه‌ڵکی به لاوه به‌رز و به‌ڕێز بوو. ئه‌و به توندی قسه‌ی به مه‌لای دین‌فرۆش‌ و شێخی مفته‌خۆر و چه‌و سێنه‌ر ئه‌وت، به‌ڵام له مامۆستایانی خزمه‌تکار و به ئه‌مه‌گی ئایینی زۆری ڕێز ده‌گرت، هه‌ر وه‌ها ئه‌و دژ به کومونیسته خائینه‌کان به تایبه‌ت جاسووسه‌کان راده‌وه‌ستا، به‌ڵام به‌ڕێز و حورمه‌ت‌ و دۆعای خێر باسی لومومبای کومونیست‌ و گاندی هیندووی ده‌کرد و هه موو له بیرمانه له سه‌ره خۆشی کاکه ئه‌حمه‌ددا دوو جار یادی به‌خێر له ارنستو چگوارا کرا.
.9- کاک سه‌لاح ده‌ڵێ: ئه‌حمه‌دی موفتیزاده گه‌و‌هه‌رێکی به‌نرخ بوو له ده‌ستمان ده‌رچوو، به‌ڵام ئه‌و کاته نا که گیانی سپارد، به‌ڵکوو ئه‌و کاته که بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ره‌ و سیاسی چوو. به‌ڵام له واقیع‌دا کاکه ئه‌حمه‌د سه‌رانسه‌ری ژیانی، سه‌ربه‌رزی ‌و رزگاری گه‌لی کوردو پاشان گه‌لانی ته‌واوی عاله‌می له لا له‌هه‌موو شتێک بایه‌خدارتر و به‌نرختر بوو، وه هیچ کاتێ تێکه‌ڵی فڕو فێڵی سیاسی‌ و مه‌عامه‌له‌ی سیاسی ـ‌ که له لای سیاسه‌تمه‌دارانی عاله‌م‌دا زۆر باوه‌ و ژێر پێ نانێ ئه‌خلاق بۆ وه ده‌س هێنانی مه‌نافیع له لایان گرینگ‌ترین ئه‌سڵی به‌دیهی سیاسه‌ته‌ـ نه‌بوو، هه‌ر کاتێکیش وای هه‌ست کردبێ ته‌نیا له‌به‌ر سه‌عاده‌ت‌ و خۆش‌به‌ختی خه‌ڵک، ناچاره نه‌ختێ له سیاسه‌ت نزیک بێته‌وه، هیچ ‌وه‌خت راستی و سه‌داقه‌ت‌ و خۆشه‌ویستی خه‌ڵکی فیدای مه‌نافیعی شه‌خسی‌ و مه‌سڵه‌حه‌تی سیاسی نه‌کردوه. هه‌ر به‌و ده‌لیله‌ش بووه که هه‌م له کاتی حکوومه‌تی پێشووداو هه‌م له زه‌مانی ئه‌م حکوومه‌ته‌دا، نه‌یانتوانیوه نه به ته‌ماعی ماڵی دنیا و نێوبانگ‌ و ده‌سه‌ڵات، نه به ترساندنی له ده‌س دانی ئه‌وانه‌ و ته‌نانه‌ت گیانی، وه نه حه‌تتا به فڕو فێڵ و سه‌ر لێ شێواندن به بیانووی مه‌سڵه‌حه‌تی گه‌ل یا ئیسلامه‌وه، سه‌ری ته‌سلیمی پێ‌ دانه‌وێنن. کاک سه‌لاح هه‌ر وه‌ها که له چه‌ند دێڕی پێش‌دا ئاماژه‌مان پێ کرد، خۆی به خزمه‌تکاری مافی کورد و کوردستان‌ داده‌نێ‌ و ده‌ڵێ کاکه ئه‌حمه‌د بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ره‌ و سیاسی چوو! سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌شکه‌نجه دان‌ و کوشتنی ده‌یان که‌س له موسوڵمانانی کوردی لایه‌نگری کاکه ئه‌حمه‌د که به ده‌ستی هاوفیکران ‌و هاوکارانی خۆی‌ و کاک عه‌بدوڵای برای رویداوه، ئه‌وه‌نده ئاشکرا و دڵ ته‌زێنه که ناتوانێ ئینکاری بکا، به‌ڵام ده‌ڵێ کاری کۆمه‌ڵه‌ نه‌بوه‌ و ده‌ی‌سه‌پێنێ به‌سه‌ر چریکه‌‌كانی فیدایی‌دا! له‌حاڵێک‌دا که یه‌ک نه‌فه‌ر ناتوانێ به سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌ی راستییه‌وه ئیسباتی بکا که تاقه نه‌فه‌رێ به ده‌س لایه‌نگرانی کاکه ئه‌حمه‌د کوژراوه یا حه‌تتا ئازاری دیوه! خوێنه‌رانی به‌ڕێز! خۆتان ئینساف بده‌ن که چ که‌سێ پشتیوانی راسته‌قینه‌ی کوردو کوردایه‌تی ‌و چ که‌سێ لایه‌نگری مه‌سڵه‌حه‌تی سیاسی‌ و دژی کورد و کوردایه‌تی بووه! لێره‌دا ناچارم وته‌یه‌کی کاکه ئه‌حمه‌د له‌م باره‌یه‌دا بگێڕمه‌وه، تێفکریین‌ و قه‌زاوه‌ت به خۆتان. دوای هاتنه ده‌ره‌وه‌ی له زیندان له نێو قسه‌کانی‌دا فه‌رمووی: به خوای موته‌عال قه‌سه‌م به‌رانبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی عه‌زیزانی منیان بێ‌تاوانێک شکه‌نجه کوژ کرد و هه‌ر وه‌ها به‌رانبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی له زیندان به‌ بێ هیچ تاوانێ شکه‌نجه‌یان کردم، له دڵما غه‌یری دڵسۆزی‌ و ئاواتی خێر و به‌خته‌وه‌ری بۆ هه‌موویان، هیچ کینه‌یه‌ک نییه. ورد بوونه‌وه له ئاسه‌واره‌کانیشی‌دا به جوانی ئه‌م مه‌به‌سته ده‌خاته به‌ر چاو. که‌سانێ که بیانه‌وێ له بیرورای کاکه ئه‌حمه‌د سه‌باره ت به چالاكی سیاسی له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌ و هه‌ر وه‌ها له سه‌رجه‌می ئه‌فکار و بیر و بۆ چوونی کاکه ئه‌حمه‌د ئاگادار بن، ده‌بێ زۆر به وردی ئاسه‌واره‌کانی موتاله‌عه بکه‌ن‌ و گوێ بده‌نێ ‌و بیبینن. ئێره جێگای درێژه پێدان‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ وێنه ئه‌م چه‌ن پارچه شیعره بخوێننه‌وه، ئه‌زانن به‌ڕاستی هه‌ستی کوردایه‌تی‌ و بۆ کوردستان سوتان ئه‌بێ چۆن بێ: مافی نیشتمان کوردستانی جوانم چه‌پکێ سه‌ڵوات لافاوی داخ و ...
.10- خاڵم کاک سه‌لاح ده‌ڵێ کاکه ئه‌حمه‌د پێ وا بووه، ڕێ ده‌ده‌ن خومه‌ینی رابه‌ری شیعه بێت‌ و ئه‌و رابه‌ری سوننه بێ له ئێران‌دا، هه‌ر ئه‌وه‌ش به کوشتنی‌دا. لێره‌دا ئه‌بێ ئه‌مه بڵێم که کاک سه‌لاح به نێوی خزمی نزیکی کاکه ئه‌حمه‌د، ئه‌گه‌رهه‌ر وه‌ها خۆشی ئیدیعا ده‌کا زۆر پێکه‌وه نزیک بوون‌ و باش ئه‌و ده‌ناسێ، چۆنه ئه‌وه‌نده‌ی نه‌زانیوه که کاکه ئه‌حمه‌د گه‌رچی له واقیع‌دا رابه‌ری خۆشه‌ویستی ئه‌و خه‌ڵکه بووه، به‌ڵام له ته‌واوی ژیانی‌دا رابه‌ری‌ و مه‌قام‌ و عینوانی هیچ کاتێ له لا مه‌تره‌ح نه‌بوه‌ و هه‌ر به‌و ده‌لیله‌ش بووه که چ له کاتی حکوومه‌تی شاهه‌نشاهی‌دا و چ له کاتی ئه‌م حکوومه‌ته‌دا، له‌به‌ر ره‌زایه‌تی خوا و خۆشبه‌ختی خه‌ڵک، هه‌ر مه‌قام‌ و مه‌نسه‌بێ که پێی پێشنیار کراوه گوێی نه‌داوه‌تێ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌هلی مه‌قام‌ و مه‌وقه‌عیه‌ت با، له کاتی هه‌ر دوو حکوومه‌ت‌دا به باشی بۆی ئاماده بوو. هه‌روه‌ها له خاڵه‌کانی پێشوودا ئاماژه‌ی پێ کرا، کاکه ئه‌حمه‌د بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌که‌ی به مافی به‌رحه‌ق‌ و خواپه‌سندی خۆی بگا، ده‌یه‌ویست ته‌واوی کۆمه‌ڵ‌ و گروپه کورده‌کان قسه‌و داخوازه‌کانیان به تێکڕایی‌ و یه‌ک ده‌نگ به حکوومه‌تی پاش ئینقیلاب راگه‌یه‌نن‌ و دوای ساڵه‌ها کورد به مافی ره‌وای بگا؛ هه‌ر به‌و ئاره‌زوه داخوازه‌کانی خه‌ڵکی له سێ خاڵ‌دا کۆ کردبوه‌وه.
یه‌که‌م: لابردنی زوڵمی نه‌ته‌وایه‌تیی (هه‌موو گه‌لانی ئێران له مافی سه‌ربه‌خۆیی، شتێک وه‌ک نیزامی فیدرالیی به‌هره‌مه‌ند بن.).

دوهه‌م: لابردنی زوڵمی چینایه‌تی (دانانی نیزامێکی ئابوری که فه‌قیر و ده‌وڵه‌مه‌ندی تێدا نه‌مێنێ).
سێهه‌م: لابردنی زوڵمی مه‌زهه‌بی (ئه‌و هه‌مووه زوڵم‌ و ته‌بعیزانه که له زه‌مانی سه‌فه‌ویانه‌وه تا ئێستا به‌رانبه‌ر به ئه‌هلی سوننه ئه‌نجام دراوه، نه‌مێنی ‌و شیعه‌ و سوننی هه‌ر به یه‌ک میزان له مافی خۆیان به‌شدار بن.)
ئه‌وه‌ش شایانی باسه که به بیرو باوه‌ڕ و بۆچوونی کاکه ئه‌حمه‌د، له‌م کاته‌ی مێژووی مروڤ دا، بزوتنه‌وه‌ی چه‌کدارانه، رێگایه‌کی ره‌وا بۆ به‌ده‌س هێنانی مافی گه‌ل نییه. ئه‌وه‌ش به‌و بۆنه‌وه‌یه‌ که، هێزیکی چه‌کدار بیه‌وێ‌ و نه‌یه‌وێ، قه‌ت ناتوانێ سه‌ر به‌خۆ بێ، چوونکه بۆ به ده‌س هێنانی چه‌ک‌ و جل‌ و به‌رگ‌ و ته‌نانه‌ت نان‌ و پێ‌خۆری، ده‌بێ چاو له ده‌ستی حکوومه‌تێک بێ که دژی ئه‌و حکوومه‌ته‌یه ئه‌م شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ده‌کا، وه هه‌ر ئه‌مه له ئاکام‌دا ده‌بێته هۆی دوور که‌وتنه‌وه له خه‌ڵک‌ و بێ‌خه‌به‌ری له‌وان‌ و داخواز و پێداویسته‌کانیان‌ و ته‌نانه‌ت خه‌یانه‌ت به گه‌ل ‌و نیشتمانی ‌و ده‌یكا به داره ده‌ستی ئه‌و حکوومه‌ته. هه‌ر ئه‌م بۆچوونه به نرخه‌شه ‌که له لایه‌ن کاک سه‌لاح‌ و هاوفیکرانیه‌وه، به به‌جێ هێشتنی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌ و به‌ره‌ و سیاسی چوون نێوی لێ ده‌برێ!!له کۆتایی‌دا عه‌رزی هه‌موو خوێنه‌رانی به‌ڕێزو هێژا ده‌که‌م که: ئێمه پێمان خۆشه هه‌ر که‌سێک به راستی‌ و به ئینسافه وه نه‌قدی کاکه ئه‌حمه‌د بکا و هه‌موو جۆره هه‌ڵه‌ و خه‌تایێکی ئێمه‌ش که شاگردانی بچووکی ئه‌و پیاوه گه‌وره‌ین بخاته به‌ر چاو. یاخوا ئێمه‌ش‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که ناوی کاکه ئه‌حمه‌د ئه‌بیسن‌ و ده‌نگی گیان‌گه‌شێنی به گوێ‌یان ده‌گات، بتوانین بۆ به ده‌س هێنانی خۆشبه‌ختی‌ و سه‌عاده‌تی خۆمان‌ و خه‌ڵکی چه‌وساوه‌مان، که‌سانێکی راست‌ و دروست‌ و به عه‌هدو په‌یمان بین تا به کرده‌وه، ئامانجه به‌رزه‌کانی ئه‌و رابه‌ره که‌م وێنه‌یه به‌دی بێنین..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە